هاووڵاتیانی ئۆكرانیا دژی هەڕەشەكانی ڕووسیا ڕژانە سەر شەقامەكانی پایتەخت
دوێنێ بە هەزاران هاووڵاتیی ئۆكرانی لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریدا ڕژانە سەر شەقامەکانی کیێڤی پایتەختی وڵاتەکە و ئاڵای وڵاتەکەیان بەرزکردەوە و سروودی نیشتیمانیان گوتەوە مەبەست لەم گردبوونەوەیەش پیشاندانی یەکگرتوویی دژی هەڕەشەکانی ڕووسیا.."
رادیۆی دەنگی ئەمریكا لە درێژەی ئەم هەواڵەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە هەندێک لە ئۆکرانییەکان دەیانگوت " جەنگ وەڵام نییە." هەندێکی دیکە دەیانگوت ئامادەین قوربانی بدەین.
بەپێی هەواڵەكان لە ئێستادا ئۆکرانیا ڕووبەڕووی هەڕەشەی داگیرکردنی بووەتەوە لەلایەن ڕووسیاوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 ەوە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت دژی هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا دەجەنگن. ئۆکرانیاش دەڵێت زیاتر لە 14,000 کەس بەهۆی ئەو شەڕەوە کوژراون.
جێی ئاماژە پێ كردنە كە ڕووسیا زیاتر لە سەد هەزار سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، مەشقی سەربازیی لە بێلاڕووس و دەریای ڕەش ئەنجام دەدات.
لەلای خۆشیەوە ئەمریکا هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی دەکرێت جەنگ لە هەر ساتێکدا بێت ڕووبدات. وڵاتانی ڕۆژئاواش دیبلۆماتکارەکانیان لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەکشێننەوە و داوا دەکەن هاوڵاتیانیان دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.