بەریتانیا و نەرویج داوا لە هاووڵاتییانیان دەكەن بە زووترین كات ئۆکرانیا بەجێبهێڵن
لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لەسەر سنووری ئۆکرانیا ئەگەری هێرشی سوپای ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا زیاتر بووە، حکومەتی بەریتانیا داوای لە هەموو هاووڵاتییانی کرد کە دەستبەجێ ئۆكرانیا بەجێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی 11ی شوبات ڕایگەیاند: كە هەرچەندە باس لەوە کراوە کە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئۆکرانیا بە کراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ناتوانن خزمەتگوزاری قونسوڵی ڕاستەوخۆ بە کەس پێشکەش بکەن.
حکومەتی نەرویجیش بەهەمان شێوە داوای لە هەموو هاووڵاتییانی لە ئۆکرانیا کرد کە بە خێراترین کات ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، بەهۆی "دۆخی جدی و پێشبینی نەکراو" وەزارەتی دەرەوەی نەرویج ئامۆژگاری هەموو نەرویجییەکان دەکات کە خۆیان بەدوور بگرن لە ڕۆیشتن بۆ ناوچەکانی نزیکتر لە 250 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیا و ڕووسیاوە. هەروەها وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە نابێت هاووڵاتییانی نەرویجی جگە لە مینسک گەشت بکەن بۆ هیچ شارێکی دیكە لە بیلاڕووسیا.
پێشتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا داوای لە هەموو هاووڵاتییانی ئەمریکا كرد کە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا ئۆکرانیا بەجێبهێڵن بەرپرسانی حكومەتی ئەمریکا دەڵێن پێدەچێت ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، بەپێی زانیاریی هەواڵگری واشنتۆن لەگەڵ هەڵکشانی قەیران لەسەر سنووری ئۆکرانیا و نیگەرانییەکانی شەڕی ناوچەکە، ژمارەیەك لە وڵاتانی دیکە بە هۆڵەنداشەوە پێشنیاری هاوشێوەیان بۆ هاووڵاتییانی خۆیان کردووە و داوایان لێکردوون ئۆکرانیا جێبهێڵن حکومەتی ڕووسیا بەردەوام پلانەكانی داگیرکردنی ئۆکرانیای ڕەتکردۆتەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئامادەبوونی نزیکەی 100 هەزار سەربازی ڕووسیا لەنزیک سنووری ئۆکرانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا نیگەرانییەكانی سەبارەت بە هێرشێكی کتوپڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروستكردووە.
گوران: سەردار خەلیل