ئیسرائیل کوژرانی هێرشبەرەكەی تەلئەبیب ڕادەگەیەنێت

ئیسرائیل کوژرانی هێرشبەرەكەی تەلئەبیب ڕادەگەیەنێت

 

 

 

هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بەیانی ڕۆژی هەینی تەقەیان لە پیاوێکی فەلەستینی کرد کە هێرشی كردووەتە سەر باڕێکی قەرەباڵغ لە ناوەندی تەلئەبیب  كە تەقەی لە خەلك كردووە، دوو کەسی كوشتووە و زیاتر لە 10 کەسیش بریندار بوون.

نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی هەینی لە ئەكاونتی تویتەرەکەی لەسەر ئەو ڕووداوە نووسیویەتی کە "تیرۆریست" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە کوژرا و جەختی لەوە کردەوە کە "ئێمە شەڕی تیرۆر دەکەین و دەیبەینەوە".

هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، چوارەمین هێرشی فەلەستینییە لە ئیسرائیل لە ماوەی سێ حەفتەدا کە گرژی و ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون.

نەفتالی بنێت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمنی ڕایگەیاند: كە پەڕینەوەیەکی گەورە لە باکوری ڕۆژئاوا  دەکەوێتە نزیک شاری لەدایكبووی هێرشبەرەکە بۆ ماوەیەکی نادیار دادەخرێت.

بنێت گوتیشی: "هەموو بکوژێک دەزانێت کە ئێمە دەستمان پێی دەگات، هەر کەسێک یارمەتی تیرۆریستان بدات، دەبێت بزانێت کە باجێكی سەخت دەدات.

میدیاکانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە کوژرانی دوو کەسی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەیان لە هێرشێکی چەکداریدا لە ناوەندی تەلئەبیب ڕاگەیاند،هەروەها پۆلیس داوای لە خەڵک كرد کە لە شوێنی ڕووداوەکە نەمێننەوە و لەماڵەكانیان بمێننەوە. 

هەروەها نەفتالی بنێت لەگەڵ بێنی گانتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە بارەگایەکی سەربازی لە تەلئەبیب ئامادەبوو بۆ تاوتوێکردنی دوایین زانیاری سەبارەت بە هێرشەکە.

لەم حەفتانەی دواییدا شەپۆلێکی نوێی هێرشی چەکداری دژی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی لە شارەکانی بیرشیبا و بەنی براک ڕوویدا و تا ئێستا 13 ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە کە دوو هاووڵاتیش لە هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا کوژراون.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top