مسرور بارزانی و گۆڕانەکانی ناوچەکە

مسرور بارزانی و گۆڕانەکانی ناوچەکە


ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆتە چەقی گۆرانكارییەكان و هەرێمی كوردستان و عێراقیش بەشێکی گرنگی ئەو گۆڕانکاریانە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوکێشە سیاسی و ئابوریەکانن. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكەمتر لە هەفتەیەك دا زنجیرەیەك دیداری دیپلۆماسی لە سەر ئاستی جیهان و ولاتانی هەرێمی ئەنجامدا، ئەم هەنگاوانە ئاماژەی خۆ ئامادەکردنێکی تۆکمە و بە بەرنامەی هەرێمی کوردستان نیشان دەدەن، بە هەبوونی پێگەیەکی سیاسی جێگیر و هێزێکی وزەی موژدەبەخش، کە دوو کارتی کاریگەرن بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی بەهێزی قەوارەی دەستوری کوردستان و رێبەرایەتی کردنی بۆ سبەیێکی گەشتر لەمڕۆ، ئەوەش چوارچێوە و رەهەندەکانی دونیابینی مەسرور بارزانی و هەوڵەکانی دیاری دەکات.
دیداری لوتكە لەشانشینی بەریتانیا (کە دەڵێن رۆژی لێ ئاوا نابێت) و پێشوازیكردنی سەرۆكی حكومەت وەك كارەكتەرێكی گرنگی رۆژهەلاتی ناوەراست، ئاماژەیەکی روونە لە گرنگی پێدانی ئەوروپیەكان بە گشتی و بەریتانیا بە تایبەتی بە پرسە گەرمەکانی ناوچەکە و بارودۆخی ئاڵۆزی عێڕاق، کە هەرێمی کوردستان و ستراتیژیەتی حکومەتەکەی هەمیشە هێزی چارەسەر و بنیاتنان بوونە نەک پێچەوانەکەی.
گوتەکانی مەسرور بارزانی لە چاتهام هاوس دەرخەری راستەقینەیەکن کە جەنابیان خاوەن ڤیژنێکی روونە و هەڵگری پەیامێکی نوێیە وەک پێشنیار بۆ چارەسەری کێشەکانی عێڕاق، کە دەکرێ ببنە کلیلی کردنەوەی گرێ کوێرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کە دەکرێ لەو چەند وشەیە کورتیان بکەیەنەوە، گەڕانەوەی ماف و شکۆ و پێگەی شیاو بۆ پێکهاتەکانی ئەو ناوچەیە، دابەشکردنی هێز لە رێگای دروست بوونی سیستەمێکی بەڕێوەبردنی فرە ناوەندی نەک کۆکردنەوەی هێز لە یەک ناوەند، چونکە ئەو مۆدێلە لە سەت ساڵی رابردوو تاقی کراوەتەوە و فەشل و ئێکسپایەر بوونەکەی دەمێکە وەدیار کەوتووە.

Top