راگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتيی. یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

راگەیاندنی كۆتایی كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتيی.  یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

 ڕۆژى دووشەممە 14 / 3 / 2022 كۆمیتەی سەركردایەتيی (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی YNDK، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی YNDK لە شاری هەولێر، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و كارو خەباتی YNDK كرا:

  باشووری كوردستان : باشوورى کوردستان لە رەوشێکى سیاسى زۆر ناسک و هەستیاردایە، ناوەندى سیاسیى کوردستان پەرش و بڵاوو لێکترازاوە، لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە ناکۆکى و ململانێى بەردەوامدان، ئەم رەوشە نیگەرانییەکى زۆرى دروستکردووە، بۆیە بە پێویستی دەزانین كە بەزووترین كات ناوەندى سیاسى و ناوماڵی كوردستان رێك و یەكبخرێتەوە، بۆ ئەمەش پێکهێنانى (ئەنجوومەنى سیاسیى کوردستان) کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بگرێتەخۆ بەگرنگ دەزانین، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەى کەوا هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیارو چارەنووسسازەدا، كەوا ئێستا داگیرکەرانى کوردستان لە هەموو لایەكەوە هەڕەشە لە کوردستان دەکەن، ئەوەتا لە لایەک رژێمى تورکیا بەردەوام ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکات و خەڵکى سڤیل ئاوارەو شەهید دەکات، لە لایەکى دیکەوە ئێران بەردەوامە لە هەڕەشەکانى بەرامبەر باشوورى کوردستان، دوا هەڕەشەیان؛ کە باوەڕى ئێمە دوا هەڕەشە نابێت، موشەکباران کردنى هەولێر بوو ، ئێمە ئەو کارە تیرۆریستییە و تەواوى دەستدرێژییەکانى داگیرکەران بۆ سەر کوردستان بە توندى ئیدانەو مەحکووم دەکەین و، داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دەکەین لەم رووەوە تەنیا سەیرکەر نەبن و هەڵوێستیان هەبێت و بێدەنگ نەمێنن، ئەم پیلان و هەڕەشانەى لەسەر گەلى کوردستان و ئەزموونەکەى بەڕێوەدەچێت، پیلانێکى ناوچەیى بەرنامە بۆ دارێژراوى گەورەیە دژ بە گەلى کوردستان، ئەم پیلانانە دەمێکە کاریان لەسەر دەکرێت و هەوڵى جێبەجێکردنیان دەدرێت، بێگومان یەکڕیزى و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکن بۆ رووبەڕووبوونەوەو هەڵوەشاندنەوەو پوچەڵکردنەوەى ئەم پیلانانە و هەوڵە نەزۆکەکانى دوژمنان و ناحەزانمان.

  سەبارەت بە شێوازى بەڕێوەبردنى کوردستان : ئێمە وەک YNDK ئەنجامدانى چاکسازییەکى گشتگیر لە تەواوى بوارەکانى بەڕێوەبردنى کوردستان بەپێویست دەزانین و، داواکارین حکومەتى کوردستان تەواوى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان بەشێوەیەکى سەردەمییانە سیستماتیک بکات و، ببێتە حکومەتێکى یەکگرتوو بۆ هەموو خەڵکى کوردستان، بۆ ئەمەش پێویستە شوێنەوارى دوو ئیدارەیى نەهێلدرێت و حکومەت لەسەر هەموو ئاستەکاندا یەکبخرێتەوە، هەموو لایەکمان چاوەڕوانین کەوا حکومەتى کوردستان هەنگاوى باش بنێت بۆ‌ پێشکەشکردنى خزمه‌تگوزارى زیاترو نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و نادادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسى و ئابوورى و حزب حزبێنه‌ و نایه‌كسانی، هەروەها پێویستە حکومەتى کوردستانە ئاوڕی زیاتر له‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و خانه‌نشینان و خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بداته‌وه‌ و مووچه‌كانیان له‌كاتی خۆيدا بۆ خەرج بکات و كاربكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان، هه‌وره‌ها پێویستە كار بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌ركووك و مه‌خموور و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ بكات كه‌ به‌پیلانێكی نه‌گریس كه‌وتنه‌ بنده‌ستی سوپای داگیرکەرى عێراق، لە قۆناخى ئێستاشدا پێویستە داوا لە حکومەتى عێراق بکات کەوا زیاتر خزمەتى ناوچە دابڕێنراوەکان (داگیرکراوەکان)ى کوردستان بکات و خزمەتگوزارى تەواویان پێبگەیەنێت و ئارامى و ئاسایشى ئەو ناوچانە بپارێزێت.

 سەبارەت بە مامەڵەکردنى حکومەت لەگەڵ حزب و هێزە سیاسییەکانى کوردستان: پێویستە حکومەتى کوردستان بەشێوەیەکى یەکسان و دادپەروەرانە مامەڵەیەکى تەندروست لەگەڵ تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بکات،  بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ بۆردێکى تایبەت دروست بکرێت کە ببێتە خاڵى پەیوەندى نێوان حکومەت و حزب و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان. 

  باكووری كوردستان : ئێمە لە YNDK پشتیوانی خۆمان بۆ خەباتى باکوور رادەگەیەنین و، ئیدانەى تەواوى ئەو دەستدرێژیانەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا دەکەین کەوا دەیکاتە سەر پەرلەمانتارانى کورد و شارەوانییەکان و چالاکوانە مەدەنییەکان، ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا ئەو راستییە دەسەلمێنن کەوا تورکیا دژى هەرجۆرە خەباتێکى مەدەنى و پەرلەمانى و سیاسییە لە باکوورى کوردستاندا، سیاسەتى دوژمنانەى تورکیا بەرامبەر گەلى کوردستان ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا تورکیا دژى هەر داواو دەسکەوتێکى گەلى کوردستانە جا لە هەر بەشێکى کوردستان بێت، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانەى تورکیا بیدەنگ نەمێنن، سەرەڕاى ئاستەنگەکانى بەردەم خەباتى نەتەوەکەمان لە باکوور، خەبات بەردەوامەو پێشڤەچوونى بەرچاویش وەدیهاتوون، خۆشحاڵین بەپێشڤەچوونەكانی خەباتی نەتەوەكەمان لەو بەشەی وڵات و, هيوادارين ببێتە فاكتەری سەرەكی پێشڤەچوون و سەركەوتنی زیاتر و گەیشتن بە مافە رەواکانى نەتەوەکەمان.

  رۆژهەڵاتی كوردستان : ئێمە وەک YNDK هەوڵەكانی لەیەكدی نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی ئەو بەشەی وڵات بەرز دەنرخێنین و, بە گرنگی دەبینین كە تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی وڵات كار بكەن بۆ كۆكردنەوەی هێزو تواناكانیان و، بەرەیەكی سیاسی بەرفراوان کە تەواوى هێزو لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵات بگرێتەخۆ لە نێوان خۆیاندا پێكبهێنن، بۆئەوەی ئامادە بن بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێک كە لەسەر ئاستی ناوچەكەدا دێنە پێشەوەو روودەدەن، لەهەمان كاتدا سڵاوو رێز دەنێرین بۆ زیندانييانی سیاسی لە زیندانەكانی ئێران و خەبات و بەرخودانیان بەرز دەنرخێنین و، داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ دەكەین كەوا هەوڵبدەن گیانی چالاکوانان لە زیندانەکانى ئێران لە مردن رزگار بكەن و، پاڵەپەستۆ بخەنە سەر رژێمى ئێران کەوا چیتر گەنج و چالاکوانانى کورد لە سێدارە نەدات.

  رۆژئاوای كوردستان : ئێمە وەک YNDK جارێكی دیكە پشتیوانی خۆمان بۆ خەبات و تێکۆشانى رۆژئاوای كوردستان رادەگەیەنین و، پێشڤەچوون و سەرکەوتنەکانى رۆژئاواى کوردستان بەرز دەنرخێنین و، بە گرنگی دەزانین تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشەی وڵات یەكڕیزو یەكدەنگ بن و بەیەكەوە كاربكەن و خۆیان لە ململانێی حزبایەتی بەدوور بگرن و، لەجیاتی حزبایەتی كوردایەتی بكەن و بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو بگرن و خۆیان لەهەر گرژی و ناكۆكییەك بپارێزن، لەهەمان کاتدا تەواوى هێرش و پەلامارو دەستدرێژییەکانى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان ئیدانە دەکەین و داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین کەوا لە بەرامبەر تورکیادا هەڵوێست وەربگرن.

  كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان :ئێمە وەک YNDK جارێکى دیکە جەختدەكەینەوە سەر بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بەبەشداری تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی مەزن, بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بەئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەزانین و، وەک هەنگاوێك بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن لێیدەڕوانین.

  ساڵیادى دامەزراندنى YNDK : نەورۆزى ئەمساڵ YNDK پێدەنێتە 27 بیست و حەوتەمین ساڵیادى دامەزراندنى خۆى، YNDK وەكو رێکخستنێكی نەتەوەیی و جەماوەری لە گۆڕەپانی سیاسی و كلتوری كوردستان لە نەورۆزى 1995 لەدایكبوو و راگەیاندراو بووە موژدەبەخش بۆ کۆکردنەوەو پەروەردەکردن و ئاراستەکردنى هاوبیرانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزان و نیشتمانپەروەران بۆ کارو خەبات، YNDK لەماوەیەكی كورتی تەمەنى کارو خەباتیدا توانی بەدیاربكەوێ و بەهۆی كاری بەردەوامی لەسەر خزمەتكردن و كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كاریگەری لە سەر پرسە نەتەوەیی و سیاسییەكان دروست بكات، ئەمساڵیش کەوا یادى (27)ەمین ساڵەى لەدایکبوونى خۆى دەکاتەوە، پەیمان بە گەلى کوردستان دەدا وەک هەمیشە لە سەنگەرى جەماوەردا بێت و داکۆکى لەمافە رەواکانیان بکات و پەیوەیست بێت بە ئامانج و پرەنسیپە نەتەوەیى و نیشتمانییەکانى.

  عێراق : YNDK پێیوایە تا ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەگى پۆزەتیف لە سیاسەت و هەڵسوکەوتى دەسەڵاتدارانى عێراق بۆ نزیکبوونەوە لەگەڵ کوردستان رووینەداوە، دژایەتیکردنى خواستەکانى گەلى کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانى عێراق بەردەوامە، ئەم رەوشەی كەوا ئێستا عێراق پێیدا گوزەر دەكات بەرەنجامی عەقلیەتی تاكڕەوی و دكتاتۆرییەتە كە حكومەتی تائیفى و مەزهەبى لە ساڵانی رابردوو و لە ئێستادا هۆكاری هێنانە ئارای ئەم عەقلیەت و رەوشە نەخوازراوە بوون، بە باوەڕی ئێمەو بەپێی ئەزموونی كورد لەگەڵ رژێمەكانی پێشووی عێراق دەگەینە ئەو راستییەی كەوا متمانە بە دەسەڵاتەكانی عێراق نەكەین، بێگومان دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق دەیانەوێ هەمان سیاسەتى هەلەى حکومەتەکانى پێشووى عێراق دووبارە بکەنەوە، روانینى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق هەمان روانینى دەسەڵاتەکانى پێشووە، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کەوا عەقلیەتى دەسەڵاتدارى عێراقى چەقبەستووەو ناگۆڕێت و، روانینى زۆربەیان هەمان روانینى حکومەتەکانى رابردووە بۆ چارەسەرى پرسى کورد ! زۆربەى دەسەڵاتدارانى عێراق لۆژیکى خۆبەزلزانین و سەربازى دەخەنە پێش لۆژیکى دیالۆگ و لەیەکترگەیشتن، ماوەیەکە پەرلەمانى نوێى عێراق هەڵبژێردراوە، بەڵام ململانێى نێوان لایەن سیاسییەکان وایکردووە، کەوا تا ئێستاش سەرۆکى کۆمار هەڵنەبژێردرێت و حکومەتى نوێش پێکنەهێنرێت، لە رەوشێکى وادا پێویستە هێزە سیاسییەکانى کوردستان کار بۆ یەکڕیزى و یەکدەنگى بکەن و کار بکەن بۆ ئەوەى وەک یەک تیم مامەڵە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بکەن، نەک وەک ئەم حیزب و ئەو حیزب، یەکگرتوویمان پێگەى کوردستان بەهێز دەکات و نزیکمان دەکاتەوە لە وەدەستهێنانى خواستەکانمان.

  رەوشی ناوچەكە : YNDK پێیوایە رۆژهەڵاتی ناڤین لە رەوشێكی پڕ ناسك و هەستیارو ئاڵۆزدایەو رۆژ بە رۆژ ئەگەرو پێشهاتی نوێ‌ دێنە پێشەوە، بە تایبەت دواى هێرشى روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، بێگومان ئەو شەڕە کاریگەرى کردۆتە سەر رەوشى سیاسى ناوچەکەو جیهانیش،  ئەو ئەگەرو پێشهاتانە كاریگەری خۆیان دەبێت بۆ سەر رەوشى ئێستاى کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەكانی ناوچەكە، بەداخەوە ئێمەى گەلى کوردستان بەهۆى ململانێى سیاسیى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەرنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانیمان نیە بۆ چۆنیەتى مامەکردن لەگەڵ پێشهاتەکاندا، پێویستە ئێمە وەکو گەلى كوردستان لە رەوشێکى وادا کارنامەیەکى نەتەوەیى و نیشتمانى دابڕێژین بۆ چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهات و رووداوەکاندا، هەروەها پێویستە برایانمان لە بەشەكانی دیكەی كوردستان ریزەکانى خۆیان یەکبخەن و كارو خەباتی خۆیان خورت بكەن و بەرەو رزگاری و ئازادی هەنگاو بنێن، لە هەمان كاتدا وای دەبینین كەوا دەكرێ لە ئەنجامى ئەو گۆڕانکارییانەى کە دێنە پێشەوە سوود وەربگرین بۆ كاركردن بۆ ئازادى و سەربەخۆیی كوردستان.

  کارو خەباتى YNDK : لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا باس لە كاروخەباتی YNDK لەماوەی رابردوودا كراو، دوا هەڵسەنگاندنى کارو خەباتى ماوەى رابڕدوو، كارنامەیەكى نوێ بۆ كارو خەباتی داهاتووی YNDK دانرا، ئەمەو كۆبوونەوەكە سەركەوتووانە كۆتایی بە كارنامەی خۆی هێنا.

 

كۆميته‌ى سه‌ركردايه‌تيى

یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

14 / 3 / 2022  هەولێر - باشووری كوردستان

Top