نازدار سەردانی گۆڕی هونەرمەند (محەمەد عارف جزیری) دەكات
نازدار جزیری خانمە گۆرانیبێژی باكووری كوردستان, لە سەردانێكی بۆ شاری دهۆك دەچێتە سەر گۆڕی هونەرمەندی گەورەی كورد(محەمەد عارف جزیری) .
نازدار لە نوێترین بڵاوكراوەیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئەنستگرام كورتە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا لە گۆڕستانێكی شاری دهۆكەو لەسەر گۆڕی هونەرمەندی گەورەی كورد(محەمەد عارف جزیری), هەروەها نازدار لەسەر بڵاوكراوەكەی نووسیویەتی: سەردانی گۆڕی ھونەرمەندی نەمر مامۆستا محمد عارف جزیری. ئێمە شوكور و سوپاسگوزارین بۆ جێھێشتنی خەزێنەیەك لە گۆرانی فۆلكلۆر بۆ ھونەر و كەلتوری كوردی ، ھەمیشە لە دڵی ئێمە دای .
محەمەد عارف جزیری یەكێكە لە گۆرانیبێژ و ژەنیارە دیارەكانی كوردستان, ئەم هونەرمەندە لە ساڵی 1912 لە ناوچەی جزیرەی بۆتانی باكووری كوردستان لەدایك بووە, محەمەد عارف جزیری لەپاڵ ئەوەی شارەزابووە لە ژەنینی ئامێری موزیكی ساز دەنگ و ستایڵێكی تایبەت بە خۆی هەبووە كە گۆرانییەكانی لە فەرهەنگی هونەری موزیك و گۆرانی كوردی دیارە, لەبەر دژواری ڕەوشی باكووری كوردستان ئەم هونەرمەندە ڕوو لە باشووری كوردستان دەكات و لە شاری دهۆك دەمێنێتەوە, لەو ماوەیەدا جزیری زیاتر پەرە بە هونەرەكەی دەدات و بەرهەمی زیاتر بڵاودەكاتەوە, لە دواییدا دەچێتە ئێزگەی بەغدا و لەوێدا ژمارەیەك هونەرمەندی كورد دەناسێت كە بەم هۆیەوە زیاتر دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت و زیاتر لەنێو خەڵكی دیار دەبێت, لە بەرواری 17/12/1986 جزیری بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری دهۆك ماڵئاوایی لە ژیان و هونەردۆستانی دەكات .
ئاسۆ كاكەیی