پێوه‌ر و بنه‌ماى دانان و به‌خشینی به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان

پێوه‌ر و بنه‌ماى دانان و به‌خشینی به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان

فه‌یله‌سوفی چینی (منسیوس) ده‌لێ" سه‌ركرده‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌وا له‌ كه‌سانى تر ده‌كات متمانه‌ى پێ بكه‌ن، به‌ڵام سه‌ركرده‌ى نایاب ئه‌و كه‌سه‌یه‌ وا له‌ كه‌سانى تر ده‌كات متمانه‌ به‌ خۆیان بكه‌ن".
سه‌ركردایه‌تى قوتابخانه‌ گرنگیه‌كی گه‌وره‌ و ڕاستەوخۆی هه‌یه‌ له‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌ گشتیی، چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین قوتابخانه‌ خاڵى هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ى كۆى پرۆسه‌كه‌یه‌، لێره‌دا ده‌ست نیشان كردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌كرێنه‌ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان كارێكى ئاسان نییه‌، یانیش بۆ دڵ ڕازی كردن و پێدانى به‌خشین و پادداشت كردن نییه‌، به‌ڵكو پێدانى به‌رپرسیاریه‌تى ویژدانییه‌، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ كردن و فێركردنى نه‌وه‌ى پاشه‌ ڕۆژ به‌ پله‌ى یه‌ك ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌، ئه‌لێره‌دا ده‌بێ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ ڕه‌فتار و بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ بكرێ، هه‌موو كه‌س نه‌كرێته‌ به‌رێوه‌به‌ر و هه‌ر كه‌سێكیش به‌شدارى نه‌كات لە ده‌ست نیشان كردن و دانانى به‌رێوه‌به‌ر.
شك له‌وه‌ دانییه‌ ده‌ستنیشان كردن و دانانى به‌رێوه‌به‌ر ده‌وه‌سێتیته‌ سه‌ر كۆمه‌لێ مه‌رج و پئوەر و بنه‌ما له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردن و بایه‌خدان به‌ كه‌سایه‌تى جێگڕى په‌روه‌رده‌یی، له‌ زۆربه‌ى ووڵاتان به‌رێوه‌به‌ره‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرێن له‌ سه‌ر بنه‌ماى هه‌بوونى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس و خزمه‌ت و تاقیكردنه‌وه‌ و ئه‌زموون و چاوپێكه‌وتن و ماوه‌یه‌كیش جێگیر ناكرێ دوایی چه‌ند مانگێك ئینجا جێگیر ده‌بن، لاى خۆمانیش له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ كابینه‌ى حه‌فته‌وه‌ ده‌ستنیشان كردن و دانانى به‌رێوه‌به‌ر له‌ سه‌ر بنه‌ماى هه‌بوونى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆس و ساڵانى خزمه‌ت و دواتریش به‌شدارى ده‌كرد له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌ر ئاستى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی په‌روه‌رده‌ى پارێزگاكان كه‌ پرسیاره‌كان وه‌كو یه‌ك بوون، له‌ پارێزگا تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌نجام ده‌دران له‌ سه‌ر (60)نمره‌، دواتریش لیژنه‌ى چاوپێكه‌وتن هه‌بوو له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رپه‌رشتیاری پارێزگا و په‌روه‌رده‌ى قه‌زا له‌ سه‌ر (40)نمره‌، ئه‌وه‌ى (60)ى به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ به‌ده‌ستهێنابایه‌ ده‌كرا بكرێته‌ به‌رێوه‌به‌ر له‌ قوتابخانه‌ى پێویست و به‌تاڵ.
من بازنه‌ى قوتابخانه‌ به‌ گرنگترین بازنە‌ى ناو پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌بینم و كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌وامى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، له‌ به‌ر هه‌بوونى چه‌نده‌ها هۆكار، بۆیه‌ گرنگه‌ به‌وپه‌ری بایه‌خه‌وه‌ به‌دواداچوون و چاودێری قوتابخانه‌كان بكرێ به‌ تایبه‌تى كارگێڕى و به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان به‌رده‌وام خول و ڕاهێنان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ بكرێ، هه‌روه‌ها به‌ركه‌وتن و لێككه‌وتن و خاڵى هاوبه‌شى كۆى كۆمه‌ڵگه‌ به‌ گشتیی له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌كانه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ و به‌ پێویست ده‌زانرێ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتیی په‌روه‌رده‌كان و په‌روه‌رده‌ى قه‌زاكان چاودێری و به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندن و لێپرسینه‌وه‌ى به‌رده‌وام هه‌بێ له‌ سه‌ر كاره‌ ئه‌رێنى و نه‌رێنییه‌كانی قوتابخانه‌ و به‌رێوه‌به‌ره‌كان و له‌وه‌ش گرنگتر به‌ پێویستى ده‌زانم رێنمایی تایبه‌ت هه‌بێ له‌ سه‌ر دانان و بەخشين و گواستنه‌وه‌ى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان، چه‌ند سالێك دیارى بكرێ له‌وه‌ زیاتر به‌رێوه‌به‌ر له‌و قوتابخانه‌یه‌ نه‌مێنێته‌وه‌، ده‌كرێ له‌ (4-6) ساڵ دیاری بكرێ له‌ به‌ر كۆمه‌لێ هۆكارى په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تى جۆراوجۆر.
ده‌كرێ به‌رێوه‌به‌رە چاڵاك و سه‌ركه‌وتووه‌كان له‌ قوتابخانه‌ى تر بكرێته‌وه‌ به‌رێوه‌به‌ر بگره‌ بۆ په‌ره‌پێدانى توانا كه‌سیه‌كانیش گرنگه‌، له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنى ئه‌وه‌ى هه‌ندێ جار وا بووه‌ به‌رێوه‌به‌رێك له‌ قوتابخانه‌یه‌ك ده‌گوازرێته‌وه‌ ده‌بینین یه‌كێكى تر له‌ خێزانه‌كه‌ى ده‌كرێته‌ به‌رێوه‌به‌رى هه‌مان قوتابخانه‌، بێگومان ناكرێ ئه‌وه‌ ڕوو بدات و یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌ سلبی و نه‌رێنییه‌كانى ناو پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌، گه‌ر ئەو كه‌سە په‌روه‌رده‌یی بوو ده‌كرێ له‌ قوتابخانه‌یه‌كى تر بكرێته‌ به‌رێوه‌به‌ر، بۆیه‌ نابێ قوتابخانه‌یه‌ك پاوان و قۆرخ بكرێ بۆ چه‌نده‌ها ساڵ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى خێزانێكه‌وه‌ هه‌ر ده‌بێ یه‌كیان به‌رێوه‌به‌ر بێ به‌دڵنیایی ئه‌نجام و ئامانجی باشى نابێت، لێره‌دا به‌ گرنگ و پێویستى ده‌زانم گۆڕانكاری و گۆڕین و نوێبوونه‌وه‌ له‌ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ هه‌بێ تایبه‌ت ئه‌و قوتابخانه‌ى كه‌وا داخوازی و داواكاری زۆری قوتابیانیان له‌ سه‌ره‌ بۆ وه‌رگرتنیان به‌ ڕێنمایی تایبه‌ت قوتابی وه‌رده‌گرن.
له‌ كۆتاییدا جگه‌ له‌وه‌ى ڕه‌خساندنى ده‌رفه‌تى یه‌كسان بوونه‌ بۆ هه‌مووانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌رى و هه‌بوونى به‌ دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندن و جێ به‌جێ كردنى ڕێنماییه‌كانه‌.


به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top