بە ئەنجامدانی ریفراندۆم سەرۆك بارزانی بە جیهانی راگەیاند كورد ژێردەستەیی قبوڵ ناكات
كۆلێژی زانستە سیاسییەكان / زانكۆی سەڵاحەدسن
ریفراندۆم پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەورە و گرنگ بوو بۆ گەلی كورد و كوردستانییان، وەرچەرخانێكی مێژوویی و سەرهەڵدانێكی گرنگی بیری نەتەوەیی و بووژانەوەی هزری نەتەوەیی بوو، دوای ماوەیەكی زۆر لە سەرقاڵبوون بە كێشمەكێشی حزبی و شەڕی داعش و ململانێ لەگەڵ حكومەتی عێراقی مەركەزی و، سەپاندنی گەمارۆ و بڕینی قووتی خەڵك و جێبەجێ نەكردنی هەموو ئەو ماددە و بڕگە دەستوورییانەی كە تایبەتە بەگەلی كورد و مافە دەستووری و یاساییەكانی دەپارێزێت. لە ڕۆژێكی مێژووییدا گەلی كورد بە جیاوازیی ئایین و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوە و بیروبۆچوونەكانیانەوە پێكەوە هەمووان بەشدارییان لە پرۆسەی ڕیفراندۆم كرد و بە «بەڵێ بۆ سەربەخۆیی» وەڵامی زیاتر لە 150 ساڵ لە زەوتكردن و پەراوێزخستنی مافی كورد درایەوە، ئەمە لە كاتێكدا لەم سەردەمەدا بەهۆی جیهانگیری و گۆڕانكارییە خێرا و گەورەكانی تەكنەلۆژیا و ئابووری و دەركەوتنی بەرژەوەندییەكان، بیر و هزری نەتەوەیی ڕووی لە پاشەكشە كردووە و چەمكی نەتەوەیی لای زۆر لە گەلانی ناوچەكە و جیهان ڕووی لە كزی كردووە، میللەتی كورد میللەتێكی هوشیارە و باش ئەو ڕاستییە دەزانێت كە لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ئاڵۆز و عێراقە پڕ لە پشێوی و نائارامییەدا هەرگیز بە بێ چوارچێوەیەكی یاسایی و دەستووری، ناتوانێت ڕێگە لە شاڵاوی ئەنفال و تەعریب و تەرحیل و كۆمەڵكوژی بگرێت، كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی كارەساتێكی زۆر دوور نییە و دووبارەبوونەوەی ئازار و مەینەتییەكانی نەتەوەی كوردە.
ڕیفراندۆم پرسێكی دانەبڕاوە لە مێژووی گەلی كوردستان و هەموو ئەو خەبات و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەی بە درێژایی زیاتر لە سەدەیەك ئەنجام دراوە، كە مۆركێكی پاك و بێگەردی نەتەوەییان پێوەیە، هەموو چەمك و زاراوەكانی پەیوەندیدار بە (داواكاریی مافی كولتووری و ناسنامەی كورد و ئۆتۆنۆمی و فیدڕاڵی) یەك مانا كۆیان دەكاتەوە، ئەویش دامەزراندنی چوارچێوەیەكی دەستووری و یاسایی باوەرپێكراوی نێودەوڵەتییە، كە تێیدا گەلی كورد بە هەموو مافەكانی بگات و دەستكەوتەكانی پارێزراو بێت. مەلا مستەفا بارزانی كاتێك هەموو هێزە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی لە ناو پارتێكدا كۆكردەوە و پارتی دیموكراتی كوردستانی دامەزراند، تەنیا بۆ ئەوە بوو وەرچەرخانێك لە مێژوودا لە بواری هزری نەتەوەیی و كوردستانی دروست بكات، تاوەكو هێزە شۆڕشگێڕە نەتەوەییەكان ڕێكخراو بكات و هەمووان پێكەوە بۆ ئامانجە گەورەكەی ئازادی و سەربەخۆیی ئاراستە بكات، كە تێیدا كەرامەتی تاكی كورد و كوردستانی پارێزراو بێت و، چیتر گەورەترین نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوچاری هێرشی سڕینەوەی ناسنامە و مۆركی نەتەوەیی نەبێتەوە. پێشتر شۆڕش و ڕاپەڕین و بزووتنەوەی جودا جودا هەموو ناوچەیی بوون و بەسەر كۆمەڵێك ئایدیۆلۆژیا و بۆچوونی جیاواز دابەش بووبوون، هەر ئەم ڕێبازە بوو كە وای كرد سەرۆك مسعود بارزانی هەڵگری هەمان بیروباوەڕای كوردایەتی و كوردستانی بێت و، پەروەردەی بارزانی-ی باوك و هزری نەتەوەیی ئەو بێت، بە هەمان شێوە دوای سەركەوتنی لە شەڕی داعش و پاراستنی كورد و كوردستانییان و ناساندنی گەلی كورد لە باشووری كوردستان بە دونیا، ڕوو لە ئامانجە گەورەكە بكات، سەرۆك مسعود بارزانی توانی وێڕای فشاری زۆری ناوخۆیی و عێراقی و ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، بۆ هەموو گەلانی جیهان بیسەلمێنێت كورد چیتر ژێردەستەیی و ماف خوراویی قبووڵی نییە و داوای سەربەخۆیی دەكات، كورد لە ڕیفراندۆمدا ئەو متمانەبەخۆبوونەی بۆ گەڕایەوە كە بەرگری لە ناسنامە نەتەوەییەكەی بكات و چیتر بە پاساوی جۆراوجۆر داواكاریی مافە نەتەوەییەكانی دوانەخات، حكومەتەكانی ناوچەكەش ددان بەو ڕاستییەدا بنێن كە كورد نەتەوەیەكە و دەبێت مافە كولتووری و ئابووری و سیاسییەكانی پێشێل نەكرێت و، بە ئابڵوقە و شەڕ و هێرش زیاتر پێداگری لەسەر مافەكانی دەكات و هزری نەتەوەیی تێدا گەشاوەتر دەبێت. بارزانی ئەو ڕاستییەی باش دەزانی كە چیتر ئەو عێراقە نەماوە كە لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوازون و پاراستنی مافی پێكهاتە و كەمینەكان دامەزراوە، عێراقێك كە لە دامەزراندنیەوە كورد تێیدا دوچاری ماڵوێرانی و كوشتن و دەربەدەری و برسێتی و پێشێلكاری بووەتەوە، لە هەموو قۆناغ و سەردەمێكی ئەم عێراقە بە زۆر لكێنراوە بە یەكەوە، بە پاساوی جۆراوجۆر كۆمەڵكوژ كراوین.
لە ڕیفراندۆمدا سەرۆك بارزانی لێكچوونێكی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی هەبوو، لە شۆڕشی ئەیلوول مەلا مستەفا بارزانی هەموو كوردی لە پێناو قەزییەكی پیرۆزی نەتەوەیی بە ئاراستەی شۆڕشی ئەیلوول برد و، جۆرێك لە سەربەخۆیی لە ژێر ناوی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی كوردستان بەدەست هێنا، سەرۆك مسعود بارزانی لە ڕیفراندۆمدا بە جیاوازیی چەمكە سیاسییەكە، كوردی لە فیدڕاڵییەوە بەرەو سەربەخۆیی ئاراستە كرد و ئەو شەرمە سیاسییەی شكاند كە بە ڕەچاوكردنی ویست و حەزی نەیارانی كورد و دراوسێ و هێزە سیاسییەكان لە ناو داواكاریی مافێكی بچووكی كورد گیرمان خواردبوو.
ڕۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕیفراندۆمدا گەورە بوو، ئامادەیی هەموو قوربانیدانێكی تێدا بوو، بە توندی پاڵپشتی مەرجەعی سیاسیی گەلی كوردی دەكرد، لە بەرامبەریشدا بارزانی ئامادە نەبوو سازش لەسەر ئەم داواكارییە نەتەوەییەی گەلەكەی بكات، بەمەش بارزانی و سەركردایەتیی كورد توانییان پارتی بگەڕێننەوە سەر هەمان ئەو پرەنسیپ و پێوەرەی لەسەری دامەزرابوو، كە هزری نەتەوەیی و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بوو، كە مەلا مستەفا بارزانی ڕابەرایەتی دەكرد.
كاری من وەكو ئەكادیمی و شارەزایەكی زانستە سیاسییەكان لەسەر ئەوە نییە كە ئایا ڕیفراندۆم كاتی بوو، یان كاتی نەبوو، یانیش كێ لە ڕیفراندۆمدا زیاتر ناووناوبانگی دەركردووە، كاری من چەسپاندنی حەز و ویست و ئیرادەی نەتەوەیەكە كە بۆ سەربەخۆیی و پاراستنی كیان و كەرامەتی خۆی ژیاوە و دەژی، بۆ هیچ كەس و لایەنێك نییە ئیرادەی پۆڵایینی نەتەوەی كورد و خوێنی شەهیدان و قوربانی و خەباتی یەك سەدەی كورد لەكەدار بكات و، بە فیتی دەرەكی و نەیارانی كورد گومان بخاتە سەر مافی نەتەوەیی كورد بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، من توێژینەوەم لەسەر هەموو ئەو حكومەت و ڕێكخراو و لایەنە سیاسییانە كردووە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیانڕوانییە ڕیفراندۆم، ڕاستە بە بۆچوونی ئەوان (نەیارانی كورد) خاڵی سلبی لە پرۆسەی ڕیفراندۆمەكە و كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆمەكەدا هەبوو، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ڕیفراندۆم خاڵی زۆر گرنگ و ستراتیژیی باشی تێدا بوو، دژەكان لە دەرەوەی هەرێم بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببوون، بەرەیەك ڕەواییان بە ڕیفراندۆم دا، بەڵام دەیانوت كاتی نییە، بەرەیەكی دیكە نەك ڕیفراندۆم، مافی ژیان و كولتووری كوردیشیان بە ناڕەوا دەبینی، ئەوان وایان دەبینی پێویست ناكات كورد دەستكاریی سنوورە دەستكردەكانی دەوڵەتە زلهێزەكان بكات كە لە (سایكس پیكۆ) بە زۆری زۆرداری بەسەر میللەتی كورددا سەپاندبوویان، وایان دەبینی دەبێت كورد ڕازی بێت بەو ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەی كە گەلی كوردی بەسەر چوار پارچەدا دابەش كردووە و مەترسیی سەرهەڵدانی هەمان بۆچوونیان بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش هەبوو، بەشێكی دیكەیان پێیان وابوو ڕاستە ڕیفراندۆم مافێكی ڕەوای گەلی كوردە، بەڵام كاتێكی زۆر بەسەر دابەشكردنی خاك و نەتەوەی كورددا ڕۆیشتووە و دەستكاریكردنی سنوورەكان پشێوی و نائارامی لێ دەكەوێتەوە، وەكو ئەوەی سنوورەكان زۆر ئارام بن و كێشەیەك نەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوی كێشەی كوردەوە، بەمەش دەسەڵاتدارانی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێكی نێودەوڵەتی، خوێندنەوەیەكی بەرژەوەندیخوازانەی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم هەبوو، بۆ ئەم مەبەستەش پاڵپشتییەكی گەورەی توندڕەوە دوژمنەكانی كوردیان دەكرد، كە هەر كوردیان بە نەتەوە نەدەزانی، لەمانە هەمووی گرنگتر ئەوە بوو كە ڕیفراندۆم بۆ كورد چی دەگەیەنێت؟ خەونێكی نەتەوەیی و نیشتمانی زیاتر لەسەد ساڵ خەبات و قوربانی، ڕیفراندۆم بە بیری هەموومانی هێناینەوە كە چۆن لەسەر هزری نەتەوەیی كار بكەین و نەتەوە بونیات بنێینەوە و چیتر ئەوەندە ملكەچی ویست و خواستی بەرژەوەندیخوازیی گەلانی دیكە و حوكمڕانەكانی ناوچەكە و ئایدیۆلۆژیای نامۆ بە نەتەوەی كوردی ئەودیو سنوورەكانەوە نەبین، كورد بە درێژایی مێژوو لە ناو گەلانی دیكەدا كاری كردووە، لە ناو دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی و عەرەبی ئیسلامیدا چەندین زانا و كەسایەتیی ناسراو و بلیمەتی هەبووە، وەكو كەسایەتی و وەكو نەتەوە هەموو نەتەوەكانی ناوچەكە قەرزاری كوردن، بەڵام هەرگیز لە بەرامبەردا ددانیان بەوەدا نەناوە كورد گەلێكی زیندووە و مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی هەیە، ڕەنگە بەشێك لەمە بۆ نەبوونی ناسنامەی سیاسیی كورد بگەڕێتەوە، كە لە ڕیفراندۆمدا بارزانی و گەلی كورد ویستیان بیگەڕێننەوە و چوارچێوەیەكی یاسایی و دەستووری و نێودەوڵەتیی پێ بدەن.
عێراقی بە زۆرەملێ بەیەكەوە لكێنراو هەرچەندە تا ڕاددەیەك بەراورد بە دەوڵەتانی دیكەی عەرەبی مەدەنیتر و دامەزراوترە، بەڵام هەرگیز وەكو هاوبەش و پێكهاتەیەكی سەرەكی سەیری كوردی نەكردووە، هەر كاتێك شەڕی نەبووە، پەلاماری كورد و دیهاتەكانی داوە، لە كاتێكدا نەك تەنیا بۆ بونیاتنانی عێراقی نوێ، بەڵكو لە عێراقی كۆنیشدا لە ساڵی 1921 كە دەوڵەتەكە دروست بوو، گەلی كورد بەشدارییەكی كارای هەبووە، لە ئێستادا ئەزموون و مێژوو پێمان دەڵێت ئەگەر بمانەوێت كۆمەڵكوژی و هێرشی ناوەند دووبارە و دەبارە نەبێتەوە، ئەوا زۆر پێویستە ڕیفراندۆم زیندوو بكرێتەوە، مەرج نییە تەنیا بە شێوازی دەوڵەت، بەڵكو دەكرێت بە شێوازی جۆراوجۆری دیكەی وەكو كۆنفیدڕاڵییەت بێت، لەمەشدا گەلی كورد پێویستی بە سەرۆك مسعود بازرانی هەیە، كە پەروەردەی مەلا مستەفا بارزانیی باوكە و لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا سەرقافڵەی خەبات و هەڵگری بیری نەتەوەیی بووە، لەم ڕوانگەیەشەوە لای ئەیلوولییەكان دەنگدان لە ڕیفراندۆمدا شتێكی ئاسایی و سروشتی بوو، چونكە ئەوان پەروەردەی قوتابخانەیەكی بیری نەتەوەیین و خەباتیان بۆ گەلی كورد و سەربەخۆیی كردووە، هەموو نەتەوە و بزووتنەوەیەكی ڕزگاریخوازی كە دروست دەبێت، لەسەر ئەو پرەنسیپ و بیروباوەڕەی لەو نەتەوە هەیە لە ڕووی عەقڵانی و مەنتیقیەوە دروست دەبێت، هەموو بزووتنەوەیەكی ڕزگاریخواز دەبێت نەتەوەیی بێت، دواتر هەموو حزب و ڕێكخراوێكی سیاسی كار لەسەر ئەو ناسنامە نەتەوەییە دەكات، گرفتەكەی ڕیفراندۆم تەنیا لەوەدا بوو كە لە دوای ڕیفراندۆمەكە و لەناو جەرگەی هێرش و ئابڵوقەدان و سزادانی گەلی كورددا نەمانتوانی بەرەیەكی تۆكمەی كوردستانی لە هێزی پێشمەرگە دروست بكەین، تاوەكو بەرگری لەم دەستكەوتەی گەلی كورد و كوردستان بكەین، لە كاتێكدا بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە گەورەكە، دەبوایە پێش گەیشتن بە بەربەستە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، خۆمان ئامادە بكردایە، چونكە دژایەتیی ڕیفراندۆم لە ناوخۆی كوردستاندا و مامەڵەكردنی بەراورد بە نەیار و دوژمنانی ناوچەكە و جیهان زۆر مەترسیدارتر و قورسترە.
پرسیارە گرنگەكە لەسەر ڕیفراندۆم لێرەدا ئەوەیە، ئەگەر سەرۆكی كورد مسعود بارزانی جارێكی دیكە ویستی پرسی ڕیفراندۆم و ئیرادەی گەلی كوردستان زیندوو بكاتەوە، چی ڕوو دەدات؟ كورد لە ڕیفراندۆمدا بە (بەڵێ) گوزارشتی لە ڕا و بۆچوونی خۆی بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی كرد و، ئەو تەفویز و دەسەڵاتەی بە مسعود بارزانی داوە و بەشێك لە دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی خواست و داواكارییەكەی بە سەرۆك بارزانی داوە، ڕەنگە ئەمڕۆ دۆخەكە لە بار نەبێت بۆ پێدانی دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان لە لایەن مسعود بارزانی-یەوە، بەڵام لە دەرفەتێكی مێژوویی و گۆڕانكارییەكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ڕیفراندۆم شێوازێكی دیكە وەردەگرێت، مەرج نییە سەربەخۆیی بێت، لەوانەیە لە ئێستادا كۆنفیدڕاڵی بێت، كە لە فەلسەفەی سیاسیدا قۆناغێكی پێشكەوتووترە لە مافی كولتووری و حوكمی زاتی و فیدڕاڵی، خۆ لە كۆتاجاردا هەموو ئەم چەمكە سیاسییانە كە تەرجومە دەكرێت، بریتییە لە جۆرێك لە سەربەخۆیی زاتی بە چەند شێوازێكی جیاوازەوە.