وەزیری پەروەردە: لە کابینەی نۆیەمدا 199 ملیار دینار بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە تەرخان کراوە

وەزیری پەروەردە: لە کابینەی نۆیەمدا 199 ملیار دینار بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە تەرخان کراوە

بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکاریی گرنگترین کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەیان کرد کە ئەمەش دەقەکەیەتی:

وەزارەتی پەروەردە، گەورەترین وەزارەتی کەرتی مەدەنییە لەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا کە نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی لەخۆ دەگرێت کە ئەوانیش بریتین لە قوتابییان و مامۆستایان و فەرمانبەران.

لەبارەی یاسای چاکسازی سێ خاڵی گرنگ پەیوەندیدار بووە بە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە یەکەمیان نەهێشتنی سوودمەندبوون بۆ زیاتر لە جارێک لە مووچە و لە دەرماڵەکان.

 خاڵی دووەمیش بریتیی بووە لەوەی کە ڕێکخستنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆ کەسوکاری شەهیدان، کە ئەویش برییتییە لە کوڕ و کچ و هاوسەری شەهید.

خاڵێکی دیکە بریتی بووە لە پێداچوونەوە بە میلاکی فەرمانبەران و دۆسییەکانیان، کە زیاتر لە 162 هەزار و 613 پێداچوونەوەی پێدا کراوە و هەزار و 111 حاڵەت تۆمار کراوە کە بەدەر لە یاسا پلەیان پێ دراوە.

لەگەڵ ئەوەشدا چوارچێوەی سیاسەتەکانی تایبەت بە فێرکردنی قوتابییانی خاوەن پێداویستیی تایبەتمان بۆ یەکەم جار بە هاوکاریی ڕێکخراوی (بریتش کاونسسڵ) دەرکردووە.

وەکوو لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە،  توانیومانە تا ئێستا زیاتر لە 35 ناونیشانی کتێب پێداچوونەوەی بۆ بکەین لەڕووی زانستی و لەڕووی هەموارکردنەوە و تەنانەت دانانی کتێبی نوێش.

لە خاڵێکی دیکەشدا توانیومانە زیاتر لە هەزار و 436 مامۆستای خۆمان مۆڵەتی خوێندنیان پێ بدەین بۆ تەواوکردنی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا، کە ئەمەش گرنگییەکی زۆری دەبێت لەسەر کوالیتیی پرۆسەی خوێندن.

توانیومانە گەورەترین پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی خۆمان دابنێین کە پلاتفۆڕمیE – parwarda یە کە سیستەمێکە پێک هاتووە لە شەش بەش، تەواوی داتای مامۆستایان و قوتابییان و فەرمانبەران و هەموو مومتەلەکاتی قوتابخانەکانمان کردووە بە دیجیتاڵی و کۆی پرۆسەی قوتابخانەکان، ئێستا بە سیستەمێکی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبرێت.

 گەورەترین پلاتفۆڕم کە تێیدا داتای دوو ملیۆن مامۆستا و قوتابی و فەرمانبەری تێدا تۆمار کراوە کە دەکاتە 33% دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئێستا وەزارەتی پەروەردە خاوەندارێتی دەکات بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی.

توانیومانە خوێندن بۆ کوردانی تاراوگە بەردەست بکەین بۆ منداڵەکانیان کە تاوەکوو ئێستا لە 8ی ئادارەوە، 103 قوتابی ناوی خۆیان تۆمار کردووە بە بەردەوامی وانەی زمانی کوردی دەخوێنن کە مەبەستمانە زمانی کوردی فێری ئەو منداڵانە بکەین کە لە تاراوگە لەدایک بوون.

لەڕووی قوتابخانەکانی چاکسازی و پشتگیریکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە، ئێمە 39 مامۆستامان دابین کردووە بۆ ئەوەی لە زیندانەکان، یان ئەوانەی پێیان دەوترێت چاکسازییەکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.

ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە ساڵی یەکەم سێ هەزار و 299 هەلی کار بۆ دەرچووانی دانەمەزراو لە ڕێگەی دەرچوواندنی ڕێنمایی پشت بەست بە یاساوە دەربکەین و توانیومانە لە ساڵی 2020--2021دا،  پێنج هەزار و  802 دەرچووی دیکە دابمەزرێنین و لە ساڵی 2021- 2022 توانیومانە 438 دانەمەزراوی دیکە دابمەزرێنین کە کۆی گشتی دەکاتە نۆ هەزار و 539 هەلی کارمان تا ئێستا ڕەخساندووە.

قوتابخانەکانی پەنابەران، ئێمە دوای ئەوەی کە ڕێکخراوەکان پشتگیریی ماددی پێدانی مووچەی مامۆستاکانیان نەکردووە، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توانیومانە شایستەی دارایی بۆ ئەو مامۆستایانە دابین بکەین.

توانیومانە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوە بۆ خوێندن، 13 هەزار منداڵ بگەڕێنینەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.

ئێمە ئێستا ستراتیژیی ڕاهێنانی مامۆستایانمان تەواو کردووە لە وەزارەتی پەروەردە، کە دەمانەوێت وەرچەرخانێک لە بواری ڕاهێنان دروست بکەین.

لە بواری دروستکردنی باڵەخانەکانی پەروەردەیی چ بۆ قوتابخانەکان و چ بۆ باخچەکان، جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 46 ملیار و 526 ملیۆنی تەرخان کردووە بۆ تەواوکردنی چەندین قوتابخانەی نوێ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

بەهاوکاریی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیومانە لەم کابینەیەدا 635 قوتابخانە و باخچەی منداڵان و پەیمانگە نۆژەن کردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەین، چ بە شێوازی تەواوەتی بێت، یان بەشێکی بێت.

لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان وەکو هەرێم تا ئێستا قبووڵ نەکرابوو کە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکان بکات بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە نەخشەی پەروەردەیی جیهانی بزانێت، ئێمە ئەو مافەمان بەدەست هێنا کە بتوانین دوو پێشکەوتووترین و دیارترین تاقیکردنەوە لە ساڵانی ئایندەدا ئەنجام بدەین کە ئەویش تاقیکردنەوەکانی (پیسا و تیمز)ە، کە ئەم بابەتە گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە و دەتوانێت ڕاکینگێک بۆ سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان دابنێت و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی شیکاری لەلایەن دامەزراوە پەروەردەییەکانی جیهانەوە بۆ ئێمە دیاری بکات و کاری لەسەر بکەین. ئەمەش دەبێتە بنەمایەک بۆ ئەوی کە کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بەراورد بکرێت لە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی دیکە کە لە جیهاندا بەشداری ئەو تاقیکردنەوانە دەکەن و لەناو سیستەمی ڕاکینگی پەروەردەی خۆیانن.

جگە لەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی دابین کردووە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردە، تەنیا لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا توانراوە 199 ملیار دینار لەلایەن حکوومەتەوە بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە تەرخان بکرێت.

 

Top