شەڕی ڕووسیا - ئۆكرانیا لە بردنەوە و دۆڕاندن گەورەترە

شەڕی ڕووسیا - ئۆكرانیا  لە بردنەوە و دۆڕاندن گەورەترە

 

لەوانەیە هاوشێوەی شەڕ «ڕووسیا – ئۆكرانیا»ی ئێستا لە مێژووی شەڕەكانی دەوڵەتی هاوچەرخدا نموونەیەكی كەم بێت كە هیچ لایەك لە بەرەی شەڕەكەدا براوە نەبێت و شەڕەكە بە هەر لایەكدا بشكێتەوە هەموو لایەنەكان بە شێوەیەك لە شێوەكان بە زیانمەند و دۆڕاو لە قەڵەم بدرێن.

بریارەكەی ڤلادیمێر پوتین لە بەرەبەیانی 24ی شوباتی 2022 بووە دابڕانێك لە نێوان «پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی پێش ئەو بەروارە و دوای ئەو بەروارە»، زۆربەی چاودێران و پسپۆرانیش كۆكن لەسەر ئەوەی جارێكی دیكە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی تا ڕۆژی 22ی شوباتی 2022، هەمان ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییانە نابن كە لە دوای ئەو بەروارە دروست دەبنەوە.

بەشێك لە چاودێران، باس لەوە دەكەن كە ئەم شەڕەی ڕووسیا كۆتایی بە تەنیا سۆپەر پاوەریی ئەمریكا هێنا و سەردەمی فرەجەمسەری دەست پێ دەكاتەوە، بەڵام پێ دەچێت ئەم بۆچوونە تەواو لە جێگەی خۆیدا نەبێت و، پێش ئەم شەڕەش نەك هەر ئەمریكا تەنیا سۆپەر پاوەری لێ سەنرا بووەوە، بەڵكو هەر خودی ئەمریكا بە هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ دەستبەرداری سۆپەر پاوەریی خۆی بوو، تەنانەت بە شێوەیەك لە شێوەكان دەستبەرداری سەرۆكایەتیی ناتۆش بوو، هەر بۆیە ئاكام دەرەنجامەكانی ئەم شەڕە « ئەوجا بە شكست، یان سەركەوتنی ڕووسیا» كۆتایی بێت، جیهان دەباتە قۆناغێك كە چیدیكە بەم هەیكەلەیەی ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەڕێوە ناچێت و دەبێت كۆی هەیكەلە و تەواوی سیستمی جیهانی سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە.

Top