قــوتابخانه‌ی سۆمه‌ری...قوتابخانه‌ی كوردی كورد خاوه‌نی یه‌كه‌مین قوتابخانه‌یه‌‌ له‌مێژوودا

قــوتابخانه‌ی سۆمه‌ری...قوتابخانه‌ی كوردی  كورد خاوه‌نی یه‌كه‌مین قوتابخانه‌یه‌‌ له‌مێژوودا

 

 

 

سه‌رهه‌ڵدان و دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی سۆمه‌ری له ‌ده‌ره‌نجامی راسته‌وخۆی داهێنانی شێوازی نووسینی مێخی (بزماری) بوو، كه‌ بووه‌ هۆی پێشكه‌وتنی شارستانیه‌ت له‌و وڵاته‌یه‌ دا.

یه‌كه‌مین دیكۆمێنتی نووسرای په‌یوه‌ست به‌ قوتابخانه‌ له‌ شاری (ئۆرۆك/وارۆک) دۆزرایه‌وه‌ و له‌میانی هه‌زار خشتی بچووكی قوڕین كه‌ به‌شێوازی رێنووسی وێنه‌دار نووسرا بوو؛ به‌شێكیان تایبه‌ت بوون به‌ وانه‌گوتنه‌وه‌ و راهێنان و مێژوویان بۆ به‌ر له‌ 3000 ساڵی پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌و سه‌رده‌مه‌دا بیر له‌ خوێندن و شێوازه‌كانی وانه‌گوتنه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ و چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك له‌پاش ئه‌وه‌ پێشكه‌وتنی بواری په‌روه‌رده‌یی به‌ هێواشی به‌ڕێوه‌ چووه‌، تاكو پاش ئه‌و قۆناغه‌ ژماره‌یه‌ك قوتابخانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتی سۆمه‌ردا ده‌ركه‌وتن و له‌ شاری شرۆباك كه‌ ده‌كه‌وته‌ نزیك ئۆرۆك وانه‌ی نووسین به‌شێوازێكی رێكخراو گوتراوه‌ته‌وه‌.

له‌ ساڵی 1902 و 1903 كاری كنه‌ و پشكنین له‌و ناوچه‌یه‌ كرا و ژماره‌یه‌ك له‌ گلەنووسی قوتابخانه‌ دۆزرانه‌وه‌ كه‌ مێژوویان بۆ 2500 ساڵی پ.ز ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ فێركردنی قوتابیان به‌كار هێنراون، له‌ ئه‌نجامی پشكنینه‌كان به‌هه‌زاران تابلۆی قوڕین دۆزرانه‌‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ لایه‌نی كارگێڕی و ئابووری و هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی ژیان هه‌بووه‌ و له‌نێو ئه‌و گلەنووسانه‌شدا به‌شێكیان به‌ مه‌به‌ستی خوێندن و قوتابخانه‌ نووسراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچ گومانێك ناهێڵێته‌وه‌ له‌وه‌ی قوتابخانه‌كان له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته‌ جێی بایه‌خ بوونه‌ و كاریان بۆ پێشخستنی بواری خوێندن و فێركردن كردووه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و گڵەنووسه‌ قوڕییانه‌ به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌می قوتابخانه‌ سۆمه‌رییه‌كان و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی بزاندرێ كه‌وا چۆن و به‌ چ شێوه‌یه‌ك بووه‌، به‌ڵام دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی تابلۆكان كه‌ جۆره‌ها راهێنانی قوتابخانه‌ییان له‌خۆوه‌ گرتووه‌ و له‌میانی وه‌رگێڕانی بۆ زمانی ئه‌مڕۆ ئاشكرا بووه‌ كه‌ خشته‌كان وه‌كو ئه‌ركی ماڵه‌وه‌ له‌لایه‌ن قوتابییه‌كانه‌وه‌ نووسراونه‌ته‌وه‌ و به‌شێكیان به‌ ده‌ستخه‌تی جوان و هه‌ندێكیشیان به‌ ده‌ستخه‌تی ناڕێك و ناشرین نووسراون كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئاستی زیره‌كی و لاوزای قوتابییه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌كرێ كه‌ مامۆستایانی سۆمه‌ریی وتار و نووسینه‌وه‌یان له‌باره‌ی شێوازی وانه‌گوتنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌یه‌، به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ له‌ ئێستادا ئه‌گه‌ر زانیارییه‌كان كه‌میش بن به‌ڵام بیرۆكه‌یه‌كیان تۆمار كردووه‌ كه‌ مه‌به‌ست و ئامانج له‌ خوێندن و قوتابخانه‌كان چ بووه‌ و له‌باره‌ی قوتابی و ده‌سته‌ی مامۆستایان و پرۆگرامی خوێندن و شێوازی وانه‌گوتنه‌وه‌ی ئه‌وسا و له‌ڕێگه‌ی نووسینه‌وه‌ له‌سه‌ر خشته‌ قوڕییه‌كان ئه‌وه‌یان روونكردۆته‌وه‌.

شوێنه‌وارناسان به‌دواداچوونیان كردووه‌ و ئه‌وه‌یان له‌لادا ئاشكرا بووه‌ كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌ دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی سۆمه‌ری بۆ ئاماده‌كردنی پسپۆران و مه‌شقی پیشه‌یی بووه‌ تاكو له‌و رێیه‌وه‌ نووسه‌ران بۆ كایه‌كانی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و ته‌نانه‌ت بۆ په‌رستگا و كۆشك ئاماده‌ بكرێن، ورده‌ ورده‌ ئه‌و قوتابخانانه‌ گه‌شه‌یان كردووه‌ تاكو پرۆگرامی خوێندنیان فراوانتر بوو و بوونه‌ته‌ مه‌ڵبه‌ندی زانست و رۆشنبیری له‌ وڵاتی سۆمه‌ر دا.

لێكۆله‌ره‌وه‌یه‌كی ئه‌ڵمانی به‌ناوی نیكۆڵاس شنایده‌ر كه‌ پسپۆری بواری نووسینه‌وه‌ی مێخییه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ فێربوون له‌ قوتابخانه‌كانی سۆمه‌ریدا نه‌ ته‌وزیمی و نه‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ش بووه‌، و زۆرینه‌ی قوتابییه‌كان له‌ خانه‌واده‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بوونه‌ و مووچه‌ی مامۆستایان له‌لایه‌ن ئه‌و خانه‌وادانه‌وه‌ دابین كراوه‌ ... بۆیه‌ خانه‌واده‌ هه‌ژاره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ منداڵه‌كانیان بخه‌نه‌ به‌ر خوێندن و شنایده‌ر ئه‌وه‌شی خستۆته‌ ڕوو كه‌ ناوی هیچ نووسه‌رێكی ئافره‌ت له‌و گلەنووسانه‌دا نه‌هاتووه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌ڵمێنێت كه‌ قوتابیانی ئه‌و قوتابخانانه‌ ته‌نها كوڕ بوونه‌.

كه‌ ده‌گوترێ كورد له‌ ره‌چه‌ڵه‌كی سۆمه‌رییه‌كانن به‌هۆی به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنت و زانیارییه‌ مێژووییه‌كانه‌ كه‌ له‌ تابلۆ قوڕییه‌كاندا هاتوون، سه‌باره‌ت به‌مه‌ د. مەهدی کاکەیی پسپۆری مێژوو و شاستانیەتە دێرینەکان، دەڵێ: ئەگەر تەنیا کەسێک ئەندامی ئەو تیمە بوایە کە گلەنووس و تابلۆکانی سۆمەرییان خوێندەوە کورد بوایە، ئەوسا بەبێ دوودڵی ئەو تیمە دەیگوت سۆمەرییەکان کوردن، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردیان لەگەڵ نەبووە بۆیە هەر کەسەو دێ دەڵێ سۆمەریەکان ئێمەین. هه‌روها لێکۆڵەرەوەیەکی دیکەی کورد دەڵێ: ئەگەر کەسێکی سۆمەری و کوردێکی ئێستا بەیەکەوە قسە بکەن، ئەوە بە رێژەی ٪70 لەیەکتری تێدەگەن، لەبەر ئەوەی هەردوو زمانی سۆمەری و کوردی بەو رێژەیە لەیەکترەوە نزیکن و به‌شێك له‌و وشه‌ كوردییانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ كورد به‌كاری دێنن له‌گه‌ڵ وشه‌ سۆمه‌رییه‌كانی ئه‌وسا نه‌ك هه‌مان واتا ده‌ده‌ن به‌ڵكو دەقاودەق وەک یه‌كن.

بە نموونە ئەمانە هەندێ لەو وشە هاوبەشانەی نێوان سۆمەری و زمانی کوردین:

(ئار، ئور-وار/خاک و زێد و نیشتمان)، (کار-کار/ئیش و کار)، (بالا-باڵا/بڵند)، (بالا-باڵ/قۆڵ، پەڕوباڵ)، (ئا-ئاو/ئاو)، (ئارابانا-عەرەبانە/عەرەبانە)، (ئارەزو-ئارەزو/هیوا و داخواز و نزا و پاڕانەوە)، (گا-گا/نێرەی چێل، گامێش)، (کال-کال/پیاوی بەتەمەن)، (کال-کەل/کەلەپیاو،کەلەگەت،گەورە)، (گلگامش-کەلەگامێش/گامێشی قەبە،کەلەکێوی)، (گەل-گەل/میللەت، نەتەوە)، (گشتۆ-گشتی/گشت، هەموان)، (گۆت گۆ-گۆتەگۆت/قسەوباس)، (دڤیسار-نڤیسار/نووسەر)، (دد-دوو/ژمارە دوو)، (دەست-دەست/دەست)، (شەشا-شەش/ژمارە شەش)، (هەشە-هەشت/ژمارە هەشت)، (راست-راست/پێچەوانەی خوار)، (باران-باران/ئاوی باران)، (سەرکار-سەرکار/سەرپەرشتیاری کار)، (دار-دار/بنەدار)، (بەند-بەند/بەندە)، (جی-جێ/جێگا و شوێن)، (موش-مێش/مێش و مەگەز)، (نەنە-نەنە/داپیرە)، (نەمۆ-نامە/نامە)، (نەندا-ناندین/نان،خۆراک، لە هەولێر ناندین ماوە)، (كور-کوور/قۆر،قووڵ)، (کور-کۆر/کۆرت، قۆرت)، (را-رۆ/رۆژ)، (شە-جە/جۆ)، (دەپ-دەپە/تەپە دار، تابلۆی دار)، (كو-كۆ-کێو/شاخ،چیا)، (برا-برا/برا لە دایک و باوک)، (باپیرا-باپیر/باوکی باوک یان دایک)، (ئابزو-ئاوزێ/ئاوی زێ، رووبار)، (چیاسۆر-چیای سور/چیای سوور)، (مر-مار/مار)، (سلان-شێلان/شێلانی هەویر)، (ئارێ-هاڕێ/هاڕین، هاڕینی گەنم)، (بر-بڕ/بڕین)، (نو زو-نەزان/نەزان)، (دۆس-دۆست/دۆست)، (وێسا-وەستا/شارەزا).

له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ هه‌ر له‌باره‌ی نزیكی و هاوواتایی وشه‌كانی كوردی و سۆمه‌ریی، (محــەمــەد بـەکـر) له‌نووسینێكیدا ده‌ڵێت: ئێمەی کورد بۆ ڕۆژەکانی هەفتە وشەی "شەممە" بەکاردێنین، ناشزانین و ناشپرسین ئەرێ واتای "شـەممـە" چییە؟؟ شەممە واتای ڕۆژ دەگەیەنێت، لە "شەمش"(ئوتو) خوداوەندی ڕۆژ "خۆر"ی سۆمەرییەوە ماوەتەوە...بابلیەکانیش بەکاریان هێناوە و عەرەب تا ئەمڕۆش بەخۆر دەڵێ "شەمس"، چۆن بزانین وایە، ئایا زمانی کوردی هێندە ڕەگی لە مێژوودا هەیە؟؟ تۆ سەرنج بدە لە وشەی "شەمشەمە کوێرە" ڕێک یانی بە ڕۆژ کوێرە...کەواتە شەمە واتا ڕۆژ و وەلی دێوانەش دەڵێ: (ئەی شەمی شەوان، ئەی شەمی شەوان، ئەی شەمی بەشەوق چل چرای شەوان). شەمی شەوان....واتا خۆری شەوان، مەدحی یارەکەی بەزیادەوە کردووەو دەڵێ وەک خۆر لەشەودا دەردەکەوی. هەڵە نەبم دڵدارەکەی هەر ناوی "شەمسە" بووە، کورد بەزۆری واتای "شەم" بە "مۆم" بەکاردێنێت، ئەی چۆن بزانین لە کوردستانی کۆندا هەمان ناوی خودای ڕۆژ واتا "شەمش" بەکارهاتووە؟؟ بەڵگە چیە.... هیچ پێویست بە خۆماندوو کردن ناکات، لە نووسینی تابلۆکەی دەربەندی بێلولەدا هاتووە: هەر کەسێک ئەم یادگارە لەناوببات خوداوەند "شەمش" و "ئەدەد" تۆوی نەهێڵن و لەناوی ببەن".

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ لایه‌نی خوێندن و قوتابخانه‌ له‌مێژووی سۆمه‌رییدا و جێ و پێگه‌ی له‌به‌ڕێوه‌بردنی قوتابخانه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌بووه‌ مامۆستایه‌، له‌مڕووشه‌وه‌ دوای وردبوونەوە و بەراوردکرنی زمانەوانی و وشەسازیی سه‌باره‌ت به‌ وشه‌ی (مامۆستا)ی ئه‌مڕۆ و (ئاممیا)ی سۆمه‌ری و په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌، وەک دەرەنجام بەدیاردەکەوێ کە: ئاممیا لە سۆمەری مامۆستا و شارەزا و برای گەورەیه‌، (وستات) لە فەیلی بەمانای شارەزا و وەستایه‌، لە کوردستان بەربڵاوە و هەتا ئێستاش وەستا بەکاردێ، عەرەبیش وەک ئوسطه و ٲستاذ بۆ خۆی بردووه‌؛ کەواتە لێکدانی هەردوو وشە سۆمەری و فەیلی پەهلەویەکە دەبێتە: براگەورەی شارەزا و فێرکەر، مامۆستا، بۆیە دەشێ هه‌ردوو وشه‌کە دوای پشتبه‌ستن به‌و زانیارییانه‌ی له‌ په‌رتووكی (له‌ گله‌نووسه‌كانی سۆمه‌ر) له‌نووسینی (سامۆئیل كریمه‌ر)دا هاتووه‌ و به‌ به‌راوردكردنه‌وی له‌گه‌ڵ سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ بگەینە ئەو ئەنجامەی كه‌: پێده‌چێت وشەی (مامۆستا)ی ئێستا لە وشەی (ئاممیا)ی کوردی سۆمەری و لێکدانی لەگەڵ وشەی(وستات)ی کوردی پەهلەوی فەیلی هاتبێ، کە هەردووکیان بۆ وشەی مامۆستا و شارەزا و خبیر و فێرکار بەکارهاتووە. کەواتە ئەگەر: (ئاممیاستات، ئاماستا، ماماستا و پاشان بۆ مامۆستا) گۆڕا بێ زۆر بەجێ و رێتێچووە، لە کوردی ئێستاش زۆر ئاساییە (ئا)و (ما)جێگۆڕکێ بکەن وەک دەنگ، بۆ نموونە (ئامۆژن و مامۆژن) کە یەک وشەن لە رووی مانا و ئاوەڵناوی کۆمەڵایەتییەوە، کە دەکەنە خێزانی مام. وەک ئەگەری یەکگرتنی هەردوو وشەکەش، بەڵگە ئەوەیە کە ئیلامیەکان(ئیلام شار و ناوچەیەکی فەیلی نشینە) لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتی سۆمەرەوە هێڕشیان کردۆتە ناوچەی قەڵەمڕەوی سۆمەریەکان و دواتر زمانی سۆمەری وەک زمانی نووسین لەسەردەمی ئەکەدییەکانیش کە بە رەچەڵەک سامی بوون هەر کاری پێکراوە، تێکەڵاوی دروست بووە، وەکو تر رەچەڵەکی سۆمەریەکان بۆ باشووری کوردستان و سنووری وڵاتی سۆبار دەگەڕێتەوە، بۆیە یەکەمین نشتیمان و سەرزەمین وشەی (ئاممیا) باشووری کوردستانە و سۆمەریەکان لەگەڵ خۆیان بردویانە بۆ خوارووی میزۆپۆتامیا.

سه‌باره‌ت به‌ پرۆگرامی خوێندن له‌ قوتابخانه‌كانی سۆمه‌ریدا روونكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بریتی بووه‌ له‌دوو به‌ش، به‌شی یه‌كه‌میان ده‌كرێ به‌ زانستی ناو ببرێ كه‌ پشتی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌ستووه‌ و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی تایبه‌ت بووه‌ به‌ داهێنان و به‌رهه‌می وێژه‌یی.

زانا و شوێنه‌وارناسه‌كان له‌ ئێستادا گرینگی پرۆگرامه‌كانی خوێندنی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌زانن كه‌ په‌رتووك بووه‌ له‌شیوه‌ی گله‌نووس كه‌ نه‌ك ته‌نها ناوی دره‌خت و جۆره‌ها گیانه‌وه‌ر و رووه‌ك و باڵنده‌ی له‌خۆوه‌ گرتووه‌، به‌ڵكو ناوی شار و وڵاتانی ئه‌وسا و به‌رد و كانزاكان و جوگرافیا و هاوكێشه‌ی درێژه‌ی ماتماتیك و ئه‌نجامه‌كانیشی له‌خۆوه‌ گرتووه‌ و زۆرترین بایه‌خ به‌ زمانی سۆمه‌ریی دراوه‌. له‌پاش له‌ناوچوونی شارستانیه‌تی سۆمه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌كه‌دییه‌كانه‌وه‌ش زمان و ده‌ستنووس و ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌‌ سۆمه‌رییه‌كان پشتی پێ به‌ستراوه‌ و و جێی گرینگیان بووه‌.

ئه‌گه‌ر له‌ شێواز و رێگاكانی په‌روه‌رده‌یی قوتابخانه‌ سۆمه‌رییه‌كان ورد بینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا به‌راوردی بكه‌ین، بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌وا تاكو هه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌مان شێواز كاری پێ ده‌كرێ، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سۆمه‌رییه‌كان له‌ڕووی كاری په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك داهێنه‌ر و به‌توانا بوونه‌. له‌ تابلۆ قوڕینه‌كاندا هاتووه‌ كه‌ قوتابی له‌ به‌یانی قوتابی چووته‌ قوتابخانه‌ له‌سه‌ری پێویست بووه‌ وانه‌ی رۆژی پێشتر بڵێته‌وه‌ و دواتر مامۆستا وانه‌ی نوێی له‌سه‌ر گڵه‌نووسه‌كاندا بۆیان گوتووه‌ و ئه‌وانیش گوازتوویانه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر تابلۆكانیان.

له‌یه‌كێك له‌ تابلۆ قوڕینه‌كان باس له‌ نموونه‌یه‌كی داڕشتن كراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن مامۆستاوه‌ نووسراوه‌ته‌وه‌ و به‌ پرسیارێك ده‌ستپێده‌كا و ده‌ڵێ: (ئه‌ی قوتابی رۆژانه‌ به‌یانیان بۆ كوێ ده‌چویت؟ قوتابی وڵامی داوه‌ته‌وه‌: ده‌چوومه‌ قوتابخانه‌. مامۆستا پرسیار ده‌كا و ده‌ڵێ: چیت ده‌كرد له‌ قوتابخانه‌؟ قوتابی باس باس له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌كا و ده‌ڵیت: سه‌یری گله‌نووسه‌كانم ده‌كرد و چێشته‌كه‌مم ده‌خوارد و تابلۆی نوێم ده‌رده‌هێنا تاكو بینووسمه‌وه‌ و ته‌واوی بكه‌م، پاشان بۆ وانه‌ی زاره‌كی یارمه‌تیان ده‌دام و ئێواره‌ش وانه‌ی نووسینم ئاماده‌ ده‌كرد. كاتێك قوتابخانه‌ ته‌واو ده‌بوو ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵ و باوكم ده‌بینی له‌وێ دانیشتووه‌ و منیش ئه‌و وانانه‌م پیشانی ده‌دا كه‌ نووسیبووم و باوكیشم پێی دڵخۆش ده‌بوو. به‌یانیان كه‌ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستام ده‌چوومه‌ لای دایكم و پێمده‌گوت: خواردنه‌كه‌مم پێ بده‌ چونكه‌ ده‌مه‌وێ بڕۆمه‌ قوتابخانه‌ و ئه‌ویش دوو كولێره‌ی ده‌دامێ و منیش به‌ره‌و قوتابخانه‌ ده‌كه‌وتمه‌ ڕێ. مامۆستا پێی ده‌گوتم بۆچی دواكه‌وتی؟ منیش چوومه‌ ژووره‌وه‌ و له‌ حزووری مامۆستادا دڵم خورپه‌ی ده‌كرد و به‌ ڕێزه‌وه‌ سڵاوم لێی ده‌كرد).

ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كی نووسینه‌وه‌ی داڕشتنه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ سێ هه‌زار ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و كه‌ سه‌یری شێوازی مامۆستا له‌ راهێنانی قوتابی ده‌كه‌ی كه‌ چۆن ویستوویه‌تی وا له‌قوتابی بكا بتوانێت گوزارشت بكا، ده‌بینی چه‌نده‌ شێوازێكی سه‌ركه‌وتووه‌ ... تا ئه‌مڕۆشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌م شێوازه‌ له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی مامۆستایان كاری پێده‌كرێ و له‌ڕووی زانستی فێركردیشه‌وه‌ به‌ رێگایه‌كی راست و سه‌ركه‌وتوو هه‌ژمار ده‌كرێ.

سه‌رباری لایه‌نه‌ باشه‌كانی بواری فێركردن له‌ قوتابخانه‌ سۆمه‌رییه‌كان دا، له‌و دیكۆمێنت و تابلۆ قوڕییانه‌ باس له‌ كه‌سایه‌تی مامۆستا كراوه‌ كه‌ نموونه‌ی خراپیان تێدا بووه‌ و باس له‌ حاڵه‌تی وا كراوه‌ كه‌ مامۆستا به‌ ره‌فتاری توند هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ل قوتابیاندا كردووه‌ و به‌دار لێی داون، له‌ گڵه‌نووسه‌كاندا باسكراوه‌ كه‌ له‌به‌رامبه‌ر قسه‌كردنی قوتابی له‌ پۆل و یان راكردنی له‌ قوتابخانه‌ توندوتیژی له‌به‌رامبه‌ر كراوه‌ و ته‌نانه‌ت كاتێك مامۆستا به‌ قوتابی گوتووه‌ (ده‌ستخه‌تت خراپه‌ و لێی رازی نیم) و به‌دار لێی داوه‌، قوتابییه‌كه‌ نه‌یتوانیووه‌ به‌رگه‌ی ئه‌مه‌ بگرێت و به‌ باوكی گوتووه‌ مامۆستاكه‌ی بانگهێشتی ماڵ بكات و دیاری پێ بدا، له‌ گڵه‌نووسه‌كه‌دا وه‌ها هاتووه‌ كه‌: باوكه‌كه‌ به‌ گوێی كوڕه‌كه‌ی كرد و بانگهێشتی كرد و له‌ شوێنی باش داینا و قوتابییه‌كه‌ی خزمه‌تی كرد، ئه‌و نووسینانه‌ی فێری بووبوو له‌ تابلۆ قوڕینه‌كانی پیشانی باوكی دا و باوكه‌كه‌ش مه‌ی دایه‌ مامۆستاكه‌ و خواردنی باش و پۆشاكی نوێ و دیاری پێی دا و ئه‌موستیله‌ی خسته‌ په‌نجه‌ی، مامۆستاكه‌ به‌و سه‌خاوه‌ت و میواندارییه‌ دڵخۆش بوو و دڵنیایی دایه‌ قوتابییه‌كه‌ و پێیگوت: (ئه‌ی گه‌نج، له‌به‌ر ئه‌وی تو به‌ قسه‌كانمت كرد و ئامۆژگارییه‌كانمت پشتگوێ نه‌خست له‌وانه‌یه‌ له‌ هونه‌ری نووسیندا بگه‌یته‌ لووتكه‌ و زۆر باش فێری ببی و له‌وانه‌شه‌ له‌نێو براكانتدا ببیته‌ سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكی هه‌موو هاوڕێكانت، خۆزیا له‌نێو هاوڕێكانت ببیته‌ خاوه‌نی بڵندترین پایه‌... به‌ڕاستی له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی قوتابخانه‌دا زۆر باش بوویت و تۆ بوویته‌ پیاوی زانست).

مامۆستای زانكۆیه‌كی ئه‌مریكی له‌باره‌ی ئه‌م نووسینه‌دا ده‌ڵیت: به‌م نامه‌یه‌ رۆژانی قوتابخانه‌ به‌ وشه‌ی هاندان و ئومێدبه‌خشین كۆتایی دێت، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن مامۆستاكه‌وه‌ نووسراوه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز خه‌ونی به‌وه‌ نه‌بینیووه‌ كه‌ ئه‌و ده‌قه‌ی له‌باره‌ی رۆژانی قوتابخانه‌ نووسیوه‌ته‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا خه‌ڵك بینویانه‌ له‌پاش چوار هه‌زار ساڵ دووباره‌ له‌لایه‌ن مامۆستای زانكۆیه‌كی ئه‌مریكییه‌وه‌ گیانی ده‌خرێته‌وه‌ به‌ر و ده‌خوێندرێته‌وه‌.

 

Top