پارتی .. بهرهیهكی نیشتمانی بۆ گهشهكردنی بیری نهتهوهیی
چەمكی«پارتی سیاسی- political Party»، لە بیركردنەوەی بەشی هەرە زۆری ڕێبەرە كاریزماكانی نەتەوەكانی جیهاندا بریتییە لە ئیلهام وەرگرتن لە مێژوو و شكۆی نەتەوە بۆ دامەزراندنی دامەزراوەیەك وەك ئامرازێك بۆ كۆكردنەوە و ڕێكخستنی تواناكان و نوێنەرایەتیكردنی ئیرادەی نەتەوە بۆ شۆڕش و ڕزگاركردنی نەتەوە لە ژێردەستەیی و هەروەها بۆ ڕزگاركردنی دەوڵەتە لە فەوزا و پاشاگەردانیی سیاسی و گێڕانەوەی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و فەراهەمكردنی كۆمەڵگەیەكی ئازاد و خۆشگوزەران، كاتێك ڕابەرێكی كاریزمای نەتەوە بیر لە دامەزراندنی پارتێكی سیاسی دەكاتەوە، پێش دامەزراندنی پارتە سیاسییەكە، كاریزمایەك لە هەناوی مێژووی نەتەوە لەدایك بووە، كە هەموو گەل وەك باوك و ڕابەر سەیری دەكات. هەر بۆ نموونە ئەگەر سەرنج لەسەر دامەزراندنی «پارتی كۆماری دیموكراتی ئەمریكا – 1823» بدەین، دەبینین ئەم پارتە كە دێرینترین پارتی سیاسییە لە جیهاندا و لەسەر دەستی هەردوو باوكی دامەزرێنەری كۆماری ئەمریكا «تۆماس جیفرسۆن و جیمس مادیسۆن» دامەزراوە، ئەوا دەبینین ئەم دوو باوكە دامەزرێنەرەی ئەمریكا، ئەم پارتەیان بۆ ئەوە دانەمەزراندووە كە دەنگیان بۆ كۆبكاتەوە و بە ڕێگەی ئەم پارتە ببن بە سەرۆكی ئەمریكا، بە پێچەوانەوە «تۆماس جیفرسۆن» لەناو گەلی ئەمریكادا هاوتای «جۆرج واشنتۆن»ـە و لە ساڵی 1776 خۆی بەیانی سەربەخۆیی ئەمریكای نووسیوە و، سێیەمین سەرۆكی ئەمریكا بووە بۆ دوو خول (1801- 1809) و «جیمس مادیسۆن»یش كە چوارەمین سەرۆكی ئەمریكا بووە بۆ دوو خول (1809-1817)، ئەم دوو كاریزمایە وەك شەخسی خۆیان پێویستییان بە دامەزراندنی پارتێكی سیاسی نەبووە بە ناوی «پارتی كۆماری دیموكراتی ئەمریكا»، بەڵكو زەروورەتی سەرهەڵدانی ئاژاوە و پاشاگەردانیی سیاسی لە پرۆسەی سیاسیی ئەمریكا وای لێكردن، بۆ دووبارە یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تواناكانی گەلی ئەمریكا، بیر لە دامەزراندنی ئەم پارتە سیاسییە بكەنەوە. ئەم واقیعە بۆ بیركردنەوەی مستەفا بارزانی لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە هەمان شێوەیە و كاتێك بیری لە زەروورەتی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كردەوە، خۆی و پێشمەرگەكانی پارێزەری كۆماری كوردستان بوون و، لە شەڕێكی سەختدا بوون لەگەڵ سوپای شاهەنشایی ئێران، هەر بۆیە مستەفا بارزانی بە ئیلهام وەرگرتن لە مێژووی شكۆی نەتەوە، دامەزراندنی پارتێكی سیاسی وەك «بەرەیەكی نیشتمانی» بۆ كۆكردنەوە و ڕێكخستنی تواناكان و نوێنەرایەتیكردنی ئیرادەی نەتەوەی لەو قۆناغەدا بە پێویست زانی، ئەوجا لەبەر ئەوەشی مستەفا بارزانی پێش دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناو هەناوی مێژووی نەتەوەدا وەك ڕابەر و كاریزما لەدایك ببوو، هەر بۆیە دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی «پارتی دیموكراتی كوردستان»، خەڵكی كوردستان ئومێدێكی گەورەی بۆ دروست بوو، هەمووان لە دەوری پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە، ئەو كۆبوونەوەیە لە دەوری ئیرادەی ڕابەر و كاریزمایەك كە لە هەناوی مێژوو و مێژووی خەباتی نەتەوەكەی خۆیدا لەدایك ببوو، وای كرد، پێشەوا قازی محەمەد (یەكەمین سەرۆك كۆماری كوردستان) ئەمانەتی پاراستنی «ئاڵای كوردستان»ی بە مستەفا بارزانی سپارد.
زەروورەتی دامەزراندنی پارتێكی سیاسی
لە فیكر و بیركردنەوەی مستەفا بارزانیدا
لەسەر ڕاسپاردەی مستەفا بارزانی و بۆ كۆكردنەوەی حزبە سیاسییەكانی ئەو سەردەمە و، كۆكردنەوەی كەسایەتییە نیشتمانپەروەرەكان و ڕێكخستن و یەكخستنی تواناكان و نوێنەرایەتیكردنی ئیرادەی نەتەوە، لە یەكەمین كۆنگرەی خۆیدا لە 16ی ئابی 1946 لە شاری بەغدا دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیەندرا و، ئامانج لە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكخستن و ڕێكخستنی تەواوی هێز و تواناكانی گەلی كوردستان بۆ دامەزراندنی «كۆماری كوردستان» بوو، ئەم ئامانجەش لە گوتارەكەی مستەفا بارزانی لە «پاكۆ - 1947» زۆر ڕاشكاوانە جەختی لەسەر كراوەتەوە.
كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان وەك «پارتێكی دامەزراو لەسەر دەستی كاریزمایەك پێناسە دەكەین»، مەبەستمان ئەوەیە دامەزرانی ئەو پارتانەی ڕێبەرە كاریزماكانی نەتەوەكانی جیهان بیری لێ دەكەنەوە، زەروورەتی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانی و زەروورەتی ڕێگرتن لە پاشاگەردانی و فەوزای سیاسیی ناو دەوڵەت، ناچاریان دەكەن، بیر لە دامەزراندنی پارتێكی سیاسی بكەنەوە وەك ئامرازێك بۆ ڕزگاریی نەتەوە و چارەسەركردنی پاشاگەردانی و فەوزای سیاسی لە ناو دەوڵەتدا بەكاری بهێنن.
نموونەی دامەزراندنی ئەم جۆرە لە پارتی سیاسی و جووڵانەوەی سیاسی لە مێژووی نەتەوەكاندا زۆرن، هەر بۆ نموونە: كاتێك «جۆرج واشنتۆن» سەركردایەتیی شۆڕشی ئەمریكای كرد بۆ ئازادی و جیابوونەوە لە بەریتانیا، تەنیا جووڵانەوەیەك هەبوو بە ناوی «ئاهەنگی چا- « Tea Party » و دروشمی ئەم جووڵانەوەیەش كە بووە بڵێسەی شۆڕش، ئەوە بوو: «باج دەدەین بە ئاو و سندوقە چاكان دەخەینە ناو دەریا و باج بە حكومەتی بەریتانیا نادەین»، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 47 ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆماری ئەمریكا لە ساڵی 1823 هەردوو باوكی دامەزرێنەری كۆماری ئەمریكا «تۆماس جیفرسۆن» و «جیمس مادیسۆن» كە هەر یەكەیان بۆ ماوەی هەشت ساڵ سەرۆكی ئەمریكا بوون، دامەزراندنی پارتێكی سیاسییان بەناوی «پارتی كۆماری دیموكراتی ئەمریكا» بە زەروورەت زانی. واتە دامەزراندنی ئەم پارتە لەو كاتەدا زەروورەت بوو بۆ ڕاستكردنەوە و ڕێكخستنەوەی حوكمڕانی لە ئەمریكادا، نەك ئەو دوو كەسایەتییە پێویستیان بە دامەزراندنی پارتێكی سیاسی هەبێت.
هەروەها كاتێك فەرەنسا كەوتە گێژاوی پاشاگەردانیی سیاسی و گەیشتە لێواری هەڵدێر لە ساڵی 1958، شارل دیگۆل كە فەرەنسای لە نازیسم ڕزگار كرد و ببووە ڕابەر و سیمبول و كاریزمای هەموو گەلی فەرەنسا، ناچار بوو لەناو ئەو فەوزا و پاشاگەردانییە سیاسییەی كە حزبە سیاسییەكانی ئەو كاتی فەرەنسا دروستیان كردبوو، بۆ ماوەی 12ساڵ (1946-1958) خۆی لە پرۆسەی سیاسی كشاندەوە، بەڵام كە گەیشتە ئەوەی ئەم پاشاگەردانییە ببێتە مەترسی لەسەر چارەنووسی گەل و شكۆی كۆماری فەرەنسا، شارل دیگۆل پەنای بۆ جەماوەری فەرەنسا برد و، دەستووری فەرەنسای هەموار كردەوە و «كۆماری پێنجەم»ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەش «پارتی دیگۆل»ی ڕاگەیاند، بەمەش نەك هەر كۆماری فەرەنسای لەسەر لێواری هەڵدێر ڕزگار كرد، بەڵكو بەردی بناغەی «بازاڕی هاوبەشی ئەوروپا»ی دانا، كە بووە ئەو «یەكێتیی ئەوروپا»یەی ئێستا 27 دەوڵەتی لەناو خۆیدا كۆكردووەتەوە.
لەمەش نزیكتر، دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان لەسەر دەستی «ڕەجەب تەیب ئەردۆگان» لە توركیا و بردنەوەی بە ڕێژەی (50+ 1) لە هەڵبژاردنەكانی 2002، تەنیا دامەزراندنی پارتێكی ئیسلامیی سیاسی نەبوو، وەك «پارتی ڕەفا» كە «نەجمەدین ئەربەكان» سەرۆكایەتی دەكرد، بەڵكو پارتی داد و گەشەپێدان یەكگرتنی تەواوی ئەو هێزانە بوو كە دژی سیستمی عەلمانییەتی توركیا بوون و خەویان بە گێڕانەوەی «خەلافەتی عوسمانی»یەوە دەبینی، بەتایبەتیش دامەزراوەی «خزمەت» بە سەرۆكایەتیی «فەتحوڵا گوڵەن»، كە ئەم دامەزراوەیە بە ڕێگەی كردنەوەی قوتابخانە و زانكۆ لە بەشی زۆری وڵاتانی ئیسلامی، ساڵانێكی زۆر بوو كەلتووری «ئیسلامی - عوسمانی» بڵاو دەكردەوە و، ببووە هێزێكی میللیی نەرم لەناو توركیادا، هەر بۆیە لەگەڵ دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ یەكەم جار بوو كە پارتێكی سیاسیی ئیسلامی بتوانێت، ڕێژەی (50+1%)ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و، كۆتایی بە ناسەقامگیریی حكوومی و حوكمڕانی بهێنێت و، لە ماوەی تەنیا 10 ساڵدا توانی گۆڕانكاریی گەورە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری لە توركیا دروست بكات و، توركیا بووە یەكێك لە ئەندامانی گرووپی 20 دەوڵەتە دەوڵەمەندەكەی جیهان «G 20» . ئەوەی جێگەی سەرنجە لەسەر پارتی داد و گەشە پێدان، ئەوەیە كە ڕاستە هەتا ئێستاش پارتێك بە ناوی «داد و گەشەپێدان» هەر ماوە و لە دەسەڵاتیشدایە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو بناغە «بەرە»یەی ئەو پارتەی لەسەر بونیاد نرابوو و ئێستا لێكترازەوە و بوونی نەماوە، ئەوا ئێستا ئەو جیاوازییە زۆر بە ڕاشكاوی دەبینین كە لە دوای ساڵی 2012وە هەمان پارتی سیاسی بووەتە سەرچاوەی لێكترازانی كۆمەڵگەی توركیا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش توركیا بەرەو دووركەوتنەوە لە یەكێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی دەڕوات، ئابوورییەكەشی كەوتووەتە قەیرانێكی گەورەوە، ڕاستە هەمان حزب بە ناوی «داد و گەشەپێدان» ماوە و لە دەسەڵاتیشدایە، بەڵام هەر ڕۆژەو پەلاماری دەوڵەتێكی دراوسێی خۆی دەدات.
ئاماژەكردنمان بۆ ئەو نموونانەی كاتێك نەتەوە پێویستی بە زەروورەتی دامەزراندنی پارتێكی سیاسی دەبێت، بۆ ئەوە بوو، كاتێك ئەو پارتە سیاسییە دووچاری كێشەیەك دەبێت، كێشەكە وای لێ نەكات، واز لەو پرەنسیپانە بهێنێت كە ڕابەر و كاریزمای دامەزرێنەری ئەو پارتە بۆ پارتەكەی داڕشتووە. ئەوجا ئەگەر لێرەوە خوێندنەوەیەك بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975، ئەوا دەبینین جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی مستەفا بارزانی، ئەو پرەنسیپ و بنەمایانەی پاراست كە پارتی دیموكراتی كوردستانی لە پێناودا دامەزراوە، هەر بۆیە لەبەر ئەوەی دوای نسكۆ زەمینەی ئەنجامدانی كۆنگرە لەبار نەبوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بە پێچەوانەی هەموو پارتە سیاسییەكانی سەر گۆڕەپانی خەبات لە كوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەركردایەتییەكی كاتی دەستنیشان كرد و، دوای ساڵێك دووبارە هەڵگیرسانەوەی «شۆڕشی گوڵان»ی ڕاگەیاند. ئەم بوێری و پابەندبوونە بە پرەنسیپەكانی ئیرادە و مێژووی نەتەوە لەسەر ئاستی جیهانیشدا لە كەم پارتی سیاسیدا پەیڕەو كراوە و بوونی هەبووە.
لە ماوەی ساڵانی 1975 -1979 و بۆ زەمینەسازی بۆ گرێدانی كۆنگرەی نۆیەم، بەڕێزان «سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانیی هەمیشە زیندوو» لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیە گرتبووەبەر كە لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان هاوكاری و دەستگیرۆیی ئەو گەنجە خوێنگەرمانە بكەن كە جووڵەی سیاسییان دەستپێكردبوو و حزبی تازەیان دروست كردبوو، هەروەها لەسەر ئاستی دەرەوەش لە هەوڵێكی بێوچاندا بوون، كە هەم پشتیوانیی نیودەوڵەتی و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەكانی جیهان بۆ شۆڕشی كوردستان دروست بكەنەوە، هەم ئومێدێكیش بۆ ئەو تیكۆشەرانە دروست بكەنەوە كە دوای ساڵی 1975 ڕوویان كردبووە هەندەران.
لە دوای ساڵێك لە گرێدانی كۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكەمین هەنگاوی سەرۆك مسعود بارزانی دامەزراندنی بەرەی جود (بەرەی نیشتمانی دیموكراتی) بوو، كە چوار پارتی سیاسی لەژێر چەتری خۆیدا كۆكردبووەوە و بریتی بوون لە «پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی شیوعی عێراق، حزبی سۆشیالیستی كوردستان – حسك، پارتی سۆشیالیستی كوردستان- پاسۆك». سەرنج بدەن جارێكی دیكە سەرۆك مسعود بارزانی زەروورەتی «پارتێكی سیاسی» بۆ یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەی تواناكان و نوێنەرایەتیكردنی ئیرادەی نەتەوەی لە چوارچێوەی « خەباتی بەرەییدا» پێناسە كردەوە، لەمەش زیاتر هەوڵەكان بەردەوام بوون بۆ ئەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-یش بێتە ناو ئەو بەرەیە و پەرتەوازەیی نێوماڵی كوردستان كۆتایی بێت و ئومێدێكی تازە بۆ نەتەوەكەمان دروست ببێتەوە، بۆ ئەمەش وەك خوالێخۆشبوو فەرهاد عەبدولحەمید ئەندامی سەركردایەتیی پاسۆك لە بەرنامەی «ڕووداو و مێژووی تەلەفزیۆنی NRT » دەڵێت: «ئێمە دەستپێشخەرییەكمان بۆ گرێدانی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هەبوو و پاش ئەوەی لە سەركردایەتیی پاسۆك گەڵاڵەمان كرد، بردمان بۆ لای كاك ئیدریس بارزانی و دوای ئەوەی ناوەرۆكی پڕۆژەكەمان بۆ باس كرد، كاك ئیدریس بارزانی گوتی: «ئەم كارەتان هێندە پیرۆزە بۆ یەكڕیزیی نێوماڵی كورد، من لای خۆمەوە كاغەزی سپیتان بۆ ئیمزا دەكەم، بەڵام گرنگ ئەوەیە لایەنەكانی دیكەش ئەم پڕۆژەیە پەسەند بكەن، بە تایبەتی مام جەلال، بۆیە ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەویش بەرن». ئێمە بەڕێكەوتین بۆ بارەگای مام جەلال، بەڵام پێش ئەوەی بگەینە لای ئەو، بارەگای حزبی سۆشیالیست لەسەر ڕێگەمان بوو، چووینە لایان و دكتۆر مەحموود عوسمان و چەند كەسێكی دیكەی سەركردایەتییان لەوێ بوون، پاش ئەوەی پڕۆژەكەمان بۆ ئەوان باس كرد، دكتۆر مەحموود عوسمان بە هەمان شێوەی كاك ئیدریس بارزانی پێی گوتین: «ئێمەش كاغەزی سپیتان بۆ ئیمزا دەكەین». بۆ نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ چووینە بارەگای مام جەلال و چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لای بوون و پڕۆژەكەمان بۆ ئەویش باس كرد، بەڵام بەداخەوە زۆر بە توندی ڕەتی كردەوە».
ئەم ڕەتكردنەوەیەی مام جەلال بۆ یەكڕیزی و گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی، هەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانیی هەمیشە زیندووی بۆ دروستكردنی بەرەیەكی كوردستانی خاو نەكردەوە و، توانرا لە كۆتایی ساڵی 1986 لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكدا یەكێتی و پارتی ئاشت ببنەوە، لەم ئاشتبوونەوەیەشدا ڕۆڵی ئیدریس بارزانی زۆر گەورە بووە، هەر بۆیە دوای ئیمزاكردنی ئەم ڕێككەوتنە، یەكسەر بەرەی كوردستانی ڕانەگەیەندرا، بەڵام بە كردەیی لە ناو هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا «هەموو لایەنەكان» بە شێوازی بەرەیی چالاكییان دەكرد و، هەر بە شێوازی بەرەش «بەتایبەتی لە سەرەتای ساڵی 1987 « پێشمەرگەی هەموو لایەنەكان پێكەوە لە یەك سەنگەر و یەك بەرەی شەڕەوە بەرامبەر بە دوژمن ڕادەوەستان. هەر بۆیە كە دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی 1987 كاك ئیدریس بارزانی شەهید بوو و دواتر لە ساڵی 1988 بەرەی كوردستانی ڕاگەیەندرا، بەڵام لای هەمووان ئاشكرا بوو كە ئەو بەرەی كوردستانییەی 1988 بە فەرمی ڕاگەیەندرا، بە كردەیی لە دوای كۆتایی 1986 و ئاشتبوونەوەی پارتی بوونی هەبووە، هەر بۆیە هەموو لایەك ناسناوی «ئەندازیاری بەرەی كوردستانی»یان بە ئیدرس بارزانی بەخشیوە.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان وەك «بەرەیەكی نیشتمانی» و بەرەی كوردستانیی پارتەكانی كوردستان لە ساڵی 1988، دەبینین دوای گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی 1958، پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1961 بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی داوە و لە دوای نۆ ساڵ خەباتی چەكداری و سیاسی و دیپلۆماتی، ڕێككەوتننامەی ئاداری لەگەڵ حكومەتی عێراق ئیمزا كردووە، لە بەرامبەردا بەرەی كوردستانییش دوای دامەزراندنی لە ساڵی 1988 لە ساڵی 1991 ڕاپەرینی كرد و، پاشان دانوستاندنی كرد بۆ جێبەجێكردنی دەقی ڕێككەوتنامەی ئادار لەگەڵ هەمان حكومەتی بەعس كە لە 1970 لەگەڵ سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول ئیمزایان كردبوو، بەڵام كاتێك بەرەی كوردستانی لەگەڵ ڕژێمی بەعس و سەدام حوسێن ڕێكنەكەوتن و حكومەت دامودەزگاكانی لە كوردستان كشاندەوە، سەرۆك مسعود بارزانی پێشنیاری بۆ بەرەی كوردستانی كرد، بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردن بدەن، دوای ئەوەش كە ئەم بڕیارە لە سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی درا، سەرۆك مسعود بارزانی گوتی: «ئەمڕۆ خۆشترین ڕۆژە لە ژیانی مندا كە توانیمان سەركردایەتیی بەرەی كوردستانی بگەیەنینە قەناعەت بۆ ئەوەی بڕیاری هەڵبژاردن لە كوردستان بدات»، ئەمەش واتە بە ڕێگەی هەڵبژاردن و ئیرادەی میللەت ئەو بۆشاییە ئیدارییە پڕ بكەینەوە كە لە كشانەوەی دامەزراوەكان لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە لە كوردستان دروست ببوو.
دوای ئەم بڕیارەی بەرەی كوردستانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كوردستان، دیسان سەرۆك مسعود بارزانی ڕێگەی نەدا پارتی دیموكراتی كوردستان دروشمی قەبە و گەورە بەرز بكاتەوە و پاشان نەتوانێ جێبەجێیان بكات، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان، تەنیا پارتی سیاسی بوو لە ناو پارتە بەشداربووەكانی بەرەی كوردستانی كە هەمان دروشمە ڕاستەقینەكەی خۆی بەرزكردەوە كە بریتی بوو لە «دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی كوردستان»، لە ماوەی ڕۆژانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو بەرە موزایەدەیەكی زۆری سیاسییان بە سەر دروشمەكەی پارتی كرد، بەڵام زۆرینەی گەلی كوردستان دەنگیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان و سیاسەتە واقیعبینەكەی سەرۆك مسعود بارزانی دا، سەرەنجامیش ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە بووە دامەزراندنی «پەرلەمان و حكومەت»ی هەرێمی كوردستان و هەر لەو پەرلەمانەشدا تەنیا دوای چوار مانگ لە دامەزراندنی، بڕیاری «فیدڕاڵی» پەسەند كرا، كە سەرۆكی پەرلەمان پارتی و فراكسیۆنی پارتییش زۆرینەی (50+1%) بوو.
تێڕوانین بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پارتی زەروورەت لە قۆناغە جیاوازەكاندا، تەنیا تێڕوانینێكی حزبییانەی كادیرەكانی پارتی نییە، بەڵكو دید و تێڕوانینی هەموو ئەو پارت و كەسایەتییە نیشتمانپەروەرانەیە كە فیكری مستەفا بارزانی بە چەتری ئەو بەرەی نیشتمانییە زانیوە كە لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. هەر بۆ نموونە لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا، كۆمەڵێك لە هەڵگرانی بیری نەتەوەیی گۆڤارێكیان دەردەكرد بە ناوی «دیسان بارزانی»، ئەم گۆڤارە دوور و نزیك پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەبووە و پارتییش ئەم گۆڤارەی دەرنەكردووە، لەمەش زیاتر لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوو، دوای دروستبوونی لێكترازانی 1964 لە ناو پارتیدا، هەموو ئەوانەی هەڵگری بیری نەتەوەیی بوون، پشتگیریی ئەو ئاراستەیەیان كرد كە مستەفا بارزانی ڕێبەرایەتی دەكرد و، دژی ئەو خەڵكانە بوون كە بە ناوی «باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان» چوونە لای حكومەت و چەكیان لە دژی شۆڕشی كوردستان هەڵگرت، لەمەش زیاتر پاش ئەوەی هەڵبژاردنی 1992 ئەنجام درا و پارتی زۆرینەی دەنگەكانی خەڵكی كوردستانی بە دەست هێنا، هەموو حزبە سیاسییەكانی ناو بەرەی كوردستانی و دەرەوەی بەرەی كوردستانی «بزووتنەوەی ئیسلامی» ئاكامی هەڵبژاردنەكەیان پەسەند كرد و پیرۆزباییان لە پارتی كرد، تەنیا «یەكێتی نیشتمانی» نەبێت، هەر بۆیە سەرۆك بارزانی لە پێناوی ئەوەی ماڵی كوردستان پەرت نەبێت و جارێكی دیكە لێكترازان بە خۆیەوە نەبینێت، بەو شێوەیە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی ڕێككەوت كە «دەبێت ئاكامی هەڵبژاردن بە ڕێژەی 51% بۆ پارتی و 49% بۆ یەكێتی لە ناو پەرلەمانی كوردستان قبووڵ بكرێت و، لە ناو حكومەتدا پارتی و یەكێتی وەك یەك بن (50%)، بەمەش ئەو سیستمە سەقەتە دروست بوو، كە دواتر ناوی لێ نرا «پەنجا بە پەنجا».
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەو حزبە سیاسییە نەتەوەیی و نیشتمانییانەی بە ناوی «یەكگرتن» بەشداریی هەڵبژاردنیان كرد، نەیانتوانی بەربەستی (7%) بشكێنن، دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت، پشتگیری ئاراستە و لۆژیكی سەرۆك مسعود بارزانی بوون، كە پێداگری لەسەر قبووڵكردنی هەڵبژاردن دەكرد، یان پشتگیریی ئەو سیستمە سەقەتەیان دەكرد كە بە ناچاری «پەنجا پەنجا»ی لێ كەوتەوە. بێگومان هەر لە دوای دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەر حزبەكانی ناو یەكگرتن «حسك، پاسۆك، پارتی گەل» بڕیاریان دا، ببنە بەشێك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و، بۆ ڕێككەوتنیش لەسەر ئەوەی چۆن ئەم یەكگرتنە ڕووبدات و ڕابگەیەندرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری دا، كۆنگرەی 11 لە 1993 ئەنجام بدرێت و لە ناو كۆنگرەدا ئەم یەكگرتنە ڕاگەیەندرا و هەر چوار پارتەكە «پارتی، حسك، پاسۆك، پارتی گەل» بە تێكڕای دەنگ سەرۆك مسعود بارزانی-یان بە سەرۆك هەڵبژاردەوە، هەر لەو كۆنگرەی یازدەیەشدا بڕیار درا كە لە 6ی ئۆكتۆبەری 1993 تەرمی نەمران «مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی» لە سنووری باشماخی سلێمانی لەگەڵ ئێران، بگەڕێندرێنەوە بۆ كوردستان و، لە گەڕاندنەوەی تەرمی نەمرانیشدا جارێكی دیكە خەڵكی كوردستان بە جیاوازی هەموو بیروبۆچوونە سیاسییەكانەوە وەك ڕابەر و باوكی نەتەوە پێشوازییان لە تەرمی «مستەفا بارزانی» و ئیدریس بارزانی» كرد و، ئەم ڕووداوە مێژووییە دەگمەنە وای كرد، سەرۆك مسعود بارزانی بۆ یەك دوو هەفتە سەردانی سلێمانی بكات، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە سوپاسی خەڵكی سلێمانی بكات و لە نزیكەوە پێشوازییان بكات، هەر لەو ماوەیەی سەرۆك بارزانی لە سلێمانی بوو، شەوێك لەگەڵ كادیرانی هەر سێ پارتەكەی پێشوو «یەكگرتن» و بەشێك لە كادیرانی پارتی كۆبووەوە و باسی لە یەكڕیزی و یەكخستنی نێوماڵی كوردستان كرد و پێی ڕاگەیاندن: «پارتی بۆ ئەوە دروست بووە، یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان ڕێك بخات، بۆیە ناوی پارتی لای من پیرۆزە و بێجگە لە دەستكاریكردنی ناوی پارتی، هەرچییەكی ئێوە بتانەوێت، دەتوانن لەناو پارتیدا بیكەن، ئەمەش ئەو لۆژیك و فیكرەیە كە مەلامستەفا بارزانی، پارتی دیموكراتی كوردستانی لەسەر دامەزراندووە و سەرۆك مسعود بارزانی درێژەپێدەریەتی.
كاریزما لە هەناوی مێژووی نەتەوەدا پارتی سیاسی دروست دەكات سیاسەتمەدار لە ناو مێژووی ئایدیۆلۆژیادا
لە ناو هیچ نەتەوەیەكدا بەرەیەك، یان پارتێك بەو ئاستە فراوانە دروست نابێت كە هیچ گرووپ و لایەنێك دژی نەبێت، یان ئاستەنگ بۆ ئامانجەكانی دروست نەكەن، بەڵام لەناو هەموو نەتەوەیەكدا و لە یەكێك لە قۆناغە مێژووییەكانی خۆیدا «بەرەیەك، یان پارتێكی سیاسی» دروست دەبێت، كە لە ناو منداڵدانی مێژووی نەتەوەكەی دێتە دەرەوە و نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوەكەی دەكات و، ئەم ئیرادە میللییە دروشمێك دێنێتە ئاراوە كە هەموو خواستی نەتەوە لە خۆیدا بەرجەستە دەكات و، ئەو دروشمە دەبێتە ئەو ئیرادەیەی كە نەتەوە هیچ چەوسانەوە و زوڵمێكی مێژوویی قبووڵ ناكات و بە شێوەیەكی خۆڕسكانە شۆڕش دەست پێ دەكات و، ئەم تایبەتمەندییەی لە ناو مێژووی هەموو نەتەوەكانی جیهاندا كە نوێنەرایەتیی ئیرادەی نەتەوە دەكات، تەنیا بەو «بەرە نیشتمانی و پارتە سیاسیییە» دروست دەبێت، كە نەتەوە، بوون و كەرامەتی خۆی لە ژێر چەتریاندا دەبینێتەوە. لەمبارەیەوە د.مستەفا عەقاد لە كتێبی «فەلسەفەی شۆڕش»دا دەڵێت: «كاتێك سەیری دروشمی شۆڕشی فەرەنسا دەكەین بە زمانی فەرەنسی بریتییە لە (یەكسانی، برایەتی، دادپەوەری) و ئەم سێ وشەیەش پێكەوە ڕیتمێكی میوزیكیان وەرگرتووە، وا هەست دەكرێت، كۆمەڵێك زانا و زمانەوان و سیاسەتمەدار پێكەوە دانیشوون و ئەم سێ وشەیان هەڵبژاردووە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە ئەم سێ وشەیە كە بووەتە دروشمی شۆڕش، هەموو نەهامەتییەكانی ئەو كاتی گەلی فەرەنسای لە خۆیدا كۆكردووەتەوە و دروشمێكی خۆڕسكی ئیرادەی گەلی فەرەنسایە». ئەگەر بێینە سەر دروشمی شۆڕشی ئەیلوول كە مستەفا بارزانی ڕێبەرایەتیی ئیرادەی گەلی كوردستانی دەكرد و، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشەكە بە خۆڕسكی ئەم دروشمە «كوردستان یان نەمان» لە دایك بوو، بێگومان ئەم دروشمەش دروشمی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، خۆ ئەگەر ئەم دروشمە بەرهەمی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بوایە، ئەوا دوای ئەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی جیابوونەوە و ڕێگەیەكی دیكەیان دژی شۆڕش گرتەبەر، دەبوو هەر دروشمی «كوردستان یان نەمان»یان بەرز بكردایەتەوە، نەك بیگۆڕن و بیكەن بە «نەسرەوتن تا سەركەوتن»، ئەگەر سەرنج لەم دوو دروشمە بدەین كە ئەوەی دووەمیان داڕشتنەوەیە لەسەر ئەوەی یەكەم، دەبینین گەلی كوردستان لە هەر چوارپارچە خۆی بە خاوەنی دروشمی «كوردستان یان نەمان « دەزانێت و «نەسرەوتن تا سەركەوتن» بە هی خۆی نازانێت.
دروستبوونی بەرەیەكی نیشتمانی، یان جووڵانەوەیەكی سیاسی وەك «ئاهەنگی چا - Tea Part»، جۆرج واشنتۆن بۆ ئازادكردنی ئەمریكا، یان پارتەكەی گاندی بۆ ڕزگاركردنی هیندستان لە كۆڵۆنیاڵی بەریتانی، یان پارتەكەی دیگۆڵ بۆ دووبارە ڕزگاركردنەوەی فەرەنسا لە پاشاگەردانیی حزبی سیاسی و تەنانەت پارتەكەی ئەردۆگانیش تا 2012 بۆ ڕزگاركردنی توركیا لە قەیرانی پاشاگەردانیی حوكمڕانی و هەڵاوسانی ئابووری، هەموو ئەم نموونانە بەرەنجامی بەشێكی زۆری یەكگرتنی ئەو ئیرادەیەن كە نوێنەرایەتیی تەواوی نەتەوە دەكات و، لە ناو هەناوی ئەم ئیرادەیەدا كاریزمایەك لە دایك دەبێت كە هەموو نەتەوە وەك باوك و ڕابەر و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی سەیری دەكات، بەڵام لە ناو ئەو پارتە سیاسییانەی سیاسەتمەدارەكان لە ناو مێژووی ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراودا (چەپ، ڕاست، ئایینی) دادەمەزرێن، نەتەوەبوون و كەرامەتی خۆیان لە ناو ئەو جۆرە پارتە سیاسییانە نابیننەوە، هەر بۆیە ئەو پارتە سیاسییانەی لە ناو مێژووی ئایدیۆلۆژیا دروست دەبن، ئەگەر بۆ ماوەیەكیش خەڵك چەواشە بن و دوای بكەون، ئەوا سەرەنجام نەتەوە خۆی لێ بێبەری دەكات.
لێرەوە ئەگەر بەراوردێك بكەین لە نێوان بەرەی «ئاهەنگی چا- Tea Party «كە لە هەناویدا «جۆرج واشنتۆن» لەدایك بووە و، هەروەها پارتی كۆمونیستی ڕووسیا «بەلشەفیك» كە لە هەناویدا «ڤلادمیر لینین» لە دایك بووە و، بزانین چی دەبینین؟ لە یەكەمیاندا كە لەدایكبوونی كاریزمای جۆرج واشنتۆنە وەك «باوكی دامەزرێنەری كۆماری ئازادی ئەمریكا»، ئەمەیان لە مێژووی ئەو نەتەوەیە لەدایك بووە كە بە خۆیان دەڵێن «گەلی ئەمریكا» و ماوەی 250 ساڵە هەر بە زیندوویی لە ویژدانی گەلی ئەمریكا ماوەتەوە، لەمەش زیاتر ئەم ویژدانە گیانی شۆڕشگێڕەكانی «ئاهەنگی چا - Tea Party «یان هەر بە زیندوویی هێشتووەتەوە و هەتا ئێستاش ئەم گرووپە كە بوونە مەحەكی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، لایەنگری هیچ كام لە هەر دوو حزبی «كۆماری و دیموكراتی» نین، بەڵكو دەنگەكانیان جۆلانەن و بەرەو ئەو لایەنە دەچێت كە لەسەر ئاراستەی باوكانی دامەزرێنەر بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیان دادەنێن.
لێرەوە ئەگەر سەیری نموونەی دووەم بكەین كە «ڤلادیمیر لینین»ـە و لە ناو هەناوی حزبی بەلشەفیك و ئایدیۆلۆژیەتی «ماركس و ئەنگلس» لەدایك بووە، وەك بینیمان بۆ زیاتر لە 70ساڵ لە «1917- 1989» دوو لەسەر سێی جیهان بە ڕابەری خۆی دەزانی، بەڵام گەلی ڕووسیا بە ڕابەر و باوكی دامەزرێنەری خۆی نەزانی و ئێستاش ئەو ڕاستییە بۆ هەموو لایەك دەركەوتووە و ڤلادمیر پوتین (سەرۆكی ڕووسیا) دەڵێت: «ڕاستە قەیسەر مردووە، بەڵام خەونەكانی قەیسەر زیندوون» و باسی لینین و حزبی بەلشەفیك ناكات و بە باوكی گەلی ڕووسیاشی نازانێت.
لێرەدا ئەگەر ئەو پرسارە بورووژێنین و بپرسین: بۆچی ئەم جیاوازییە دەبینین؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە جۆرج واشنتۆن لە ژێر دروشمی ئاهەنگی فڕێدانی سندوقەكانی چا بۆ ناو ئاوی بۆستن «باج دەدەین بە ئاو، باج نادەین بە پەرلەمانێك نوێنەرایەتیمان نەكات»، شۆڕشی بەرپا كردووە و، ئەمەش ئیرادەی نەتەوەیەكە بۆ قبووڵنەكردنی داگیركاریی بەریتانیا و جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمانی بەریتانیا، بۆیە كاتێك جۆرج واشنتۆن ڕێبەرایەتیی ئەم شۆڕشە دەكات، هەموو هاووڵاتییەكی ئەمریكی ئیرادەی خۆی لە «جۆرج واشنتۆن»دا دەبینێتەوە، لە بەرامبەردا دەبینین ڤلادمێر پوتین لە ژێر دروشمێكدا «شۆڕش» و سیاسەتی كردووە، كە دروشمەكە لە هەناوی ئایدیۆلۆژیای ماركس و ئەنگلس «ئەی كرێكارانی جیهان یەكگرن» لەدایك بووە و، گەلی ڕووسیا ئەم دروشمە بەو دروشمە نازانێت كە لە هەناوی ئیرادەی گەلی ڕووسیا لە دایك بووبێت، ئیرادەی خۆیشی لەناو فیكری «لینین»دا نابینێتەوە، هەر بۆیەش دوای ئەوەی یەكێتی سۆڤیەت بووە ئەو ئیمپراتۆریەتە گەورەیە و زیاتر لە 15 كۆماری هەبوو، بەڵام كەس نەیزانی چۆن لە شەو و ڕۆژێكدا ئەم ئیمپراتۆریەتە گەورەیە هەر بە دەستی گەلەكەی خۆی لەبەریەك هەڵوەشا.
ئەگەر لەسەر ئەم ئاراستەیە و جارێكی دیكە لەناو فیكری مەلا مستەفا بارزانی-یەوە سەیری دامەزراندنی پارتی بكەین، دەبێت ئەو ڕاستییانە بڵێین و نەوەكانی ئێستا و داهاتوو پێی ئاشنا بن و بیكەنە بابەت بۆ توێژینەوە زانستییەكانیان لەسەر ئیرادەی نەتەوە و گەشەی بیری نەتەوەیی، ئەو ڕاستییانەش بریتین لە:
1. لە دوای شۆڕشی یەكەمی بارزان لە سەرەتای سییەكانی سەدەی ڕابردوو و دوای دوورخستەوەی بۆ باشووری عێراق و پاشان گەڕاندنەوەی بۆ سلێمانی، كاریزمای مەلا مستەفا بارزانی بە خۆڕسكی لە ناو ویژدانی نەتەوەی كورد و گەلی كوردستاندا لەدایك بووە و خەڵكی كوردستان شەرعییەتی ڕابەرایەتییان پێ بەخشیوە، هەر بۆیە كاتێك پلان بۆ شۆڕشی دووەمی «بارزان» دادەنێت، نەك هەر «حزبی هیوا» بەڵكو ئەفسەرە ئازادیخوازەكانیش پەیوەندی پێوە دەكەن و، لێژنەیەكیش بە ناوی « لێژنەی ئازادی» بۆ سەركردایەتیی شۆڕشەكە دادەمەزرێنن.
2. لە ساڵی 1945 كاتێك پێشەوا قازی محەمەد كۆماری كوردستان دادەمەزرێنێت، ئەوە مەكتەبی سیاسیی حزبێك نەبووە پلان و بەرنامەی بۆ دانابێت، هەتا مەلا مستەفا بارزانی و پێشمەرگەكانی بچن پارێزگاری لە كۆماری كوردستان بكەن، بەڵكو ئەوە بیركردنەوەی كاریزمایەكە كە لە هەناوی مێژووی نەتەوەكەیدا لە دایك بووە و هەموو بستێكی خاكی كوردستان بە «بارزان» دەزانێت و ئامادەیە لەسەر هەر بستێكی قوربانی بدات.
3. لە كۆتایی ساڵی 1946 و سەرەتای ساڵی 1947 دوای كەوتنی كۆماری كوردستان، ئەوە ئیرادەی كاریزمای مستەفا بارزانی بووە، نەك بڕیاری مەكتەبی سیاسیی حزبێك، كاتێ بڕیار دەدات، ڕێڕەوە مێژووییەكەی بۆ یەكێتی سۆڤیەت دەست پێ بكات و لە ئاوی ئاراس بپەڕێتەوە و كێشەی كورد بە هەموو جیهان بناسێنێت.
ئەگەر بە وردی هەڵوەستە لەسەر ئەم خاڵانە بكەین، دەبینین لە مێژووی گەلی كوردستاندا هەر لە دوای شەڕی «چاڵدیران»ـەوە هەتا ئەمڕۆ، كاریزمایەكی هاوشێوەی كاریزمای مستەفا بارزانی كە بە خۆڕسكی لە ناو هەناوی مێژووی نەتەوە لەدایك بووبێت، حاڵەتێكی دەگمەنە، ڕاستە زۆر سەركردە و پێشەوای گەورەمان هەبووە، وەك شێخ مەحموودی حەفید كە «مەملەكەتی سلێمانی» ڕاگەیاند و، پێشەوا قازی محەمەد كە «كۆماری كوردستان»ی لە مەهاباد ڕاگەیاند و جەنابی مەلا مستەفا بارزانی ئەم دوو سەركردەیەی وەك دوو سەركردەی گەورە سەیر كردووە، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت: «هیچ كاریزمایەك وەك كاریزمای مستەفا بارزانی نەیتوانیوە هەر چوار پارچەی كوردستان لە ناو بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان پێكەوە كۆبكاتەوە».