دوای سەردانێکی فەرمی بۆ بەریتانیا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە هەولێر
دوای سەردانێکی فەرمی بۆ بەریتانیا و کۆبوونەوە لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 22ی نیسانی 2022 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە هەولێر.
سەرۆکی حکومەت ، لە سەردانەکەیدا، بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن بۆریس جۆنسن سەرۆکی وەزیرانی بەریتانیا و وەزیرانی دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری، پەروەردە و وزە و بازرگانی و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی بەریتانیا پێشوازی لێکرا و لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرا.
سەرۆکی حکومەت هەروەها لە ئەنستیتیوتی بەناوبانگی بەریتانی چاتهام هاوس لە لەندەن گوتارێکی پێشکەش کرد و بەشداری گفتوگۆیەک بوو دەربارەی پرۆسەی سیاسی و بارودۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچە کە چەندین دیپلۆمات و لێکۆڵەر و نووسەر و کەسایەتیی ناسراوی بەریتانی بەشداربوون .
هەر لە لەندەن، هەردوو سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا تۆنی بلێر و جۆن مێجەر ، هەروەها باڵیۆزی عێراق لە بەریتانیا محەمەد جەعفەر سەدر سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد.