جەنگ و ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان ڕاسپاردە ژینگەییەكان لەبیر جیهان دەبەنەوە

جەنگ و ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان ڕاسپاردە ژینگەییەكان لەبیر جیهان دەبەنەوە

 

 

 

ناكۆكیی نێوان ئەمریكا و چین زیان بە ڕێككەوتننامەی بەڕەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا دەگەیەنێت.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، نێردراوی تایبەتیی ئەمریكا بۆ دۆسێی گۆڕانكارییەكانی ئاو هەوا ڕایگەیاند كە بڕیاری چین بە بڕیاری هەڵپەساردنی گفتۆگاكانی لەگەڵ ئەمریكادا لە بارەی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەواوە، سزادانی ئەمریكا نییە بە تەنیا، بەڵكو سزادانی هەموو جیهانە.

وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا كە بە یەكێك لە گەورە دیپلۆماتكارەكان دادەنرێت و هەر خۆیشی ڕاسپێردراوە بۆ دۆسێی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا لە حكومەتی ئێستای جۆ بایدن، دەڵێت: «نابێت بە هۆی ناكۆكیی نێوان دوو دەوڵەتەوە، دەوڵەتێك ڕێگر بێت لەو پێشكەوتنانەی كە لە دۆزە گرنگ و سنووربڕەكاندا بەدی هاتوون».

هەروەها دەڵێت: «هەڵپەساردنی هاوكاریی سزایەك نییە بە تەنیا بۆ ئەمریكا، بەڵكو سزایەكە بۆ هەموو جیهان بە گشتی و بۆ وڵاتە تازە پێگەیشتووەكان بە تایبەتی».

هەروەها پەرەسەندنەكانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا و، بەكارهێنانی جۆرەها چەك و تەقەمەنیی ترسناك بە ئاراستەی خۆڵقاندنی كارەساتێكی ژینگەییە كە لە ئێستاو ئایندەشدا مرۆڤایەتیی باجەكەی دەدات.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆڕناڵ)ی ئەمریكی شارەزایانی ژینگە دەیان پێگەیان دیار كردووە كە ئاسەواری پیسكردنیان لەسەر دەركەوتووە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانەوە كە ساڵانێكی لە كات پێویست دەبێت بۆ پاككردنەوەیان و بۆ دوورخستنەوەی كاریگەرییەكانیان لەسەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ، ئەوەش بە هۆی پیسبوونی ئاو و هەوا و خاك بە ماددەكانی ئەمۆنیا و گەردی چیمەنتۆی باڵەخانە وێرانكراوەكان و ئەسبێستۆس و كانزا قورسەكانی وەك قورقوشم و كادمیۆم، ئەمە جگە لەوەی كە بۆمب و مووشەكە نەتەقیوەكانیش دەبنە هۆی پیسكردنی ڕێڕەوە ئاوییەكان و زۆر ماددەی كیمیایی ژەهراویشیان لێ دەردەچێت بۆ نێو پێكهێنەرەكانی ژینگە، ئەمە سەرباری بۆردومانە چەند بارەكان و مینە چێنراوەكانیش كە دەبنە هۆی ئاگركەوتنەوە لە نێو دارستان و پاوانەكاندا.

هەروەها بە دەیان كانە بەجێهێڵدراوەكانی دەرهێنانی خەڵووزیش مەترسیی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروست دەكەن، چونكە زۆربەی ئەم كانانە ماددەی تیشكاوەر و كانزای قورسی وەك جیوە و زەرنیخ لەخۆ دەگرن.

ئەمە جگە لەوەی كە ئەم جەنگەی نێوان ڕووسیاو ئۆكرانیا كاریگەریی هەیە لەسەر هەوڵەكانی جیهان بۆ كەمكردنەوەی دەرهاویشتەكان و وەستان لە بەكارهێنانی سووتەمەنیی بەردین لە ساڵی 2050دا، بە هۆی ئەوەی گرتنەوەی غازی ڕووسیا، وڵاتانی ئەوروپای ناچار كردووە بۆ پەنابردنە بەر بەكارهێنانی سووتەمەنیی وەك خەڵووزی بەردین و نەوتی ڕەش و تەنانەت بڕینەوەی دار و درەختیش لە هەندێك ناوچەدا، هەروەها بەگەڕخستنەوەی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێگەی كارلێكەرەكانی وزەی ئەتۆمی.

لە بەرانبەر ئەم بارودۆخەدا ناتوانرێت وزەی خاوێن كراو بكرێت كە ڕێگەی دەربازبوونە بە شێوەیەكی ڕێژەیی بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی دەرهاویشتەكان، هەرچەندە هێشتا لە زۆر شوێنیشدا سەرچاوەی وزەی نوێبووەوە بەردەست نییە بە شێوەیەكی یەكسان بۆ گشت وڵاتان، بەڵام بۆ ئایندە دابینكردنی ئابوورییەكی سەوزی بەردەوام هەر ئەوە دەخوازێت كە وڵاتان دوور بكەونەوە لە جەنگ و ململانێ و بەرژەوەندیی تەسكی ئابووریی و لە گلەیی و گازاندە لە یەكدی كردن، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە هەنگاو بنێن بەرەو سەرچاوەی وزەی خاوێن. بۆیە عێراقیش وەك وڵاتێك كە دەیان ساڵ گیرۆدەی جەنگ و شەڕ و ململانێی سەربازی بووە، لە ئێستادا هەنگاو دەنێت بەرەو قۆناغەكانی دوای جەنگ، بە تایبەت دوای ئەوەی لە 22/9/2020 پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندیی دا كە عێراق بچێتە نێو ڕێككەوتننامەی پاریس.

بەپێی ماددەی 4 بڕگەی 12 لە ڕێككەوتننامەی پاریس، بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییە دیار كراوەكان كە هەر وڵاتێك دەینێرێت، لە تۆمارێكدا هەڵدەگیرێت.

بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییە دیاركراوەكانی عێراق كە هەرێمی كوردستانیش لە ڕێگەی دەستەی ژینگەوە تیایدا بەشدار بووە لە ئامادەكردنیدا، لە 15/10/2021 دراوەتە سكرتاریەتی ڕێككەوتننامەكە، كە هەتا ئێستا نزیكەی 194 وڵات بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییە دیاركراوەكانی خۆیان تۆمار كردووە.

بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییە دیاركراوەكانی عێراق كە لەلایەن لێژنەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا بۆ ماوەی شەش ساڵ كاری لەسەر كراوە لەلایەن لێژنەی نیشتمانی بۆ گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا لە وەزارەتی ژینگەی عێراق و نوێنەری دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی عێراق و بە هاوكاریی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشەپێدان كار لەسەر ئامادەكردنی كراوە، دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستانیش سەرۆكایەتیی لێژنەیەكی هاوشێوە دەكات لە هەرێمی كوردستاندا بۆ گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا.

بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییە دیاركراوەكانی عێراق بریتییە لە سیاسەتی باڵای عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە بارەی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەوا بۆ ماوەی 10 ساڵی نێوان 2020 هەتا 2030ی زایینی.

بەپێی ئەم بەڵگەنامەی پشكدارییە نیشتمانییە درێژخایەنە، سیاسەتی ژینگەیی لە ڕووی گۆڕانكارییەكانی ئاو و هەواوە بۆ ساڵانی داهاتوو دیار دەكرێت لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، كە خۆی لە چڕكردنەوەی كارەكان دەبینێتەوە بە شێوازیی پلە بە پلە بۆ ڕووكردنە وزە نوێبووەوەكان و بەكارهێنانی وزەی خاوێن بە مەبەستی كەمكردنەوە و دابەزاندنی دەرهاویشتە گەرمكارەكان و هەنگاونان بەرەو ئابوورییەكی سەوزی بەردەوام و، ئامادەكردنی كۆمەڵگەیەكی پارێزراو لە ڕووی ژینگەییەوە و فەراهەمكردنی سەقامگیریی ژینگەیی بۆ نەوەكانی داهاتوو.

بەم جۆرە دەردەكەوێت ژینگە تەنیا لە سایەی سەقامگیری و ئاشتی و ئارامیدا پارێزراو دەبێت و، لەكاتی جەنگ و ململانێ و پێكدادانی سەربازییشدا، وێڕای زیانە گیانییەكان، ژینگە قوربانیی گەورەی جەنگ و پێكدادانەكانە.

 

Top