حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بایەخدان بە خوێندنی زمانی كوردی لە كەركووك بەردەوام دەبێت
لەسەر بڕیار و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ خوێندنی ئەمساڵ (2022 -2023)، بڕی ملیارێك و 600 ملیۆن دینار بۆ پێداویستییەكانی خوێندنی زمانی كوردی لە شاری كەركووك دابین دەكرێت، لەگەڵ خەرجكردنی مووچەی 900 وانەبێژ. ئەو هەنگاوانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە داكۆكیكاری مافەكانی قوتابیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووە و، هیچ كاتێك سازش لەسەر مافە ڕەواكانیان ناكات. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان لەو بارەیەوە ڕا و سەرنجی خۆیان هەیە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاندووە، لەو 20 ملیار دینارەی كە سەرۆكی حكومەت بۆ كڕینی پێداویستیی ناوەندەكانی خوێندن لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانی تەرخانی كردبوو، خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركووك ملیارێك و 600 ملیۆن دیناری بەركەوت و پێداویستییەكانیان بۆ دابین كرا. ساڵانەش تەواوی پڕۆگرامەكانی خوێندن له لایەن كۆگای كتێبی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمەوە دەگەیەندرێتە كۆگاكانی كتێب لە كەركووك و دواتر بەسەر ناوەندەكانی خوێندندا دابەش دەكرێن.
هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە، دابینكردنی پێداویستی و تێچووی چالاكییە وەرزشی و هونەرییەكانی ساڵانە و مەشق و ڕاهێنانە پەروەردەییەكانی خوێندنی كوردی لە كەركووك. لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕوونی كردەوە، تاوەكو ئێستا 900 وانەبێژیان لە پسپۆڕییە جیاوازەكان لە خوێندنی زمانی كوردی لە پارێزگای كەركووك دامەزراندووە كە مووچەی مانگانەیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دابین دەكرێت.
سەبارەت بە كاری نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەی قوتابخانەكانی خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركووك، سامان سیوەیلی گوتی: «ڕاستە باڵەخانەی قوتابخانەكان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عێراقن، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری نۆژەنكردنەوەیان بۆ ئەنجام دەدات.
لەلایەكی دیكەوە شێرزاد ڕەشید كاكە عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك بە ماڵپەڕی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند: «خوێندنی كوردی لە شاری كەركووك زیندووە و ساڵ بە ساڵ ژمارەی مامۆستا و قوتابی و قوتابخانەی كوردی زیاد دەكات، ئەو دەستكەوتەش دەستكەوتێكی ناوازەیە، نموونەی زۆر باشی قوتابییانمان هەیه، كە لەسەر ئاستەكانی خۆیان نمرەی زۆر باشیان بەدەست هێناوه، هەروەك پار لە بەشی زانستی قوتابییەكمان یەكەمی هەموو عێراق بوو.››
لە سەرەتای پرۆسەی ئازادكردنی كەركووكەوە خوێندنی كوردی لەو شارە و تەواوی ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان جارێكی دی و بە ژمارەیەكی كەمی قوتابخانەوە دەستی پێ كردەوە و لە سایەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ژمارەیە ساڵ بە ساڵ لە هەڵكشاندا بوو» تا ئەمساڵی خوێندنی 2022 - 2023 گەیشتووەتە نزیكەی ٥٣٥ ناوەندی خوێندن كە باخچەی منداڵان، قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی و ئامادەییەكانی كوڕان و كچان لەخۆ دەگرێت. ئێستا له شاری كەركووك، 92 هەزار قوتابی لە 535 قوتابخانە لەلایەن حەوت هەزار و 600 مامۆستا و هەزار و 400 فەرمانبەرەوە فێری خوێندن و نووسین دەكرێن.››
مەریوان جەلال ڕەشید كارگێڕی لقی سێی كەركووك، هەر لەو بارەیەوە تایبەت بۆ گوڵان گوتی: «لەپاش پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە ناوچەكانی كە ئێستا پێ دەڵێن «جێ ناكۆك» یان ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە هەموو كەرتەكان بەتایبەت پەروەردە و خوێندن بە زمانی ڕەسەنی كوردی داوە، ئەمەی جێگای خۆشحاڵی و دەستخۆشی بووە و یەكێكە لە دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێم، لەم ڕووەوە هەنگاوی زۆر باش نراوە» هەر لە كردنەوەی قوتانخانە و دامەزراندنی مامۆستا و فەرمانبەرێكی زۆر كە میزانیەی باشی بۆ تەرخان كراوە» تاوەكو ئێستاش تێچووی ئەوانە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستانە، كە ئەمەش پاڵپشت و هاوكارێكی زۆر باشە و بۆ ئەم ساڵیش 2022 دیسان بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی خوێندنی كوردی لە شاری كەركووك، بە بڕیاری ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ملیارێك و 600 ملیۆن دینار بۆ دابینكردنی كەلوپەل و پێویستییەكانی پەروەردە و قوتابخانەكان تەرخان كرا» هەروەها خەرجكردنی مووچەی 900 وانەبێژ، ئەمانە هەر هەمووی بۆ گرنگیدانی زیاتر و پێشخستنی خوێندنی كوردییە لە شاری كەركووك و هەموو شار و شارۆچكەكان، بۆیە دەتوانین بڵێین تاكە شانازی و دەستكەوت كە وەكو خۆی مابێتەوە و زمانی كوردی و ناسنامەی كوردستانیبوونی ئەو ناوچانەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە» خوێندنی زمانی كوردییە، تا ئاستێكی زۆر ئەمساڵ خوێندنی زمانی كوردی باش بووە و ڕێژەی دەرچوونی قوتابیان لە پێش خوێندنی زمانی عەرەبی و توركمانی بووە، ڕێژەیەكی باشیش لە قوتابیان نمرەی بەرزیان هێناوە. ئەمانە جێگای دڵخۆشین، سەرەڕای تێبینیی زۆر كە هێشتا دەڵێین خوێندنی كوردی لە ئاست تمووحی ئێمەدا نییە و دەكرێت باشتر بكرێت و بەرەو پێش ببرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت ئەوە لەبیر بكەین كە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر گورزێكی كوشندەی لە گەلی كورد دا لەم ناوچانە و بەتایبەت لە خوێندنی زمانی كوردی، كە وای كرد، بەشێكی خەڵكی قوتابییەكانیان لە خوێندنی كوردی دەر دەكرد و دەیانخستنە قوتابخانە عەرەبییەكان» یان دەیانگواستنەوە بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دوایی بەتایبەت پاش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە10ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2021 و سەركەوتنی كاندیدانی كورد و بەتایبەت نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی دی هێز و وزە و ئومێدێكی زۆر گەڕایەوە بۆ خەڵكی و كاریگەریی خۆی لەسەر هەموو لایەك هەبوو، بەتایبەت خوێندنی كوردی كە ئێستا خوێندنی كوردی كەمێك ئاستی هەڵكشاوە و دەكرێت باشتریش بكرێت و گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و نابێت فەرامۆش بكرێت. هەر وەكو باسمان كرد» تاكە ئومێدی بە زیندوو هێشتنەوەی زمانی كوردی و بەرهەڵستكاری تەعریبی خوێندنی زمانی كوردییە لەم ناوچانە، چونكە تەعریب هەڕەشەیەكی زۆر مەترسیدارە لەسەر گەلی كورد».
ئەشواق جاسم كچێكی ئاوارەی كەركووكییە و لە هەولێر نیشتەجێ بووە. ئەو ڕای وایە: «بە هۆی حوكمی سەربازی و دۆخی داگیركاری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و بە هۆی ئەو نائارامی و فەراغی ئەمنییەی كە هەیە، كورد هیچ بڕوایەكی بە دۆخی ئەو ناوچانە نەماوە، بەڵام ئێستا هەزاران خێزانی ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بە چاوی ئومێدەوە دەڕواننە هەنگاوەكانی سەرۆكی حكومەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە ساڵی نوێی خوێندندا».
هاوكات گوتی: «ئێستا كەركووكییەكان و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەش بە ئومێدەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانن بۆ ناوچەكانیان، چونكە بە گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركووك هەزاران خێزانی ئاوارە ئازادانە بۆ زێدی خۆیان دەگەڕێنەوە». جەختی لەوەش كردەوە كە لە غیابی هێزی كوردی لە شارەكە خوێندنی كوردی لە لێواری لەناوچووندایە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمجارەش پارتی و سەرۆكی حكومەت بە هانای خوێندنی كوردی و خەڵكی شارەكەوە هاتن، بێگومانیشین لەوەی بە گەڕانەی پارتی، ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و سیمای كوردستانیبوون دەگەڕێتەوە بۆ كەركووك و ناوچەكانی دیكە».
محەمەد نوورەدین محەمەد كارگێڕی ناوچە (ی.ق.ك) لقی كەركووك، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «سەرەڕای گرنگیی پێدانی سەروكی حكومەتی هەریمی كوردستان به پاڵپشتیی ڕێزدار مسرور بارزانی و دابینكردنی بودجەی باش بۆ خوێندنی زمانی كوردی له كەركووك و بایەخدانی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شەخسی د. ئالان حمه سەعید وەزیری پەروەرده بە پەروەردەی كەركووك و خوێندنی زمانی كوردی، هێشتا كەموكوڕیی زۆر دەبینرێت، لەوەش گرنگتر پێویسته بوترێت وەزارەتی پەروەردەی عێراق كەمتەرخەمە لە پاڵپشتیكردنی پرۆسەی خوێندنی كوردی و تەنانەت ئاستەنگی زۆر دروست دەكەن، لە ڕووی لۆجستیشەوە هاوكارییان سفره بۆ خوێندنی زمانی كوردی، چجای دەسەڵاتی سەپێندراو لە شارەكه، بێ شك هەموو ئەم ئاستەنگانه فاكتەرن بۆ دواكەوتنی ئاستی خوێندنی زمانی كوردی لە شارەكه و ڕاستەوخۆ لە داهاتوودا لاوازییەكان دەردەكەون، بە ئاشكرا بێزاری و نائومێدی به ڕوخساری كەرتی پەروەردەی كوردی و مامۆستایان و قوتابیان و خانەوادەی قوتابیانەوە دیاره، بۆیه ساڵانه و بە بەردەوامی زوربەی خانەوادەكان قوتابییەكانیان لە خوێندنی كوردی دەگوازنەوه بۆ قوتابخانه عەرەبییەكانی سەر بە حكومەتی عێراقی، ئەمەش بۆ خۆی گرفتی زور دروست دەكات، بۆیه پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كاتەدا پلانی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی كەركووك و ناوچەكانی هەبێت، بێگومان ئەوە دەبێته هۆی بەرەوپێشچوونی حكومەت و خوێندنی كوردی زیاتر ئومێدبەخش دەبێت».
مەریوان حەكیم جەباری كارگێڕی ناوچەی شۆڕش لە كەركووك، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و دوای ئەوەی خوێندنی زمانی كوردی لە كەركووك كرایەوە، هەزاران خێزان بە جۆش و خرۆشەوە منداڵەكانیان ناردە بەر خوێندنی كوردی و ساڵ بە ساڵ بەرەو زیاتر و ئاستی خوێندنیش بەرەو باشتر هەنگاوی دەنا». گوتیشی: «پەرەسەندنی خوێندنی زمانی كوردی لە كەركووك بە جۆرێك بوو، بە عەیبەیەك دادەنرا كە منداڵت بخەیتە بەر خوێندنی عەرەبی. واتە پێشكەوتنێكی وا لە خوێندنی كوردیدا بەدی هات، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی قوتابی و مامۆستایان و قوتابخانەكان بەرەو پێشتر دەچوو، بە جۆرێك زۆربەی ساڵەكانی یەكەمی سەر ئاستی كەركووك و بگرە عێراقیش لە قوتابیانی كورد و پەروەردەی كەركووك دیاری دەكران، بەڵام بەداخەوە بە ناخێكی پڕ و لە دڵێكی شكاوەوە دەڵێم نەتوانرا دەست بەم سەركەوتنانەوە بگرین و بەرەو لووتكەیان بەرین و بیانپارێزین. بۆیە لەم ساڵانەی دوایی هاوكێشەكە پێچەوانەوە بووەوە و ساڵ بە ساڵ قوتابیانی خوێندنی كوردی ڕوو لە كەمی كرد و دەكات. ئێستا زۆربەی هاووڵاتیانی كورد ڕۆڵە كوردزمانەكانیان دەخەنە بەر خوێندنی زمانی عەرەبی. ئەگەر لە من دەپرسن، ئەمە بەڕاستی ویستی باوكان و دایكانی كوردی كەركووك نییە» بگرە بەو پەڕی نیگەرانییەوە ئەم هەنگاوە هەڵدەگرن و منداڵەكانیان دەخەنە بەر خوێندنی عەرەبی» چونكە دوای ڕووداوەكانی 16ئۆكتۆبەر و نەمانی دەسەڵاتی كوردی لەم شارە كە زۆرینەی كوردزمانە، ئاستەنگی زۆر بۆ خوێندنی كوردی دروست كراوە و غەدر و جیاكاریی زۆر لە دامەزراندن و پلەی وەزیفی لەم شارەدا كرا، ئەمەش وای كرد خانەوادەكان ئایندەی ڕۆڵەكانیان تەمومژاوی ببینن، لە لایەكی دیكەوە نەبوونی میلاكی مامۆستایانی وانەبێژ و كەمیی هۆڵەكانی خۆێندن و زۆریی قوتابیان لە یەك پۆلدا، وای كردووە زیاتر پشت لە خوێندنی كوردی بكرێت. هەروەها كۆنبوونی بینای قوتابخانەكان و نۆژەن نەكردنەوەیان هۆكارێكی دیكەی ئەم بابەتەن، لایەكی دیكەوە هاتنەوەی پرسیارەكانی وزاری بۆ قوتابیان بە هەڵە و هەرجارە و بە بیانوویەك ڕەنجی ساڵێكی قوتابیان بەفیڕۆ دەدرێت، ئەوەش یەكێكە لە هۆكارەكانی لاوازبوونی خوێندنی كوردی لە كەركووك، بەڵام هێشتاش هیوا ماوە و هەرێمی كوردستان كار بۆ باشتركردنی پەروەردەی كوردی و خوێندنی كوردی دەكات و، بۆ ئەم مەبەستەش سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەنگاوێكی دڵخۆشكەری ناوە. هیوادارم هاووڵاتیانی كوردی خۆڕاگری كەركووك زیاتر بەرەوپیری خوێندنی زمانی دایكەوە بچن و، هیوا لە دەست نەدەن. هیواداریشم حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بایەخ بەم بابەتە بدەن و بەرەوپێشی بەرن».