سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی نووسەر و ڕۆشنبیر و ئەکادیمستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد

سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی نووسەر و ڕۆشنبیر و ئەکادیمستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢، سەرۆك مسعود بارزانی، پێشوازیی لە شاندێکی نووسەر و ئەکادیمست و ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بەمەبەستی بەشدارییکردن لە مەراسیمی ناساندنی زنجیرەیەک کتێبی پڕۆژەی دۆکیۆمێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی، بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و وێڕای دەستخۆشی بۆ بەڕێز بارام وەڵەدبەگی بەرپرسی ئەنستیتۆی فەرهەنگیی کوردستان لە تاران و تەواوی ئەو کەسانەی لە پڕۆژەی دۆکیومێنتاریی شۆڕشەکانی بارزان ڕۆڵیان گێڕاوە و کتێبەکانیان ئامادەکردووە، دەستخۆشیی لە زانکۆی سەلاحەدین و ئەو کەس و لایەنانە کرد کە مەراسیمی ناساندنی پڕۆژەکەیان بەڕێوەبردووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ پڕۆژەکە خواست.

سەرۆک بارزانی ڕۆڵی ڕۆشنبیران و ئەکادیمیست و نووسەرانی لە ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و گرێدانی پردی پەیوەندیی لەگەڵ گەلانی دیکەی ناوچەکە بەرز نرخاند و برەودان بەکاری فەرهەنگی وەک بەشێک لە خەباتی گەلەکەمان پێناسە کرد و داوای کرد ڕێگە نەدەن چیتر مێژووی گەلی کوردستان چەواشە بکرێت و خۆیان بەپشت بەستن بەبەڵگە و زانیاریی دروست و متمانەپێکراو کار لەسەر ناساندنی مێژوو بکەن.

شاندی میوان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان بە دیدارەکە، سوپاس و پێزانینی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد و ئاماژەیان بە پێگەی جەنابیان لەناو کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان کرد کە جگە لە پێگە سیاسییەکەی، وەک ئومێد و هیوای ڕزگاری، پێگەیەکی مەعنەویی بەرزی لەناو کورد هەیە و لەناو پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێرانیشدا جێی ڕێز و تەقدیرە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، شاندی میوان ژمارەیەکی زۆر کتێب و بەرهەمی چاپکراوی خۆیان پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.

Top