ئایا كێشەی كورد پرسێكی ئەمنییە، یان سیاسییە؟
(دواجار سوڵتان سەلیمی یەكەم جەنگاوەران و زانایان و وەزیرانی لە شاری ئەدرنە لە 16ی مانگی مایسی 1514 كۆكردەوە، مەترسیی ئیسماعیل سەفەوی لە ئێرانی بۆ باس كردن، كە دەستدرێژی كردووەتە سەر سنووری ئێران)، لەو كاتەوە واتا لە جەنگی چاڵدێران و پێش شەش سەدەوە، كورد ئامرازێك بووە بۆ بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەم لایەن و ئەو لایەن بەكار هێنراون، دواتر لە قۆناغی دوای ئەوە، بوونە قوربانیی ئاسایشی نەتەوەیی هەر سێ لایەنی ئەوروپی (فەرەنسا و ئینگلتەرا و ڕووسیا)، ئەوانەی واژوویان لەسەر ڕێككەوتننامەی سایكس پیكۆی ساڵی 1916 كرد، بۆ دابەشكردنی دەستكەوتەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ناوچەكانی هەژموون لەنێو خۆیاندا، هەروەها بەرپرسی كاروباری كۆڵۆنییەكانی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵات مارك سایكس و سەرۆكەكەی ونستۆن چەرچڵ، كورد و شایستەكانیان وەك ئازادی و سەربەخۆییان فەرامۆش كرد، بە بەراورد لەگەڵ میللەتانی دیكە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی تاجی بەریتانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی گەلانی دیكە، جارێكی دیكە بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتانی كۆڵۆنیالی ڕۆژئاوا لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی دەوڵەتی ئەتا تورك و قەوارەكانی عێراق و سووریا لە لۆزان ساڵی 1923 هاوئاهەنگ بوون، لەسەر حیسابی كوردی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەونی ڕەوایان لە سەربەخۆییدا.
لە میانی هەردوو جەنگی جیهانیدا، دوای هاوپەیمانیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دژی نازیزم و فاشیزم و سازان لەسەر دابەشكردنی ناوچەكانی قەڵەمڕەوی، سۆڤیەت دەستبەرداری پشتگیریی كێشەی كورد بوو بە پاساوی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمنیی نیشتمانی سۆڤیەت، هەروەها تاكو گرژی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ڕۆژئاوا نەهێننە ئاراوە، ئەنجامە بەراییەكانی ئەمەش بریتی بوو لە هەرەسهێنانی كۆماری كوردستان لە مەهاباد دوای یازدە مانگی دامەزراندنی، بەمەش یەكەم ئەزموون لە وەدیهێنانی خەونی كورد لە سەردەمی نوێدا لەباربرا، لەبەر كۆی بەرژەوەندییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو لایەنانە.
هەوڵەكانی ڕۆژئاوا بۆ خەفەكردنی هەر تروسكایەكی هیوای كورد لە ناوچەكە بەردەوام بوون، لەگەڵ سازكردنی هاوپەیمانییە سەربازییەكان و ڕێككەوتننامە ئەمنییەكان (وەك پەیمانی سەعد ئاباد، پەیمانی بەغدا، سەنتۆ، ناتۆ) لەگەڵ ئەو ڕژێمانەی كە كورد و نیشتمانە مێژووییەكانیان بەسەردا دابەش بووە، لەژێر دروشمگەلێك بەوەی كە ئاسایشی ئەو ڕژێمە دەسەڵاتدارانە بەشێكی جیانەكراوەیە لە ئاسایشی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئینگلتەرا و فەرەنسا و دواتر ئەمریكا، لەبەر ئەوەی بزووتنەوەكانی ڕزگاریخوازیی كوردیش بە دوژمنی ئەوان لە قەڵەم دەدرێت و مەترسیی ئەمنین بۆسەر بەرژەوەندییەكانیان.
لە ساڵی 1975 شۆڕشی ئەیلوولی كوردستان لە عێراق لەبار برا، دوای ئەوەی پێداویستییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی تەواو كرا لە چەندین لاوە (ئەمریكا، سۆڤییەت، ڕژێمی شا، ڕژێمە عەرەبە شۆڤینییەكان بەتایبەتی هەردوو ڕژێمی دیكتاتۆر سەدام و بۆمیدیەن).
ڕێككەوتننامە و دیدارە ئەمنی و دیپلۆماسییەكانی نێوان هەر چوار پایتەختی (توركیا، ئێران، سووریا و عێراق) لەوەتەی نەوەدەكان سازكران بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو چوار ڕژێمە، پەلاماری سەربازی و هێرشبردن و بۆردومان و جەنگی وێرانكەر و گەمارۆی ئابووری و بێبەشكردن لە ماف، هەروەها ڕاگواستن، ئەمە لەژێر ناوی داكۆكیكردن لە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا و ئێران و سووریا و عێراق، كوردیش وەك ئەوانی دیكە نییە كە خاوەنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بێت.
كێشەكانی كورد و خەباتی ڕەوایان بۆ لابردنی ستەم و چەوساوەیی و وەرگرتنی ماف پێشتر و تا ئێستاش تایبەتە بە دەزگا ئەمنی و موخابەراتییەكانی ئەو چوار دەوڵەتە، نەك حكومەت و پەرلەمانەكان و دامەزراوە ئەمنییەكان، هەروەها بە ڕێكاری نهێنی و بێدەنگی ئەنجام دەدرێت، ڕێكاری دژە یاسا جێبەجێ دەكرێت، تا دەگاتە ئاستی تاوانەكان دژی مرۆڤایەتی لەوانە: پاكتاوكردن، بێبەشكردن لە ماف و ڕاگواستن و گۆڕینی پێكهاتەی دیمۆگرافی.
بەرپرسانی حزبە كوردی و كوردستانییەكان لەبیریانە ئەوانەی لە پێنج دەیەیەی دواییدا پەنایان بۆ دەوڵەتانی دراوسێ برد، یان پەیوەندییان لەگەڵ بەستن، یان یارمەتیی دارایی و سەربازییان لە ڕژێمەكانی دیمەشق و بەغدا و تاران و ئەنكەرا وەرگرتووە، لەبیریانە چۆن لە میواندارێتیی دەزگا ئەمنییەكاندا بوون، زۆر جار گوێم لە برادەرانی بزووتنەوەی كورد لە كوردستانی عێراق دەبوو، كە پەیوەندییەكانیان تایبەت بوون بە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی سووریا، هەندێ جاریش لقی دەرەكیی ئاسایشی دەوڵەت و ئاسایشی سیاسی و موخابەراتی ئاسمانی، كاتێكیش شاندێكی سەركردایەتیی حزبێك، یان لایەنێك دەگەیشتە دیمەشق، یەكەم جار زۆر بە نهێنی چاوی بە بەرپرسانی ئەمنی دەكەوت، دواتر دەچوونە لای سەركردایەتیی نەتەوەیی (قیادەی قەومی) و قاوەیان لە ئۆفیسی (ئەمینداری گشتیی یاریدەدەری قیادەی قەومیی حزبی بەعس (عەبدوڵڵا ئەلئەحمەر) دەخواردەوە، باسیان لە كاروباری گشتی دەكرد، دواتر بەیاننامەیەكی یەك لایەنە نەك دوو لایەنە دەردەچوو، زۆرجاریش پێشبینی ئەوە دەكرا كە ئەمە لە پایتەختەكانی دیكەش ئەنجام بدرێت.
بەڵام بۆچی بابەتی كورد تەنیا تایبەت بوو بە دامەزراوە ئەمنییەكانی سووریا؟ چونكە بیروباوەڕی ڕژێمی حوكمڕان وابوو، كە بوونی كێشەی كوردی وەك كێشەی گەل و مافە ڕەواكانیشی ڕەت دەكردەوە، تەنانەت وەك ئامرازێك بوو دژی نەیاران و دراوسێكانی بەكاری دەهێنا، تا دزە بكاتە نێو ڕێكخستنەكان و حزبەكانەوە، هەروەها بۆ ئەوەی هەموو پاڵپشتیكردنێك بۆ بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بقۆزێتەوە، ئەمەش لە دەیەكانی دواییدا ڕووی دا، ئێستاش بە شێوازی دیكە دەكرێت.
تا ئێستا كێشەی كوردی سوریا دۆسێیەكی ئەمنی و سەربازییە، بە حیسابی ڕژێم و حكومەتەكانی سووریا دداننەنان بە بوونی گەل وەك دانیشتووانی ڕەسەن، كە لە كۆنەوە لەسەر خاكی خۆی دەژی، بریتییە لە كۆمەڵە مرۆڤێكی كۆچەر، بوونی كورد مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی، لە میانی ئەوەی كە خەباتگێڕانی بزووتنەوەی كورد دەدرێنە دادگای ئاسایشی دەوڵەت و دادگا سەربازییەكان لە سایەی یاسای فریاگوزاریدا، هەروەها زیندانیكردنیان، پێشتر و تا ئێستاش تۆمەتێكی ئامادەیە لەوەتەی سەردەمەكانی پێشوو(نووسینگەی دووەم و تا ئێستا) كە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەت و ئاسایشی نەتەوەیی. من پشكی خۆم لەو دوو تۆمەتە پێ بڕاوە، كاتێك لەبەردەم دادگای باڵای ئەمنیی دەوڵەت لە دیمەشق لە ساڵی 1968 دادگایی كرام، حوكمم بە تۆمەتی یەكەم بۆ دەرچوو، بۆ جاری دووەم كاتێك بێبەش كرام لە مافی مەدەنی بە بڕیاری جێگری دادوەری عورفی وەزیری ناوخۆ محەمەد عید عەشاوی لە ساڵی 1969 بەپێی تۆمەتی دووەم.
لە قۆناغی بەڕێوەبردنی دۆسێی گشتیی كورد لەلایەن ئەفسەری ئەمن محەمەد مەنسوورە (ئەو كاتەی سەرۆكی موخابەراتی سەربازی بوو لە قامیشلی)، ئەمە گواسترایەوە بۆ قۆناغێكی پراكتیكیی تازە لە دەستپێكردنی سرووشتی ئەمنی و تێڕوانینی ئەمنی و چارەسەری ئەمنی و پەیوەندییەكانی ئەمنی و دزەكردنەكانی ئەمنی، هیچ ڕۆژێك باسی كێشەكانی كورد نەخرانە بەردەم وەزارەت و حكومەت و پەرلەمانەكان، بەڵكو قەدەغە بوو كە لە میدیاكانیش باس بكرێن، بۆیە بە هۆی سرووشتی كورد لە ناوچەكە و لەبەر ئەوەی كێشەكەیان ئەمنی بووە، ئەو ئەفسەرە تاكە حوكمڕان بوو، نوێنەرایەتیی سەرۆكەكەی (حافز ئەسەد)ی دەكرد، بەرپرسانی زۆربەی حزبە كوردییەكان لە خزمەتیدا بوون، ئاهەنگیان بۆ ساز دەكرد، یەكێكیان لە بۆنەیەكدا پێی گوتووە: «بە چاكە وەڵامی چاكەكەت دەدەینەوە»، سێ جار ئەمەی دووبارە كردبووەوە.
لە سەرەتای شۆڕشی ستەملێكراوی سووریا لەلایەن ڕژێمەوە پۆلێنكردنی سەربازیش بۆ پۆلێنكردنی ئەمنیی كێشەی كوردی سووریا زیاد كرا، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی گرووپە چەكدارەكانی پەكەكە لە هەندێ ناوچەدا، بەپێی ئەو ڕێككەوتننامەی لە سلێمانی (2011-2012) بە سەرپەرشتیی خوا لێی خۆش بێت جەلال تاڵەبانی و قاسم سلێمانی كرا.
شێوازی مامەڵەكردنی حزبانی گەورەی دۆست لەگەڵ كێشەی كوردانی سووریا
بە هۆی نەبوونی ستراتیژیەتی نەتەوەیی، تەحەكومكردنی حزبەكان بە چارەنووسی كورد، هەروەها نەسازانی نێوان گوزارشتەكانی هەر چوار پارچە لەسەر یەك ناوەندی نەتەوەیی، یان مەرجەعییەتێكی هاوبەش، بۆیە زۆربەی ئەو هێزانەی كە حزبە كلاسیكییەكان سەركردایەتییان دەكەن، بە دیدی خودی و وڵاتی و بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتییەوە لە چەمكی نەتەوەیی دەڕوانن، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ كوردانی سووریادا دەكەن و بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەخەنە سەر هەموو شتێكەوە.
پەكەكە دەستبەرداری بواری جوگرافی و سرووشتیی خۆی بووە لەبەر چەند هۆیەك، بە شێوەیەك دەڕوانێتە بەشەكانی دیكەی كوردستان كە بواری زیندەگی و جوگرافییە تاكو هێرشیان بۆ بكات و كۆنتڕۆڵی گەل و خاك و خێروبێری و سەرچاوە داراییەكانیان بكات، وەك ئێستای لەگەڵ كوردستانی سووریا، وا مامەڵە لەگەڵ كوردانی سووریا دەكات، وەك ئەوەی سووتەمەنیی سەربازی بن بۆیان، یان سەرچاوەی ئابووری بن، لەوەتەی چەند دەیەیە ڕایگەیاندووە كە بەشێكی كوردستان لە سووریا بوونی نییە، لەسەر زاری سەركردەكەیان، وازیان لە گوتەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان هێناوە، هەروەها دوور كەوتوونەتەوە لە هەر خەباتێكی نەتەوەیی لە پێناو مافەكاندا، هاوكات پێی وایە كە بابەتی كوردانی سووریا لە لیستی ئەمنی و سەربازیدا نووسراوە، چاوەڕوانی بڕیاری ناوەندی سەربازیی پەكەكە دەكات لە قەندیل، ئیدارەی كێشەكانی كوردانی سووریاش دەكات لە ڕێی ڕێكخراوگەلی ئەمنی لە ژێر پەردەی ناوەندەكانی توێژینەوە و دامەزراوەكانی ڕۆشنبیری و میدیادا.
هەرێمی كوردستانی عێراق
دوای گواستنەوە لە قۆناغی شۆڕش بۆ قۆناغی دەسەڵات و بنیادنانی دامەزراوەكانی دەوڵەت، كێشەی كوردانی سووریا و بزووتنەوە نەتەوەییەكەیان (كە تا ئێستا جێگەی خۆشەویستی و ڕێزی گەلی كوردستانی عێراقە بە جیاوازیی چین و لایەنەكانیەوە وەك چۆن لە سەردەمی سەركردەی خوا لێی خۆش بێت مستەفا بارزانی)، بوو بە بابەتێك بۆ ڕكابەری و تۆڵەكردنەوەی نێوان حزبەكان، هەر یەكەیان بە دوای فراوانكردنی هەژموونیدا دەگەڕێت، بێ تووڕەكردنی ڕژێمی سووریا، زانراوە كە مامەڵەكردن لەگەڵ كوردانی سووریا بە ناوی حزبەكان، نەك لە ڕێی حكومەتی هەرێم، یان دامەزراوەی سەرۆكایەتی، یان پەرلەمان، بەڵام لە ڕێی دامەزراوە ئەمنییەكانەوە وەك ئەوەی كە ڕژێمە حوكمڕانەكان كێشەی كوردی سووریا بە پرسیێكی حزبی و ئەمنی لەقەڵەم دەدەن، یان دەتوانن بەم ڕێگایە خۆیان بە دوور بگرن لە پایەندبوونی نەتەوەیی لە هەمبەر گەلێك كە پێویستی بە پاڵپشتی و پشتگیری هەیە لە پێناو ڕزگاریدا، بەر لە هەموو شتێك لە بڕیاری سیاسی سەربەخۆ بێت و بزووتنەوەكەی بنیاد بنێتەوە، كە بە ناچاری پاشكۆی كەس نەبێت، یان لە میانی سەرچاوەكانی دارایی و سیاسی، ئەوەی كە گوزارشت دەكات ئەوەیە كۆنگرەكانی حزبە سیاسییەكان و كۆبوونەوەكانی مەكتەبە سیاسی و ناوەندییەكانیان لە خشتەی كارەكانیان هیچ بەندێكی تێدا نییە سەبارەت بە كێشەی نەتەوەیی لە ناوچەكەدا بەگشتی و كێشەی كوردی سووریا بەتایبەتی، هەروەك بەیاننامەكانیان هیچ پابەندبوونێكی ئاشكرایان بەم شێوەیە تێدا نییە، ئەمەش ڕاستییەكی تاڵە و بۆ هەموو حزبە كوردییەكان وایە لە عێراق و ئێران و توركیا، تەنیا بزووتنەوەی سیاسیی كوردیی سووریا لە پابەندبوونی نەتەوەیی و هەڵوێستی بیروباوەڕیدا بە ئاشكرا دیار بوو، هەر لەوەتەی سەرهەڵدانیەوە تاكو پێش دوو دەیە، واتا پێش بوونی پەكەكە و دەركەوتنی ئەو حزبانەی پشت بە دەرەوە و سامانی سیاسی دەبەستن.
دیارە ئەم بابەتە زۆر گرنگ و مەترسیدارە، ناكرێت فەرامۆش بكرێت، یان پەندی لێ وەربگرین، مەگەر بە بەشداریی خاوەن ڕاوبۆچوون و فیكر بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكە، بۆیە لە مینبەری گوڵانەوە داوا لە هەموویان دەكەم بۆ بەشداریكردن و دیالۆگ.
لەبەر ئەوەی كێشەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی مەسەلە ئەمنی و سەربازییەكاندایە بە تێڕوانینی دوور و نزیك و هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكانەوە، بۆیە لە ئێستاو لە ئایندەدا تووشی تانەلێدان دەبێتەوە لە ڕاستگۆیی سیاسی و ئامانجە ڕەواكانیدا، ڕێگەگرتن لە هەر چارەسەرێكی نیشتمانی و دیموكراسی، هەروەها سڕینەوەی ئەو دەستكەوتانەی تا ئێستا وەدی هاتوون، بەتایبەتیش لە كوردستانی عێراق، نەخاسمە كاتێك ڕەهەندی نەتەوەیی كۆتایی دێت، دواجار ئاسان دەبێت كە لە لیستی تیرۆر دابنرێت، بەپێی لۆژیك و پێناسەی هێزە باوەكان، هاوكات بەكارهێنانیان لە ڕووی سەربازییەوە، لە هەمان كاتیشدا بۆ مەبەست و سوودی ئەجێندا دەرەكییەكان و بە دیاریكراویش دژی كورد.