لایەنە سیاسییەکان بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی و پلاسخارت کۆدەبنەوە گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردن دەکەن

لایەنە سیاسییەکان بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی و پلاسخارت کۆدەبنەوە گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردن دەکەن



كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌گه‌ڵ پلاستخارت.

بڕیارە لە 9ی ئەم مانگەدا، جارێکی دیکە نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق کۆببنەوە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 9/6/2022، لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردستان لەلای سەرۆکی هەرێم، بە بەشداری پلاسخارت کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکەن، لەوێ قسەوباس لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دەکرێت لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو".

گوتیشی: "ئەگەر ئیرادە هەبێت و هەنگاو بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بنێین، دەتوانین لە 1ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کۆمسیۆن کارا بکەینەوە، ئەگەر لە رووی تەنکیکییەوەش نەکرا ئەوکات هەڵبژاردن بکرێت دەکرێت کەمێک دوابخرێت، بەڵام پێویستە هەوڵی و تواناکانی هەمووان بۆ ئەوەبێت هەڵبژاردن دوانەخرێت، چونکە دواخستنی هەڵبژاردن، بۆ ناوبانگی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی سیاسیی و دیموکراسی گونجاو نییە".

هێمن هەورامی، راشیگەیاند: "هەموو ئەو 16 فراکسیۆنەی لە پەرلەمانی کوردستانن، بە دەنگی خەڵک هاتووین، خەڵکی کوردستان بۆ 4 ساڵ نوێنەرایەتی خۆیان بە ئێمە بەخشیوە، بۆیە دەبێ جارێکی دیکە بۆ خەڵک بگەڕێینەوە کە دەنگ بە کام هێز و لایەنێک دەدەن".

Top