سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق دەكات

ڕۆژی چوارشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ماتی لاسیللا باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق پێزانینی بۆ جێدەستی سەرۆك بارزانی لە خەبات و مێژووی هاوچەرخی گەلی كوردستان هەبوو و، سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانی كرد لە شەڕی تیرۆر و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش.
لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا باڵیۆزی فینلەندا لە عێراق ئەوەی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتی و مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپاسی حكوومەتی هەرێمیشی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگیكردنی لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی فینلەندا لە سووریا.
بارودۆخی سیاسیی عێراق تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.

Top