مامۆستا مەلا سەید غەفوور بیارەیی شارەزا لە بواری شەریعەت و فقهی ئیسلامی بۆ گوڵان:   مەلا مستەفا بارزانی ڕێز و ڕۆڵێكی گەورەی بە مەلا و مامۆستایانی ئایینی دابوو

مامۆستا مەلا سەید غەفوور بیارەیی  شارەزا لە بواری شەریعەت و فقهی ئیسلامی بۆ گوڵان:     مەلا مستەفا بارزانی ڕێز و ڕۆڵێكی گەورەی بە مەلا و مامۆستایانی ئایینی دابوو

 

 

 

مامۆستا مەلا سەید غەفوور بیارەیی پیاوێكی تێكەڵ بە ڕۆحی عیرفان و تەسەوف، زانا و مودەڕیس و كەسایەتییەكی شارەزا لە شەریعەت و فقهی ئیسلامییە، ڕۆڵێكی كارای لە بڵاوكردنەوەی پەیامی ئیسلام و میانڕەوی هەیە و لە ڕووی خزمەت و ڕەوشی زانستی چەندین فەقێ و مەلا و مامۆستای ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەیان وەرگرتووە. مامۆستا لەم دیدارەی گۆڤاری گوڵاندا وەڵامی چەند پرسیارێكی سەبارەت بە ڕۆڵی مەلا و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە شۆڕش و خەباتی نەتەوەیی داوەتەوە، لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.

 

* بەو پێیەی مامۆستا و مەلای كورد بە شارەزایی و خۆشەویستی بۆ دین و خوداپەرستی ناسراون و بەردەوام لە خزمەتی كۆمەڵگەدا بوون، ئایا ئەم شارەزاییە لە ئایین و قورئانی پیرۆز و دووری لە توندڕەوی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

  - بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. خودای گەورە و میهرەبان كاتێك دەفەرموێت: «وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلا رِحْمَةً لِلْعَالَمِينَ»، خودای گەورە پێغەمبەرمان (د.خ) بەبیر دەهێنێتەوە كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و قورئانی پیرۆزی بۆ ڕەحم و بەزەیی بۆ هەموو بەشەرییەت هێناوە. ئێمەی مامۆستایانی ئایینی و مەلا و مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی كورد لە ئێستا و لە ڕابردووشدا شارەزاییەكی زۆر باشمان لە ئایین و قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) هەبووە و هەیە. هەموو ئەو گوناح و كردەوە هەڵە و لادەرانەی كە بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە لێرەو لەوێ دەكرێت و لە دەرەوەی سنوورەكانەوە بیری توندوتیژی و لادەرمان بۆ هێنراوە و توندوتیژی و ئازاردانی خەڵكی لێكەوتووەتەوە، هەر هەمووی ئیسلامی پیرۆز لێی بێبەرییە وشەی «إِلا رِحْمَةً» بۆ ئەم ڕەحم و بەزەییە و بۆ ڕەتكردنەوەی توندوتیژییە هاتووە، كورد دینداری بۆ خۆی و خودای خۆی دەكات و خودای گەورە و میهرەبانیش هەر ئەوەی پێ فەرمووە كە خێر و خۆشی بۆ بەشەرییەت تێدایە. ئێمەی مامۆستا و مەلا و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش میراتگری پێغەمبەرین (د.خ) و لەسەر پەیام و فەرموودەكانی ئەوان دەڕۆین، لەمەشدا هەموومان وەكو یەك نین و هەر كەسەو بەپێی توانا و شارەزایی خۆی لە تەواوی شەریعەت و فقهی ئیسلامی دەزانێت، هەر یەكەو لە بوارێكدا شارەزایە و كار دەكات هەر لە قازی و موفتی و مامۆستا و مودەڕیسی تەواوی زانستی ئیسلامی و ئیمام و گوتارخوێن و پێشنوێژ و تا.. دوایی. مامۆستا و مەلای كورد دیندار و شارەزا بوون و لە حەرام بە دوور بوون و بەردەوام لەگەڵ نەتەوەكەیان لە خۆشی و ناخۆشیدا بەشدار بوون و تێكەڵاوی خەڵكی بوون و پەیام و گوتاریان بۆ بەرژەوەندیی خەڵك بووە. توانای خۆیان سەرف كردووە تاوەكو خەڵكی لە دین تێبگات و مرۆڤ دەستبەرداری گوناح و تاوان بێت.

 پێشینانی ئێمە بەردەوام زكر و یادی خودایان كردووە، بە تایبەتی مامۆستایانی نەقشبەندی هەر وەكو پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرموێت: «خير الناس أنفعهم للناس»، واتا باشترین مرۆڤ ئەوەیە باشترینیانە بۆ مرۆڤایەتی.

* ئایینی پیرۆزی ئیسلام تا چەند لەگەڵ ئەوەدایە كورد بەرگری لە خۆی بكات و لە پێناو خاك و نیشتمان و نەتەوەكەیدا خەبات بكات؟ ئایا ئەو نەتەوە و ڕژێمانەی كە موسڵمانن تا چەند لە دەقی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر لایان داوە، كاتێك هێرش دەكەنە سەر كورد و بە ناوی ئیسلامەوە كۆمەڵكوژی دەرهەق ئەنجام دەدەن؟

-    پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرموێت: «منْ قُتِل دُونَ مالِهِ فهُو شَهيدٌ، ومنْ قُتلَ دُونَ دمِهِ فهُو شهيدٌ، وَمَنْ قُتِل دُونَ دِينِهِ فَهو شهيدٌ، ومنْ قُتِل دُونَ أهْلِهِ فهُو شهيدٌ»، واتا خۆت و ماڵ و نامووست ئەوەندە گەورەن كە ئەگەر لە پێناویدا بڕۆیت، دەرەجەی شەهیدت هەیە، ئەمەش بابەتێكی نوێ نییە و لەگەڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا هاتووە، بەتایبەتی ئەوەی زوڵملێكراو بێت. محەمەد پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: «أَلا أُخْبِرُكُمْ بأَهْلِ الجَنَّةِ قالوا: بَلَی، قالَ صَلَّی اللَّهُ عليه وسلَّمَ: كُلُّ ضَعِيفٍ مُتَضَعِّفٍ..»، واتا پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: ئایا پیشانتان بدەم كێ ئەهلی بەهەشتە؟ دەڵێن: بەڵێ. پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: هەموو كەسێكی زەعیف و نەخۆش و زوڵملێكراو ئەهلی بەهەشتە، ئێ باشە ئەگەر نەتەوەیەك بچەوسێتەوە و زوڵملێكراو و بێ دەسەڵات بێت، ئەویش ئەهلی بەهەشتە. هەر ئەمەشە وای كردووە مامۆستایان و مەلا و زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام پاڵپشتی و پشتگیریی گەلەكەیان كردووە بۆ خەبات لە پێناو ئازادی و بەدەستهێنانی سەربەخۆییدا.

* ئاماژەتان بە خەبات و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام كرد، ئایا هەر ئەمەش بوو وای كردبوو لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا مەلا و مامۆستایانی ئایینی كورد لە دەوری مەلا مستەفا بارزانی بن و بگرە ئیعتباری شۆڕشەكەیان ڕاگرتبوو؟

- ڕۆڵی مامۆستایان و مەلای كورد لە شۆڕشی ئەیلوول زۆر بە چاوێكی قورس و سەنگین سەیر دەكرێت، هەر شۆڕش و خەباتێك بكرێت، سەرەتا زانستی دەوێت، دواتر توانای پێویستە، مەلا مستەفا بارزانی ئەمەی باش زانیوە كە ڕۆڵی مامۆستا و مەلای كورد بۆ هوشیاری و بەهێزكردنی گەلەكەی چەند پێویستە هەر خۆیشی ئەهلی مزگەوت بووە، بۆیە رێزێكی زۆری لە مەلا و مامۆستایانی ئاینی گرتبوو، مەلای كورد ئەهلی زانست و زانیاری و شارەزایی بوون. پێش مەلا مستەفا بارزانی، شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموود و قازی محەمەدیش ڕێز و خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ مەلای كورد هەبووە. تۆ سەیری شێخ عەبدوڵای نەهری بكە، چەندین مەلای لەگەڵدا كوژراوە، ئەمە لای خودا و لای خەڵكی جێگای فەخر و شانازییە كە مەلای كورد لەگەڵ زوڵملێكراوان و چەوساوەدا دژی زاڵمان خەباتیان كردووە و هەمووان لە دەوری سەركردە مێژووییەكانی كورد كۆبوونەتەوە و ڕێنما و هاوكار بوون لە خەبات و شۆڕشدا، هەر شۆڕش و خەبات و كارێك لە بێدەسەڵاتیدا فەرامۆشمان كرد، ئەوا بە تەئكید دەرئەنجامەكەی باش نابێت. شێخ عوسمانی بیارە دەیفەرموو: من دونیا دەگەڕێم لەبەر خاتری كورد، بۆ ئەوەی خەڵكی بزانێت كورد چی بەسەردا هاتووە و بۆچی هەر وا بێ دەسەڵات و زوڵملێكراوە. مامۆستا مەلا حەمە ئەمینی كانی سانان لە بەیانییەوە تا عەسر وانەی دەوتەوە. جارێكیان فەرمووی: مەلا مستەفا بارزانی دەرەجەی عالی بێت ناردی بە شوێنما من لە (كانی سانان) بووم لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شەو هاتم بۆ ساوجی. مەلا مستەفا بەخێرهاتنێكی گەرمی لێكردم و وتی: ئیتر ئەمشەو كەس نابینم، مامۆستا میوانمە. هەر خۆی مەلا مستەفا بارزانی عادەتی وابوو، شەو زۆر كەم دەخەوت. دوای نوێژی بەیانی كەمێك دەخەوت. مەلا مستەفا بارزانی فەرمووی وەڵاهی حكومەتی مەركەزی كار بە شەریعەتی ئیسلام بكات و كار بە قورئان بكات ئیفتخار دەكەم ببمە دەرگاوانی. بۆیە مەلا مستەفا بارزانی ڕێزی زۆری لە مامۆستا و مەلای ئایینی ئیسلامی پیرۆزی كورد دەگرت. جارێكیان پیاوێك قسەی ناشیرینی بە مەلا عارفی پێنجوێن وتبوو. مەلا مستەفا بارزانی وتبووی بڕۆن بیهێنن و بیبەستنەوە تا ئێوارە. مەلا مستەفا بارزانی پێی وتبوو تۆ نازانیت ئەو مەلایە بە لانی كەمەوە پەنجا جار خەتمی قورئانی پیرۆزی كردووە. ئێمە شانازی بەوە دەكەین كە زۆربەی ڕابەر و سەركردەكانی گەلەكەمان بە مەلا و كەسایەتیی ئایینی دەورە درابوون و ئەوانیش ڕێز و تەقدیری زۆریان بۆ مامۆستا و مەلای كورد هەبووە. هەر خۆی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان و كۆكردنەوەی ئەو هەموو زانا و مەلا و مامۆستای ئایینییە لەناو ئەو ڕێكخراوەدا بۆ یەكخستن و بەهێزكردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی بووە لە ناو گەلەكەیان. خۆ ئەگەر ئەمریكا و عێراق و ئێران لە جەزائیر یەكیان نەگرتایە و لەبەر چاوی بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو دژایەتییەی ئەم میللەتە مەزڵوومەیان نەكردایە، هەرگیز ئەو شۆڕشە ڕانەدەگیرا. مەلا مستەفا بارزانی لەبەر ئەگەری لەناوچوونی گەلی كورد ناچار بوو بۆ ماوەیەك دەستبەرداری شۆڕش بێت. 

* تاچەند ڕیفراندۆم و داواكاری مافی نەتەوەیی كورد بۆ سەربەخۆیی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕەوایەتی پێ دراوە؟

-    خودای گەورەو میهرەبان دەفەرمووێت: «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَی وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ». واتا خودا بە هۆز و تیرەی جیاوازی خەڵق كردووین، تاوەكو تەعاروف بكەین. كاتێك مسعود بارزانی میللەتەكەی بەرەو ڕیفراندۆم برد، ئەوە مافێكی میللەتی كورد بوو، هەر كەسێكیش پێچەوانەی ئەوە قسە دەكات، ئەوا لە ترسان پەشیمان بووەتەوە، چونكە ئەو كات هەمووان ئامادە بوون و دەنگیشیان بە سەربەخۆیی دا، ئێمەش زوڵممان بەرانبەر كراوە و خودای گەورە و میهرەبان و ئیسلام لە زوڵمكردن نەهی كردووە.

* مەلای كورد بەردەوام پارێزگارییان لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی و نەهێشتنی دووبەرەكی و فیتنە و ئاشووب كردووە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا تا چەند ئەركی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام قورستر بووە لە ڕێگەگرتن لە ئاشوب و فیتنە؟

- «وَالْفِتْنَةُ أَشَدُّ مِنَ الْقَتْلِِ». خوای گەورە و میهرەبان نەهی لە ئاشوب و فیتنە كردووە و دەفەرموێت: «إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِى الْقُرْبَيٰ وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُون». لە زۆر ئایەتی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر(د.خ) باس لە یەكگرتوویی و دووركەوتنەوە لە فیتنە و ئاشوب و دووبەرەكی كراوە. ئەوەی دەبێت بەم كارەش هەڵسێت، سەركردەی نەتەوەییە. هەر كۆمەڵ و نەتەوەیەك بەیعەتی نەبێت، ئەوا ناحاڵی و ناشارەزایە. پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرموێت: مرۆڤ ئەگەر بەیعەتی نەبوو، ئەوا جاهیل و نەفامە. مامۆستایەكمان ڕێی كەوتبووە ئاواییەك بۆ ئەوەی ببێتە مەلای ئەو گوندە و شەو بە خەڵكەكەی وتبوو، حەز دەكەم گەورەتان و ڕیش سپیتان بناسم. كەچی پێیان وتبوو قوربان گشتمان ڕیش سپین و جیاوازیمان نییە، مەلاكەش بۆ بەیانی ڕاست باری كردبوو، وتبووی ئەمە چ ئاواییەكە هەر هەموویان خۆیان بە گەورە دادەنێن و هەر كەسەو حیساب بۆ كەسی دیكە ناكات. باشە لە كاتی بوونی كێشە و بڕیاری قورس و بوێر و یەكلاكەرەوە چۆن دەبێت هەر كەسەو گرووپێك و كۆمەڵەیەك بە ئارەزووی خۆی بكات؟ ئەمە بێسەروبەری و بشێوی پێ دەوترێت و عاقیبەتی باش نابێت. تۆ سەیر بكە ڕەونەقترین و باشترین سەردەمی موسڵمانان ئەو سەردەمانە بووە كە خەلیفە و سەركردەی هەبووە، لەناو نەتەوەشدا زۆربەی نەتەوەكانی دونیا مەلیكی دروستی كردوون، لای خۆشمان هەر كەسەو گرووپ و حزبێك لە ئاوازێك بخوێنێت، ئەوا میللەتی موسڵمان دەخەینە بەر مەترسییەكی گەورەوە، پێشتر وا نەبوو، دەوترا فڵانە كەس وای دەوت و هەمووان بە قسەیان دەكرد.

 

Top