سەردانێکی مێژوویی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ بەحرەین

سەردانێکی مێژوویی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ بەحرەین

 

نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە 14ی شوبات بۆ بەحرەین دەڕوات ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە بۆ ئەو وڵاتە.

بڕیارە نەفتالی بنێت ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ حەمەد بن عیسای ئەلخەلیفە پاشای بەحرەین کۆببێتەوە و هەروەها لەگەڵ سەرۆک وەزیران و شازادە سەلمان بن حەمەد ئەلخەلیفە چاوپێكەوتن بكات. ئەم سەردانە مێژووییە نزیکەی ساڵ  و نیوێک دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئیبراهیم دێت، کە پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئاسایی کردووەتەوە.

لە بەیاننامەکەی نووسینگەی بنێتدا هاتووە کە سەرکردەکانی ئەو دوو وڵاتە باس لە گرنگی ئاشتی نێوان وڵاتەکان دەکەن و کێشەی دیپلۆماسی و ئابووری تاوتوێ دەكەن بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندیان بە تەکنەلۆژیا و داهێنانەوە هەیە لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل هەوڵ دەدات بە ئێران نیشان بدات کە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کار بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران دەکەن بە دامەزراندنی پەیوەندی نزیکتر لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا.

ئەم گەشتە لە کاتێکدا دێت کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەکانی لە دژی ئیسرائیل و وڵاتانی باشووری کەنداو زیاتر کردووە. لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا، بێنی گانتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل سەردانی بەحرەینی کرد و لەوێ لەگەڵ پاشا و سەرکردە گەورەکانی ئەو وڵاتە قسەی کرد، ئەو لە ماوەی گەشتەکەیدا هەوڵیدا ڕێککەوتننامەیەک ئیمزابکات بۆ بەفەرمیکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات.  

یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش لە مانگی ئەیلولدا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و هەردوو وەزیر سەردانی بنکەی 5ی ئاسمانی ئەمریکایان کرد، لە ئەیلولی 2020دا ئیمارات و بەحرەین ڕێککەوتننامەیان واژوو کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

 

سەردانێکی مێژوویی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ بەحرەین
Top