لەبەر ڕۆشنایی دیدارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ میدیاكاراندا ڕۆڵ و گرنگیی ڕاگەیاندن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی

لەبەر ڕۆشنایی دیدارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ میدیاكاراندا     ڕۆڵ و گرنگیی ڕاگەیاندن بۆ ئاسایشی نەتەوەیی

 

 

دیدار لە ڕووی ئەدەبییاتی سیاسییەوە لەلایەن بەرپرس و حوكمڕانان لەگەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندن، یان لەگەڵ بنكەی فراونی جەماوەر و چین و توێژی جیاجیا، یان لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتدا، هەروەها ئامادەبوون لە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی پەرلەمانتاران، یان دیدار لەگەڵ حزبە سیاسییەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی، بابەتێكی گرنگ و هەستیارە و كاریگەری و گرنگیی خۆی هەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، چونكە ئەگەر لە ڕوانگە ناوخۆییەكەوە سەیری ئاسایشی نەتەوەیی بكەین، پاراستنی قەوارەیە لە هەڕەشە و مەترسییەكانی ناوخۆ، بۆیە ئەم جۆرە دیدارانە ئەم جۆرە مەترسییانە هەڵدەمژن و متمانەی نێوان حوكمڕان و بنكەی جەماوەری بەهێز دەكەن.

 دوای ئەم پێشەكییە دەتوانین بڵێین دیدارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێز مسرور بارزانی كە چوار كاتژمێری خایاند، بریتی بوو لە دیالۆگێكی نیشتمانی لەگەڵ دەسەڵاتی چوارەم كە ڕاگەیاندنە، بێگومان بەشداربووان خاوەن ئەزموونی دێرینی خۆیان بوون لە بواری ڕاگەیاندندا، گوزارشتیان لە بۆچوونی جیاجیا دەكرد، واتا دەستەبژێرانی حوكمڕانییان تێدا بوو ئەو ڕاگەیاندنانەی سەر بە حكومەت، هەروەها ئەو ڕاگەیاندكارانەی حزبە سیاسییەكان و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن لەسەر گۆڕەپانی كوردستان و گوزارشت لە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دەكەن، واتا بیروڕاكان جیا بوون، كەواتە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە دەرفەتی دیالۆگ لەگەڵ هەمووان هەیە بۆ بەشداریكردن لە داڕشتنی بڕیاری سیاسی، ئەم جۆرە دیدارنە لە ئەدەبییاتی سیاسی پێی دەگوترێت فراوانكردنی بنكەی بەشداریی سیاسی لە پرۆسەی سیاسی، واتا بەشداریی سیاسی تەنیا لە مەسەلەی هەڵبژاردن و دەنگداندا نییە، بەڵكو خۆی لە شێوازی جیاجیادا دەبینێتەوە، یەك لەوانە ئەم دیدارانەیە، یان گردبوونەوە و خۆپیشاندان، یان ڕەخنەگرتن لە بەرنامەی حكوومی.

ڕوون و ئاشكرایە كە لە كوردستاندا مەسەلەی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن بە پێی پرەنسیپەكان ڕێك خراوە، بەڵگەش بۆ ئەمە یاسای ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەری و ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە، كە بە بەراورد بە یاساكانی دیكەی ناوچەكە و وڵاتانی دەوروبەر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یاسایەكی زۆر پێشكەوتووە، تەوەرەكانی دیالۆگی نیشتمانیی نێوان سەرۆكی حكومەت و میدیاكاران زۆر بوون، لەوانە ڕۆڵی ڕاگەیاندن، ڕاوبۆچوونی ڕاگەیاندن، دەستنیشانكردنی كێشەكانی ناوخۆ و تەنانەت هەرێمی و نێودەوڵەتی، بابەتەكانی دارایی، كۆمەڵایەتی، سیاسی بە پلەی سەرەكی، دیارە بەشداریكردنی ئەو دەزگایانەی ڕاگەیاندن لەم دیدارەدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە دەرگا كراوەیە بۆ گوزارشتكردن لە بیروبۆچوونەكان بە هەموو جۆرەكانیانەوە، تەنانەت تێبینی ئەوە دەكرا كە جۆرە سنوورێك هەیە لە نێوان دەسەڵات و میدیاكان، یان گوایە جۆرە سەركوتكارییەك هەیە، بەڵام ئەم دیالۆگە وای كرد كە ئەم بەستەڵەكە بتوێتەوە، ئەمەش دەرفەتێك بوو بۆ زیاتر لێك نزیكبوونەوە لە نێوان سەرۆكی حكومەت، یان دامەزراوەكانی حكومەت لەگەڵ میدیاكاندا.

 دیارە ئەمە یەكەم دیدار بوو، بەڵام بە دیدی من دیداری دیكەی بەدوادا دێت و دوادیداریش نابێت. پرسیارێك دێتە كایەوە، ئاستی دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا لە سی ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵێكی بەرچاوی بینی لە بوارەكانی خوێندراو و بیستراو و بینراودا، میدیای ئەلیكترۆنیشی هاتەسەر، تەنانەت لە هەندێ لایەندا سنووری دەسەڵاتی چوارەمیشی بەزاندووە، كە پەیوەست نییە بە هەواڵ و هەواڵسازی و مامەڵەكردنی حكومەت لەگەڵ ئەم جۆرە هەواڵانەدا.

دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە گشتی پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە لە هەیكەلبەندیی خۆیاندا، لە دابینكردن و ئامادەكردنی كادیری پڕۆفیشناڵ ئەوانەی كاری خۆیان بە تەواوی دەكەن و سنووری پیشەیی خۆیان نابەزێنن، دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە پاراستنی ماف و ئازادییەكان لە نێوان دەسەڵات و دەزگاكانی ڕاگەیاندندا، بۆیە پێویستە ئەم سەندیكایە چاو بە دامەزراوەی خۆیدا بخشێنتێەوە و كۆنگرە ببەستێت و سوود لە كادیرانی تازە ببینێت.

پرسیارك دێتە كایەوە، چۆن میدیاكار ئامادە بكرێت؟ لە بیست ساڵی ڕابردوودا خوێندنی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا جۆرە پێشكەوتنێكی بە خۆیەوە دیوە لە كردنەوەی بەشی ڕاگەیاندن لە كۆلێژ و پەیمانگەكان، یان لە كۆلێژەكانی ڕاگەیاندن لە زانكۆكانی سەڵاحەدین و سلێمانی، ئەمانە ڕۆڵیان هەیە بۆ ئامادەكردنی پیشەییانەی میدیاكار، لەم شوێنانە میدیاكار بە شێوەی تیۆری سوود لە خوێندن وەردەگرێت و كە دێتە ئەم دەزگایانە ڕۆڵی دەبێت لە پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونیان، هاوكات بەشداریكردن لە خولی تایبەت پێویستی بە هاوكاریی دەزگاكانی نێودەوڵەتی و چالاكییە مەدەنییەكان هەیە. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە ڕۆڵی ڕێكخراوی یۆنسكۆ بكەم كە لێژنەیەكی تایبەتیی هەیە بۆ دیراسەكردنی كێشەكانی ڕاگەیاندن، لەبەر گرنگیی ئەم بابەتە دەڵێت: ڕاگەیاندن ئامرازێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییە لە كۆمەڵگەكان و ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە لەو ڕاپۆرتەی خۆیدا كە پێشكەشی نەتەوە یەكگرتووەكانی كردبوو، تەنانەت پرۆسەی میدیا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە پێداچوونەوەیەك هەیە. من وای بۆ دەچم كە پێویستە بۆردێكی ڕاوێژكاری بۆ میدیاكاران هەبێت، تاكو نەك هەر بۆ میدیاكاران، بەڵكو ڕاگەیاندن ببێتە كەناڵێك لە نێوان حكومەت و میدیاكاراندا، هەروەها پسپۆڕییەكانی دیكەش بۆیان زۆر گرنگن.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە ڕۆڵی مێژوویی گۆڤاری (گوڵان) بكەین كە نزیكەی سی ساڵە لە بواری ڕاگەیاندندا زۆر پڕۆفیشناڵانە كاری خۆی كردووە، منیش شەڕەفی ئەوەم هەبووە كە بە بابەتەكانی خۆم بەشدار بووم لەم گۆڤارە. گۆڤاری (گوڵان) لە ڕەهەندەكانی ناوخۆ و هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها لە ڕەهەندەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی فرەچەشن مامەڵەی لەگەڵ بابەتەكاندا كردووە و لەم بوارانەدا ئەزموونێكی پێشكەوتوو بووە، بۆیە پێویستە سوود لە ئەزموونی سەركەوتووی (گوڵان) وەربگیرێت، چونكە ئەزموونێكی سەركەوتووی هەیە لە نێوان دەستەبژێر و لە نێوان حوكمڕانی و میدیا، جگە لەمەش مەسەلەیەكی دیكەش هەیە، ئەویش چۆنێتیی ئامادەكردنی كادیری پسپۆڕی ڕاگەیاندنە لە قۆناغی دوای بەكالۆریۆس، واتا ماستەر و دكتۆرا، كە پێویست دەكات هەندێ كادیر بنێرینە وڵاتانی دەرەوە بە تایبەتیش ئەوروپا، یان بۆ چین و ژاپۆن، تاكو ئاشنا بن بە ئاستی پێشكەوتنی ڕاگەیاندن لەم وڵاتانەدا.

ئەم دیدارەی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ میدیاكاران، ئاماژەیەكی تێدا بوو كە كێشەیەك هەیە لە نێوان دەزگا ئەمنییەكان و میدیاكاران، بەتایبەتی لە كاتی ڕووداوەكان، لە ڕاستیدا پێویستە جۆرە هاوسەنگییەك هەبێت لەنێوان پرەنسیپ و پێداویستییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی و ئازادیی ڕۆژنامەگەری، واتا هاوسەنگییەك هەبێت لەكاتی ڕووداوەكاندا، ئەم دیدارەی سەرۆكی حكومەت ئەوەی سەلماند كە لێك نزیكبوونەوەیەك هەیە لە نێوان دەزگاكانی ئاسایش و دەزگاكانی ڕاگەیاندن، لە ڕابردووشدا جۆرە تێگەیشتنێك هەبوو، بەڵام جاروبار مەسەلەكە بە ئاراستەیەكی نێگەتیڤدا دەچوو و هەندێ كێشە دروست دەبوون.

بابەتی دیكە كە لەم دیدارەدا باسیان لێوە كرا، بریتی بوون لە زۆر كێشە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان، وەك پەیوەندی لەگەڵ حكومەت و دادگای فیدڕاڵی، نەوت و گاز، بوودجە، مووچە، ئەوەی زیاتر گرنگە بە بۆچوونی من، وەڵامدانەوەی سەرۆكی حكومەت بۆ میدیاكاران بوو، كە ماوەیەكی زۆری خایاند لە دیدارە نیشتمانییەكە، بەڕێزیان جەختی كردە سەر مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، لە ئاستی نیشتمانی درێژەپێدانی بەرنامەی حكومەت لە هەموو سێكتەرەكاندا بۆ بەرەوپێشچوونی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، لە ئاستی هەرێمی چۆنێتیی دیپلۆماسییەتی دەستدرێژكردن و كرانەوە بە ڕووی دەوڵەتەكاندا لەسەر بنەمای مێژوو و جوگرافیا و بەرژەوەندیی هاوبەش، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش تێگەیشتنی دەوڵەتان بۆ هەرێمی كوردستان كە ئێستا هەرێم ژمارەیە لە نەخشەی وزەی جیهانی، لەسەر ئەم بنەمایە كوردستان بەشداریی كاریگەر و گرنگی هەیە لەم نەخشەیەدا، جگە لەمە ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی، كە تاكو ئێستا مەترسییەكانی هەر ماون، هاوكات تێگەیشتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ئەم لایەنە، بۆیە وەڵامدانەوەی سەرۆكی حكومەت ڕاشكاوانە و بەرپرسیارانە بوو، هیچ جۆرە نهێنییەكیش لە وەڵامدانەوەكە بەدی نەدەكرا، بۆیە لە كۆتاییدا من بەش بە حاڵی خۆم گەشبینم بەوەی كە ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام دەبن.

 

Top