حكومەتی ئەلەكترۆنی دەستكەوت و ئاڵنگاری

حكومەتی ئەلەكترۆنی  دەستكەوت و ئاڵنگاری

لە یەكەم داهێنانی ئامێری تەكنەلۆژیای زانیاری و كۆمینیكەیشن I C، ئیتر مرۆڤ گفتوگۆ و كۆمینیكەیشنەكانی لە ڕووبەڕووەوە بوو بە كۆمینیكەیشن لەگەڵ ئامێر، ئیتر لە بری ئەوەی حیكایەتخوانێك و دەماودەم چیرۆك و شتەكانمان بۆ بگێڕێتەوە، ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن و ڕادیۆ بۆی دەگێڕاینەوە. ئەگەر بە پێی ئەو قۆناغبەندییەی كە پسپۆڕان بۆ سەردەمەكانی دیجیتاڵبوونیان كردووە كە قۆناغی سەرەتا، یان پێش دیجتاڵی age  Pre- digital و قۆناغی ناوەڕاستی دیجیتاڵی Mid-Digtal age بگەڕێینەوە، سەردەمی پۆست دیجتاڵی Post Digital بە هاتنی هەر ئامێرێكی تەكنەلۆژیا و زانیاری لەگەڵ خۆیدا قۆناغ و نۆرمێكی ژیانی بۆ مرۆڤەكان هێناوە، كە لە زۆر شتدا جیاواز بووە لە نۆرمی ژیان لە پێش ئەو سەردمە، سەرهەڵدانی ئینتەرنێت بە تەواوەتی كۆمەڵگەی كردە كۆمەڵگەیەكی گریمانەیی، مرۆڤی كردە مرۆڤێكی گریمانەیی و دیجتاڵی، ڕۆژانە پەلكێشی مرۆڤ دەكات لە ژیانە واقعییەكەیەوە بۆ ژیانی ناو ئۆنلاین. سەرباری تۆڕە كۆمەڵایەتی و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكە، سوودوەرگرتن لەم هێزی ئینتەرنێتە زۆر خێرا لە بواری بازرگانی و ڕیكلام و ماركێتین و كەرتە تایبەتەكان چووە پێشەوە، توانییان مرۆڤەكان گرێ بدەن بە خۆیانەوە و كۆمینیكەیشن و گفتۆگۆی ئۆنلاینیان لەگەڵ ئەنجام بدەن، پەیامی خۆیانیان پێ بگەیەنن. لەو لاشەوە سوود لە كۆكردنەوەی داتا و زانیارییە كەسییەكان لە بەكارهێنەرانیان وەربگرن، زۆربەی حكومەتەكانیش سوودیان لەم هێزەی ئینتەرنێت و جیهانی ئۆنلاین و تەكنەلۆژیای زانیاریی كۆمینیكەیشن وەرگرت، بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی ئەلەكترۆنی و دیجیتاڵی، كە لە ڕێگەیەوە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ هاووڵاتی دابین و جیبەجێ بكەن. لەو لاشەوە خەزێنەیەكی داتا و زانیاریی دروست بكەن، كە ئەمە بناغەیەكی باشی بەڕێوەبردنێكی مۆدێرنیی دیجیتاڵیی سەركەوتووی وڵاتە، چونكە حكومەتی دیجتاڵی واتە بناغەدانانی حكومەتی ئایندە و ئۆنلاین، كە ئەویش لەسەر بوونی داتا و زانیاری لەسەر كەسەكان و هاووڵاتیان بناغە دەگرێت، نموونەی وڵاتێكی پێشكەوتووی ئەم حكومەتە ئەلەكترۆنی و دیجتاڵییەش «ئیستۆنیا»یە كە لە ساڵی ١٩٩١ سەربەخۆیی وەرگرت و لە ساڵی ١٩٩٧ سەرەتای دەستپێكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی ئۆنلاینی بۆ هاووڵاتیان هێنا، ئێستا بە یەكێك لە هەرە پێشكەوتووترین حكومەتە ئەلەكترۆنییەكانە لە وڵاتانی ئەوروپا، كە لە بوارەكانی پەروەردە، تەندروستی، ئاسایش، بانك و بازرگانی تەواوی هاووڵاتیانی پێكەوە بەستووەتەوە لە سیستمێكی ئۆنلایندا، تا ئەو ڕاددەیەی ئێستا چەمكی Digital Citizen واتە هاووڵاتی دیجیتاڵیی بەرهەم هێناوە، كە خەڵك لە دەرەوەی ئیستۆنیا دەتوانێت داخڵی هەندێك لە خزمەتگوزارییەكانی ئەو وڵاتە ببێت و، دەتوانێت كۆمپانیای بازرگانی وەبەرهێنان لە ڕێگەی ئەم حكومەتە ئەلەكترۆنییەوە لە ناو ئیستۆنیا دابمەزرێنێت، كە جگە لە سوودی بۆ ژێرخانێكی گەورەی ئابووریی وڵاتەكەیان، سوودیشی بۆ كارئاسانی و كەمكردنەوەی كات و خەرجی تێچوونی هاووڵاتی هەیە بۆ گەیشتن بە خزمەتگوزارییەكانی حكومەت، كە بتوانێت لە بواری پەروەردە و بانك و پارەدان و باج، لە چەند خولەكێكدا كارەكانی بە كەمترین تێچوونی ماددی ئەنجام بدات.

ڕاگەیاندنی ئەم سیستمە و ئەم حكومەتە لە هەرێمی كوردستان نیشانەیەكی بەرزی گەشەسەندوویی حكومەتە، بناغەدانانە بۆ ئایندەیەكی گەشەسەندوو و حكومەتێك بۆ ئایندە، گواستنەوەی ئەو خزمەتگوزارییەی كە تائێستا زۆرتر لە كەرتی تایبەت هەبووە بۆ كەرتی گشتی، ئەگەرچی ساڵانێكە لە بورای زانكۆیی و هەندێك بواری سنوورداری خزمەتگوزاریی ئۆنلاین كارەكان ئەنجام دراون، بەڵام لە بورارەكانی دیكەی تەندروستی و بانك و پارەدان و كارە ڕۆتینیاتەكانی دامودەزگاكانی حكومەت بۆ خزمەتوگزارییەكانی هاووڵاتی ئەم سیستمە نەبووە. لە ئێستادا دامەزراندنی ئەم سیستمە ئومێدی گەورە دەداتە هاووڵاتیان، چ بۆ خزمەتگوزارییە كەسییەكانی خۆیان، چ بۆ ئایندەی وڵاتەكەیان. گەڕاندەوەی متمانە و بەهێزكردنی هاووڵاتییە بە حكومەت و بەهێزكرنی كۆمینیكەیشن و ئاسان گەیشتنی حكومەت و پردی پەیوەندییە لەگەڵ هاووڵاتیان و نەمانی ڕۆتینات، بەڵام ئەمیش كۆمەڵێك پرەنسیپ و دابینكاریی دەوێت، كە دەبێت حكومەت دابینی بكات، تاكو ئەم سیستمە ئەكتیڤ ببێت و جێی متمانەی هاووڵاتیان بێت و نەبێتە ئاڵنگاری. لەوانە بوونی سیستمێكی IT بەهێز، دابینكردنی ئاسایشی سایبەری Cyber Security، بوونی مەركەزییەتی داتا و وەرگرتن و كۆكردنەوەی زانیاری كە هەموو داتا و زانیارییەكان لە یەك مەركەز وەربگیرێت و كۆ بكرێتەوە، لە هەمووشی زیاتر پەروەردەی دیجتاڵی و ڕۆشنبیریی دیجیتاڵییە، كە پێویستە نەوەكان و هاووڵاتیان بەم نۆرمە نوێیەی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری ڕابهێنرێن، كە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەن، نازانم ئەمەش ئاسانە لە ئێستادا یان نا، لەگەڵ ئەمەشدا بوونی ناسنامەیەكی دیجیتاڵی (ID) بۆ هەموو هاووڵاتیان كە بە هۆیەوە داخڵ بە زانیارییەكانی ببێت، ئەمە جگە لە پاراستنی خاوەندارێتیی داتا و زانیاری لەسەر ئاستی كەسی، یان دامەزراوە. لە كۆی گشتیدا ئەمە هەنگاو و بناغەدانانی حكومەتێكی ئایندەیە كە سەرباری سوودە ناوخۆییەكانی بۆ هاووڵاتی و بەڕێوەبردنی وڵات و ژێرخانێكی ئابووری و داتایی و بانكی، هاوكات زانیارییە و دابینكردنی ئاسایش بۆ وڵات بناغەیە بۆ بەستنەوەی ئەم هەرێمە بە جیهانەوە، وەك چۆن ئێستا كۆی وڵاتانی یەكێتیی ئەروپا كە سیستمی حكومەت بۆ حكومەت OOTS Once Only Technical System یان دابین كردووە و كۆی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەتوانن لە نێوان حكومەتەكاندا زانیاری بگۆڕنەوە، هاووڵاتیانش بە هۆی ئەم سیستمەوە دەتوانن سوود لە خزمەتگوزاریی ئەو وڵاتانە وەربگرن.

Top