دابەشكردنی 420 یەكەی نیشتەجێبوون لە لایەن رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەر بنەماڵەی سەربەرزی شەهیداندا

دابەشكردنی 420 یەكەی نیشتەجێبوون لە لایەن رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەر بنەماڵەی سەربەرزی شەهیداندا

 

 

لە رێوڕەسمێكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە لە دهۆك بەڕێوەچوو، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆژی چوارشەممە رێككەوتی 28/9/2022 كلیلی 420 یەكەی نیشتەجێبوونی بە سەر خانەوادەی سەربڵندی شەهیداندا دابەش كرد.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە راوەستان و یەك خولەك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ كرد. دوای نمایشی ڤیدیۆی 16 ساڵ چالاكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سێكتەری جۆراوجۆر و لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق و وڵاتانی دەرەوە، بەڕێز موسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد و وێڕای ڕێزگرتن لە ماڵباتی سەربڵندی شەهیدان و بەخێرهاتنی بەڕێزان سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیرەكان و كونسولی وڵاتان و سەرمایەدار و خێرخوازن، وتی: "زۆر سوپاسی سەرمایەدارانی كوردستان دەكەین كە هەمیشە وەك چیایەك پشتیوانی ئێمە بوون. ئەمڕۆش بە شانازییەوە لە خزمەتی ماڵباتی سەربڵندی شەهیدانداین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتیان بكەین". دواتر سوپاسی ئاسانكارییەكانی بەرپرسانی لقەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆ و بەتایبەتی بەڕێوبەرایەتیی شەهیدانی كرد.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە لە هەموو كۆبوونەكانیان لەگەڵ سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕێنمایی كراون كە خزمەتی زیاتری ماڵباتی سەربڵندی شەهیدان بكەن. وتیشی: "هەرگیز ئەو دیمەنەم لە بیر ناچێت ئەو پەیامەم بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیاند و وتم: ئامۆژگاری و پلانتان جێبەجێ بووە و ئێستا 420 شوقە ئامادەیە بۆ دابەشكردن، چاوی جەنابیان پڕ بوو لە ئاو و ئامۆژگاری كردین كە بە باشترین شێوە و زووترین كات و بێ جیاكاری دابەشی بكەین. هەر بۆیە دەستنیشانكردنی ماڵباتی شەهیدان بۆ وەرگرتنی ئەو 420 یەكەی نیشتەجێبوونە بە پێنج فلتەردا تێپەڕیوە و دوای ئەوەش بەداواچوونمان بۆ كردووە بۆ ئەوەی خانووەكان بۆ ئەو ماڵباتانە بن كە "منداڵی بچووكیان هەیە و لە خانووی كرێدان". لە كۆتایی وتەكانیشیدا هیوای خواست: "بتوانین ئەو داخوازییەی جەنابی سەرۆك بەدی بێنین و ماڵباتی سەربڵندی هیچ شەهیدێك بێ خانوو نەبێت".
دوای وتەكانی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوو راپۆرتی ڤیدیۆیی لە بارەی پرۆژەی 420 یەكەی نیشتەجێبوون و چۆنیەتی دەستنیشانكردنی وەرگرانی یەكەكانی نیشتەجێبوون نمایش كران. دواتر داوا لە سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرا، دوای وتەكانیان كلیلەكانی خانووەكان بە سەر خانەوادەی سەربەرزی شەهیداندا دابەش بكەن.
ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پەیڤەكەیدا
دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە، خزمەتكردنی بە ماڵباتی سەربڵندی شەهیدان بە مایەی بەختەوەری و سەرفرازی ناو برد و وتی: "جەنابی بارزانیی نەمر سەروەری ئێمە و باوكی نەتەوەیی هەموو ژیانی خۆی لە خزمەتی گەلەكەی خۆی و بۆ ئازادیی گەلان تەرخان كرد. ئێمەش بە فەرزمان زانی وەكو وەفادارییەك و پاداشتی خزمەتی جەنابیان" لە پێناوی ئەوەی خزمەتی كەسوكاری شەهید و خەڵكی هەژار بكەین، دوای راوێژكردن لەگەڵ جەنابی سەرۆك و بە ئەمری جەنابیان دەزگای خێرخوازیی بارزانی-مان دامەزراند".
ڕێزدار مەسرور بارزانی باشی ئەوەی كرد كە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بووەتە جێگەی متمانەی خەڵكی ناوخۆ و پارێزگاكانی عیراق و ناوچەكە و جیهانی و نێودەوڵەتی و وتیشی: " دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە (UN) ناسراوە و گەلێك ڕێكخراوی دیكەی بیانییش هاریكاری ئەو دەزگایە دەكەن". سوپاسی كەرتی تایبەت و هەموو كۆمپانیا و سەرمایەداران و خواپێداوانیشی كرد كە هاریكاری و پاڵپشتی پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون. وتیشی: "سەرەڕای ئەو هەموو غەدر و زوڵم و ناخۆشییەی كە میللەتی ئێمە بینی، جێی شانازییە دەزگایەك دابمەزرێت كە دەستی هاریكاری بۆ خەڵكی لێقەوماو و كەمدەرامەت و هەژار درێژ بكات". دواتر سوپاسی سەرۆك و فەرمانبەران و ستافی
دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد و هیوای بەردەوامی و خزمەتی زیاتری خواست. لە بەشی كۆتایی پەیڤەكەیدا ڕێزدار سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە شەهید بەرزترین و مەزنترین پلەیە و نابێت هیچ كەسێك جیاوازی لە نێوانیان بكات. ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەو ژمارە بنەماڵەی شەهیدان كە دەستنیشان كراون" لەسەر ئەو بنەمایە بووە كە كێ لە كێ زیاتر پێویستیەتی بەو بدرێت. هیواشی خواست "رۆژێك دابێ هەموو خانەوادەی شەهیدان خاوەنی ماڵ و خانووی خۆیان بن و ئەوەش مافی خۆیانە و هیچ مننەتی تێدا نییە". وتیشی: "خوا دەرفەتمان بدات" خزمەتی شەهیدان دەكەین و هەر چییەكیان بۆ بكەین، بە دڵۆپك خوێنی شەهید نییە".
دواتر ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كلیلی یەكەكانی نیشتەجێبوونی بە سەر ماڵباتی سەربڵندی شەهیداندا دابەش كرد و لە كۆتایی رێوڕەسمەكەشدا كچ و كوڕێكی منداڵی شەهید بە نوێنەرایەتیی خانەوادەی شەهیدان چەپكە گوڵیان پێشكەشی ڕێزدار مەسرور بارزانی كرد.
شایانی باسی پرۆژەی دروستكردنی 420 یەكەی نیشتەجێبوون (رۆژ سیتی) لە سەنتەری پارێزگای دهۆك دوو ساڵی خایاندووە و بە گەورەترین پرۆژە دادەنرێت كە تا ئێستا بۆ خانەوادەی سەربڵندی شەهیدان دروست كراوە. ئەو پرۆژەیە بڕی 29.400.000 بیست و نۆ ملوێن و چوارسەد هەزار دۆلاری تێچووە. 1758 كەس لێی سوودمەند بوون كە لەو ژمارەیە 875 كەسیان قوتابین و شەهیدانی ئەم دەڤەرانەشی لەخۆ گرتووە:
سەنتەری پارێزگای دهۆك: 80 خێزان.
زاخۆ: 75 خێزان.
ئامێدی: 61 خێزان.
شێخان و دەوروبەری: 44 خێزان.
ئاكرێ و بەردەڕەش: 92 خێزان.
ئەم پڕۆژەیە 25 باڵەخانەی 20 نهۆمە بە شێوازێکی سەردەمیانە و ستانداردی تەلارسازی دروست كراون. لە قۆناغی یەكەم 368 یەكەی نیشتەجێبوون دابەش كرا و لە قۆناغە دووە دم 52 یەكەی دیكە دابەش دەكرێن. پرۆژەكەش هەموو خزمەتگوزارییەکانی بۆ دابین كراوە، لەوانە: کارەبای 24 کاتژمێری و پاککردنەوەی بەردەوام و سیستمی کامێرای چاودێری و قوتابخانە، نەخۆشخانە، مزگەوت، مۆڵ و بازاڕ، هۆڵی وەزرشی، هێڵی گواستنەوە.

دابەشكردنی 420 یەكەی نیشتەجێبوون لە لایەن رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە سەر بنەماڵەی سەربەرزی شەهیداندا
Top