هیچ ڕەفتارێكی توندوتیژی لە ئیسلامدا قابیلی قبووڵكردن نییە

هیچ ڕەفتارێكی توندوتیژی  لە ئیسلامدا قابیلی قبووڵكردن نییە

 

 

 

ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئایینی بڵاوكردنەوەی ئاشتی و سەلامەتی و پێكەوەژیانە لەسەر زەوی، ئایینی لێبووردن و بەخشین و میهرەبانییە بەرانبەر بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، وەك ئاشكرایە وشەی ئیسلام لە سەلامەوە هاتووە، واتا ئاشتی و نەرمونیانی و پێكەوەژیان دوور لە توندوتیژی و غەدر و زوڵمكردن، لەبەر ئەوەیە كە دینەكەمان دینی ئیسلام دینی سەلامەتی و لێبووردەیی و پارێزراوییە. خوای گەورە لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز ستایشی ئەو كەسانە دەكات كە كە نەرمونیان و لێبووردە و بەخشندەن، لەم بارەیەوە دەفەرموێت: «وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ وَاللَّهُ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ»

مەبەستی خوای گەورە ئەو كەسانەیە كە ڕقی خۆیان دەخۆنەوە كاتێك تووڕە دەكرێن و زوڵمیان لێ دەكرێت، لە كاتێكدا توانای تۆڵەسەندنەوەشیان هەیە، بەڵام ئەوان دان بە خۆیاندا دەگرن، خوای گەورە ئەو كەسانە بە چاكەكار ناودەبات و چاكەكارانی خۆش دەوێت.

ئەگەر سەیر بكەین لە پێعەمبەرەوە دروودی خوای لەسەر بێت، چەندین چیرۆك و بەسەرهات باس كراون، یەكێك لەوانە باس لە ژنێكی خواپەرستە كە پشیلەیەكی لە ژوورەوە زیندانی كرد و خواردن و خواردنەوەشی پێی نەدا، هەتا پشیلەكە گیانی دەرچوو، خوای گەورە لەسەر ئەو پشیلەیە ئافرەتەكە فڕێ دەداتە دۆزەخ. لە كاتێكدا هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵێك تەنیا بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست كراون، ئەگەر لەو بابەتە ورد ببینەوە، دەبینین خوای گەورە لەسەر كوشتنی پشیلەیەك ئافرەتێكی خواپەرست دەخاتە دۆزەخەوە، ئەی ئەگەر كەسێك مرۆڤێك بكوژێت، (چ پیاو بێت، یان ئافرەت) دەبێت سزای چی بێت؟ پێغەمبەرمان ( د. خ) دەفەرموێت: «هەر حەفت تەبەقەی ئاسمان لەگەڵ زەوی تێك بدەی، لای خوا ئاساییترە لەوەی كەسێك بە ناحەق بكوژرێت»، لە حەدیسێكی دی دەفەرموێت: «ڕووخاندنی كەعبە ئاساییترە لای خوا، لە كوشتنی كەسێك بە ناحەق».

لە حەدیسێكی دی دەفەرموێت:«لَا يَحِلُّ دَمُ امْرِئٍ مُسْلِمٍ يَشْهَدُ أَنْ لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ، وأَنِّي رِسُولُ اللَّهِ، إِلَّا بِإِحْدَى ثَلَاثٍ: الثَّيِّب الزَّانِي، والنَّفْس بِالنَّفْسِ، والتَّارِك لِدِينِهِ الْمُفَارِق لِلْجَمَاعَةِ». واتا خوێنڕشتنی موسڵمان دروست نییە كە شاهێدی لەسەر تاك و تەنهایی خوای گەورە دابێت و شاهێدی ئەوەی دابێت كە محەمەد نێردراوی خوایە، تەنیا لەم سێ حاڵەتە نەبێت، زیناكردنی كەسێكی خێزاندار (چ ژن بێت، چ پیاو)، كە بە یاسای ئیسلام و بوونی چوار شاهێد ڕەجم دەكرێن، هەروەها ئەگەر كەسێك كەسێكی دیكە بە ناحەق كوشت، لە بەرانبەردا دەكرێ بكوژرێتەوە، ئەو كەسەش كە دوای ئەوەی خوای گەورە هیدایەتی دا، لە دین هەڵبگەڕێتەوە و كوفر بە ئایینەكەی بكات، ئەوا ئەو كەسەش بە حوكمی ئیسلام دەكوژرێتەوە.

لە شەریعەتی ئیسلامدا سزای بكوژ بەپێی جۆری كوشتنەكە دەبێت. بۆ نموونە قەتڵی عەمد هەیە، ئەوە تۆڵەسەندنەوەكەی قیساسە ئەگەر بەرانبەرەكەی عەفوی نەكات، قەتڵی هەڵە هەیە، كە بە دەستی ئەنقەست نەبووە، لەو حاڵەتەدا دروستە پارە بدرێت و كەسوكارەكەی بۆیان هەیە تاوەكو سەد حوشتر وەربگرن،

لەسەردەمی پێش پێغەمبەر (عليه الصلاة والسلام) باپیرەی پێغەمبەر عەبدولمتەلیب گوتی: ئەگەر خوا دە كوڕم بداتێ، یەكیان دەكەمە قوربانی. خوای گەورە دە كوڕی پێی دا، ئەویش ناوی كوڕەكانی نووسی و تیروپشكی بۆ ناوەكان كرد و لە ئەنجامدا ناوی عەبدوڵڵای باوكی پێغەمبەر دەرچوو، بەڵام خەڵكەكە كۆبوونەوە و بە عەبدولموتەلیبیان گوت تۆ گەورە و ڕیش سپی ئێمەی ئەگەر تۆ ئەو كارە بكەی، دوور نییە لە داهاتوودا لەناو قەومەكەت ببێتە عادەت و خەڵك ئەگەر دە كوڕیان بوو، كوڕێك بكەنە قوربانی. گوتی: بەڵام ئەمن وەعدم داوە. خەڵكەكە پێشنیارییان كرد ناوی عەبدوڵڵا لەگەڵ دە وشتر بنووسرێت، ئەگەر عەبدوڵڵا دەرچوو دە حوشتری دیكەی بۆ زیاد دەكەن، هەتا گەیشتە سەد حوشتر ئینجا ناوی حوشترەكان دەرچوو، دەرەنجام لە بری عەبدوڵڵا سەد وشتر كرایە خێر، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت كە خوێنی مرۆڤ لای خوای گەورە زۆر بە قیمەتە. «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الْقِصَاصُ فِي الْقَتْلَى الْحُرُّ بِالْحُرِّ وَالْعَبْدُ بِالْعَبْدِ وَالأُنثَى بِالأُنثَى فَمَنْ عُفِيَ لَهُ مِنْ أَخِيهِ شَيْءٌ فَاتِّبَاعٌ بِالْمَعْرُوفِ وَأَدَاءٌ إِلَيْهِ بِإِحْسَانٍ ذَلِكَ تَخْفِيفٌ مِنْ رِبِّكُمْ وَرَحْمَةٌ فَمَنِ اعْتَدَى بَعْدَ ذَلِكَ فَلَهُ عَذَابٌ أَلِيمٌ»

هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت:﴿ وَلَكُمْ فِي الْقِصَاصِ حَيَاةٌ يَا أُولِي الْأَلْبَابِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ﴾لە تۆڵەسەندنەوەی شەرعی ڕێگەپێدراو نییە تەنانەت لە تۆڵەكردنەوە زێدەڕۆیی تێدا بكرێت، بۆ نموونە كەسێك یەك چاوی كەسێك كورە دەكات، دروست نییە لە بەرانبەردا هەردوو چاوی كۆرە بكرێت، یان دەستێكی بڕاوە بۆی نییە ئەو هەردوو دەستی ببڕێتەوە.

هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: «وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا». واتا كوشتنی بە دەستی ئەنقەست سزاكەی جەهەندەمە و تا هەتایە تێیدا دەمێنێتەوە و لێخۆشبوونی نییە، هەروەها خوای گەورە لێی تووڕە دەبێت و لەعنەتی لێ دەكات و سزایەكی توندی دەدات.

 

د. سەید عەلی بەرزنجی

 ئیمام و خەتیب لە مزگەوتی مەلا ساڵح لە مەخموور

 

Top