پێشمەرگە،رابەر،سەرۆک مێژوویەکی واقیعی وڕاشکاو

پێشمەرگە،رابەر،سەرۆک مێژوویەکی واقیعی وڕاشکاو

نووسینەوەی مێژوو و پەرتووك لە سەر دەستی پێشمەرگە و ڕابەرێك و مرۆڤێك كە قوتابییەكی پەروەردەی رێبازێكی پیرۆزی وەك رێبازی بارزانی و قوتابخانەی كوردایەتیی وەك پارتی بێت ‌ نووسینەوەی چیرۆكی و دەیان داستانی نەبەردی و بیرەوەری و ڕووادو و پێشهاتەكان و خۆشی وناخۆشییەكان بەرامبەر بە دۆزی ڕەوایی گەلێكی خۆڕاگر و ستەملێكراویی تینویی ئازادی و سەربەستی بەهەمان شێوەی خەبات و تێكۆشانەكان كاریگەری لە سەر دوژمنان و ناحەزان دادەنێت و لە هەمانكاتیشدا لاپەرەكان مێژوو دەوڵەمەند و ڕازاوە دەكات بەو هەموو تێكۆشان و سەروەرییانە كە لە سەر دەستی سەرۆك مسعود بارزانی كە لە نێو ڕووداوەكان زیاتر لە حەوت دەیەی كورد وكوردستان و شۆڕش و بەرخودان نووسراوەتەوە متمانەپێكراوترین و راستیی ترین مێژوویی سەردەمییانەیە كە بە روونی وئاشكرایی باسی كراوە .
بۆیە، ئامانجی سەرۆك مسعود بارزانی لە نووسینەوەی ئەو زنجیرە پەرتووكانە بۆ ئەوەیە پێیمان بڵێت كە ، مێژوو بەڵگەكان و رووداوەكان دەینووسنەوە و هەرچی روویدابێت و رووبدات بكەرەكانی دەبێت بەرپرسیارییەتییە مێژووییەكەی هەڵبگرن و هیچ شتێك ون نابێت و هەموو راستییەكان لە كاتێكی گونجاودا دەردەكەون و رووندەبنەوە بۆ خەڵكی كوردستان، بە رووداوە باش و خراپەكانییەوە . بەتایبەتیش دەمهەوێت بڵێم كە نەوەكانی ئایندە زۆر خۆشبەختن كاتێك مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كورد لە نێو پێنج بەرگدا لە نووسینی سەرۆك بارزانی، لە بەردەستیاندایە و دەتوانن ھەمیشە وەك سەرچاوەیەكی بایەخدار و بەكەڵك بۆی بگەڕێنەوە و سوودی لێ وەربگرن.
ئەگەر هەڵوەستە لە سەر كتێبی " بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد - بەشی پێنجەم - بەناوونیشانی " راپەرٍینن دەرفەت وئاستەنگەكان هەر لە ساڵی 1991- 2022 لە نووسینی پێشمەرگە، رابەر وسەرۆك مسعود بارزانی بكەین كە یەكێكە لەو زنجیرە كتێبە پڕبایەخ و گرانبەهایە لە روونی نارۆكی مێژووی قۆناغەكانی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان كە سەرۆك بارزانی نووسیووێتی، هەر مرۆڤێكی خاوەن هەست و نیشتیمانپەوەر وكوردپەوەر دەخاتە نێو قوڵایی هەست و بابەتەكان بەتایبەت قۆناغێكی خەباتی گرنگی گەلەكەمان ئەویش ڕاپەرینە شكۆمەندەكەی بەهاری 1991 تا دوای راپەڕین و ئینجا شەڕی نەگریسی خۆكوژی یا كورد كوژییە .
بەتایبەت ئەگەر هەڵوەستەی كتێبی سەرۆك بارزانی لە سەر دوو قۆناغی زۆر گرنگ و جیاوازی هەستیاری گەلەكەمان ئەوەیش قۆناغی خەباتی شۆڕشگیری یا شاخ و ئینجا قۆناغی یاسایی دیموكراسین ، كە كەسەرۆك بارزانی زۆر بە ئاشكرایی ئاماژەی بە هەر دوو قۆناغەكە كردووە ، لە لایەكیان سەردەمی دامەزراندنی بەرەی كوردستان و خەبات وتێكۆشان لە دژی ڕژێمی بەعس ، هەروەها دوای راپەرین و ووتارە مێژووییەكەی لە شاری كۆیە، كە دوای بەدامەزراوەیكردنی دامودەزگەكان و دیموكراسی و هەڵبژاردنی و دەسەڵاتی یاسایی دەكات .
منیش وەك لاوێكی كورد ، ئەو شانازییەم پێبرا كە بەشداری ڕاپەرین بكەم و چەند ساڵێك پێشمەرگەی پارێزەری دەستكەوتەكانی راپەرین بم لە نزیكەوە هەندێك لە رووداو و پێشهاتانە ببینم ، بەڵام هەڵسەنگاندن و وردبینی و نووسینەوە رووداوە مێژووییەكان بە هەستێكی ورد و وردبینێكی ژیرانە وریاییەكی زۆری گەڕەكە ، كە رەنگە مێژوونووس و نووسەرانیش توانایی نووسینەوە سات بەساتی هەموو ئەو رووداوانەیان نەبێت ، بەڵام سەرۆك بارزانی بە شێوەیەكی زۆر روون و ڕاشكاوانە باسی هەموو ئەو رووداو و پێشهاتانەی كردووە كە توانیوێتی وەڵامێكی زۆرێك لەو پرسیارانە بداتەوە ، بەتایبەت كاتێك پەرتووكی سەرۆك بارزانی دەخوێنینەوە ، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە وەردەگرینەوە كە ڕەنگە ئەگەر خەمخۆری و دڵسۆزی سەرۆك بارزانی نەبووایە رەنگە دووژمنان وناحەزان بە شێوەیەكی تر مێژووییان بە سوودی بەرژوەندییەكانی خۆیان و لە دژی گەلەكەمان بنووسیاییەوە ، كە ئەمەش پەرتووكە خۆی لە خۆیدا گەورەترین خزمەتە بە مێژووی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستان و خەڵكی كوردستان كە جەنابی سەرۆك پەردەی لەسەر ھەڵماڵیوە و ھەمووانی ئاشناكردووە بە وردەكاری رووداو و پێشھات و قۆناخەكان و راستییە مێژووییەكەی وەك ھێلكەی پاككراو خستووەتە بەردەستمان.
بۆیە، گەر سەرنج وهەڵوەستە لە سەر پەرتووكی سەرۆك بارزانی بكەین ، ئەوا بۆ هەربابەتێكی مێژوویی و رووداو و پێشهاتێك ، ژەمارەیەك بەڵگەی دەستنووس و نووسراویی فەرمی و ڕایی سەركردە سیاسیەكان كورستان ، عێراق، وناوچەكە و جیهانی بوونی هەیە ، كە سەرۆك بارزانی چەندە لە پەرۆشی و دڵسۆزی و تەبایی نێوماڵی كوردستانی بووە بەتایبەت هەر پارتی و یەكێتی ، وەك چۆ، لە رابردوو و ئێستاش وەك ستراتیژییەكی نەگۆڕ پارتی و سەرۆك بارزانی جەختی لە سەر یەكریزی و تەبایی بەهێزتركردنی پێگەی هەرێمی كوردستانی كردۆتەوە، كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا درێژە پێدەر و ئەو بیروباوەرییە كە رێبازی بارزانی بەردەوام بووە تا بە ئەمڕۆیی بەهێزبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان .
هەروەها بەشێكی دیكەی ئەم پەرتووكە گرانبەهایە ڕاشكاوانە ، باسی راستگۆیی و بروابوونی بە دۆزی كورد ، هەموو ئەو هۆكارگەلە بەهێزانە دەكات كە لە هیچ سەردەم و قۆناغێكدا پارتی و بارزانی سازشی لە سەر نەكردووە و ناكات ، لەو پێناوشدا هەمیشە پێشەنگ بووە لە پارێزگاریكردنی و فیداكاری و قوربانیی زۆر لە پێناو بەخشیووە ، بەتایبەت كە داگیركەران و ناحەزانی ئەم گەل و نیشتیمانە بەردەوام كاریان لە سەر ئەوە كردووە كە ناوماڵی كورد هەمیشە پەرتەوازە بێت و خاوەن بریاری سیاسی بەهێز و ئامانجی ستراتیژی هاوبەش نەبێت ، بەتایبەت كە كاتێك سەرۆك بارزانی باسی شەڕی ناوخۆ و كوردكوژی دەكات ، ئاماژە بەهەموو ئەو ڕەهەندانە و كاریگەری دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەكەو نێودەوڵەتی دەكات تا كورد لاواز و پەرتەواز بێت . بەشێكی دیكەش ئەو راستییەیە كە كە لەگەڵ هەموو ئەو قەیران و ناكۆكییە سیاسی و شەڕ كە بەرۆكی گەلی كوردی گرتبوو، بەڵام هەمیشە سەرۆك مسعود بارزانی لە خەمی پارێزگاریكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی بووە و دەستێكی تریشی لە پێناو گەشەسەندن و پێشكەوتن و ئاوەدانی هەرێمی كوردستان بووە ، بەتایبەت ئەگەر ئاماژە بە پێشخستن و گرنگیدان بە بواری پەروەردە و خوێندن بكەین ، لەكاتی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ وڵاتی نەمسا و دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوە ، داوای هاوكاری بۆ زانكۆی سەلاحەدین كردووە، كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا ئاماژەیە بە پەرۆشی وگرنگیدانی سەرۆك بارزانی بە بواری پرۆسەی خوێندن و بەردەوامیدان بە تایبەت لەو قۆناغە سەختانەدا كە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی دوو گەمارۆی ئابووری سەخت ببۆوە و لە پێناو پێگەیاندنی تاكی كوردی لەسەر زانست و زانیاری لەو سەردەم و قۆناخەدا.
لەم پەرتووكە دا ئاماژەیەكی روونە كە رۆڵی و كاریگەری پارتی و یەكێتی و هێزولایەنەكانی بزاڤی رزگاریخوازی كورد بۆ دروستكردنی بەرەی كوردستانی و ئینجا چۆن توانیویانە بەرنامەی و پلانی راپەڕین دابرێژن و ئینجا دواتر سەرسیبخەن و ، لە هەمان كاتدا پارتی و یەكێتی چ رۆڵێكی گرنگییان هەبووە بۆ كۆكردنەوە و رێكخستنی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و چۆن وڵاتانی زلھێزی وەك ئەمریكا و بەریتانیا لەو سەردەمەدا چاویان لە ھەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی بووە بۆ رێكخستن و كۆكردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق و ئامادەكردنییان بۆ ھەر پێشھاتێك بە ئاراستەی رووخاندنی رژێمی دیكتاتۆری بەعس.
بەتایبەت ناكرێت ئاماژە بەو راستییە نەكەین كە سیاسەت و دیپلۆماسی كورد بەتایبەتی پارتی و یەكێتی هەر پێش راپەرین و دوای بەرەی كوردستانی، دیپلۆماسییەكی بەهێزو كاریگەربووە، بەتایبەت رۆڵ و قارەمانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئینجا كاریگەری سیاسی و ئینجا هەڵوێستی سەرۆك بارزانی ، كە وەك هەمیشە هێزێكی گرنگی دییپلۆماسیی كورد وكوردستان بوو لە قۆناغدا لە نێو پەرتووكی سەرۆك بارزانی ئاماژەیەكی روونی پێدراوە و بەتایبەت ئەگەر ئاماژە بە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەو كاتەی كاتەی خاتوو پلاتكای ئەمریكی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بە كاك ھۆشیار زێباری دەڵێت: ئەگەر پارتی لە كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا بەشداری نەكات، یەك دۆلاری پێنادرێت لەو پێنج ملیۆن دۆلارەی تەرخان كراوە بۆ رووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس و هەر لە وەڵامیشدا بۆ خاتوو پلاتكای ، كاك ھۆشیار زێباری وەڵامێكی بەجێی دەداتەوە و پێی دەڵێت: ئێمە ئامادە نابین و ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ پارتی دانراوە وەریبگرین، ھەڵیگرە و بۆ خۆت بیدە بە سیگار. ھەروەھا سەرۆك بارزانی پێی راگەیاندوون كە بە راستی دەتانەوێت سەدام بە پێنج ملێۆن دۆلار بڕوخێنن.
لە پەرتووكی سەرۆك بارزانییدا ، بەڵگەنامە و بابەتی زۆر گرنگ هەن بەتایبەت كاتێك بەشێك لە حیزب ولایەنەكان دەكەونە یەك بەرەوە بۆ شەڕكردن و لێدانی پارتی و بارزانی و هەر ئەوەش بوو كە شەڕی ماڵوێرانكەری ناوخۆ بووە هۆكارێك كە چەندین پێشمەرگە ، هاووڵاتی ئەم كوردستانە ببنە قوربانی شەڕێكی بێ‌ سوود كەتەنها دوژمنان و نەیاران تێیدا سوودمەندبوون و هەروەها لە نێو ئەو پەرتووكە پربایەخەدا گرنگی ئاماژە بە رووداو وپێشهاتەكانی دوای راپەڕین و سەردەمی شەڕی ناوخۆش ئاماژەیان پێكراوە، جوانی باسكردنەكانییان لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە لەوەدایە كە لەو قۆناخانەی بەھەڵوێستبوون، پێزانینەوە ناویان ھێنراوە، كاتێكیش بەرەو چەوتی رۆیشتوون و خراپ مامەڵەیان كردووە وەك خۆیان باسكراون، ئەمەش ئەوپەڕی جوامێری و ئەمانەتی سەرۆك بارزانیمان نیشان دەدات بۆ یاداشتكردنی مێژوو وەك خۆی.
بەشێكی دیكەی ئەم پەرتووكە مێژوویی و پربایەخە باس لە ، كاری و سیاسی و پڕبایەخی پارتی لە ژیان و خەباتی تێكۆشانی لە پێناو ئامانجەرەواكانی دەكات كە چۆن پارتی هەمیشە و لە سەرجەمی ئەو قۆناخانەدا بەوپەڕی دیموكراسی بڕیاری داوە و رای مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكلاكەرەوەبوون و ھەمووانیش بەرپرسیارییەتی بڕیارەكانییان ھەڵگرتووە، كە دواجار بەم رێگەیە پارتی توانیویەتی بەھێز و پتەو و یەكدەست و یەك بڕیار بمێنێتەوە لە ژێر سایەی سەرۆك بارزانیدا.هەروەها ئەو پەرتووكە بە ڕاشكاویی پێمان دەڵێن كە چۆن پارتی بە سەرۆكایەتیی بارزانی لە ژێر ھیچ گوشارێكدا نەچووەتە ژێر دەستی هیچ هێزولایەن و دەوڵەتێكەوە و ھەمیشە خاوەنی بڕیاری خۆی بووە لە ئەوپەڕی بە ھێزیدا و لە كاتی بێ ھێزیشیدا، ئەمەش گەواھیدەری ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان پارتێكی خاوەن ئامانجە و رێگای راستی خۆی بەجێنەھێشتووە و هەموو كارێكی لە پێناو بەرژوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتیمانەكەی بووە . بۆیە، پێوستە، ئەم پەرتووكە و ڕەنگە پەرتووكی تر و بەرگی دیكەش كە تێیاندا باسی رووداو و پێشهاتەی گەروەی مێژوویی دەكرێن پێوستە ، لە نێو هەموو زانكۆو قوتابخانە و ناوەندە ئاكادێمییەكان وەك سەرچاویی گرنگ و متمانە پێكراو سوودیان لێوەربگیرێت و لە هەمان كاتیشدا بابەتەكانی ببنە وانەیەكی گرنگ و پەندی لێوەربگیرێن تا هەموو ئەو زامانەی كە لە رابردوودا جەستەمانی ئازارداوە دەبێت بۆ داهاتوو ساڕێژ بكرێن و رێگە نەدرێت كەس بیكولێنێتەوە و ئەزموونیان بكاتەوە.

Top