سهرپهرشتیاری ئیدارهی سۆران: "سەرقاڵی رێکخستنی سیستمی دابەشکردنی بانکین"
دوای ئەوەى لە لایەن هەندێ کەناڵی میدیایی نابەرپرس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان, بە وێنە و مانشێتی چەواشەکارانه وێنەى قەرەباڵخیی یەکێک لە بانکەکانی سۆران بڵاو کرایەوە، گوایە دابەشکردنی مووچەى خانەنشینیان گرفتی تێکەوتووە و دابەش ناکرێت، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
سەرپەرشتیاری ئیداری سەربەخۆی سۆران، بەڕێز هەڵگورد شێخ نەجیب، رایگەیاند: "پێشتر ھەندێک گرفتی قەرەباڵغی لە بەردەم(بانکی دیانا) هەبووە و ئەم کێشەیەش چارەسەر کراوە."
گوتیشی: لە ئێستادا سەرقاڵی رێکخستنی سیستەمی دابەشکردنی بانکین لە ئیدارەى سۆران، هەر بۆ ئەو مەبەستەش بانکی دیانا بۆ باڵەخانەی بانکی پێشووی دیلمان دەگوازرێتەوە، کە ئێستا له نۆژەن کردنەوەدایه و له مانگى داهاتووش مووچەى تێدا دابەش دەکرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە نێو سۆران سێ بانک هەن و رۆژانە مووچەیان تێدا دابەش دەکرێت، ئەوانیش بانکەکانی دیلمان، دیانا و ئازادین.
لای خۆشیەوە بەڕێوەبەری بانکی دیانا (فەرسەت سەلیم) رایگەیاند: کە زانیارییە چەواشەکارییەکەى نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەى وێنەى قەرەباڵخیی بەردەم بانکی دیانا، کە مووچەى خانەنشینی لێ دابەش دەکرێت کۆنە و هیچ ىبنەمایەکی نیە، لە ئێستاشدا مووچەکان بێ گرفت دابەش دەکرێن.
راگەیاندنی ئیدارەى سەربەخۆی سۆران
٢٧ى نيسانى ٢٠٢٢