رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی کەونە گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر

رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی کەونە گوند لە سنووری قەزای مێرگەسۆر

لە ژێر چاودێریی رێزدار مەلا مستەفا بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوبەشیی رێكخراوی "وەن ڤیژن"ی نێودەوڵەتی رۆژی سێ شەممە رێككەوتی 4/10/2022 رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی (کەونەگوند)ی لە سنووری قەزای مێرگەسۆر بەڕێوە برد.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە مارشی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و بە خولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی سەربڵندی كوردستان سەروەریان بارزانیی نەمر و كاك ئیدریسی هەمیشە لە یاد دەستی پێ كرد.
دواتر بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وتارێكی پێشكەش كرد. دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی كە قوتابخانەكە لە گوندێكی "سەركەش" و دوورە دەست دروست كراوە. دواتر سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی "وەن ڤیژن"ی نێودەوڵەتی كرد، بۆ لەئەستۆگرتنی تێچووی قوتابخانەكە و وتی: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆكی حكومەت بایەخێكی تایبەتیان بە كەرتی پەروەردە داوە و ئێمەومانانی راسپاردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە چاودێریی پرۆسەی خوێندن و قوتابخانەكان و نۆژەنكردنەوەیان بكەین و كەلوپەلی لۆجستی بۆ قوتابخانەكان بە گشتی و قوتابخانە دوورە دەستەكان بە تایبەتی دابین بكەین". ئەوەشی خستەڕوو كە لە بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕی 500 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانی دەڤەرەكە تەرخان كراوە. هیواشی خواست وەك چۆن لە سەردەمی خۆی گوندەكان ئاوەدان و پاڵپشتی شۆڕشەكانی كورد بوون، هەر بە ئاوەدانی بمێننەوە. لە كۆتایی وتاركەشیدا دووپاتی كردەوە كە بەپێی ڕێنماییەكان بڕیار دراوە، دوای دەرچوونی قوتابیان لە قۆناغی دواناوەندی و وەرگرتنیان لە پەیمانگە و زانكۆكان هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین بكرێت، بۆ ئەوەی خێزانەكانیان ناچار نەبن بە هۆی ئەوانەوە بۆ شارەكان كۆچ بكەن.
لە بەشێكی دیكەی ئەو رێوڕەسمەدا بەڕێز مامۆستا ئەحمەد بەڕێوبەری پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر تابلۆیەكی سوپاسنامەی پەروەردەی مێرگەسۆری بە بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پێشكەش كرد.
دواتر بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد و لە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی بەڕێزدا وتی: "سەربڵندین بە ئامادەبوونی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی و خەمخۆرییان بۆ دەڤەرەكە و بە تایبەتی بۆ بواری پەروەردە". هەروەها بە گەرمی بەخێرهاتنی ئامادەبووانی بەڕێزی كرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی كە "قوتابیانی هێژا پاشەڕۆژی كوردستان و هیوای ڕێبازی بارزانیی مەزنن" و هاوكات وتی: "سەربڵندین بە فەرموودەی بارزانیی نەمر كە شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت و ئەمڕۆش بە دەستێكی پڕ، لە خزمەتی قوتابیانی خۆشەویستی خۆمانداین". وتیشی: "لە دەستپێكی ئەمساڵدا جەنابی سەرۆك بارزانی لە وتارێكیدا جەختی لەسەر گرنگیدان بە پەروەردە كردەوە، ئێمەش وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەمیشە خۆمان بە پێشمەرگەی جەنابی سەرۆك دەزانین بە تایبەتی لە بواری خزمەتكردندا، بۆیە پەیڤی جەنابی سەرۆكمان كردە هەوێنی ئەوەی ئەمساڵ گرنگییەكی تایبەت بە بواری پەروەردە بدەین و هەر ئەمساڵ 182 پرۆژەی پەروەردەییمان ئەنجام داوە".
بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە لە ساڵی 2012 بە ئامادەبوونی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پرۆژەی ئازیزان بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی دەستی پێكردووە و 18000 ئازیز (منداڵی بێ باوك) تا ئێستا بە شێوەی مانگانە هاوكاریی ماددی وەردەگرن. وتیشی: "ئەمساڵ 203 قوتابخانەمان نۆژەن كردووەتەوە بە تێچووی 2 ملیۆن و 30 هەزار دۆلار، دروستكردنی ئەم قوتابخانەیەش (قوتابخانەی 12 پۆلی لە کەونە گوند) زیاتر لە 300 هەزار دۆلاری بۆ تەرخان كراوە، كە رێكخراوی وەن ڤیژن 100 هەزار دۆلاری لە ئەستۆ گرتووە و لە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانیش هاوكارمان بووە".
دواتر ڤیدیۆیەكی چۆنیەتی دروستكردنی قوتابخانەكە نمایش كرا. پاشان بەڕێز جۆن میلەر سەرۆكی رێكخراوی وەن ڤیژن وتارێكی پێشكەش كرد و وتی: "رێکخراوەکەمان ئەمڕۆ لێرەیە هاوشان لەگەڵ بەرپرسانی ‌هەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بکەین لە ژیانی گەنجانی کوردستان. توانیمان بینایەکی نوێ دابین بکەین کە تیایدا فێر پەروەردەیەک ببن و یارمەتییان بدات بۆ ئەوەی لە داهاتوو ببن بە تاکی بەرهەمێن لەو کۆمەڵگەیەدا. ئەمە تەنیا بینایەک نییە لە بلۆک و چیمەنتۆ، گۆڕەپانی یاری نییە.. ئەمە ئەو شوێنەیە کە چەندین گەنج دەتوانن لێرە شەیدای فێربوون بن، ڕێز لەو وەبەرهێنانە بگرن کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوکارانی ئەنجام دراوە. من و هاوسەرەکەم و ڕێکخراوەکەم سوپاسگوزارین کە بەشێکی بچوک بووین لەم پڕۆژەیە."

لە کۆتاییدا سوپاسی رێزداران مەلا مستەفا بارزانی و موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی کرد بۆ پێشوازییە گەرمەکەیان و هیوای خواست کە لە داهاتوودا کاری زیاتری هاوبەش پێکەوە ئەنجام بدەن.
دواتر بەڕێز غەفوور ئەحمەد مەلا سوار قایمقامی قەزای مێرگە سۆر لە وتارەكەیدا دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان ئاماژەی بەوە كرد 265 قوتابی لە قوتابخانەی 12 پۆلی لە کەونە گوند سوودمەند دەبن و وتی: "سوپاسی بێ پایان بۆ بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ساڵی رابردوو سەرەڕای قەیرانی دارایی و پەتای كۆرۆنا كە هەموو دونیا بە دەستیەوە دەیانناڵاند، نەیهێشت پرۆسەی پەروەردە و فێركردن پەكی بكەوێت". وتیشی: "بۆ ئێمە جێی سەرفرازی و رێز و تەقدیرە كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ژێر دروشمی بارزانیی نەمر ((شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت)) دامەزراوە، بە كردەییش خزمەتیان كردووە. ئەوەشی دووپات كردەوە كە ڕێزدار مەلا مستەفا بارزانی پشتیوانێكی هەمیشەیی پرسەی پەروەردە و فێركردن بووە و لە نۆژەنكردنەوەی 20 قوتابخانە لە سنووری قەزای مێرگە سۆر رۆڵی بەرچاویان هەبووە، ساڵی رابردووش لە دابینكردنی پاس بۆ هاتوچۆی قوتابی و مامۆستایان هاوكاریان بووە. هەروەها ئاشكرای كرد ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە 140 ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان لە سنووری قەزای مێرگە سۆر تەرخان كردووە.
دوای وتەكانی بەڕێز قایمقامی قەزای مێرگە سۆر و لە درێژەی رێوڕەسمەكەدا داوا لە رێزدار مەلا مستەفا بارزانی كرا، كلیلی قوتابخانەكە بە بەڕێزان بەڕێوبەری پەروەردەی قەزای مێرگەسۆر و بەرێوەبەری قوتابخانەی كەونە گوند پێشكەش بكەن. پاشان جانتا و پەڕاوگە بە سەر قوتابیاندا دابەش كرا.
شایانی باسە قوتابخانەی کەونە گوند تایبەتە بە خوێندنی قۆناغی دواناوەندی و لە 12 پۆل پێك هاتووە و 265 قوتابی لێی سوودمەند دەبن و 450 هەلی كاری رەخساندووە.

Top