كەركووكییەكان لە نوێبوونەوە و گۆڕانكارییەكانی پارتیدا خوازیاری ئاوڕلێدانەوەی زیاترن

كەركووكییەكان لە نوێبوونەوە و گۆڕانكارییەكانی پارتیدا خوازیاری ئاوڕلێدانەوەی زیاترن

 

پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لەوەی لە دامەزراندنیەوە تا هەنووكە هەردەم هەڵگری بەیداخی شۆڕش و خەبات بووە و لە قوربانیدان سڵی نەكردووەتەوە و، ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر سەرمەشقیەتی، بە بێ جیاوازی بۆ هەموو دەڤەر و ناوچەكانی كوردستان پلانی نەتەوەیی هەبووە، بەڵام كەركووك و غەدرێك كە لە كوردستانیبوونی ئەو شارە كراوە، هەردەم وای كردووە، پارتی حیسابی تایبەتی بۆ ئەو هاوكێشەیە بكات، لە ئێستاشدا كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرەو كۆنگرەی 14ی دەڕوات، ئەو پرسیارە دێتەئاراوە كە ئایا كەركووكییەكان لە كۆنگرەی ئەمجارەی پارتیدا داوكارییەكانیان چییە؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

رزگار سەعدوڵا كارگێڕی ناوچەی زانكۆ لە كەركووك، سەرەتا باسی ئەوە دەكات «پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵگری ئاڵای شۆڕش و سەربەخۆیی و نیشتمانپەروەری لەم قۆناغە سەختەدا بەرەو كۆنگرەی 14 هەنگاوی ناوە، لەم هەلومەرجە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەدا تەنیا ڕێبازی بارزانیی نەمر دەتوانێت بڕیاری نوێبوونەوە و قۆناغێكی نوێی كۆڵنەدات بدات، چونكە پارتیمان هەمیشە لە هەموو قۆناغەكانی نوێبوونەوە و كۆڵنەدانی دا، خاك و نەتەوەی بە ئەولەوییەتی پڕۆگرام و بەرنامەی كاری داناوە». هاوكات دەڵێت: «وەكو دیار و ئاشكرایە لە هەر 13 كۆنگرەكانی پارتیمان لای بارزانیی نەمر و جەنابی سەرۆك بارزانی گرنگییەكی تایبەت بە كەركووك دراوە، لە كۆنگرەی 14ش ئەندامان و جەماوەری سەربەرزی پارتیمان لە شاری كەركووكی دڵی كوردستان دڵنیاین لەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتیمان لەم نوێبوونەوە و بەرەوپێشچوونەدا بە بەرزی و گرنگییەوە لە كەركووك دەڕوانن، هەروەها ئەوەی دەبینرێت ئەو ڕاستییەیە كە كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەلومەرجێكی جیاواز لە كۆنگرەكانی ڕابردوو و بەپێی خوێندنەوە بۆ ئایندە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی و هەستیاریی ئایندەی دۆزی ڕەوای كورد وكوردستانە. پارتیمان لە سەدەیەك خەبات نزیك دەبێتەوە و لەم ساڵانەی خەباتیدا هەزاران قوربانی بۆ كەركووك داوە، بۆیە دڵنیاین لەم كۆنگرەیەشدا پارتی لە ئاست خواستەكانی كەركووكدا دەبێت».

ئەحمەد سەمەد بەرپرسی لقی قوتابیانی زانكۆی كەركووك، ڕایوایە پارتی و ڕێبازی بارزانی هەڵقوڵاوی خواست و ئیرادەی خەڵكی كوردستانن و هاوكات دەڵێت: «هیوادارم لە كۆنگرەی چواردەمدا پارتی بەردەوام بێت لەسەر ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كە وەك هەمیشە خاوەنی قەزیەی كوردی بووە و گەڕانەوەی هەموو ناوچە دابڕاوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بخرێتە بەر باس بەپێی ئەو میكانیزمانەی لە ماددەی 140ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵدا هەن، بەوەش سنووری هەرێم بچەسپێندرێت، چونكە بارزانیی نەمر شۆڕشێكی مەزنی كردە قوربانیی كەركووك و هەوڵی پاراستن و پەرەپێدانی هەموو ئەو دەستكەوت و ئیستیحقاقە نەتەوەیی و سیاسی و ئابوورییانەی بە خەباتێكی مێژوویی هاتوونەتەدی و لە بنەڕەتدا بەرهەمی خوێنی شەهیدانمان و قوربانیدانی گەلەكەمانن، هیوادارم كۆنگرەی داهاتوودا دەروازەیەكی نوێ بكاتەوە لە بەردەم دەنگ و بیر و هزری نوێ، چونكە بیركردنەوەی تاك گۆڕانی بەسەردا هاتووە.پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی سیاسییانەی دۆزی ڕەوای كورد لە چوارچێوەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكاندا، هەروەها ئومێدمان هەیە ئەم كۆنگرەیە ببێتە دەستپێكی وەرچەرخانێكی مێژوویی و نەتەوەیی و نیشتیمانی كە هەڵگری خواستە ڕەواكانی ئەمڕۆی هەڤاڵانی پارتیمان و جەماوەری كوردستان بێت. داواكارم لە هەموو هەڤاڵان لە ئاستی شكۆ و گەورەیی ئەم ڕێبازە پیرۆزەدا هەنگاو بهاوێژن و پابەندی پڕەنسیپە پڕبەهاكان و ڕێنمایی و ڕاسپاردەكان بن».

مەریوان حەكیم جەباری كارگێڕی ناوچەی شۆڕش لە كەركووك، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «پارتی بە درێژای تەمەنی لە هەلومەرجی گونجاودا هەوڵی بەستنی كۆنگرە و نوێبونەوەی داوە و، هەرجارێك كە كۆنگرەی گرێداوە، بە بیرێكی نوێ و خوێنی تازە و بیری تازە و ستراتیژیەتی تازە خۆی نوێ كردووەتەوە، ئێستاش كە كۆنگرەی چواردە بەڕێوەیە، كارەكانی دەستی پێ كردووە بە شێوەیكی جوان لە چوارچێوەی پلان بۆداڕێژراو و ئێمەی كەركووكی چاومان لەوەیە خوێنی تازە و بیری تازە و پەیڕەو و پڕۆگرامێكی نوێ و گونجاو كە لەگەڵ سەردەمی ئێستادا بگونجێت و كاری لەسەر بكرێت، بێتەدی، هەروەها چاوەڕوانی ئەوە دەكەین كەركووك وەك هەمیشە لە دروشمی پارتی و پەیڕەوەكەیدا جێگای بكرێتەوە و ڕێژەیەكی باشی كەركووكی لە كۆنگرە ئامادە بن و ببنە ئەندام و دڵنیاین لەوەی ستراتیژیەتی پارتی وەك هەمیشە لەسەر هێڵی بەرگری لە مافەكانی كورد و كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكان دەمێنێتەوە و چاوەڕوانیی ئێمەی كەركووكی لە كۆنگرەی چواردە ئەوەیە هەمیشە پارتی بە گەنجی و جوانی و هێزی نوێ و بیری نوێ بمێنێتەوە و ڕۆڵی زیاتر بە گەنجان و لاوان و ئافرەتان بدرێت».

Top