دوژمنان هەرگیز چاویان بە "بارزانی و هەولێر" هەڵنەهاتووە
ئەمە جاری یەكەمین و دواهەمینیش نییە كە دوژمنان و نەیارانی هەولێر و كوردستان پەڵاماری كوردستان بدەن ، داعش و حەشد و ئێران و بەغدا و دەیان پیلان و سیناریۆی تری پەلاماردانی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەكی روون و ئەو سەركەوتن و پێشكەوتنانەیە كە ناحەزان چاویان پێی هەڵنایەت و لەلایەكی ترەوە
ئەو شێوازە دیپلۆماسی و سیاسیە ژیرانەیەی كەوا سەركردایەتی سیاسی گەلی كورد لە سیستەمی سیاسی ئەمڕۆی جیهان پەیڕەوی دەكات و خەباتێكی ژیرانەی دیبلۆماسی نەرم و لەسەر خۆی بۆ دەكات كەوا بێگومان ئەمەش هۆكارێكی هەرە كاریگەرە لە ڕاكیشانی سەرنجی دیبلۆماسیەتی جیهان بۆ ووڵاتەكەمان و شاری هەولێر كەوادەكات هەولێری پایتەخت سەنگ و قورسایی خۆی لە ناوەندەكانی كۆمەڵگەی نێو دەوڵتی بپارێزێ و كاریگەری خۆی هەبێ لە داڕشتنی بڕیارە هەرێمی و نێودەوڵتیەكان، ئەمەو سەرەڕای چەندین هەوڵی نەگریسی نەیارانی كورد بۆ گەمارۆدانی هەولێری پایتەخت و وەستاندنی تڕافیكە سیاسیەكەی و دابڕاندنی لە جیهانی دەرەوە كەچی هەموو هەوڵەكانیان شكستنیان هێناو نەیانتوانی شان لە شانی هەولێر بدەن و هەولێر لە هەولێری بوونی خۆی بخەن و هەولێر هەر بە سەربەرزی و بە گەورەیی خۆی مایەوەو بەڵكو پیرۆزترو متمانەپێكراوتر لە جاران شاندە كاریگەرە بڕیار بەدەستەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵتی سەردانی هەولێر ی پایتەخت دەكەن و گوێ بۆ بیرو ڕای سیاسی هەولێر شل دەكەن
هەموو ئەو بەرەوپێشچوونەی كە هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوو لە رووی سیاسی، دیپلۆماسی و تەناهی و ئابوورییدا بەدەستی هێناوە، ، بەهێزیی پێگەی هەرێمی بۆ دیپلۆماسییە هەرێمی نێودەوڵەتییەكان، هەروەها لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پێگەی بەهێز هەبووە و سەرۆكی وڵاتانی زلهێز دێنە هەرێم، ئەمە چاوی ناحەزان و تێكدەرانی هێندەی تر تووشی هیستریا و كوێرتر كردووە.
دوژمنان و ناحەزانی ئەم گەل و خاكە دەیان ساڵ بوو بۆ ڕێگریكردن لە گەیشتنی كورد بە مافەرەواكانی هەر چی چەك و پیلانگێری وكارەسات و نەهامەتیی و ئەنفال و كیمیاباران نەما بە سەر مان نەهێنن بەڵام نەیانتوانی خامۆش و ڕیشەكێشمان بكەن تا ئەمڕۆیی قەوارەی هەرێمی كوردستان كە ماوەی سێ دەیە سەڕەرای هەموو ئەو كۆسپ و ئاستەنگانەی هەمدیسان نەیاران و دوژمنان لە بەردەمی دروست دەكەن ، بەڵام توانیوێتی ویست و سیمای ڕاستەقینە و ئاشتخوازانە و دیموكراسیخوازەی پیشانی هەموو جیهان بدات و رۆژ بە رۆژ هەرێمی كوردستان هاوشێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بەرەو پێشەوە ببات ، پێچەوانەكەشی عێراقێك هەیە كە سەد ساڵە بۆنی ئاگر و باروت و شەڕ ونەهامەتی لێدێت و رۆژ بە رۆژ بەرەو دواكەوتوویی و وێرانكاریی هەنگاو دەنێت .
هەر چەندە گەلی كورد هەوڵیدا لە ماوەی 19 ساڵی رابردوو عێراقی دیكتاتۆری بە ئاراستەی دیموكراسی و فیدراڵی و دەستووری ببات كە تێیدا هاوبەشی، سازان و هاوسەنگی تێیدا پێوەر و یاسا بێت بۆ بەدەسهێنانی مافەرەواكانی گشت گەل و پێكهاتەكانی نێویدا بەڵام سات بە سات عێراق ڕێرەوەكەی بەرەو شۆڤێنیەت ودیكتاتۆریەت و خراپتر لە رابردووە ، بۆ هەرێمی كوردستانیش كە وەك قەوارەیەكی دەستووری پێش ڕژێمی ئێستای شۆڤێنی شیعی بوونی هەبوو ، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو كەوتۆتە ژێر هەڕەشە و پەڵاماردان و گەمارۆدان بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان لەلایەك و لەلایەكی تریش ژێر دەستكردن و نەهێشتنی قەوارەی هەرێم و هەر جارەو بە پاساو سیناریۆیەك ، هەر دوێنی بوو ، لە 2017 بە هەموو جۆرە چەك و میلیشا و سوپا پەڵاماری كوردستانیان و گەلی كوردو پێشمەرگەی كوردستان ڕووبەڕوویان بووە تووشی شكستی گەورە بوونەوە و ئێستا لەماوەی 5 ساڵی رابردوو ، بە هەمان زێهنیەت بەردەوامن لە پەڵاماردانی گەل و هەرێمی كوردستان و تا ئێستا چەندین جار بە مووشەك و بە درۆن هێرش كراوەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئامانجی سەڕەكیشیان ئەوەیە می ئارامی و سەقامگیرییەی هەرێمی كوردستان تێكبدەن.
ئەوەی دەبینرێت ئەوەیە كە نەیارانمان چاویان بەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت و ناوەناوە بە بۆردمان و مووشەك و درۆنەكانیان، دەیانەوێ دەستوەردان لە ئارامی هەرێم بكەن و ئەو سەقامگیری و ئاسایشەی كوردستان بەو جۆرە لێ بكەن كە خۆیان دەیانەوێت. بەدڵنییاییەوە گەلی كورد هەرگیز خۆی رادەستی دوژمنان ناكات و ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر هێرشكردن بۆ سەر هەرێم، رۆژێك دێت كۆتایان پێ دێت و ناگەن بەو ئاواتەی هەیانە، چونكە مێژوو گەواهیدەرە كە، كوردو كوردستان زۆر دوژمنی لەو جۆرەی بەڕێ كرد، تاكەكان و پێكهاتە و هاووڵاتییان و گەشتیاران هەمووان پێكەوە لە هەرێمی كوردستان پارێزراون و ئاسایشێك هەیە كە هەمووان بەبێ دوودڵی تێیدا بحەسێنەوە.
ئەوانەی گروپ و لایەنانەی كە پەنا دەبەنە بەر ئەو كارانە چ لە ناوخۆی عێراق یان لە دەرەوەی عێراق، چاویان بەو پێشوەچوونە هەڵنایەت، بۆیە بە بەردەوامی هەوڵ دەدەن هەرێم بخەنە ناو كێشەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەولێری پایتەخت بە ئامانج دەگرن.نەیارانی گەلی كورد و ئەوانەی تێكدەرن، چاویان بەو ئارامییەی هەرێم هەڵنایەت، هەرێمێك كە سەرۆكی وڵاتانی زلهێز سەردانی دەكەن و بەردەوام و رۆژانە نوێنەری وڵاتان و باڵوێزی وڵاتان سەردانی هەولێر دەكەن، ئەمە وایكردووە نەیاران پەنا ببەنە بەر كارێكی خراپ كە خۆیان دەیانەوێت.
دوژمنان و نەیارانمان دەیانەوێت كە، هەرێمی كوردستان بە دەردی ئەو شارانەی عێراق ببەن كە ئێستە بوونەتە كۆگای تیرۆریستان و میلیشیاكان و چەكدارانی داعش تەراتێنی تێدا دەكەن، پێیان دەڵێین هەرێمی كوردستان زۆر لەوە گەورەترە بە مووشەكێكی ئەوان بترسێنرێت، ئیرادەی گەلی ئێمە بەهێزە و پێشكەوتن و گەشەسەندنی كوردستان بە كاری ترسنۆكانەی مووشەكباران، درۆن و تیرۆر لە جوڵە ناوەستێت و بەرەو سەركەوتن و پێشكەوتنی زیاترە .