یەکەم گروپی پەناخوازانی نایاسایی لە بەریتانیاوە دەگوازرێنەوە بۆ ڕواندا

یەکەم گروپی  پەناخوازانی نایاسایی لە بەریتانیاوە دەگوازرێنەوە بۆ ڕواندا

دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ڕایانگەیاند: بەپێی یاسایەکی نوێ کە لە 14ی نیساندا لەو وڵاتە دەركراوە، ئەو پەناخوازانەی کە بە نایاسایی دەێنە وڵاتی بەریتانیا، دوای دەستگیرکردنیان ڕەوانەی وڵاتی ڕواندای ئەفریقیا دەکرێن.

پریتی پاتل، وەزیری بەریتانیا گوتی " یەکەم گروپی پەناخوازان لە 14ی حوزەیران دەنێردرێن بۆ ڕواندا" لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی بەریتانیا بەڵێنیدا بۆ ماوەی پێنج ساڵ مەرجی ژیان و کارکردن و خوێندن بۆ پەناخوازان لە ڕواندا دابین بکات هەروەها حکومەتی ڕوانداش پێشوازی لەو پلانە کردووە.

ڕواندا وڵاتێکی بچووکە لە نیوەی باشووری کیشوەری ئەفریقیا كە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 13 ملیۆنە و زیاتر لە 26000 کیلۆمەتری چوارگۆشە و 6500 کیلۆمەتر لە ئینگلتەراوە دوورە.

حکومەتی بەریتانیا ڕاگەیاند: كە پەناخوازانی سوریا و ئەفغانستان و میسر و سودان و ئێران لە لیستی یەکەم گروپدان کە هەفتەی داهاتوو لە خاکی بەریتانیاوە ڕەوانەی ڕواندا دەكرێن.

دوابەدوای راگەیەندراوەکە، ژمارەیەک لە پەنابەران ناڕەزاییان دەربڕی  و ڕایانگەیاند، ناردنیان بۆ وڵاتی ئەفریقیا لە مردن خراپترە.

لە لایەكی دیكەوە ژمارەیەکی زۆر لەچالاکوانانی مافی مرۆڤ دژی یاسا و بڕیاری حکومەتی بەریتانیا ناڕەزاییان دەربڕیوە و بەپێشێلكردنی یاسای مافی مرۆڤ ناودەبەن و دەڵێن دیکتاتۆرییەتی ڕواندا شوێنێکی گونجاو نییە بۆ پەناخوازانی هەڵاتووی دەستی ستەمی  دیکتاتۆرییەتی وڵاتەكەیان كە جارێكی دیكە تووشی هەمان باروودۆخ ببنەوە.

وڵاتی ئوسترالیا پێشتر پەناخوازانی نایاساییان بۆ دوورگەی مانوس پاپوا لە گینە نوێ و دوورگەی دوورە دەستی ناورۆ لە ئۆقیانووسی هێمن دەنارد.

بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بارودۆخی ئەو کۆچبەرانەیان كە بە سەدان منداڵ و گەنجن لە بنكەكانی دەستبەسەركردن بە کارەسات وەسفکرد و حکومەتی ئوسترالیایان ئیدانە کرد.

بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە مانگی نیساندا گوتی: تاکە رێگا بۆ بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی لە بەریتانیا ڕێگای یاساییە و ئەوكەسانەی هەوڵی شکاندن و خراپ بەکارهێنانی یاساکانمان دەدەن، نەک تەنها هیچ ڕێگەیەک بۆ پەنابەریەتی نادۆزنەوە بەڵكو بە زووترین كات  دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی دوورەدەست.

وەزیری دەرەوەی ڕوانداش گوتی: وڵاتەکەی تا ئێستا زیاتر لە 130 هەزار پەناخوازیان لە وڵاتانی جۆراوجۆر نیشتەجێ کردووە، لەوانە کنگۆ و بروندی و ئەفغانستان و لیبیا کە بە شێوەیەکی کاتی لە بەشە ناوخۆییەکان یان هۆتێلەکانی پایتەخت نیشتەجێ كردوون،  تا پێداچوونەوەی پرۆسەی داواكاریی پەنابەریەتییان بۆ دەكرێت.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top