وەزارەتى کشتوکاڵ: ٣ یاسای گرنگمان دەرچوواندووە کە نزیکەی ٥٠٠٠ هەلی کار دەڕەخسێنێت.

وەزارەتى کشتوکاڵ: ٣ یاسای گرنگمان دەرچوواندووە کە نزیکەی ٥٠٠٠ هەلی کار دەڕەخسێنێت.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا باسی لە گرنگترین ئەو پڕۆژانە کرد کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا جێبەجێکراون و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکانی حکوومەت کە گرنگی بە بواری کشتوکاڵی و سێکتەری ئاو لە هەرێمی کوردستاندا دەدات. بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەی کارکردنمان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەندین بواری گرنگدا، ئەرکی مەزنمان بەجێهێناوە.

لە بواری چاکسازیدا، پێداچوونەوەمان بە دۆسیەى ٩هەزار و ٨٤٩ فەرمانبەر کردووە و بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین زۆرینەى دەسەڵاتەکانمان دابەزاندوون.

خەرجیمان بە ڕێژەى ٧٠% کەم کردووتەوە وە پێشنیارى زیادکردنى داهاتمان بۆ ٢٠٠ % کردووە، ئەمەش لە ڕێگەى کردنەوەى ٩ تاقیگەی گرنگی جۆراوجۆر لە بواری کشتوکاڵدا.

٣ یاسای گرنگمان دەرچوواندووە: یاساکانی سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، یاسای بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆو، یاسای پاراستنی ئاو، کە نزیکەی ٥٠٠٠ هەلی کار دەڕەخسێنێت.

لە بوارى زەویوزاردا، جەختمان لە پاراستنى زەویى کشتوکاڵى کردووەتەوە. بە ڕێژەی %٨٨ بووژاندنەوەی زەویی کشتوکاڵیمان بۆ پڕۆژەی ناکشتوکاڵی کەمکردۆتەوە.

لە چوارچێوەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان، بە توانای کۆگاکردنی ٥٠٠،٠٠٠ تۆن، چەندین پڕۆژەی سایلۆمان دامەزراندووە، کە ١٣ کارگەی جۆراوجۆری بۆ بەرهەمهێنانی بەروبومەکانی گەنم و بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران تێدایە.

لە پڕۆژەکانى سامانى ئاژەڵ و پەلەوەرى، لە کۆى کابینەکانى پێشوو ١,٨٦٤ پڕۆژە جێبەجێکراون، بە تەنها لەم سێ ساڵەی کابینەی نۆیەمدا ٣٠٩ پڕۆژەى گرنگمان جێبەجێکردووە و دەیان مامەڵەى تریشمان لە پڕۆسەدان، کە سەرجەمیان دەکاتە ٢,١٧٣ پرۆژە.

لە پێناو پاراستنى سامانى ئاژەڵی، ٤ ملیار دینارمان بۆ کڕینی دەرمانى قڕکەر و نەخۆشییەکان تەرخانکردووە.

لەبوارى پەرەپێدانى کشتوکاڵیدا، ٣٠ هەزار خانووى پلاستیکیمان لەسەر ڕووبەرى ٥,٥٠٤ دۆنم زەوى بۆ بەرهەمهێنانى جۆرەکانى سەوزە و میوە درووستکردووە کە بووەتە هۆى ڕەخساندنى ١٤,٩٣٠ هەلى کار.

کردنەوەی گەورەترین سەنتەرى توێژینەوەی زانستى و خانووی شووشەیی بەبازاڕکردن کە لە مانگی نۆدا دەستپێدەکەین. ١١ پڕۆژەى گرنگى بەرهەمهێنانى قارچک و ٧ کارگەى بەرهەمهێنانى زەیتوونمان دامەزراندوون کە بووەتە هۆى ڕەخساندنى ١,٧٠٠ هەلى کار لە هەرێمی کوردستان.

لە بوارى بەرهەمهێنانى هەنگ، نزیکەی ٠٠٠,٦٠٠ پوورەى هەنگمان هەیە کە ٠٠٠,٦٠٠ تەن هەنگوین بەرهەمدەهێنن، بەمەش ساڵانە هەلى کار بۆ زیاتر لە, ٩٠٠٠ هەنگەوان و پەروەردەکارى هەنگ ڕەخسێنراوە. ئەمە بەدەر لە تەرخانکردنى بڕى ٦٥٠ ملیۆن دینار بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانى گەورەترین تاقیگەى هەنگ لە هەرێم.

سەرەڕاى قەیرانى دارایی و گۆڕانکارییە خێراکانى کەشوهەوا، لەم سێ ساڵەدا ٠٠٠,٧٠٤ هەزار نەماممان بەرهەمهێناوە و ٩٤ مۆڵەتى باخداریمان بەخشیوە.

ئاستى وەبەرهێنان لە بوارى کشتوکاڵى بە ڕێژەی ١,٨% بەرزبووەتەوە.

لە ڕابردوودا توانای بەرهەمهێنانی بنەتۆو تەنها ٦٥٠ تۆن بووە کە تەنیا ٧٥٠ جووتیار لێى سوودمەند بوون، بەڵام لە کابینەى نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بڕى ٣٠,٠٠٠ تۆن بەرهەمدەهێنرێت و ٦,٤١٤ جووتیار لێى سوودمەند دەبن.

لە بوارى ئاودا یاداشتێکی لەیەکگەیشتنمان لەگەڵ گەورەکۆمپانیاى جیهانى (پاوەر چاینا) ئەنجامداوە، بە مەبەستى درووستکردنى ٤ بەنداوى گرنگ و ستراتیژى، ئەوانیش: بەنداوى دەڵگە و خێوەتە و مەنداوە و باکرمان و هەرسێ بەنداوی چەمرگە و دێوانە و خنس بۆ ساڵى ئایندە تەواو دەکەین، کە تواناى گلدانەوەى ئاویان ٢٨ ملیۆن مەتر سێجایە.

بۆ کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانى وشکەساڵى و کەمئاوییش، ڕەزامەندى وەرگیراوە بۆ درووستکردنى ٢٥ پۆند لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و تەرخانکردنى نزیکەى ٢ ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەو و درووستکردنى ٣٠ پڕۆژەى ئاودێرى لە هەرێمى کوردستان.

لە ڕووى سامانى ماسى و ئاوییەوە، ٤٠٦ پڕۆژەى گەورەمان هەیە کە تواناکەیان زیاتر لە ٣٠٠،٠٠٠ تۆنە لە یەک ساڵدا و پڕۆژەى هەڵهێنەرى پەنجەماسیمان هەیە، کە تواناى ١٠٠٠,٠٠٠ یەک ملیۆن تۆنە لە ساڵێکدا و لە ماوەى دامەزراندن و کارکردنى حکوسمەتى هەرێمی کوردستان ٣٩١ پڕۆژە مۆڵەتى پێدراوە. بەتەنیا لە کابینەی نۆیەم ١٥ پڕۆژەى تازەمان هەیە کە ئێستا لە کاردان.

بۆ پاراستنی زەویى کشتوکاڵى، ١٨٠٣ سکاڵا لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

بۆ پاراستنی دارستان و پاوان ٥٢٥ سکاڵا تۆمار کراون و هەر لەم کابینەیەشدا ٥٧٥ توێژینەوەى زانستی لە بواری کشتوکاڵیدا ئەنجامدراون. ١٤٨ خولى توێژینەوە ئەنجامدراون و ٢٨٦٢ ڕێنمایی کشتوکاڵیمان بۆ فەرمانبەران و جووتیاران دەرکردووە.

ئێستا دەستمان بە دانانى میکانیزمەکانى هەناردنى بەرهەمى پڕۆژە خۆماڵییەکان بۆ دەرەوەى وڵات کردووە و بۆ یەکەمجاریشە بەرهەمى جوچکەى دایکانەمان بۆ وڵاتى ئوردن هەناردە کردووە. لەگەڵ هەناردەکردنى چەندین بەرهەمى خۆماڵى دیکەى بۆ بازاڕەکانی دونیا.

Top