سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حکوومیی ئەمریکا ده‌كەين

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:  پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حکوومیی ئەمریکا ده‌كەين

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە پێشوازی لە دوا سەردانی شاندی حکوومیی ئەمریکا ده‌كەن بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگورک، نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و به‌ ياوه‌ريى ئامۆس هۆکستاین نێردەی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە.

ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوە داوە كە: "ئێمە پابەندی و پاڵپشتیی خۆمان بۆ په‌يوەندیی دوولایەنەی بەهێز و بەرهەمدارى عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ حکوومەتی وڵاته‌ یەکگرتووەکاندا لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دووپات دەکەینەوە."

دەشڵێ: "هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی ناڕوون و کۆمەڵێک ئاڵنگاریدایە. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێک، پێویستمان بە یەکگرتوویی و هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکان، بەتایبەتيش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەیە کە پێکەوە دواڕۆژی ئەم هەرێمەیان لە دەستدایە."

لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە: "داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەکەین کە جیاوازییەکانیان بەلاوە بنێن و بە سنگێکی فراوانەوە کێشەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆ و لێکگەیشتنەوە چارەسه‌ر بکەن. ئەوەی کۆمان دەکاتەوە زۆر گەورەترە لەوەی لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە. بۆ ئەوەی بتوانین سەقامگیری و یەکڕیزی جێگیر بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بپارێزین و پەرەیان پێ بدەین، پێویستە هەموومان بە بەرپرسیارییەتەوە هەنگاو بنێین."

لە كۆتاییشدا پێشوازی لە بەرەوپێشچوونی به‌رده‌وامى چارەسه‌ری كێشه‌كانی نێوان حکوومەتی فيدراڵيى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان كردووە، دەشڵێ: "وێڕاى سه‌ختييه‌كانى ڕابردوو، ئێمە گەشبینین کە دەتوانین لەگەڵ سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی و کابینەکەی و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، گرفتە هەڵپەسێراوەکان چارەسەر بکەین."

 

Top