لە عێراقدا قەیرانی مێژوویی دەوڵەت بەر‌دەوامە

لە عێراقدا  قەیرانی مێژوویی دەوڵەت بەر‌دەوامە

كاتێك ڕژێمی دیكتاتۆری لە ساڵی 2003 بە هۆكاری دە‌رە‌كی ڕووخێندرا، گەلی كوردستان چاوەڕوانی د‌ەستپێكی لاپەڕە‌یەكی نوێی پەیوە‌ندیی باشووری كوردستان بە دەوڵەتی عێراقە‌وە‌ بوو، هاوسەنگیی هێزە سیاسییەكان بەگشتی لە عێراقدا خەونی گەڵاڵەبوونی پەیوە‌ندییەكی نوێی لە خەیاڵی هێزە‌ سیاسییەكانی كوردستاندا دروست كردبوو، لەو كاتەدا باس لە پڕۆسەیەكی سیاسی بۆ دە‌وڵەتی عێراقی نوێ كرا، كە لەسەر بنەمای تەوافق و هاوسە‌نگی و شەراكەت بێت، بەڵام ئە‌م بنەمایە‌ بۆ عێراقی نوێ، بە تەواوی لە نێو دە‌ستووری ساڵی 2005دا بە‌رجەستە‌ نەبوون و، لە‌وە‌ش زیاتر، كاتێك تە‌رازووی هێزەكان بە‌رەو بە‌جە‌مسە‌ربوون و بە‌هێزبوونی پێكهاتە‌ی زۆربە،‌ وە‌ك ئەوە‌ی لە ئێستادا هەیە‌ ئاراستە بوو، ئەو ماددانە‌ی لە دە‌ستووریشدایە جێبەجێ نەكران و، ئەو دادگا ئیتحادییەی كە‌ پێویست بوو دە‌ستوور بپارێزێت، بوو بە بە‌شێك لە ململانێی سیاسی و دە‌ڕبڕی بۆچوونی لایە‌نی زۆربە و، هەموو ڕێككەوتننامە‌ سیاسییە‌كانیش بۆ دیموكراسیی تەوافقی گۆڕدران، لە كۆتاییدا خۆی لە نێو دووفاقیی حكومە‌تی زۆربە و حكومەتی تەوافقیدا بینییەوە، كە‌ هەردوو شێواز پەیوەندییان بە چەمكی دیموكراسیی تەوافقییەوە‌ نییە، كە دەبێ لە بنیاتنانی دامەزراوە‌كانی دە‌وڵەتدا ڕە‌نگ بداتەوە،‌ نە‌ك چۆنێتی پێكهێنانی حكومە‌ت. ڕەوشی سیاسیی نوێی عێراق، بەتایبە‌تی لە‌م ساڵانە‌ی دواییدا كۆمەڵێك بابەتی زە‌قی خستووەتە ڕوو، بۆ نموونە‌ جگە‌ لە بەرد‌ەوامبوونی سیاسە‌تی تایفە‌گە‌ری و بەشبە‌شێنە‌، دەوڵە‌تی پەرەڵێڵ (الدولة العمیقة) كە بریتییە لە‌ میلیشیاكانی حە‌شدی شەعبی، كە بە شێوەیەكی پراكتیكی حوكم دەكات و توانای فەرزكردنی بڕیاڕی لەسەر پەرلەمان و حكومەتی عێراق هەیە و، بە‌ردە‌وام مووشەك دە‌گرێتە باڵوێزخانە‌ی ئەمریكا و، هێرش دە‌كاتە‌ سە‌ر ڕە‌تڵە سەربازییەكانی، ئەمە جگە‌ لە هێرشكردنە‌ سەر هە‌ولێر و كێڵگە‌ نە‌وتییە‌كانی كوردستان بە مووشەك و درۆن. ئەم ڕە‌وشە‌ ڕۆڵێكی سنووردار و شكڵیی بۆ هە‌ر سێ دە‌سە‌ڵاتە فەرمییە‌كە‌ی عێراق هێشتووەتەوە، بە‌م جۆرە‌ش حكومەتی فیدڕاڵ نە دە‌توانێت بنە‌مای حوكمڕانیی دیموكراسی پەیڕە‌و بكات و هە‌لومە‌رجی ژیانی خەڵكی زەحمەتكێشی عێراق چاك بكات، نە دەتوانێت لە بازنە‌ی عەقڵییە‌تی نەتەوەی سە‌ردە‌ست و بەدە‌ر لە‌ هە‌ژموونی ئەو عە‌قڵییەتە‌ مامەڵە لەگەڵ داواكاری و مافی كوردستانی باشوور بكات. بە هە‌مان شێوە دادگای ئیتحادی ‌لە كۆنتڕۆڵی دە‌سەڵاتی حكومەتی پە‌رە‌ڵێڵ و ئاراستە‌كردنی بڕیارە‌كانی بە بە‌رژەوە‌ندیی نەتەوەی سەردە‌ست و، ئاراستە‌ی دە‌رەكی دە‌رنە‌چووە‌. ئە‌م ڕە‌وشە‌ هاوكاتە‌ لەگەڵ بوونی قەیرانی ئابووری لە عێراقدا. هەرچەندە نرخی نە‌وت زیادی كردووە،‌ بە‌ڵام بە هۆی نە‌بوونی سیاسەتێكی ئابووریی عەقڵانی كە‌ گەشەپێدان زامن بكات و گەندە‌ڵی بنبڕ بكات، ڕە‌وشی خە‌ڵكی زە‌حمەتكێشی عێراق لە‌و پە‌ڕی خراپیدا‌یە و، پرۆسە‌ی بنیاتنان و گەشەپێدان بە‌دی ناكرێت.

ئەوە‌ی كە بووەتە‌ هۆكارێكی سە‌رە‌كیی قەیرانی ئابووری، بەردە‌وامبوونی دیاردە‌ی گەندە‌ڵییە كە بە پێی لێدوانی لێژنە‌ی نە‌زاهە‌ لە ئە‌نجومە‌نی نوێنە‌رانی عێراق، گە‌یشتووەتە‌ 350 ملیار دۆلار لە‌ ماوە‌ی 17 ساڵدا، واتە لەو ماوەیە‌دا 32% داهاتی عێراق بە گەندە‌ڵی ڕۆیشتووە‌. لە‌ لایە‌كی دیكەوە‌ مە‌ترسییەكانی داعش و زیادبوونی كارە‌ تیرۆریستییەكان بە‌ردە‌وامە و، حكومەتی عێراق پە‌نای بردووەتە بە‌ر پڕچە‌ككردنی عە‌شیرەتی عە‌رە‌ب لە ناوچە دابڕێندراو‌كان، كە‌ ئەمە‌ش دیسانەوە جێگیركردنی تەعریب و دە‌ستبە‌سەرداگرتنی موڵكی جووتیارانی كوردە‌، ئەم هەنگاوانەش هاوكاتە‌ لەگەڵ دیاردە‌ی زیادبوونی گوتاری ڕق و بوغز و كینە، كە‌ ناوە‌ندەكانی دە‌سەڵات بۆ فریودانی خەڵكی دژ بە گە‌لی كوردستان ئەنجامی دەدە‌ن و، بە‌م جۆرە دەسە‌ڵاتدارانی عێراق هۆشمە‌ندییەكی چە‌واشە‌ی كۆمەڵایەتییان دروست كردووە‌، ئە‌م تابلۆیە‌ لە‌ ڕەوشی سیاسیی عێراقدا ئاماژە‌ بۆ بە‌ردە‌وامبوونی قە‌یرانی مێژوویی دە‌وڵە‌تی عێراق دە‌كاتە‌وە‌. بە‌شێكی بە‌رچاو و زە‌قی ململانێكانی نێو عێراق كە ئە‌مڕۆ لە دامەزراندنی حكومە‌تی ئیتحادیدا ڕە‌نگ دە‌داتە‌وە‌، پە‌یوە‌ندییان بە ناكۆكییەكانی دووجە‌مسە‌ریی نێو ڕە‌وتی ئیسلامی سیاسی شیعەوە‌ هەیە و، حوكمڕانانی هە‌رێمی كوردستانیش لە ڕووانگە‌ی بە‌رژە‌وە‌ندیی خۆیانە‌وە‌ بە سە‌ر ئە‌م دوو جە‌مسە‌رە‌دا دابە‌ش بوون، كە هیچ یە‌ك لە‌وانە‌ لە هەگبەكەیاندا شتێك نابینێتە‌وە‌ پە‌یوە‌ندیی بە‌ مافی گەلی كوردستانەوە‌ هە‌بێت، و بە‌ بە‌رچاوی حكومە‌تی فیدڕاڵەوە‌ پایتە‌ختی هە‌رێم لە لایەن ئێران و هە‌ندێ گرووپی میلشیای حە‌شدە‌وە‌ مووشەكباران دە‌كرێت، بە‌م جۆرە ئە‌گەر سەرنج بدەین و هە‌ڵسەنگاندنی سەرجە‌م ڕە‌وشی سیاسیی گشتی لە‌ عێراقدا بكە‌ین، ئە‌وا دوو تابلۆی جیاوازمان بۆ دەخاتە ڕوو، تابلۆی یە‌كەم پشت بە میتۆدی لۆژیكێكی شكڵی دەبەستێت، كە پێكهاتووە‌ لە‌وەی هە‌ڵبژاردنێكی دیموكراسی كراوە و هەنگاوەكان بەپێی دە‌ستوور و چاودێریی دادگای ئیتحادی بەڕێوە‌ دە‌چێت، هەندێك لایە‌نیش كار بۆ حكومە‌تی زۆربە دە‌كات و، هەندێكی دیكەش داوای حكومە‌تی سازان دە‌كات، لە كۆتاییشدا پلە ‌و پۆستەكان هێند‌ە زۆرن كە‌ بەشی هەموو پێكهاتەكان دەكات، سێ سە‌رۆكایە‌تییە‌كە‌ش لە‌ نێوان شیعە‌ و سوننە‌ و كورد دابەش دەكرێت، ئەوە‌ی كە ڕووش دە‌دات پێشبڕكێیە‌كی دیموكراسیی مەدە‌نییانەیە‌، لە‌ سایە‌ی عێراقی نوێدا. تابلۆی دووەم كە‌ پشت بە لۆژیكی دیالیكتیكییانە دە‌بە‌ستێت، ئەوە‌یە كە واقیعی بە‌رجەستە‌كراو پێمان دە‌ڵێت دەوڵەتانی زلهێز و هە‌رچی وڵاتی هە‌رێمایە‌تی و دراوسێی دە‌وڵەتی عێراق هە‌یە‌، دە‌ستێوە‌ردان لە‌ بابە‌تی هە‌ڵبژاردن و ئاكامەكانی و دابە‌شكردنی پشك و پۆست و دانانی سە‌رۆك كۆمار و سە‌رۆك پەرلە‌مان و سە‌رۆكی حكومە‌ت و دابە‌شكردنی وەزارەتەكاندا دە‌كەن، هاوكات سیاسە‌تی حوكمڕانانی ناوخۆی عێراقیش بووە‌تە‌ هۆی فروانبوونی گەندە‌ڵی و پە‌یڕوكردنی سیاسە‌تی بەتایبە‌تكردن و، نە‌بوونی خزمە‌تگوزاری و زیادبوونی ڕێژە‌ی بێكاری و هە‌ژاری و بە‌فیڕۆدانی سامانی مرۆیی و سرووشتی و، نە‌بوونی دە‌سە‌ڵاتی یاسا و دامە‌زراوە‌كان لەگەڵ بەردە‌وامبوونی جموجووڵ و مانۆڕی سیاسی كە پێویستن بۆ هە‌ڵبژاردنی سە‌رۆكەكانی دەسە‌ڵاتەكان‌ لە‌ عێراقدا، كە‌ گوایە‌ دە‌ربڕی ڕواڵە‌تە‌كانی ئە‌وپەڕی دیموكراسیی لیبڕاڵییە‌ لە‌ عێراقدا و، جیهان دڵی پێی خۆشە و تابلۆی یەكەم گوزارشتی لێ دەكات، لە‌ تابلۆی دووە‌مدا ڕە‌وشێكی دیكە‌ دە‌بینرێت، كە بریتییە لە بنبەستی سیاسی، كە هاوكاتە‌ لەگەڵ كۆمەڵێك ڕووداو و دیاردەدا، لەوانە‌ دادوە‌رێك كە‌ دادگایی كە‌یسەكانی ماددە‌ هۆشبە‌رە‌كان دە‌كات، لەبەر دە‌رگای دادگای پارێزگایە‌كی باشووری عێراق تیرۆر دە‌كرێت، تا ئێستا لە یە‌كێك لە‌ پارێزگاكانی باشووری عێراق 40 قوتابخانە‌‌ هە‌یە‌ كە لە‌ قوڕ دروست كراون، لە ‌گوندە‌كانی كەركووك سیاسەتی تە‌عریب پەیڕە‌و دە‌كرێت، كاری تیرۆریستیی هەمە‌جۆر و كوشتنی نە‌یاران لە‌ پایتەختی دە‌وڵەتی عێراق بەردەوامە و بە‌ مووشك فرۆكە‌خانە‌كە‌ی بۆردومان دە‌كرێت و، دە‌وڵە‌تی قووڵ جومگە‌كانی حوكمڕانی لە دە‌وڵە‌تی عێراق بەڕێوە‌ دە‌بات، بە‌ جۆرێك سە‌قامگیریی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی گشتی لە دە‌وڵە‌تدا نییە‌ .

تابلۆی یەكە‌م تابلۆیە‌كی ساختە‌كارانە‌یە‌ و گە‌مە‌كردنە‌ بە‌ چارە‌نووسی خە‌ڵكی زەحمە‌تكێش و، هۆشمە‌ندییەكی چەواشە دروست دەكات، كارە‌كان ئە‌گە‌ر بە‌ حكومە‌تی زۆربە،‌ یان بە‌ حكومەتی سازان بڕوات، لە ناوە‌رۆكی بابە‌تە‌كە‌ ناگۆڕێت كە بەشێكە‌ لە بە‌رهە‌مهێنانە‌وە‌ی هە‌مان عەقڵییە‌تی بەڕێوە‌بردنی دە‌وڵە‌ت، لە‌ كۆتاییشدا مانای بە‌ردە‌وامبوونی قە‌یرانە كوشندە‌كانە‌ كە‌ لە‌ ڕاستیدا قە‌یرانی دە‌وڵە‌تی عێراقە، قە‌یرانێك كە‌ هێندە‌ قووڵ و ئاڵۆز و تێهە‌ڵكێشە و زە‌مانە‌ لە دروستبوونی دە‌وڵەتی عێراقە‌وە‌ وا تێكی داوە، كە‌ دە‌رمانی چارە‌سەركردنی لە‌ قتووی هیچ عە‌تارێكدا دە‌ست ناكە‌وێت، مەگەر بیركردنە‌وە‌ی دیكە‌ لەسە‌ر بنە‌مای لۆژیكێكی واقیعیی دیكە‌ گە‌ڵاڵە‌ بكرێت، كە‌ هێزی كۆمەڵایەتیی نوێ پشتگیری لێ بكات و هێزی چەپ و مەدەنی و پێشكە‌وتنخواز لە‌ سەرانسە‌ری عێراقدا تێكۆشانی بۆ بكات و، گوڕانكارییەكی ئە‌وتۆ لە بنیاتی دە‌وڵە‌ت ئە‌نجام بدرێت، كە‌ ڕە‌نگدانەوە‌ی ئیرادە‌ی ئازادانە‌ی سە‌رجە‌م گە‌لانی عێراق لە‌ ئازادی و دیموكراسی و بڕیاردانی مافی چارە‌نووس بێت .

لە ڕوانگەی پشتبەستن بە تابلۆی ڕاستەقینەی واقیع دوور لە‌ لۆژیكی شكڵی، بە‌كارهێنانی چەمكی حكومە‌تی زۆربە‌ و چەمكی حكومە‌تی سازان دوور لە‌ ناوە‌رۆكی بە‌رنامە‌ی حكومەت و ئەگەرە‌كانی و، جێبە‌جێكردنی ئە‌و بەرنامە‌یەی كە‌ بە‌شێكە‌ لە‌ گە‌مە‌ی دە‌سە‌ڵاتدارن و سیاسە‌تی پۆپۆلیستی و چەواشەكردنی خەڵك و پشك دابەشكردنە، كاتێك تەماشای ڕە‌وشی هە‌رێمی كوردستانیش دە‌كە‌ین تابلۆیە‌كی لاوازی ئە‌دای سیاسی دە‌ردە‌كەوێت، كە‌ هۆكارە‌كانی بۆ ڕە‌وشی ناوخۆیی كوردستان دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌.

بەرامبە‌ر ئە‌م دۆخە‌ ناهە‌موار و ناجۆرە‌ی ژیان و گوزە‌رانی خە‌ڵك، گەلی كوردستان بۆ ڕەوینە‌وە‌ی مە‌ترسییەكان لەسەر نیشتمانە‌كەی و، بۆ چاكسازیكردن لە‌ ژیان و گوزەرانی ڕۆژانە‌ی و بۆ پاراستنی ئازادی و داكۆكی لە‌ مافی مرۆڤ، جگە‌ لە‌ ڕێگەی بە‌رە‌نگاربوونەوە‌ی نە‌یاران و سە‌ربە‌خۆیی بڕیار و فشارخستنە‌سە‌ر دە‌سەڵاتداران، ڕێگای دیكە‌ی لە ‌بەرد‌ەمدا نییە، ئەمەش پێویستی بە بزاڤی جە‌ماوە‌ریی هۆشمە‌ند هە‌یە‌، كە‌ ئە‌ڵتە‌رناتیڤێك و بە‌رنامە‌یەكی نوێی حوكمڕانی بخاتە ڕوو، كە لە بواری ئابووریدا ڕێگە لە‌ میكانیزمە‌كانی بازاڕی بەربەڕەڵا و ئاراستە‌ی ڕاگرتنی بە‌تایبە‌تكردنی ڕە‌ها بگرێت. ڕووبە‌ڕووبونە‌وە‌ی هە‌ڕە‌شەی نەیاران لە‌ بەغدا و تاران و ئە‌نكارا و، مەترسیی پیلان و مووشە‌كباران و داگیركردن كە ‌بەردە‌وامە‌، پێویستی بە سیاسە‌تێكی ناوخۆ هە‌یە،‌ كە‌ كۆتایی بە دۆخی دووئیدارە‌یی و بە‌رژەوەندیی بە‌رتەسكی حزبایە‌تی بێهێنێت و، ڕێككەوتن لەسەر داڕشتنی دە‌ستووری كوردستان و ئەنجامدانی هە‌ڵبژاردن بكات و، كۆتایی بە‌ بێمتمانە‌یی خەڵك بهێنێت، لە سەرووی هە‌موو ئە‌مانە‌ش، دەبێت ددان بە‌وە‌دا بنێین كە پرۆسەی سیاسیی ساڵی 2003 لە عێراقدا كۆتایی هاتووە.

Top