سهرۆك بارزانی له رێوڕهسمی كۆتایی كۆنگرهی 14ی پارتی وتارێكی گرنگ و مێژوویی پێشكهش دهكات
ئهمڕۆ سهرۆك بارزانی له رێورهسمی كۆتایی كۆنگرهی 14ی پارتی، وتارێكی گرنگ و مێژوویی پێشكهش كرد.
ئهمڕۆ یهكشهممه 6/11/2022، سهرۆك مهسعود بارزانی، به بۆنهی كۆتایی هاتنی كارهكانی كۆنگرهی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان له دهۆك، وتارێكی گرنگ و مێژوویی پێشكهش كرد، ئهمه دهقهكهیهتی:
دەقی وتاری سەرۆك بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
سوپاس بۆ خوای گەورە بۆ ئەم سەركەوتنە گەورەیە، سوپاس بۆ ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست كە بە دڵسۆزییەوە هەوڵتاندا كۆنگرەكەتان سەركەوی و ئەلحەمدولیلا سەركەوت.
من بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەندامانی كۆمسیۆن و دادوەرە بەڕێزەكان بكەم كە بەراستی زۆر زەحمەتیان كێشا و لە ژێر چاودێریی ئەوان پرۆسەی دەنگدان ئەنجام درا و بۆ ئێمە شانازییەكی گەورەیە كە ئەوان شاهێدیی شەفافیەت و دیموكراتیەتی ئەم هەڵبژاردنە دەدەن.
بەداخەوە ئەو شێوەی كە پێشتر هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی دەنگی پێ بدەین كە بە ئەلیكترۆنی بێت، بەداخەوە ناجیح نەبوو، من خۆم چوومە چوار وێستگە تاكوو توانیم دەنگ بدەم، نیو كاتژمێرم پێچوو، دوای ئەوە خۆشیان بڕیاریان دا حاكمەكان و كۆمسیۆنیش، رەنگە ئەمڕۆش دەنگدان تەواو نەبووبا، بۆیە ئەو شێوەیەی دوێنێیان هەڵبژارد، بەڕاستی ئەوە زۆر زۆر ڕێكوپێكتر و شەفافتر و كەسیش گلەیی ناكات. ئەوەش دەرسێك بوو، باشبوو بۆ ئێمە، هەرچەندە لە ئەوەلیش رای من ئەوەبوو كە ئێمە ئەو ئامێرانە بەكار نەهێنین، چونكە لە زۆر شوێن هێشتا فێر نەبووین، ئەمە یەك، دووەم ئیحتیمالە قابیلی ئەوە بێ تانەی لێ بدرێت، بەڵام ئەمەیان ئەلحەمدولیلا كە بەم شێوەیە كۆتایی هات.
هەڤاڵان ئێستا كاتی هیممەتە، كاتی ئەوەیە دەست بخەنە ناو دەستی یەك و هەمووتان بە بیروباوەڕێكی پۆڵایین خزمەت بكەن، خزمەتی پارتەكەتان و گەل و نیشتمانەكەتان. هەموومان سەركەوتین، هەمووتان سەركەوتن، كاندیدان هەموو سەركەوتن، مادام حزبەكەتان سەركەوت، كۆنگرە سەركەوت، سەركەوتنی هەموومانە. هەمووتان خوشك و برای یەكترن، هەمووتان كوڕ و كچی ئێمەن، كەس لەم حزبە زیاد نییە، هیچ نەفەرێك لە هەر پلە و پۆستێك بێت، هەر كەسە و دەتوانێت خزمەتی حزبەكەی و نیشتمانەكەی بكات، لێرە نا لەوێ، لەم شوێنە نا لە شوێنێكی تر، بۆیە تكاتان لێ دەكەم كەس دڵگیر نەبێت، حزب حزبی خۆتانە و ئێوە كوڕی ئەم حزبەن، ئەمڕۆ برایەكی تۆ لەم شوێنە، خوشكێكی تۆ لەم شوێنە، سبەی تۆ دێیە ئەم شوێنە، بۆیە دەبێ بە گیانێكی برایانە و پاك و بێگەرد هەموو بگەڕێنەوە شوێنی خۆتان و بە دڵێكی خۆش و فراوان ئیشەڵا.
هەندێك لایەن ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دروست كردبوو، نازانم ئێستاش ماوە یان نا، بەڵام بە تەمای ئەوە بوون كە پارتی لەت لەت دەبی، ئیتر وەكوو خەرتەلی لاشە، دێن هەریەكەو بۆ خۆی پارچەیەك لە پارتی دەبات، وا تەسەوریان كردبوو، نازانم ئێستا جارێكی تر سەرەخۆشییان لێ بكەم؟ نازانم چیان پێ بڵێم؟
هەڤاڵان من دەبینم خەلەلێكی گەورە هەیە، داواتان لێ دەكەم ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ من ئەو خەلەلە چارەسەر بكەم، من ئەبینم هیچ برایەك یان خوشكێكی ئێزدی لە ناو لیستەكەدا نییە، ئەمە خەلەلێكی گەورەیە دەبێ پڕ بكرێتەوە تەنانەت ئەگەر زۆر لەگەڵ پەیڕەویش نەگونجێ، ئەو دەسەڵاتەم بدەنێ ئێمە ئەو خەلەلە راست بكەینەوە، چونكە سەربەرزی و سەركەوتنە بۆ پارتی و گەلی كوردستان.
دەتوانم بڵێم ئێوە رازین و ئەو دەسەڵاتەم دەدەنێ؟ (پاش بەڵێی ئەندامانی كۆنگرە) یەك دونیا مەمنونی ئێوەم.
هەڤاڵان، من جارێكی تر دەگەڕێمەوە بۆ بابەتێكی زۆر گرنگ، بە بیر خۆم و ئێوەش دێنمەوە، جارێكی تر وەسیەتی بارزانی بۆ من و كاك ئیدریس. من ئەو ڕۆژە تۆزێك بە موفەسەڵی باسم كرد، بەڵام دەمەوێ ئەوە بڵێم كە من و كاك ئیدریس وەك برا گەورەی من، بە دڵ و گیان ئێمە وەسیەتەكەی بارزانیمان بە جێ گەیاند.
ئەو رۆژەش كە من نێچیرڤانم پێشنیار كرد، ئەویش مەسروری پێشنیار كرد، ئەمە پەیامێكی ڕوون و ئاشكرایە كە ئەوانیش وەكوو من و ئیدریس دەبن. من داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەم و هەمان ئەو وەسیەتەی بارزانی لە من و ئیدریسی كرد، منیش لەوان دەكەم و بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیشیان لێ دەكەم و ئومێدیشم زۆرە كە دەتوانن بە كەڵكی هەم خانەوادەی ئێمە، هەم بە كەڵكی حزبەكە و بە كەڵكی میللەتەكەش بێن، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەم.
زۆر مەمنونی لوتفی ئێوەشم، پەیامی ئێوە تێگەیشتم لە شێوەی دەنگدان، وەنیە بڵێی ئێمە لە خەڵكی تر باشتر بین یان زاناتر بین، بەڵام ڕێزگرتنە لە مێژووی بنەماڵەی ئێمە، ڕێزگرتنە لە خەباتی شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا.
رەنگە زۆر لە هەڤاڵانی بەڕێز حەقیقەتێك هەیە رەنگە نەیزانن، لە ساڵی 1905 و 1906، شێخ عەبدولسەلام موستەشرەقێكی بەریتانی بە ناوی ویگرام دیوە، ئەو لە كتێبەكەی خۆیدا تەوسیقی كردووە، دەڵێ داوای لە من كرد ئاسانكاری بۆ بكەم كە سەردانی لەندەن بكات، ئەو وەختە سەردەمی مەلیك جۆرجی پێنجەم بوو، باپیری مەلیكە ئەلیزابێت كە پێش ماوەیەك وەفاتی كرد، دەڵێ لێم پرسی یا شێخ تۆ چ ئیشت هەیە؟ بۆ دێیە لەندەن؟ گوتی دەمەوێ بێم باسی سەربەخۆیی كوردستان لەگەڵ مەلیكی بەریتانیا بكەم. كە ئەو وەختە وەكوو دەیانگوت رۆژ لە شەرقی مەملەكەتی بەریتانیا هەڵدێت و لە غەربی ئاوا دەبێت، واتە گۆی زەوی هەمووی لە ژێر حوكمی بەریتانیادا بوو.
ئەمە ئەو قوتابخانەیەیە، ئەوەی ئێمە ئێستا لێرە دانیشتووین، ئێمە قوتابی ئەو قوتابخانەیەین. مەسەلەی رێبازی بارزانی و ڕێبازی بارزان ئەوە نییە هەركەس جەمەدانی سۆری بەست ئەمە بارزانییە، مەسەلە عەقیدە و بیروباوەڕە، بیروباوەڕی ئێوە ڕێبازی بارزانییە. جەمەدانیی سۆریش بوو تۆزێك درێژ دەبێت، ئەوەش رەنگە نهێنییەك بێ كە رەنگە زۆر كەس نەزانێت. لە سەرەتای سەدەی رابردوو، ئێستاش ماوە لە هەندێك شوێن، خاستەن لە ناوچەی جافەكان و هەورامان و لە ئاكرێش ماوە، ئەوكات شەدە هەبوون هەندێكجار دەمانگوت مشكی، سێ ڕەنگ بوون، مشكی و سەوز و رەش، ناوچەی بارزانیش وەك هەموو ناوچەیەكی دیكە وەك ئەو ئەفەندییانە هەركەس بە زەوقی خۆی بۆینباخێكی بەستووە، بە كەیفی خۆی جەمەدانییەكەیان دەبەست، كاتێك كە بارزان كەوتە بەر هێرشی فڕۆكەی بەریتانی و پەلاماری سوپای عێراق و تێكشكان، پاش ماوەیەك مقاوەمە ناچار بوون بچنە توركیا، ئەو وەختە جەمەدانی دەرچووبوو، جەمەدانیش بە هەمان رەنگ، سوور و سەوز و شین یان رەش، جەنابی شێخ ئەحمەد جەمەدانی سۆری هەڵبژارد، لە ئەحكامی عورفی كە لە ناوچەكە دەرچوو، یەكێكیان ئەوە بوو كە هەر كەسێكیان بینی جەمەدانیی سۆری بەسەرەوەیە، ئیعدامی بكەن و بیكوژن.
جارێك مەفرەزەیەكی پۆلیس لە خوار گوندی بارزان تووشی مێردمنداڵێكی شوانكارە دەبن جەمەدانەكەی سوورە، بەو جەمەدانییە خنكاندیان و كوشتیان و شەهیدیان كرد. خەڵكەكە پەلاماری قشڵەیان دا كە لە بلێ بوون، لێیان دان و زۆر بریندار بوون، دواتر ١٢ كەسیان لە ناوچەی بارزان هەڵبژارد و هێنایان و هەر دوازدەیان رەمی كرد تا خەڵكەكە رەمی بكەن، لەو كاتەوە جەمەدانیی سۆر بوو بە رەمزی بەرخودان و تەسلیم نەبوون و خۆنەچەماندن.
ئەوكاتە لە ناوچەی بارزان ئەگەر یەكێك جەمەدانیی سۆری نەبەستبا، پێیان دەگوت تۆ جاشی پۆلیسیت، وای لێ هات.
ئینجا من یەك رجاتان لێ دەكەم، برایانە ئەو رجایەتان لێ دەكەم، حوكم لەسەر ڕێبازی بارزان، لە خیلالی رەفتاری ئێمەمانان، ئەم جیلەی ئێستای ئێمەی بنەماڵەی بارزان، لە خیلالی ئێمە حوكم لەسەر ئەو ڕێبازە گەورە و پیرۆزە نەدەن. نازانم لێم تێگەیشتن لە مەبەستم؟
كاری ئەساسی و ئەركی قورس لەمەودوا دەست پێدەكات، دەبێ زۆر بە جددی خەریكی ڕێكخستنەوەی دامودەزگاكانی حزب بین ئیشەڵا، زۆر بە جددی بەدواداچوون ئیشەكانی ئێمە لەگەڵ بەغدا و ئەو ڕێككەوتنە بكەین كە لەگەڵ لایەنەكانی تر ئیمزا كراوە. ئەمە هەمووشی ئیشێكی زۆری دەوێ، ئیشەڵا خەریك دەبین و لە ئاست متمانەی ئێوەدا دەبین. بەڕاستی ئێوە هیممەتتان كرد و سەری ئێمەتان بەرز كردەوە.
سوپاس بۆ هەموو قارەمانەكان و پێشمەرگەكان، دژەتیرۆر، ئاسایش، پۆلیس، حەرەس حدود كە ئەم ماوەیە زۆر بە ڕێكوپێكی ئاسایشی ناوچەكەیان پاراست و نەیانهێشت هیچ ناحەزێك یان دوژمنێك جورئەتی ئەوەش بكات كە كارێك بكات ئەمنیەتی مەنتیقە تێك بدات، زۆر زۆر سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم و بە ناوی ئێوەش سوپاسیان دەكەم.
سوپاسی زۆری ئەو خوشك و برایانەش دەكەم كە زەحمەتێكی زۆریان كێشا ئەم ماوەیە، چ ئەوانەی نانیان لێ دەنا و چ ئەوانەی خزمەتیان دەكرد، بەڕاستی ماندوو بوون و زۆر سوپاسیان دەكەین.
جارێكی تر سوپاسی دادوەرەكان و كۆمسیۆنیش دەكەم كە بە راستی لەم یەك دوو ڕۆژە زەحمەتێكی یەكجار زۆریان كێشا. سوپاس بۆ ئێوەی خۆشەویستیش كە تەحەمولتان كرد و ئەو كارەی كە پێویست بوو بیكەن، كردتان.
سوپاسی جەماوەری شاری دهۆك و هەموو جەماوەری پارێزگای دهۆك دەكەم كە ئەم ماوەیە تەحەمولی ئێمەیان كردووە و مێواندارییان كردین، سوپاسیان دەكەم و ئەگەر بەر تەنگییەك هاتبێتە ڕێگا بۆ هیچ هاووڵاتییەك، لە ئێستاوە داوای لێبووردنیان لێ دەكەم.
جارێكی تر زۆر زۆر سوپاس، سەركەوتوو و سەرفراز بن. وەك كۆتایی هاتنی هەموو وتار و پەیامێك، لەبیرمان نەچێت بڵێین هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدان و هەر سەركەوتوو بن.