ئیمارات: سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنێکی ئیسرائیلیدا سەپێندرا

ئیمارات: سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنێکی ئیسرائیلیدا سەپێندرا

 

ئافرەتێکی ئیسرائیلی بەهۆی هەبوونی زیاتر لە نیو کیلۆ کۆکاین لە شوقەکەی لە ئەبوزەبی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا. یاساکانی دژە ماددە هۆشبەرەکان لە ئیمارات زۆر جدی و توندن و سزای قورسی لەسەرە.

فێدا کەیوان، 43 ساڵە، لە ئازاری 2021دا، چەند ڕۆژێک دوای گەیشتنی بە ئیمارات دەستگیرکرا، دوای گەڕان لە ماڵەکەیدا، ئەفسەرانی پۆلیس نیو كیلۆ کۆکاینیان دۆزییەوە.

بەڵام ئافرەتەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو ماددانەی دۆزراونەتەوە هی ئەو نین. لە ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووە کە ژنەکە فرۆشیاری ماددەی هۆشبەرە.

سکای نیوز بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکات، بۆ ئازادکردن و پاراستنی ئەنجامدەرەکە.

بەپێی زانیارییەكان، فێداکەیوان کە لە ئیسرائیل نیشتەجێ بوو، ستۆدیۆی فۆتۆگرافی بەڕێوەدەبرد، بە بانگهێشتی ناسیاوێکی فەلەستینی گەشتی بۆ ئیمارات کردووە.

پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لە دوای ئیمزاکردنی پەیماننامەی ئیبراهیم ئاسایی بوونەوە و گەشتیارانی ئیسرائیلی لە ئێستادا بۆ ئیمارات گەشت دەکەن.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top