لە تەقینەوەیەكی شارۆچكەی بەلەوینی سۆماڵ (13) كەس گیانیان لە دەست دا
بەپێی هەواڵێكی حكومەتی سۆماڵ بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ڕێستورانتێکدا لە شارۆچکەی بەلەوین بەلایەنی کەم 13 کەس کوژراون، هەندێ لە شایەتحاڵەکان دەڵێن لەو کاتەدا پڕ بووە لە کاربەدەستانی خۆجێیی و سیاسەتمەداران.
ڕادیۆی دەنگی ئەمریكا لە درێژەی ئەم هەواڵە دەڵێت: بە پێی راپۆرتی هەواڵگیری SITE، کە چاودێریی گروپە چەکدارەکانی ئۆنلاین دەکات، گروپی توندڕەوی ئەلشەباب بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی ڕاگەیاندووە.
ئەو گروپە توندڕەوە ئیسلامییە ، کە زۆرجار هێرش دەکاتە سەر ئامانجەکانی حکومەت و خەڵکی مەدەنی، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو هێرشی ئەنجام داوە.
هەر لەم ڕووداوەدا بە گوتەی تەلەفیزیۆنی نیشتمانی سۆماڵیا لە هێرشەکەی بەلەدوەیندا 18 کەسیش برینداربوون.
پۆلیس و کاربەدەستانی حکومەت پشتڕاستیان کردەوە هێرشەکەی ئەو ڕێستورانتە لە ئەنجامی هێرشێکی خۆکوژی بووە، بەڵام ژمارەی قوربانیانیان ڕانەگەیاندووە.