لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئەلشەباب لە سۆماڵ 21 کەس کوژران

لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئەلشەباب لە سۆماڵ 21 کەس کوژران

 

 

لە ئەنجامی هێرشی چەند چەكدارێك بۆ سەر هۆتێلێک لە مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ 21 کەس کوژران و دەیان کەسیش برینداربوون. گروپی ئیسلامی - توندڕەوی الشباب بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت.

عەبدی حەسەن هیجار، بەرپرسی پۆلیسی مۆگادیشۆ بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: کە گەمارۆی هۆتێلەکە لە دەوروبەری نیوەشەو کۆتایی هات و زیاتر لە 30 کاتژمێری خایاندووە تا حكومەت و هێزە ئەمنییەکان توانیان كۆنتڕۆلی ناوچەكە بكەن.

بەوتەی ئەو بەرپرسە ، هێزە ئەمنییەکانی سۆماڵ توانیان ژمارەیەکی زۆر لەهاووڵاتییان ڕزگاربکەن، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ لەو هۆتێلەدا گیریان خواردبوو.

بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی مۆگادیشۆ، دۆخی 15 کەسی برینداری ئەو هێرشە زۆر سەختە و لەوانەیە ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە.

بەرپرسانی ئاسایشی سۆماڵی تا ئێستا ڕوونکردنەوەیان  نەداوە لەسەر چۆنیەتی هێرشی هێزەکانی ئەلشەباب و ژمارەی ئەو چەکدارانەی چوونەتە ناو هۆتێلەکەوە.

ئەم هێرشە لە مۆگادیشۆ گەورەترین هێرشی تیرۆریستییە لە دوای دەستبەكاربوونی حەسەن شێخ محەمەد سەرۆکی سۆماڵ لە مانگی ئایاری ڕابردوودا.

ماوەی چەند ساڵێکە هێزە ئیسلامییەکانی ئەلشەباب لەگەڵ حکومەتی ناوەندی سۆماڵ لە ململانێدان.

هێزەکانی ئەلشەباب لە ساڵی 2011دا ناچاربوون لە مۆگادیشۆ كەپڕ دانیشتوانترین ناوچەی سۆماڵە بکشێنەوە، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا توانیویانە بەشێک لەو ناوچە لادێیانە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە کە پێشتر بەجێیان هێشتبوو.

سەرۆکی پێشووی سۆماڵ هەوڵیدەدا خۆی لە هەر ململانێیەكی گەورە لەگەڵ هێزەکانی ئەلشەباب بەدوور بگرێت، بەڵام سەرۆکی نوێ کە پشتیوانی هێزەکانی ئەمریکای هەیە دەڵێت، لە دژی هەزاران چەکداری ئەو گروپە ڕێوشوێن دەگرینەبەر.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ئیدانەی هێرشی ئەم دواییەی شاری مۆگادیشۆی کرد و ڕایگەیاند، کە پشتیوانی لە خەباتی گەلی سۆماڵ دەکات بەرەو ئاشتی و کۆتایی هێنان بە تیرۆر.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top