پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوتی و بەگەڕخستنی پاڵاوتگەكان وەرچەرخانێكی ستراتیژییە لە كەرتی وزە و ئابووری و خزمەتكردنی هاووڵاتیان

پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوتی و بەگەڕخستنی پاڵاوتگەكان وەرچەرخانێكی ستراتیژییە لە كەرتی وزە و ئابووری و خزمەتكردنی هاووڵاتیان

 

 

بەگەڕخستنی پاڵاوتگەی لاناز ئاستی پاڵپشتی و پشتگیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان دیاری دەكات بۆ پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و بووژانەوەی ئابووریی هەرێم و خزمەتكردنی هاووڵاتیان، فرەچەشنكردنی ئابووری و بایەخدان بە كەرتی وزە و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات بە خاڵێكی گرنگ و ستراتیژیی كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، لەم پێناوەشدا لە سێ ساڵی ڕابردوودا كاری جددی و گەورە لە كەرتەكانی (نەوت و پیشەسازیی نەوت و گازی سرووشتی و بەرهەمهێنانی كارەبا) ئەنجام دراون، ئاست و بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بەرز كراوەتەوە و لەم كابینەیەدا نزیكەی 700 مێگاوات كارەبا بەرهەم هاتووە، خەرجییەكی زۆری كارەبا كەم كراوەتەوە و ئەو پارەیە بۆ بودجە و مووچەی مووچەخۆران گەڕاوەتەوە. ژێرخانی كارەبا لە ڕووی سێكتەرەكانی (بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشكردن)ـەوە بە شێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بووژانەوە كردووە، خۆ ئەگەر سووتەمەنیی پێویست لە ڕووی گازی سرووشتییەوە زیاد بكرێت، كە لە پلان و بەرنامەدایە لە كێڵگەی كۆرمۆر ئەو بڕە غازە سرووشتییەی كە ئێستا بەرهەم دەهێنرێت، زیاتر بكرێت، ئەم گازە بۆ كارپێكردنی ئەو یەكانەی وێستگە غازییەكانی كارەبا بەكار دەهێنرێت و بەشێكی سەرەكی و زۆری گرفتی كارەبای هەرێم ڕوو لە چارەسەركردن دەكات، خۆ ئەگەر ژمارەی ئەو وێستگانەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردن باس بكەین لە پاڵ سەدان كیلۆمەتر دامەزراندنی تۆڕی پاڵەپەستۆی بەرز، ئەو كات هەنگاوەكانی بونیادنانەوەی ژێرخانی كارەبا زیاتر دەردەكەوێت .

لە بواری كەرتی نەوت و گازی سرووشتیدا بەو پێیەی ماوەی چەند مانگێكە ئەركی بەڕێوەبردنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانم بە وەكالەت پێ ڕاسپێردراوە و لە نزیكەوە كار بۆ یەكخستن و پەرەپێدانی كەرتی وزە دەكەین لە ڕووی نەوت و گازی سرووشتی و بەنزین و پێداویستییەكانی دیكەی سووتەمەنییەوە، بە ڕوونی ئەو ڕاستییە دەردەكەوێت كە وێڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی دێتە بەردەم پەرەپێدانی ئەم سێكتەرە گرنگ و ستراتیژیییە، ڕاسپاردەكانی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتییەكانی وای كردووە هەنگاوەكانی پشتبەستن بە خۆمان و بووژانەوەی كێڵگە و كارپێكردنی پاڵاوتگەكان بە شێوەیەكی زۆر خێرا بەڕێوە بچێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ پاڵپشتیی نرخی كارەبا بۆ دابینكردنی كارەبای ماڵان و دابینكردنی نەوتی سپی و پاڵپشتیی نرخی بەنزین و كۆنتڕۆڵكردن و بەرزكردنەوەی كوالێتییەكەی و زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی، هەموو ئەم بابەتانە نەك لە وڵاتانی دواكەوتوو، بگرە لە ئێستادا لە وڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی دونیاش بووەتە گرفت و كێشەی گەورە و سەرەكی، بۆیە پشتگیریكردن و پاڵپشتیكردنی كەرتی تایبەت و هاندانی زیادكردنی وەبەرهێنان بە یەكێك لەو ستراتیژییانەی باشكردنی دۆخەكە و چارەسەركردنی كێشەكان دادەنرێت.

لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێوڕەسمی بەگەڕخستنی «پاڵاوتگەی لاناز»دا ئەم پاڵپشتییەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بۆ كەرتی تایبەت و هاندانی وەبەرهێنان لە كوردستاندا دەركەوت. پاڵاوتگەی لاناز بە یەكێك لە پاڵاوتگە پێشكەوتووەكان دادەنرێت و لە ساڵی 2017 پاڵاوتگەكە چوار یەكەی بۆ پاڵاوتنی نەوتی خاو بۆ زیاد كرا. هەروەها لە ساڵی 2019 گرێبەست لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای بەناوبانگی ئەمریكی (HONEYWEL-UOP) كرا، بەمەش بەرزترین و پێشكەوتووترین تەكنەلۆژیا كاری پێ كرا و ئاستی بەرهەمهێنان و كوالێتی بەرهەمەكانی پاڵاوتگەكە بەرز بووەتەوە و لە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییە پێشكەوتووەكانی دونیایە. ئەم پاڵاوتگەیە ڕۆژانە توانای پاڵاوتنی 75 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و ملیۆنێك و 700 هەزار لیتر بەنزین و پێنج هەزار تۆن قیر و چەندین جۆری بەرهەمی دیكەی هەیە، لە كاتژمێرێكدا توانای باركردن و ناردنی 240 مەتر سێجا نەوت و 270 مەتر سێجا گازوایل و 250 تۆن قیر و 330 مەتر سێجا بەنزینی هەیە، پاڵاوتگەكە 37 مێگاوات كارەبای پێویستە، كە لە لایەن وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبای خۆیانەوە بەرهەم دەهێنرێت و هیچ بارگرانی و قورساییەكی لەسەر تۆڕی كارەبای نیشتمانیی هەرێمی كوردستان نییە، ئێمە لە وەزارەتی كارەبا زۆر پاڵپشتیی ئەوە دەكەین كە كارگە گەورەكانی كوردستان خۆیان وێستگەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە دابمەزرێنن و تەواوی ئاسانكاری و پاڵپشتیان دەكەین، بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر كارەبای ماڵان و هاووڵاتیان دروست نەكەن، لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانیش زۆر پاڵپشتی وەبەرهێنانی بیانی و ناوخۆیی دەكەین، مەرجی ئەوەشمان لەسەر داناون كە پڕۆژە و كارەكانیان دۆستی ژینگە بن، هەروەكو چۆن ئەم پاڵاوتگەیە دۆستی ژینگەیە و بۆ سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتیان گرنگە، هەرواش لە وەزارەتی كارەبا زۆرترین وێستگە و بەرهەمهێنانی كارەبامان بە وزەی پاك و وزەی خۆر و وزە نوێبووەكان بە كار خستووە و، جێگەی ڕەزامەندی و دەستخۆشیی هاووڵاتیان و نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوە ژینگە دۆستەكان بووە.

هەرچی ئەم پرۆژانەیە جگە لەوەی لە ڕووی ئابووری و دابینكردنی سووتەمەنییەوە گرنگیی زۆری بۆ بووژانەوە و بژێوی ژیانی خەڵكی هەیە و كەرەستەیەكی سەرەكیی ڕۆژانەی ژیانیان بۆ دابین دەكات و، چیتر ئەوەندە ناكەوینە بەر ڕەحمەتی گەمارۆ و بڕینی ناردنی پشكی هەرێم لەو پێداویستییە، هاوكات بۆ بەدەستهێنانی هەلی كاریش ژمارەیەكی زۆری گەنج و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەم كێڵگە و كۆمپانیا و پاڵاوتگە و وێستگانە بە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ هەلی كاریان دەست كەوتووە و، مەرجی بەگەڕخستنی زۆرترین هاونیشتمانیمان لەسەر داناون. ئەوەتا تەنیا لە پاڵاوتگەی (لاناز) بە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ 10 هەزار هەلی كار دابین كراوە. خۆ ئەگەر هەموو كێڵگە و كۆمپانیا نەوتییەكان و غازییەكان هەژمار بكرێت، ئەوا جگە لە ڕووی كەڵكی ئابوورییەوە، زۆرترین هەلی كاری ناوخۆ لەم كۆمپانیا و وێستگە و كێڵگانەی نەوت و غازی سرووشتی فەراهەم بووە، كە لەگەڵ فراوانكردنی پڕۆژە و كارەكانیاندا ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی كار دەكەن لە وێستگە و پرۆژەكانی نەوت و پیشەسازیی نەوتدا، ڕوو لە زیادبوون دەكات، ئەمەش بۆ جووڵەی بازاڕ و بازرگانی و كاسبكاران گرنگیی زۆری هەیە.

  گرنگیدان بە كەرتی وزە و چارەسەركردنی كێشەی نەوت و بەنزین و گاز و كارەبا بە یەكێك لە ڕیزبەندیی كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، ئەمەش بەو واتایە نایەت كە حكومەت گرنگیی بە كەرتەكانی دیكە نەداوە، بەڵكو كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییش بایەخی تایبەتی پێ دراوە و لە ڕێگەی هەمەجۆركردنی ئابووری و زیادكردنی داهات و پڕكردنەوەی كورتهێنانەوە، توانراوە گرنگییش بە كەرتی پەروەردە و فێركردن و تەندروستی و ئاوەدانكردنەوە و ڕێگەوبان و شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ بدرێت.

حكومەتی ناوەندی وێڕای ئاستەنگ و بەربەستەكانی و نەدانی پشكی هەرێمی كوردستان لە سووتەمەنی بە هەموو جۆرەكانیەوە، ئاستەنگی گەورەشی لەسەر پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان و وەبەرهێنان و بووژانەوەی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان داناوە، ئەمەش ئەو ساڵانەمان بیر دێنێتەوە كە حكومەتی ناوەندی پشكی هەرێمی كوردستانی لە كارەبا بڕی، ئەو دەمە تەنیا بڕە كارەبایەكی كەم لە هەر دوو بەنداوی «دووكان و دەربەندیخان»مان هەبوو، هەرێمی كوردستانیان خستەبەردەم قەیرانێكی گەورەی كارەبا، بە تێپەڕبوونی كات و پشتبەستن بە ئیرادەی ناوخۆ، توانرا ژێرخانی كارەبا ببووژێندرێتەوە و نەك هەر پێویستیمان بە بەغدا نەبێت بۆ كارەبا، بەڵكو بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە هاووڵاتیانی كوردستانی خۆمانن، بڕە كارەبایەكیان بدەینێ لەو یەكانەی بە هۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە كار ناكەن. لە ئێستاشدا لە مەسەلەی بواری نەوت و گازی سرووشتیدا بە هەمان شێوە بۆ دژایەتیكردنی هەرێم پەنا براوەتە بەر بڕیاری سیاسی و نادەستووری، بڕیارە نادەستووری و سیاسییەكانی دادگای فیدڕاڵی بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە كە بۆ دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستانە، بەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق بە هیچ شێوەیەك ڕێگری ناكات لەوەی خەڵكی كوردستان سوود لە سەرچاوەی سرووشتیی خۆی وەربگرێت و سامانی ژێرخاك و سەرخاكی خۆی بۆ خزمەتی گەلەكەی و ئابووریی كوردستان و بگرە بووژانەوەی ئابووریی هەموو عێراق وەرگرێت. وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پێكەوە توانیویانە ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بگەیەننە سەرووی 7000 مێگاوات كارەبا، هەرچەندە بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی، بەتایبەتی گازی سرووشتی، لە ئێستادا سەرووی 3500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنین، بەڵام لە پلان و بەرنامەدایە پەرەپێدان لە كێڵگەی غازی كۆرمۆڵ زیاد بكەین، بەمەش زۆربەی یەكە لەكار وەستاوەكانی وێستگەكانی غازی بەرهەمهێنانی كارەبا دەست بە بەرهەمهێنان دەكەن، لە كۆتایی مانگی داهاتووشدا 500 مێگاوات كارەبا لە بازیان بەگەڕ دەخەین و ئاستی بەرهەمهێنان بەرز دەكەینەوە، ئەمە وێڕای بەردەوامیی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی هەڵمیی خەبات و وێستگەی غازیی گەرمیان و وێستگەكانی دیكەی غاز و، نزیكبوونەوەی بەگەڕخستنی وێستگەی دیرەلۆك و دانانی بەردی بناغەی چەندین وێستگەی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا، كە بە وزەی پاك و وزەی خۆر كار دەكەن و بە ژینگەدۆستی بەناوبانگن. بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی عێراق وێستگەیەكی هەڵمیی خەبات بەگەڕ خراوە و وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبای دیكەش لە كەلار لە غازی بەفیڕۆچووی كێڵگەی نەوت بە توانای 165 مێگاوات كارەبا بەسەركەوتوویی ساڵانێكە بەگەڕ خراوە، هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ سوودوەرگرتن لەو غازە بەفیڕۆچووەی لە كێڵگەكانی نەوت هەیە، بۆ ئەوەی لە بواری بەرهەمهێنانی كارەبا سوودی لێ وەربگرین، كە بۆ ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتیان بایەخ و گرنگییەكی زۆری هەیە. هەوڵەكانی باشكردنی كارەبا تەنیا كەرتی بەرهەمهێنانی كارەبای لەخۆ نەگرتووە، بەڵكو بۆ ژێرخانی كارەبا لە بواری گواستنەوە و دابەشكردنی كارەباشدا هەنگاوی گرنگ و گەورەمان ناوە، ئەوەتا تۆڕی كارەبای پارێزگای دهۆكمان بەستەوە بە تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستانەوە و تۆڕی كارەبای ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سۆرانمان زیاد كرد، لە پارێزگای سلێمانیش تا كۆتایی ئەمساڵ دوو هێڵی گەورەی ستراتیژی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و سەیدسادق تەواو دەكەین و، هێڵی پاڵەپەستۆی بەرزمان بە دەیان وێستگەی نوێی گواستنەوە و دابەشكردنەوە بەستەوە، گرنگترین پرۆژەمان لە كەرتی دابەشكردنی كارەبا كە پێوەری زیرەك بوو بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرد و، كۆتاییمان بەو هەموو سەرپێچی و بێ سەروبەرییەی نەبوونی پێوەر و نەبوونی هاوبەشی و سەرپێچیكردنە سەر تۆڕی كارەبا هێنا و، لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا سەرجەم هاوبەشانی كارەبا لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆماندایە و دەتوانین ڕێگە لە كەمبوونەوەی ماوەكانی پێدانی كارەبا بگرین، وەكو ئەزموونی هەنگاوێكی نوێشمان دەست پێ كردووە و چەند یەكەیەكی نیشتەجێبوون لە دهۆك و سلێمانی و بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاڕی دهۆكمان كردووە بە سیستەمی پریپەید، كە جگە لەوەی بووەتە جێگای ڕەزامەندیی هاوبەشان، هاوكات بارزۆری بە ڕێژەیەكی زۆر باش ڕووی لە كەمی كردووە، یاسای وەزارەتی كارەبامان هەموار كردەوە و سكاڵا و پۆست و مامەڵەی ئەلیكترۆنی ئۆنلایمان بۆ كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا گەیاندنی سكاڵا و داواكارییەكانمان جێبەجێ كرد، بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ ماڵانیش ئەنجومەنی وەزیران بڕی 70 ملیار دیناری بۆ كڕینی نەوتی سپی بۆ ماڵان دابین كردووە و لە 20ی مانگی 10وە لە ناوچە شاخاوییەكان دەست بە دابەشكردنی كراوە.

كەڵك وەرگرتن لە سامانی سرووشتی و بەهێزبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەلەكەمانی خستووەتە قۆناغێكی نوێوە، قۆناغێك كە بە ئیرادەی سەرۆكی حكومەت و پاڵپشتیی گەلەكەی بەدەست هاتووە و، كاروانی ئاوەدانی و چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان لەسەر ڕێگەی ڕاست و دروستە، ئەوەتا لە كەرتی نەوت و پیشەسازیی نەوتیدا ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمی بەگەڕخستنی پاڵاوگەی لاناز جەختی لەسەر گرنگیی سامانی سرووشتی هەرێمی كوردستانی كردەوە، كە هەر وەكو بەڕێزیان لە وتارەكەیدا ئاماژەی پێ كرد: «هەرێمی كوردستان خاوەنی سامانێكی سرووشتیی زۆر دەوڵەمەندە، بەداخەوە لە سەردەمی ڕژێمەكانی پێشوودا ئەم سامانە لە جیاتی ئەوەی لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و عێراق بەكار بهێنرێت، بۆ كڕینی چەك و خۆپڕچەككردن و شەڕ و كاولكاریی بەكارهاتووە». هاوكات سەرۆكی حكومەت ئومێدی هەبوو لە دوای دەستبەكاربوونی حكومەتی نوێی عێراق بتوانین بە یەكەوە یاسای نەوت و گاز ئامادە بكەین، كە لە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراق و كوردستاندا بێت، سەرۆكی حكومەتیش لە دوای متمانەپێدانی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دڵنیای كردەوە كە پشتیوانی دەكات لە پێناو دەستپێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە وڵات پێویستی بەم جۆرە هاوبەشییە هەیە، سەرۆكی حكومەتی نوێی عێراقیش ویستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدای نەشاردەوە و، هەمووان چاوەڕوانن لە ڕووی كردارەكییەوە هەرێم و بەغدا لە پێناو گەلی عێراق و گەلی كوردستان كۆتایی بەو كێشانە بهێنن و بە چارەسەركردنی كێشەكانیش، بە تایبەتی دۆسێی نەوت و غاز، وڵات پێ دەنێتە قۆناغێكی پێشكەوتووەوە و، كەرتی وزە لە عێراق و كوردستان سەقامگیرییەكی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت.

 

 

وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سرووشتییەكان (بە وەكالەت )

 

Top