ســـەرۆکــی حکومەت سەردانی سێیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنۆلۆژیا (هایتێکس)ی کرد
ئەمڕۆ چوارشەممە 29/6/2022 بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سێیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی تەکنۆلۆژیا (هایتێکس)ی کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.
ئهمهش دهقي وتارهكهيه :
زۆر خۆشحالم كە سەردانی ئەم شوێنە دەكەم، بینینی ئەم پێشانگایانە و ئەم بەرهەمانە جێی ئومێدە بۆ گەلەكەمان.
ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەندەی پێمان بكرێت، پاڵپشتیی ئەم كارانە دەكەین بۆ پشتیوانیكردنی گەنجان و زیادكردنی هەلی كار، هیوادارم سەركەوتوو بن.
ئەوەی بینیم زۆر جێی دڵخۆشییە، ئومێدی زۆرم بە گەنجانی وڵاتەكەمان هەیە بۆ ئەم كارانەی دەیانبینین.
ئێمە لەگەڵ سەرۆك وەزیران و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بەغدا لە گفتوگۆداین و بەردەوام قسەمان كردووە لەسەر ئەوەی كە پێویستە كۆتایی بەم هێرشانە بێت. لەلایەن هەندێك خەڵكی لەیاسادەرچوو ئەم هێرشانە دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، ئەوان خۆیشیان دان بەوەدا دەنێن و هەوڵ دەدەین پێكەوە هاوكار بین بۆ ئەوەی كۆتایی بەم هێرشانە بێت.
لەدەستدانی هەردوو مامۆستای بەڕێز كارەساتێگی گەورە و خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ نەتەوەكەمان، كارەساتێكی دلتەزێن و جەرگبڕ بوو، خۆم زۆر زۆر پێی دڵگران بووم، بەتایبەتیش بۆ بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا و پێگەیاندنی گەنجەكانمان. ئەمە جێی داخێكی زۆرە، بەڵام ئەم جۆرە تاوانانەی ئەنجام دەدرێن، دەبێ كۆتایی بێت. ئەوەی پێمان كراوە دەیكەین و بەردەوام دەبین، هەر دوێنێ بە وەزیری ناوخۆم راگەیاندووە كە پێویستە پەلە بكەن لە بەدیجیتاڵكردنی ئەو چەكانەی بەمۆڵەت بە خەڵك دەدرێن، تا كۆتایی ئەمساڵ هیوادارم ئەمە كۆتایی بێت، ئەمە وا دەكات هەرچی چەكی یاساییە بە تایبەتمەندییەكانی خۆیەوە لەبەردەستی حكوومەت دەبێ، هەر كەسێكیش چەكی نایاسایی پێ بێ رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.
لەبارەی تاوانبارەكەش بینیمان هەرزوو تاوانبارەكە دەستگیر كرا و رادەستی یاسا كرا، هیوادارم یاساش بە توندترین شێوە سزای ئەو تاوانبارە بدات
ئێمە هەوڵێكی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی چەكی بێمۆڵەت كەم بكەینەوە، هەم ئەوەی دەیەوێ چەك هەڵبگرێ، پێویستە بە شێوەیەكی دیجیتاڵی خۆی ناونووس بكات، لەم رێگەیەوە كۆنتڕۆڵی چەك دەكرێت و كەس ناتوانێ بێمۆڵەت چەك هەڵبگرێت.
هەروەك دەزانن ئێمە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵین بۆ كەمكردنەوەی بۆشاییەكان، جگە لەوەی لیوای هاوبەش بڕیاری دروستكردنی دراوە، تاكوو ئێستا حكوومەتی فیدراڵی ئەو ئەركەی لەسەر شانیەتی جێبەجێی نەكردووە، هەرچەندە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی عێراق قسەمان لەسەر كرد، ئەوان دەڵێن هەموو كارەكانی ئەو لیوا هاوبەشانە تەواو بووە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە پارە بۆ ئەم پرۆژەیە تەرخان نەكراوە. هیوادارم ئەوەش تەواو ببێ، پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی هاوكارێكی زۆر دەبێ تا چیتر خەڵكێكی لەیاسادەرچوو و تیرۆریست نەتوانن ئەم شوێنە بۆ پەلاماردانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی بەكار بێنن.