گیان لەدەستدانی ٢٠٠ کەس و وێرانبوونی ٣٠ هەزار خانوو بەهۆی لافاو لە نیجەر
بەرگری شارستانی نیجەر ڕایگەیاند: بەهۆی بارینی بەخوڕ و لافاو لەم وڵاتەدا 200 کەس گیانیان لەدەستداوە و چارەکێک ملیۆن کەسیش زیانیان بەرکەوتووە.
بەرگریی شارستانی نیجەر زیانەكانی ئەم لافاوانەی بە یەكێك لە زۆرترین زیانەكانی تۆمار كردووە: لافاوەكانی وەرزی بارانبارین بووەتە هۆی كوژرانی 200 كەس و زیاتر لە 264 هەزار كەسیش زیانیان بەركەوتووە و زیاتر لە 30 هەزار خانووش وێران بووە، هەروەها لافاوەکە زیانی بە قوتابخانەکان گەیاندووە و زیانی بە ناوەندە پزیشکییەکان و کۆگاکانی دانەوێڵە گەیاندووە.
ئەو ناوچانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بریتین لە مورادی و زاندەر لە ناوەند، دۆسۆ لە باشووری ڕۆژئاوا و تاوە لە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە.
وەرزی بارانبارین لە ناوچەكانی ناوەڕاستی نیجەر ، بەزۆری لە مانگی حوزەیرانەوە تا ئەیلول دەخایەنێت و زۆربەی کات زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢١دا ٧٠ کەس بەهۆی ئەو لافاوانەوە گیانیان لەدەستداوە و ٢٠٠ هەزار کەسی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها ژمارەی کوژراوانی ئەم لافاوانە لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٧٣ کەس بووە.
گوڵان: سەردار خەلیل