قەرزی نێودەوڵەتی و قەرزاریی دەرەكی و كاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی

قەرزی نێودەوڵەتی و قەرزاریی دەرەكی و كاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی

 

بابەتی قەرزی نێودەوڵەتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، قەبارەكەشی گەورەتر دەبێت و ڕێژەكانیشیان لە ئەنجامی ئەوەی كە پەنا بۆ قەرزی نێودەوڵەتی دەبرێت بۆ ئەوەی كە كورتهێنانی بودجەی دەوڵەتان و بابەتی پەیوەست بە گەشەپێدان و ئابووری و جەنگ پڕبكاتەوە، بۆیە هیچ دەوڵەتێك لە جیهاندا نابینرێت كە لە بواری بودجەی وڵاتەوە لەم قەرزە بە دوور بن، یان قەرز وەردەگرن، یان قەرز دەدەن، ئەم قەرزە نێودەوڵەتییانەش تەنیا لەسەر دەوڵەتەكانەوە نەوەستاون، بەڵكو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و بانكە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەكانیش و، هەروەها كەسایەتییە تایبەتەكانیش ئەم قەرزانە دەدەن، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە لە جیهانی ئەمڕۆدا پرۆسەی قەرزی نێودەوڵەتی لەلایەن گرووپی بانكی نێودەوڵەتییەوە كە بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە دەگرێتەوە، هەروەها دامەزراوەی نێودەوڵەتیی گەشەپێدان و كۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتییە، جگە لەمانەش سندووقی دراوی نێودەوڵەتی كە ڕۆڵی گرنگ لەم بوارەدا دەبینێت، كە ئەركی ئەو كڕین و فرۆشتنی دراوەكانە، بۆ ئەوەی كورتهێنانی بودجەی دەوڵەتان چارەسەر بكرێت.

ئەگەر باسی پەیوەندیی قەرزی نێودەوڵەتی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە لە ڕووی بابەتەكانی سیاسی و ئابووری ئەو دەوڵەتانەی كە قەرز وەردەگرن، هەڵسوكەوتیان دەربارەی پڕۆژەكان و سیاسەتی وەبەرهێنان، كاریگەریی لەسەر سەروەریی دەوڵەتە قەرزارەكان هەیە، چونكە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی مەرجی هەیە بۆ پێدانی ئەم جۆرە قەرزانە، تەنانەت دەسەڵاتی دەستتێوەردانیشیان پێ دەدرێت لەو دەوڵەتانە، لە بواری سیاسەتی نرخ و كرێ و كاركردن و باج و وەبەرهێنان و زۆر بواری دیكە، بۆیە ئەم بابەتانە پەیوەستن بە سەروەریی دەوڵەتانەوە، دەخرێنە ژێر چاودێریی ڕێكخەری نێودەوڵەتی بۆ پەنابردن بۆ سیاسەتەكانی چاكسازی، هەروەها زۆربەی زۆری ئەو قەرزە نێودەوڵەتییانە دەرفەت دەدەنە ئەو سندوقە كە مافی پشكنین و هەڵسەنگاندنی سیاسەتی ئابووری و دارایی ئەو دەوڵەتانە بكرێن كە قەرز وەردەگرن، تەنانەت هەندێ سیاسەتیشیان لەسەر دەسەپێندرێت، پسپۆڕەكانی ئەم سندوقە دەتوانن دەستنیشانی سیاسەتی پێویست بكەن، كە دەبێ دەوڵەتانی قەرزار جێبەجێی بكەن.

ئامرازی ئاسایی قەرزی نێودەوڵەتی بریتییە لە گرێبەست، یان ڕێككەوتننامەی قەرزدان، كە ئەرك و مافەكانی ئەو لایەنانەی بەشدارن، هەروەها چۆنێتی چارەسەری كێشەكان و كام یاسا جێبەجێ دەكرێت و زمانی گرێبەستەكەو دەستنیشانكردنی چۆنێتیی دانی قەرزەكە و ئاسایشی یاسایی و دڵنیایی وەبەرهێنان دیاری دەكات، بەڵام ڕاستییەكی دیكەش هەیە كە قەرزی نێودەوڵەتی تەنیا قەرزەكانی سندوقی نێودەوڵەتی ناگرێتەوە، بەڵكو زۆر جار قەوارە و دەوڵەتەكان بە دوو قۆڵی پەنا دەبەن بۆ ئەم ئامرازە، بۆئەوەی گرفتە سیاسی و ئابوورییەكانی خۆیان لە ڕوانگەی سیاسەتەكانی ئاسایشی نەتەوەییەوە چارەسەر بكەن، كێشەكانی ئەم جۆرە قەرزانە لەوەدایە كە زۆر جار ناتوانرێت لە كاتی خۆیدا پارەی قەرزەكان بدرێتەوە، مەرجی قازانج دێتە سەر ئەم قەرزانە و هەندێ جاریش ئەم مەرجانە لە پارەی قەرزەكە زیاتر دەبن، بۆیە پرۆسەی قەرزی نێودەوڵەتی وا دەكات كە لە بودجەی ئابووریی دەوڵەتەكان كورتهێنان هەبێت، بە تایبەتی پەیوەست بە ماوەی دانەوەی قەرزەكە و ئەو قازانجەی دێتە سەری.

لەسەر ئەم بنەمایەو لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێودەوڵەتیدا بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان پەنا دەبرێت بۆ كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ئەو دەوڵەتانەی قەرزیان وەرگرتووە و ئەوانەی قەرز دەدەن، كە تا ئێستا زۆر كۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئەنجام دراون، پەنابردن بۆ بیرۆكەی ئەوەی كە خشتە دابنرێت بۆ دانی ئەم قەرزانە، بە تایبەتی ئەمە لە سەدەی ڕابردوودا زۆر بەكارهێنران، لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان و تەنانەت نەوەدەكانیش، بەڵام هەر چۆن بێت ئەم جۆرە كۆنفرانسانەش تا ڕادەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەرزی نێودەوڵەتی سەركەوتوو نەبوون.

لە دەرئەنجامدا قەرزاریی نێودەوڵەتی وا دەكات كە قەرزاریی دەرەكی هەبێت بۆ قەوارەو دەوڵەتان، ئەمەش كاریگەریی هەیە بۆسەر سیاسەتەكانی ئاسایشی نەتەوەییان، داڕێژەرانی سیاسەتەكانی ئەم ئاساییشە نەتەوەییە پەنا بۆ ئەوە دەبەن كە سەرچاوەكانی دارایی دەوڵەتان هەمەجۆر بكەن، كە تەنیا پاڵپشت نەبێت بە جۆرێك لە سەرچاوەی دارایی، زۆر جاریش دەوڵەتان كار بۆ ئەوە دەكەن كە مەرج نییە قەرزەكان بە پارە بدرێنەوە، بەڵكو بە پێدانی هەندێ پرۆژەی وەبەرهێنانیش دەبێت. زۆر لە دەوڵەتەكان یاسای وەبەرهێنانیان دەركرد و ئەم یاسایانە دەرفەتیان دایە ئەم دەوڵەتانەی دیكە كە قەرزیان داوە تا وەبەرهێنان بكەن و سوود لە چالاكیی ئابووریی ئەم دەوڵەتانە وەربگرن، بۆیە دەتوانم بڵێم ڕاستە قەرزاریی نێودەوڵەتی كاریگەرییەكی نێگەتیڤی هەیە، بەڵام لە هەمان كاتداو لە زۆر شوێندا لەسەر بنەمای دیدێكی تازە بۆ ئاسایشی نەتەوەییان پەنا بۆ ئەوە دەبەن كە ئەم قەرزە ببێتە فاكتەرێكی هەماهەنگی لە نێوان ئەم قەوارانەدا، تەنانەت ماوەكەشی بۆ ماوەیەكی درێژ دەبێت، واتا ساڵێك و دوو ساڵ نابێت، بەڵكو لە هەندێك شوێن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەگاتە نیو سەدە.

 

Top