مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیدانەی پەلامارە دوژمنکارییەکەی سەر شاری هەولێر دەکات

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئیدانەی پەلامارە دوژمنکارییەکەی سەر شاری هەولێر دەکات

کاتژمێر ١ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٣ـی ئاداری ٢٠٢٢، لە رێگەی چەند مووشەکێکەوە پەلامارێکی دوژمنکارانە و شکستخواردوو کرایە سەر شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بە توندی ئەو پەلامارە سەرزەنشت و ریسوا دەکەین و بە پەلاماردانێکی دژ بە دانیشتوانی هەولێری نموونەی پێکەوەژیان و ئارامی بە تایبەتی و کوردستان بە گشتی دەزانین.

لەو بارەوە داوادەکەین ئەو کارە دوژمنکارانە دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەک لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق بە جیددی کاربکەن و هەوڵ بدەن بۆ رێگە گرتن لەو دیاردە و ئەو کارە نابەجێیانەی کە ئامانج لێیان گێرەشێوێنی و ئاژاوانانەوە و شێواندنی بارودۆخی ئارام و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە، ھاوکات جاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و سەرجەم وڵاتانی ھاوپەیمان و دۆستە کە ھەڵوێستی روون و راشکاوانەیان رابگەیەنن بەرامبەر ئەو پێشێلکاریەی دەکرێتە سەر سەروەری ھەرێمی کوردستان و عێراق.

لە کۆتاییدا هاووڵاتیانی دڵسۆز و خۆراگری کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە شاری هەولێر هەمیشە ئارام و سەقامگیر و ئاوەدانتر دەبێت و، بە ئیڕادەی بەھێزی گەلەکەشمان وەکو ھەمیشە دوژمن و ناحەزانمان ریسوا و شەرمەزارتر دەبن..

مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٣ـی ئاداری ٢٠٢٢

Top