نێچیرڤان بارزانی: بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە کۆڵنادەین

نێچیرڤان بارزانی: بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە کۆڵنادەین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ياداشتى لێكتێگه‌يشتنی پێشمەرگە و پێنتاگۆن‌، وا ده‌كات هاوبه‌شه‌ ئه‌مريكييه‌كانیان، پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ و هاوكار و پشتيوان بن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، هەروەها گوتیشی، "بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە کۆڵنادەین".

رۆژی چوارشەممە 21-09-2022، لە رێوڕه‌سمێكدا به‌ سه‌رپه‌رشتيى ‏نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى ‏مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكوه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان؛ سێلێست واڵنده‌ر، ‏ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى؛ جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان؛ جێگری سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان؛ باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ عێراق ياداشتێكى لێكتێگه‌يشتن له‌نێوان ‏وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مريكادا واژۆ كرا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە هەمانکاتدا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە لە گوتارێکیدا رایگەیاند، خۆشحاڵە به‌ واژۆكردنى ياداشتى لێكگه‌يشتن له‌‌نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كورستان‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مريكادا و گوتی: "وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن ساڵى 2016 له‌ژێر سه‌رپه‌رشتيى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانيدا يه‌كه‌م ياداشتى لێكگه‌يشتنيان واژۆكردووه"‌.

لەبارەی یەکەم یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئه‌وکاتە ئه‌و ياداشتى لێكگه‌يشتنه‌، پێشه‌نگ بووه‌. دڵنيايى و گه‌ره‌نتى داوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ دەتوانن له‌ شه‌ڕى دژى داعش به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها متمانه‌ى بۆ پێشمه‌رگه‌ دروستكرد كه‌ ئه‌مريكاى هاوبه‌ش و هاوپه‌يمانمان بۆ شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆریستان پشتگيریى له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات.

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "شه‌ڕى دژى داعش بۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان مايه‌ى شانازييه‌كى گه‌وره‌يه‌ كه‌ هاوشانى سه‌ربازانى ئه‌مريكاى دۆست و هێزه‌كانى ديكه‌ى هاوپه‌يمانان، توانييان تيرۆریستانى داعش تێكبشكێنن. له‌و شه‌ڕه‌دا پێشمه‌رگه‌ به‌ گيان و خوێن، قاره‌مانێتيى خۆى بۆ هه‌موو جيهان سه‌لماند و بووه‌ مايه‌ى سه‌ربه‌رزيى ته‌واوى گه‌لى كوردستان".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزی بۆ شەهیدانی پێشمەرگە نیشاندا و گوتی، "لەم رۆژەدا سه‌رى رێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان داده‌نوێنين كه‌ له‌پێناو پاراستنى هه‌رێمى كوردستاندا گيانيان به‌خشى و شه‌هيد بوون. هه‌ميشه‌ به‌ شكۆوه‌ يادى ئه‌وان و قوربانيدانيان ده‌كه‌ينه‌وه‌."

له‌ ساڵى 2016ـه‌وه‌ چه‌ندین جار ياداشتى لێكتێگه‌يشتن له‌نێوان وه‌زارەتى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆندا درێژكراوه‌ته‌وه‌. بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، ئه‌وه‌ش نه‌ده‌كرا ئه‌گه‌ر پشتگيريى كۆنگرێس و ئيداره‌ و کابینەکانی ئه‌مريكا نه‌بووايه‌. "لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسى هه‌موويان بكه‌م. خۆشحاڵين كه‌ ئه‌مجاره‌ش به‌ هه‌وڵى هه‌ردوولا و له‌سه‌ر بنه‌ماى پێويستييه‌كانى قۆناخه‌كه‌، ياداشتێكى نوێ واژۆده‌كرێت".

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، باسی گرنگیی ئەو یاداشتەی کرد و گوتی: "خاڵى هه‌ره‌ گرنگى ئه‌م ياداشته‌ ئه‌وه‌يه‌: هه‌ردوولا كۆكن كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى جیددى و راسته‌قينه‌يه‌ و هێشتا ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مريكا و هاوپەیمانان هه‌يه‌، ئه‌ويش به‌رده‌واميى هاريكاريى‌ هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولايه،‌‌ تا ئه‌و كاته‌ى به‌ يه‌كجارى داعش له‌ناوببردرێت".

نێچیرڤان بارزانی بەناوی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی ئەمریکا و "دۆستەکانی" دیکەی هەرێمی کوردستانی کرد کە پشتگیری و هاوكاريى هەرێمی کوردستانیان کردووە له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌وڵه‌كانيان بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.

نێچیرڤان بارزانی هەر لەبارەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گوتی: "ئێمه‌ لە حكومەتی هەرێمی كوردستان جیددى و پابه‌ندين به‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ يه‌ک بخه‌ينەوە‌ و پرۆسه‌كه‌ سه‌ربكەوێت. كۆڵ ناده‌ين و له‌ڕووى سياسيشه‌وه‌ به‌رده‌وام كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ين. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان له‌سه‌ر هێڵ و له‌ گفتوگۆی بەردەوامداين".

لەبارەی داعشیشەوە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، "راسته‌ هێشتا داعش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراق و سووريا، به‌ڵام ئه‌وه‌ تاكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ئاڵنگارییەک نييه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌. ململانێ و ناكۆكيى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تيش له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادان كه‌ پێويسته‌ بە بايه‌خه‌وه‌ مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا بكرێت. له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق، پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ سيستمى به‌رگريى عێراق، ده‌بێ به‌هێز و تۆكمه‌ بێت و رۆڵ و ئاماده‌يى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا بگێڕێت."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی گفتوگۆی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆنی کرد و گوتی، "له‌ كه‌شێكى دۆستانه‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شى و دۆستايه‌تى به‌ڕێوه‌چووه‌. ئه‌مه‌ مايه‌ى خۆشحاڵى و پێزانينه‌. ئه‌م ياداشتى لێكگه‌يشتنه‌ گرنگه‌ و به‌ سوودى هه‌ردوولا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئاسايش و ئاراميى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌پارێزێت."

دەقی گوتاری ‏نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز رۆژتان باش، هه‌موو لايه‌كتان به‌خێربێن.

به‌خێرهاتنى تايبه‌تى خاتوو سێلێست واڵنده‌ر، ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و شاندى ياوه‌رى ده‌كه‌م. زۆر به‌خێربێن.

خۆشحاڵم به‌ واژۆكردنى ياداشتى لێكگه‌يشتن له‌‌نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كورستان‌ و وه‌زاره‌تى به‌رگريى ئه‌مريكادا. وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن ساڵى 2016 له ‌ژێر سه‌رپه‌رشتيى جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانيدا يه‌كه‌م ياداشتى لێكگه‌يشتنيان واژۆكردووه‌.

ئه‌وکاتە ئه‌و ياداشتى لێكگه‌يشتنه‌، پێشه‌نگ بووه‌. دڵنيايى و گه‌ره‌نتى داوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ دەتوانن له‌ شه‌ڕى دژى داعش به‌رده‌وام بن، هه‌روه‌ها متمانه‌ى بۆ پێشمه‌رگه‌ دروستكرد كه‌ ئه‌مريكاى هاوبه‌ش و هاوپه‌يمانمان بۆ شه‌ڕ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆرستان پشتگيریى له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات.

شه‌ڕى دژى داعش بۆ پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى كوردستان مايه‌ى شانازييه‌كى گه‌وره‌يه‌ كه‌ هاوشانى سه‌ربازانى ئه‌مريكاى دۆست و هێزه‌كانى ديكه‌ى هاوپه‌يمانان، توانييان تيرۆریستانى داعش تێكبشكێنن. له‌و شه‌ڕه‌دا پێشمه‌رگه‌ به‌ گيان و خوێن، قاره‌مانيه‌تيى خۆى بۆ هه‌موو جيهان سه‌لماند و بووه‌ مايه‌ى سه‌ربه‌رزيى ته‌واوى گه‌لى كوردستان.

لەم رۆژەدا سه‌رى رێز و نه‌وازش بۆ گيانى پاكى هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان داده‌نوێنين كه‌ له‌پێناو پاراستنى هه‌رێمى كوردستاندا گيانيان به‌خشى و شه‌هيد بوون. هه‌ميشه‌ به‌ شكۆوه‌ يادى ئه‌وان و قوربانيدانيان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

ئێمه‌ هه‌رگيز هاوكارى و پشتگيريى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانانی نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و قوربانيدانى هێزه‌كانيان لەپێناو و ئازادی و بەرگریدا، له‌بير ناكه‌ين. گه‌لى كوردستان هه‌ميشه‌ به‌ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ رۆڵى كاريگه‌ر و پشتگيريى سه‌ربازيى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌ڕوانێت و ستايشى ده‌كات.

له‌گه‌ڵ قاره‌مانيه‌تى و قوربانيدانى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، پشتگيريى ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانان بوو، كه‌ شه‌ڕى دژى تيرۆرى يه‌كلاكرده‌وه‌ و تيرۆرستانى داعش شكان.

له‌ ساڵى 2016ـه‌وه‌ چه‌ندین جار ياداشتى لێكگه‌يشتن له‌نێوان وه‌زارتى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆندا درێژكراوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش نه‌ده‌كرا ئه‌گه‌ر پشتگيريى كۆنگرێس و ئيداره‌ و حكومه‌ته‌كانى ئه‌مريكا نه‌بووايه‌. لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێ سوپاسى هه‌موويان بكه‌م. خۆشحاڵين كه‌ ئه‌مجاره‌ش به‌ هه‌وڵى هه‌ردوولا و له‌سه‌ر بنه‌ماى پێويستييه‌كانى قۆناخه‌كه‌، ياداشتێكى نوێ واژۆده‌كرێت.

خاڵى هه‌ره‌ گرنگى ئه‌م ياداشته‌ ئه‌وه‌يه‌: هه‌ردوولا كۆكن كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى جیددى و راسته‌قينه‌يه‌ و هێشتا ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مريكا و هاوپەیمانان هه‌يه‌، ئه‌ويش به‌رده‌واميى هاريكاريى‌ هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولايه،‌‌ تا ئه‌و كاته‌ى به‌ يه‌كجارى داعش له‌ناوببردرێت. ئه‌مه‌ هه‌ر به‌ ته‌نها ئامانجێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مريكا نييه‌، به‌ڵكو ئامانجى هاوبه‌شى هاوپه‌يمانييه‌كى نێوده‌وڵه‌تييه‌ كه‌ ده‌يان وڵات له‌خۆده‌گرێت.

جگه‌ له‌مه‌، ئه‌م ياداشتى لێكتێگه‌يشتنه‌، وا ده‌كات هاوبه‌شه‌ ئه‌مه‌ريكييه‌كانمان، پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پڕبكه‌نه‌وه‌ و هاوكار و پشتيوان بن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌.

هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستان دووپات بكه‌مه‌وه‌ بۆ پشتگيرى و هاوكاريى ئه‌مريكا و دۆستانى ديكه‌مان له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌وڵه‌كانيان بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.

حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو لايه‌ك دڵنيا بكه‌مه‌وه‌ كه‌ وێڕاى هه‌موو سه‌ختى و گرفته‌كانيش، ئێمه‌ لە حكومەتی هەرێمی كوردستان جیددى و پابه‌ندين به‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ يه‌ک بخه‌ينەوە‌ و پرۆسه‌كه‌ سه‌ربكەوێت. كۆڵ ناده‌ين و له‌ڕووى سياسيشه‌وه‌ به‌رده‌وام كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ين. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان له‌سه‌ر هێڵ و له‌ گفتوگۆی بەردەوامداين.

هه‌موومان و دۆستانيشمان باش ده‌زانين كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێويستى به‌ هێزێكى پێشمه‌رگه‌ى نيشتمانيى رێكخراو، يه‌كگرتوو و پيشه‌يى هه‌يه‌. ئه‌مه‌ ئامانجێكى روونى ئێمه‌يه‌ و ده‌بێ كارى جیددى له‌سه‌ر بكرێت. نابێت‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ هۆى بێهيوايى و نائومێديى خه‌ڵكی كوردستان و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان.

راسته‌ هێشتا داعش هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و عێراق و سووريا، به‌ڵام ئه‌وه‌ تاكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و ئاڵنگارییەک نييه‌ رووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه‌. ململانێ و ناكۆكيى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تيش له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ ئارادان كه‌ پێويسته‌ بە بايه‌خه‌وه‌ مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵدا بكرێت. له‌گه‌ڵ سوپاى عێراق، پێشمه‌رگه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ سيستمى به‌رگريى عێراق، ده‌بێ به‌هێز و تۆكمه‌ بێت و رۆڵ و ئاماده‌يى له‌ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا بگێڕێت.

به‌ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى دۆستانمان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، پێويسته‌ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى ته‌واو له‌نێوانماندا هه‌بێت بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان كه‌ كاريگه‌ريى راسته‌وخۆى به‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌دا هه‌يه‌.

هه‌روه‌ها بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منييه‌كان، هه‌رێمى كوردستان به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك ئاماده‌يه‌ و پێويسته‌ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام بێت و فراوانتر بكرێت.

سوپاس و پێزانينمان بۆ سه‌رۆكوه‌زيران و فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق به‌ڕێز مسته‌فا كازمى هه‌يه‌، بۆ هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى له‌پێناو پته‌وكردنى ئه‌و هاريكارى و هه‌ماهه‌نگييه‌ى له‌نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌دا هه‌يه‌.

به‌ڕێزان.. ئاگادارين كه‌ گفتوگۆى نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و پێنتاگۆن، له‌ كه‌شێكى دۆستانه‌دا له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شى و دۆستايه‌تى به‌ڕێوه‌چووه‌. ئه‌مه‌ مايه‌ى خۆشحاڵى و پێزانينه‌. ئه‌م ياداشتى لێكگه‌يشتنه‌ گرنگه‌ و به‌ سوودى هه‌ردوولا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ئاسايش و ئاراميى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌پارێزێت.

سوپاس بۆ تيمى هه‌ردوولا و ده‌ستخۆشييان لێده‌كه‌م بۆ ئاماده‌كردنى ئه‌م ياداشته‌. ده‌مه‌وێ به‌تايبه‌تى سوپاسى خاتوو ده‌ينا ستروول، جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مريكا بۆ كاروبارى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بكه‌م بۆ هه‌وڵ و ماندووبوونى. دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان تا كۆتايى پابه‌نده‌ به‌ هاوبه‌شێتى له‌گه‌ڵ ئه‌مريكا و لەگەڵ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له‌ناوبردنى تيرۆر و نه‌هێشتنى داعش و هەر مه‌ترسييه‌ك لە ناوچەكەدا.

سوپاس بۆ هه‌موو لايه‌كتان و هيواى رۆژێكى خۆشتان بۆ ده‌خوازم. بەخێربێن و زۆر سوپاس

نێچیرڤان بارزانی: بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە کۆڵنادەین
Top