ئاگایی له‌ پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمی ئه‌لیكترۆنی

ئاگایی له‌ پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمی ئه‌لیكترۆنی

فه‌یله‌سوف و وه‌رزشوانى فه‌ره‌نسی (بلیز باسكال) ده‌لێ" ئێستا ئامانج نییه‌، ڕابردوو و ئێستا ته‌نها هۆكارن، به‌ڵام پاشه‌ڕۆژ ئامانجه‌".
دوای ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى ئه‌زموونه‌كانى قۆناغی دوازده‌ى ئاماده‌یی به‌ هه‌موو به‌شكانییه‌وه‌ خولى یه‌كه‌م و دووه‌م، هه‌ر قوتابییه‌ك لاى ڕوونه‌ نمره‌ى كۆتایی پۆڵى دوازده‌ چه‌ندی هێناوه‌ و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ كاتى پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمی ئه‌لكترۆنی كۆلێژه‌ بژارده‌كانی خۆى پڕ بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ى حه‌ز ده‌كات وه‌ربگیرێ، بێگومان به‌ پێی نمره‌ى شایسته‌یی.
ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ده‌مه‌وێ باسى بكه‌م و جه‌ختی له‌ سه‌ر بكه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ساڵ دوای ڕاگه‌یاندنى وه‌رگرتنی قوتابیان له‌ كۆلێژ و زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌بینین زۆر جار جیاوازی زۆر نمره‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان قوتابییه‌ ئازیزه‌كان، كه‌چى له‌ هه‌مان كۆلێژ وه‌كو قوتابی ده‌خوێنن.
زۆر جار سه‌رنجم داوه‌ نزیكه‌ى (20)بیست نمره‌ به‌ڵكو زیاتریش جیاوازیان هه‌یه‌ كه‌چى قوتابی هه‌مان كۆلێژ و بگره‌ پسپۆڕى هه‌مان به‌شن، ئه‌وه‌ش من بۆ ئه‌وه‌ ده‌یگه‌رێنمه‌وه‌ كه‌ قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان وه‌كو پێویست شاره‌زایی و زانیارییان نییه‌ له‌ سه‌ر پڕ كردنه‌وه‌ى فۆرمی وه‌رگرتن و له‌ هه‌مان كاتیشدا نازانن كام كۆلێژ كام نمره‌ وه‌رده‌گرێ، له‌وانه‌یه‌ به‌ په‌له‌ بێ له‌ پڕ كردنه‌وه‌ى فۆرمه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامدا هه‌لی زێرینی له‌ ده‌ست ده‌چێ كه‌ پاشه‌ڕۆژه‌كه‌یه‌تى كه‌ ماندوو بوونى دوێنى و ئه‌وڕۆیه‌تى به‌ په‌له‌ و بێ بیركردنه‌وه‌ گه‌وره‌ ترین ئامانجى پاشه‌ڕۆژى له‌ ده‌ست ده‌دات.
بۆ ئه‌وه‌ى قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان تووشى ئه‌و هه‌له‌یه‌ نه‌بن و باشترین هه‌ڵ و ده‌ستكه‌وت له‌ ده‌ست خۆیان نه‌ده‌ن، پێویسته‌ سه‌ره‌تا زانیاری ته‌واو و دروست ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تى پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمی ئه‌لكترۆنی وه‌رگرتن هه‌بێت و له‌ هه‌مان كاتیشدا زۆر ئارام و له‌ سه‌ر خۆ و پشوو درێژ بن، هیچ په‌له‌ كردن و خێراكردنى پێویست نییه‌، به‌ڵكو قوتابی ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانێ له‌ ئه‌نجامی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمه‌كه‌ ده‌توانێ له‌ كۆلێژ و زانكۆی مه‌به‌ست وه‌ربگیرێ كه‌ ئه‌و فۆرمه‌ش چینینه‌وه‌ى هه‌موو ماندوو بوون و شه‌ونخوونی و ده‌رده‌سه‌ری دوازده‌ ساڵى ڕابردوویه‌تى، له‌ هه‌مان كاتیشدا خاڵێ وه‌رچه‌رخانى ده‌ستنیشان كردنى ئامانجی پاشه‌ڕۆژیه‌تى. بۆیه‌ هه‌ر په‌له‌یه‌ك په‌شیمانى له‌ دوایه‌.
بۆیه‌ پێویسته‌ قوتابیانى ئازیز سه‌ره‌تا هه‌موو زانیارییه‌كیان هه‌بێت له‌ سه‌ر كۆلێژ و زانكۆكان و چ نمره‌یه‌ك وه‌رده‌گرن و دواتریش بزانن و دڵنیابن له‌وه‌ى زنجیره‌ى هه‌ڵبژارده‌كان به‌ پێى حه‌ز و ئاره‌زوو وخواست و نمره‌كانیان بێت و ئه‌وپه‌ڕى له‌ سه‌رخۆ و هێمن بن و په‌رۆشیان بۆ پڕكردنه‌وه‌ى فۆرمه‌كه‌ تووشى هه‌له‌ و په‌شیمانیان نه‌كات، چونكه‌ زۆر جار وا بووه‌ په‌رۆشی و جۆش و خرۆشی په‌له‌ په‌لی و خێرایی كردن دروست ده‌كات به‌ دڵنیایی له‌ ئه‌نجامى خێرایی و په‌له‌ كردن مرۆڤــ تووشى هه‌له‌ ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى پاشه‌ڕۆژی قوتابییه‌ ئازیزه‌كانمان مسۆگه‌ر و ده‌سته‌به‌ر بێت و ماندوو بوون و نمره‌كانیان به‌ پێى شایسته‌یی خۆیان له‌ كۆلێژه‌كان وه‌ربگیرێن و جیاوازی زۆرى نمره‌كان له‌ هه‌مان كۆلێژه‌كان دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ و دوو دڵى و ڕاڕایی كه‌س و كاری قواتبیانیش كه‌متر بێته‌وه‌، به‌ پێویستى ده‌زانم وه‌زاره‌تى خوێندنی باڵا كاتێك ته‌رخان بكات كه‌ له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك كه‌متر نه‌بێت له‌ رێگاى به‌رنامه‌ى ته‌له‌فزیۆنى و سۆشیال میدیاى تایبه‌ت به‌وه‌زاره‌ت به‌رنامه‌ى تایبه‌تى هه‌بێت به‌ به‌رده‌وامى بۆ ووشیار كردنه‌وه‌ى قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان و ڕۆشنبیركردنیان له‌ سه‌ر زانیارییه‌كانى فۆرمه‌كه‌ و چۆنیه‌تى پڕ كردنه‌وه‌ و، له‌ هه‌مان كاتیشدا زانیاری دروست بدرێته‌ قوتابییان كه‌ له‌و ساڵدا به‌ نزیك كراوه‌یی هه‌ر كۆلێژێك جیاوازی وه‌رگرتنى نمره‌كان له‌ نێوان چه‌ند و چه‌ند ده‌بێو كورسی وه‌رگرتنى كۆلێژه‌كان ژماره‌یان چه‌نده‌ و هه‌وڵبدرێ ئه‌و جۆره‌ به‌رنامه‌ ڕۆشنبیركردنه‌ و فێركردنى قوتابیان ڕۆژانه‌ په‌خش بكرێ و بتوانرێ پرسیار و وه‌ڵام هه‌بێت، چونكه‌ به‌ دڵنیایی په‌یوه‌سته‌ به‌ پاشه‌ڕۆژى خودی قوتابییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان تا له‌ داهاتوو كه‌ قوتابی له‌ هه‌ر كۆلێژێك وه‌رگیرا هه‌ست به‌ نا ئومێدی و په‌شیمانى نه‌كات، به‌ڵكو به‌ پێچه‌ونه‌وه‌ جۆش و خرۆشی و په‌رۆشی بۆ پسپۆڕییه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و كۆلێژه‌ى لێی وه‌رگیراوه‌ هه‌م گونجاوه‌ به‌ پێى نمره‌كه‌ى هه‌میش خواست و ویستى قوتابییه‌كه‌یه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنی باڵا بایه‌خ و گرنگى به‌و لایه‌نه‌ بدات، ده‌توانرێ له‌گه‌ڵ وشیاركردنه‌وه‌كان چه‌نده‌ها سه‌نته‌ر و په‌یمانگاى تایبه‌ت به‌و بابه‌ته‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى خوێندنی باڵا بخرێته‌ كار.
له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ش له‌ بیر نه‌كه‌ن دایك و باوكان رێز له‌ هه‌ڵبژارده‌ى منداڵه‌كانیان بگرن و فشار و گوشار و پاڵه‌په‌ستۆ نه‌خه‌نه‌ سه‌ریان با به‌حه‌ز و ئاره‌زووی خۆیان كۆلێژه‌كان پڕ بكه‌نه‌وه‌، نه‌ك به‌ حه‌ز و ئاره‌زووی كه‌س و كار، چونكه‌ ئه‌وه‌ پاشه‌ڕۆژی قوتابییه‌كانمانه‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، بێگومان دوای ڕوون كردنه‌وه‌ى پێویست له‌لایه‌ن كه‌سوكاره‌وه‌ بۆ قوتابییه‌كان.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top