ئامرازه‌كانى پێویست له‌ پێناو بنیاتنانى مرۆڤـ

ئامرازه‌كانى پێویست له‌ پێناو بنیاتنانى مرۆڤـ

پێغه‌مبه‌ر و پێشه‌واى ئیسلام(محه‌مه‌د د.خ) ده‌فه‌رموێ" هه‌ر یه‌كێ ده‌رچوو بۆ داواكردنى زانست ئه‌وا له‌ پێناوی خودایه‌ تا ده‌گه‌رێته‌وه‌".
له‌ زۆر وتار و شوێن باسى نموونه‌ى چه‌نده‌ها وڵاتمان كردووه‌، كه‌ چۆن ئێستا له‌ لوتكه‌ى پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن دان ئه‌ویش به‌ گرینگی گانیان به‌ دروست كردن و بنیاتنانى مرۆڤ، لێره‌دا نامه‌وێ نموونه‌ى وڵاتان بهێمنه‌وه‌ ئه‌وه‌ى گرنگه‌ گه‌ر به‌نیگایه‌كى خێرا ته‌ماشای مێژوو بكه‌ین به‌ گشتى به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌زانین بنیاتنانى مرۆڤ چه‌ند گرنگ و باخداره‌ له‌ ژیانى میلله‌تان. بۆیه‌ له‌ ئه‌ركه‌ هه‌ره‌ پێویست و له‌ پێشه‌كانه‌ كه‌وا بگه‌رێین و هه‌وڵ بده‌ین به‌دواداچوون بكه‌ین له‌ سه‌ر پڕه‌سنیپ و بنه‌مای دروست كردن و بنیاتنانى مرۆڤـ، چونكه‌ هه‌میشه‌ مرۆڤ به‌ردی بناغه‌ى هه‌ر پرۆژه‌یه‌كى شارستانى هاوچه‌رخه‌ و بنیاتنانى مرۆڤ خاڵى ده‌ست پێكردن و خاڵى وه‌رچه‌رخانه‌ له‌ ژیانى میلله‌تان و بنیاتنانى شارستانیه‌تیه‌كان.
هه‌موو ده‌زانین ووڵاتان پێوانه‌ ناكرێن به‌ ژماره‌ و به‌رزی باڵه‌خانه‌كان و به‌روبووم و به‌رهه‌مه‌كانیان، به‌ڵكو هه‌میشه‌ پێوانه‌ ده‌كرێن تا چه‌ند گرنگیان به‌ بنیاتنانى مرۆڤه‌كانیان داوه‌، چونكه‌ نه‌ش و نماكردن و دروست كردنى مرۆڤه‌كان و بنیاتنانیان به‌شى هه‌ره‌ گرنگ و كاریگه‌رى ڕێره‌وی ژیان و پێك ده‌هێنێت، لاى كه‌سمان شاراوه‌ نییه‌ و ده‌زانین ڕه‌نگه‌ بنیاتنانى باڵه‌خانه‌ و پرده‌كان ئاسان بێت، به‌ڵام بنیاتنانى مرۆڤه‌كان قورسه‌ و ئاسان نییه‌، ده‌بێ مرۆڤی وا دروست بكه‌ین و بنیاتی بنێین هه‌میشه‌ به‌به‌رده‌وامى سوود و قازانجی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و وڵاته‌كه‌ى هه‌بێت و باشترینی خۆى پێی ببه‌خشێ، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ فه‌یله‌سوف و نوسه‌ری میسری (مسته‌فا مه‌حمود) ده‌لێ" به‌هاى مرۆڤ بریتییه‌ له‌وه‌ى تا چه‌ندی به‌خشیه‌ و زیادی كردیه‌ بۆ ژیان له‌ نێوان له‌دایك بوون و مردن" ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كى ڕاست و دروست توانیمان مرۆڤ بنیات بنێین ئه‌وا هه‌رده‌م زیاده‌ و به‌خشینه‌كانیان بۆ ژیان ڕاست و دروست و ته‌ندروست ده‌بن، ده‌بینین هه‌رده‌م وڵاته‌ به‌هێزه‌كان ئه‌گه‌ر سامان و به‌رهه‌م و به‌روبومى پێویستیان زۆر نه‌بێت، به‌ڵام هه‌میشه‌ مرۆڤه‌كانیان بنیات ده‌نێین و ووڵاته‌كه‌یان و ووڵاتانى تر سوود له‌و بنیاتنانه‌ ده‌بینن، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رده‌ك مرۆڤ په‌روه‌رده‌ بكه‌ین و فێری بكه‌ین له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌ویش په‌روه‌رده‌ و فوتابخانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر توانیمان په‌روه‌رده‌ و فێركردنێكى ته‌ندروست بده‌ینه‌ قوتابیه‌كانمان ئه‌وا له‌ داهاتوو له‌ پاشه‌ ڕۆژ سوود و قازانجی ته‌ندروست ده‌بێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌ و ووڵات، له‌ ئه‌نجامدا ووڵات ده‌گه‌یه‌نێته‌ ترۆپك ولوتكه‌ى گه‌شكردن و پێشكه‌وتن، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رده‌م سه‌رجه‌م پێداویستى و ئامرازه‌كانى پێویست له‌ پێناو بنیاتنانى مرۆڤ له‌ ڕووی كارامه‌ییه‌كان و به‌هاكان و به‌هێزكردن و پێش خستنی تواناكانیان ده‌سته‌به‌ر و به‌رده‌ست بكه‌ین تا بتوانین تاكێكى به‌ سوود و قازانج به‌خش و كارا و كاریگه‌ر ئاماده‌ بكه‌ین و هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تى و خاوه‌نداریه‌تى بكات به‌رامبه‌ر گه‌ڵ و نیشتمان، كه‌ هه‌میشه‌ پشت ده‌به‌ستی به‌ بنیاتنانێكى ته‌ندروست و ڕاست په‌روه‌رده‌ هه‌میشه‌ ڕۆڵى سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ بنیاتنانى تاكه‌كان و ئاماده‌كردنیان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ ئاماده‌كردنێكی ته‌ندروست، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ پرۆسه‌یه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى گشتگیره‌ بۆ بنیاتنانى كه‌سایه‌تى تاكه‌كان كه‌ بتوانن چۆن ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ژینگه‌ و ده‌وروبه‌ر بكه‌ن. هه‌روه‌ها كارى هه‌ره‌ له‌ پێشینه‌ى په‌روه‌رده‌ له‌ بیناتنانى مرۆڤ، پێویسته‌ ڕواندن و چاندنی و نه‌ش ونماكردن و چه‌كه‌ره‌كردنی پڕه‌سنیپ و بنه‌ماكانى په‌روه‌رده‌ى نیشتمانى و مرۆڤایه‌تى و ڕه‌وشتى بێ له‌ ناخ و هزر و بیری قوتابی له‌ رێگاى پرۆگرامه‌كان و دانانى پلانێكى تۆكمه‌ و ڕوون كه‌ جه‌خت له‌ سه‌ر په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانى كه‌سه‌كان و تاكه‌كان بكاته‌وه‌ و هه‌میشه‌ رێز و خۆشه‌ویستیان بۆ خاك و نیشتمان و كه‌سه‌كان و سیسته‌م و یاساكان هه‌بێت و پابه‌ندیان هه‌بێت و گشتگیر بێت له‌ سه‌ر هه‌مووان و یه‌كسانى و دادپه‌روه‌ری بوونى هه‌بێت له‌ كۆى گشتی كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ ئه‌ندامانى كۆمه‌ڵگه‌ ماف و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى خودی خۆی بزانێ و رێز له‌ داب و نه‌ریتى كۆمه‌ڵگه‌ بكرێ و كار بكات بۆ پاڕاستن و پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ و له‌ ئه‌نجامدا بتوانن ببنه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی به‌توانا و سوود به‌خش بن بۆ خودی خۆیان و كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمان.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top