مەسرور بارزانی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد

مەسرور بارزانی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کرد و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جەنەرال ئەندرو گارنەر، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد و لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.

جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، کورتەیەکی دەربارەی ئەرک و چالاکییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا خستەڕوو، پابەندبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیشی، بە بەردەوامیی پشتگیريکردنی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر دوایین هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و جەختی لە پێویستیی سەرخستنی پرۆسەکە وەک بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و برەودان بە هەماهەنگیی ئەمنی و سەربازی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بە تایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

Top