پاڵپشتیكردنی نرخی خۆراك و بەنزین بەردەوام دەبێت
پاڵپشتیكردنی نرخی خۆراك و بەنزین وەكو دوو كاڵای سەرەكیی هاووڵاتیان لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران ڕۆڵی كارای لە كۆنتڕۆڵكردنی نرخ هەبوو، بە تایبەتی كە هەردوو كاڵاكە ڕێژەیەكی بەرزی لە دەرەوەی وڵات دێت و بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە نرخەكانی ڕووی لە هەڵكشان كردووە و، قەیرانێكی گەورەی خۆراكی و نرخی بەنزینی لێكەوتووەتەوە. لە دووتوێی ڕاپۆرتێكدا گۆڤاری گوڵان ڕاوبۆچوونی هەر یەك لە گوڵیزار ڕەشید جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان و ڕێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان و نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەرگرت، لێرەدا پوختەی قسەكانیان بڵاو دەكەینەوە.
گوڵیزار ڕەشید
جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان:
لە پەرلەمان پشتگیریی هەموو پاڵپشتییەكی نرخی بەنزین و هەڵگرتنی باج لەسەر خۆراكە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان دەكەین
ڕێبین زەنگەنە
بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان:
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەسەر پاڵپشتیكردنی نرخی بەنزین و كۆنتڕۆڵكردنی كوالێتەی بەردەوام دەبێت
نەوزاد شێخ كامیل
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی:
لێخۆشبوونی گومرگی بۆ 11 كاڵا و ماددەی خۆراكی كاریگەریی خۆی هەبوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان
هەنگاوەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی خۆراك و بەنزین كاریگەر بوو
لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان پرسی گرانبوونی نرخی كاڵا و خۆراك خرایەڕوو، بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لێژنەی سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاپۆرتێكی لەو بارەیەوە ئامادە كردبوو، كە ڕاسپاردە و پێشنیارەكانی خستەڕوو. هاوكات لێژنەكەی پەرلەمان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی بەنزین و گاز سەردانی وەزارەتی كارەبای كردو، لەگەڵ وەزیری كارەبا كۆبووەوە، سەبارەت بەم دوو پرسە گوڵیزار ڕەشید جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان وتی: «پرسی خۆراك و بەنزین و گاز و سووتەمەنی دوو پرسی گرنگی هاووڵاتیانە و لەگەڵ ڕووداوەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا نرخ و تێچوونی هەردوو كاڵاكە بەرز بووەتەوە. ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان و لە لێژنەی سامانە سرووشتیەكان و بازرگانی و پیشەسازی هەر زوو ڕاپۆرتمان لەم بارەیەوە ئامادە كرد و ڕووبەرووی هەردوو بەڕێز وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و وەزیری كارەبا و سامانە سرووشتییەكان بەوەكالەت كردەوە و، لە نزیكەوە گفتوگۆ و تاوتوێی هەردوو پرسەكە كرا و، چەند پێشنیار و ڕاپۆرتێكمان خستنەبەردەم و داوامان لێكردن هەنگاوی بەپەلە و خێرا بنێن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان و ڕێگاگرتن لە كەسانێك بۆ گەمەكردن بە دۆخەكە و قۆرخكردنی بازاڕ و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی گشتی. ئەوە بوو لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو وەزارەت هەنگاوی گرنگیان نا بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان، هەرچی تایبەت بوو بە نەوت و گاز كە جێگای داخە لایەنە عێراقییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەبری ئەوەی پاڵپشتیی هەنگاوەكانی بووژانەوەی كەرتی نەوت و گاز بكەن لە هەرێمی كوردستان، كە لە بەرژەوەندیی ئابووریی هەموو عێراق و گەلانی عێراقە، كەچی بە بڕیاری دژایەتیكردن و نابەرپرسانە هێرش دەكەنە سەر هەوڵەكانی وەبەرهێنان لەم دوو كەرتە و لەلایەكی دیكەوە بە رۆكێت و مووشەك هێرش دەكرێتە سەر كێڵگە و دامەزراوەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان.» وتیشی: «نە بڕیارە نادەستووری و سیاسییەكانی دادگا لە بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە، نە بڕیارەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ سوودێك بە ئاساییبوونەوەی گرژییەكان دەگەیەنێت. ئەوەی یارمەتیدەر و پاڵپشت بووە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، هەنگاوەكانی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی خۆراك و بەنزین لە ماوەی ڕابردوو، تەنانەت لە داهاتی نەوت لە ئەمساڵدا هەموو مووچەكانی بە بێ لێبڕین دابین كردووە. حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە لە سەرووی 19 ملیۆن دۆلار پاڵپشتیی نرخی بەنزین دەكات و بەردەوام بەنزین لە بازاڕەكانی كوردستان دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی نرخەكەی دابەزێنێت. ئێمە لە پەرلەمان پشتگیریی هەموو پاڵپشتییەكی نرخی بەنزین و هەڵگرتنی باج لەسەر خۆراكە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان دەكەین، داواشمان لە بەڕێزان وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و وەزیری سامانە سرووشتییەكان كردووە، لە هەوڵەكانیان بەردەوام بن و، لەم پێناوەشدا چەندین پێشنیار و بۆچوونمان پێشكەش كردوون، كە كۆنتڕۆڵكردنی كوالێتی و مواسەفاتی بەنزینیش لەخۆ دەگرێت، بەپێی بەدواداچوونەكانمان لێژنەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەكانی قایمقامیەتەكان هەنگاوی باشیان ناوە».
حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە لە سەرووی 19 ملیۆن دۆلار پاڵپشتیی نرخی بەنزین دەكات
لەگەڵ دەركەوتنی قەیرانەكە ڕاستەوخۆ وەزیری سامانە سرووشتییەكان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگیان دا و، كاریگەریی لەسەر هێوربوونەوەی دۆخەكە و ڕاگرتنی زیاتری هەڵكشانی نرخی بەنزین هەبوو. ڕێبین زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەم ڕووەوە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان وتی: «لە كۆبوونەوەی ژمارە 84ی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆك وەزیران، وەزیری سامانە سرووشتیەكان (كەمال محەمەد ساڵح)ی ڕاسپارد بە خستنەگەڕی تەواوی تواناكانی وەزارەت بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكانی بە ڕەچاوكردنی كوالێتی و ڕێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، بەمەش ڕاستەوخۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ڕۆژانە بە نرخی پاڵپشتیكراو 3 بۆ 3،5 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ پارێزگاكانی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان دابین كرد، لەم هەنگاوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكەی 19 ملیۆن دۆلار پاڵپشتیی نرخی بەنزینی 800 دیناری دەكات، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ملیۆن و 80 هەزار لیترە بەنزینە بكرێتەوە كە پێشتر بەغدا بە نرخی 650 هەزار دینار بۆ هەرێمی دەنارد، لە ئێستادا بێ هیچ بیانوویەك ئەو بەشە بەنزینەی بڕیوە، لە كاتێكدا عێراق لەسەر بودجەی سەروەری پاڵپشتیی بەنزین دەكات، واتە پێویست بوو بەو پاڵپشتییە پشكی هەرێمی كوردستان بنێرێت».
بەڕێوەبەری گشتی كارگێڕی و دارایی سامانە سرووشتییەكان سەبارەت بە كوالێتی بەنزین وتی: «لە هەموو پارێزگاكان لێژنەی باڵای چاودێریی كوالێتیی بەنزین دەستی بە كارەكانی كردووە و لە هەموو پارێزگایەكیش بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگار و یەكە ئیدارییەكان سەردانی بەنزینخانەكان دەكرێت و تێستی كوالێتی بەنزین دەكرێت، هەر بەنزینخانەیەكیش پێچەوانەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و ئەو كوالێتتیە كارپێكراوانەی كە دانراون و، ڕەچاوی تەندروستیی هاووڵاتیان و پاراستنی ژینگە نەكات، بەپێی جۆری سەرپێچییەكە سزا دەدرێت و، تا سزای داخستنی بەنزینخانەكە ئیجرائات دەكرێت، لە ڕێگەی گۆڤارەكەتانەوە هاوڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان لەسەر دابینكردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیكراو بەردەوام دەبێت و هەموو ڕێكارێكی یاسایش دەگرینە بەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی كوالێتیی بەنزین و سزادانی توندی سەرپێچیكاران.
پەرەپێدانی كشتوكاڵ و بایەخدان بە پیشەسازیی خۆراك تەنیا ڕێگایە بۆ ڕێگەگرتن لە هەڵاوسانی نرخی خۆراكی هاوردەكراو
سەبارەت بە هەڵكشانی نرخی خۆراك لە جیهان و هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی خۆراك لەسەر ئاستی ناوخۆ، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وتی: «هەڵكشانی نرخی خۆراك لە ئاكامی قەیرانێكی خۆراكیی جیهانی و بارودۆخی شەڕ و گرانبوونی بەهای نەوت و سووتەمەنی سەریهەڵداوە، ئەمەش تێچوونی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی گران كردووە و، لەگەڵ داشكانی بەهای دیناری عێراقییش بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی لەلایەن بانكی ناوەندییەوە حاڵەتێكی وای خوڵقاندووە، تا ئەو ماددە خۆراكی و شمەكانە دەگاتە دەستی بەكارهێنەر، زۆر گرانتر دەبێت و، لەسەر ئاستی جیهانیش تادێت قەیرانی خۆراك لە جیهاندا ئاڵۆزتر و خراپتر دەبێت، ئەم هەڵاوسانەش دەكرێت پێی بوترێت «هەڵاوسانی خۆراكی هاوردەكراو»، بەڵام هاووڵاتیانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە شتێك نییە بە ناوی قەیرانی خۆراك لە هەرێمی كورستان و هەموو هەوڵەكانیشمان بۆ ئەوەیە كە بەردەوام نرخەكان دابەزێنین و كۆنتڕۆڵی بكەین».
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بۆ ڕووبەرووبوونەوەی گرانیی نرخی خۆراك، ئاماژەی بە چەند خاڵێكی گرنگ كرد، كە هەندێكی گیراونەتەبەر و هەندێكی دیكەی لە دیراسەتدایە و لەم ڕووەوە وتی: «لەپێناو دابەزینی نرخەكان و بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارە نەرێنییەكانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە كە بۆ ماوەی شەشە مانگی دیكە لێخۆشبوونی گومرگی بۆ 11 جۆری كاڵا و ماددەی خۆراكی درێژ بكرێتەوە، هەروەها ڕسوماتی وەزارەتی كشتوكاڵ لەسەر ئاژەڵ هەڵبگیرێت و، بۆ درێژەپێدانیش بەم هەوڵانە، زۆر پێویستە گرووپی ڕووبەرووبوونەوەی قەیرانەكان دابنرێت و، هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و پارێزگار و قایمقام و یەكە ئیدارییەكان لەخۆ بگرێت. هەروەها لەسەر ئاستی عێراق و دەرەكی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و بازرگانی و پیشەسازیی عێراق لەسەر هێڵین، بۆ ناردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان لە كاتی خۆیدا. ئەم هەنگاوانەش هاوكاتن لەگەڵ پاڵپشتیكردنی حكومەت بۆ نانەواخانە و فڕنەكان. لەلایەكی دیكەوە بۆ ڕێگاگرتن لە قۆرخكاری و هێنانی شمەك و خۆراك و كاڵای بەسەرچوو لێژنەكانی قایمقامیەت و چاودێری بازرگانی بەردەوامن لە كۆنتڕۆڵكردنی هەر دیاردە و حاڵەتێكی نایاسایی و سەرپێچی و بەردەوامیش كەسانی سەرپێچیكار سزا دەدرێن و خۆشبەختانە تا ڕاددەیەكی بەرز توانیومانە كۆنتڕۆڵی هەڵكشانی زیاتری نرخەكان و نەهێشتنی مەوادی ماوەبەسەرچوو بكەین. سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بۆ دامەزراندنی چەند سایلۆیەك و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و دابینكردنی پارەكەیان بە شێوەیەكی زۆر خێرا و باش هەنگاوی گرنگ و گەورە بووە بۆ پاڵپشتیكردنی ئاسایشی خۆراك».
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نرخی خۆراك ئاماژەی بەوە كردكە «نرخەكان لەسەر ئاستی جیهان ڕووی لە هەڵكشان كردووە، بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و هەروەها وشكەساڵی و تێكچوونی گەشەی ئابووریی نێودەوڵەتی و گرانیی تێچوونی نرخی گواستنەوە و شوێنەوارەكانی كۆرۆنا، ئەمەش پێی دەوترێت هەڵاوسانی نرخی كاڵا و شمەكی هاوردەكراو، واتا لە دەرەوەی دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، تاكە ڕێگە بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی ئەم نرخ هەڵاوسانە بەردەوامیی هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ فرەچەشنكردنی ئابووری و هەنگاونان بەرەو كەرتی كشتوكاڵی و بووژانەوەی ئەم بوارە، تاوەكو چیتر ئەوەندە پشت بە كەلوپەل و خۆراكی هاوردەكراو لە دەرەوە نەبەستین، بەتایبەتی هاندان و پاڵپشتیكردنی ڕواندنی ئەو خۆراكانەی كە زۆر پێویستن و كارگەی پیشەسازیی خۆراكیان بۆ دروست بكرێت.