سیستمی تەكنەلۆژیای زانیاری و ئاسایشی نەتەوەیی

سیستمی تەكنەلۆژیای زانیاری و ئاسایشی نەتەوەیی

ئەم بابەتە لەبەر ڕۆشنایی پێشكەوتنەكانی بواری تەكنەلۆجیا و زانست بە یەكێك لە بابەتە گرنگەكانی جیهانی ئەمڕۆ دادەنرێت، دیارە كە لەم سەردەمەدا چەندین پێشكەوتن و داهێنان لە جیهاندا هاتوونەتەدی، ئەمە جگە لە شۆڕشەكانی وەك شۆڕشی زانیاری و ئامێرەكانی گەیاندن و ئەنتەرنێت. ئەم پێشكەوتنە بووەتە هۆی ئەوەی كە هەندێك سیستمی تازەی زانیاری زاڵ بێت، بەو مانایەی كە فەزای ئەلیكترۆنیی زانیارییەكان لە جیهانی ئەمڕۆدا بۆ ئایندە لە پەیوەندییەكانی دەوڵەتاندا فاكتەری كاریگەرن، ئەمەش وا دەكات كە دەرئەنجام پرۆژەی فرەڕەگەزی و بازاڕی جیهانی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و زانستی و تەكنیكی ئەنجام بدرێن. هەنگاوی هەرەگرنگ لە بواری توانای ئامێرەكانی تەكنەڵۆجیای تازە لە سەر ئەوە دەوەستێت، كە ڕێگەی تیشكی بەپەلە دێتە كایەوە، كە ئەم ڕێگەیە لە ڕووی ئەلیكترۆنییەوە شار و دەوڵەتەكان پێكەوە دەبەستێتەوە.

لە ڕاستیدا ڕۆشنبیریی زانیاری یەكێكە لە گرفتەكان بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتان، چونكە پێشكەوتنی زانیاری لەلایەن ئەو كەسانەی كە ئەم ئامێرانە بەكاردەهێنن، هەروەها بڵاوبوونەوەی سیستمی تۆڕەكان، وای كردووە كە جۆرە مەترسییەك بۆ ئەم بابەتانە هەبێت، لەبەر ئەوەی بچنە نێو لایەنە شاردراوەكانی پێگە ئەلیكترۆنییەكانەوە، واتا دزەكردن بۆ ناو سیستمی ئەم تۆڕە تایبەتمەندییانە، تەنانەت كردنەوەی كۆدی ئەمنیی ئەو تۆڕانە، بە مەبەستی گەیشتن بە بانكەكانی زانیاریی نیشتمانی، لەوانەیشە ئەمانە بۆ هەندێ مەرام و ئامانج بەكار بهێنرێن، كە دژی ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتان بێت.

لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین كە پەیوەندییەكی قووڵ لە نێوان سیستمی زانیاری و ئاسایشی نەتەوەییدا هەیە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد و ململانێی هەردوو بلۆكی سۆسیالیست و سەرمایەداری، ئەنجامی ئەو ململانێیەش تەكنەلۆجیای زانستە، كە هۆكار بوو بۆ هاتنەكایەی ئەنتەرنێت، تەنانەت دوای ڕووخانی ئەو دوو بلۆكەش سیستمی تازەی نێودەوڵەتی و تەكنەلۆجیای زانیاری بوون بە بەشێك لە مەترسییەكان بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی.

دەتوانین لەم ڕوانگەیەوە بڵێین كە سیستمی تەكنەلۆجیای زانیاری جۆرە گرفتێك بۆ ئاسایشی نەتەوەیی دێنێتە كایەوە، ڕاستە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری پەیڕەو دەكرێت، بەڵام ڕەنگە ئەم ئاڵوگۆڕە بۆ مەبەستی دیكەش بەكار بهێنرێت، بۆ نموونە: مافیاكانی تاوانی ڕێكخراو، سپیكردنەوەی پارە، بەكارهێنانی تۆڕەكان بۆ هەندێ كاری بەدڕەوشتی، فرۆشتنی بەشەكانی جەستەی مرۆڤ، ئەمەش دەبێتە هۆی هاتنەكایەی جۆرێك لە ڕۆشنبیریی تاوان لەم مەسەلانەدا، هاوكات كاری دیكەی وەك دزین لە دووڕەوە و دانی پارەی نامەشروع بۆ هەندێك چالاكی و ساختەكاریی نێودەوڵەتی، هاوكات دزینی بابەتە زانستییەكان، تەنانەت دەستدرێژی بۆ سەر موڵكداریی فیكری، گیروگرفتی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر تۆڕەكان، وا دەكات كە ئەو دەوڵەتە پێكناكۆكانە ڕووبەڕووی یەكدی ببنەوە، لە كۆتاییدا ببێتە ئامڕازێك بۆ ناسەقامگیری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا.

لە هەمان كاتدا گیروگرفتی یاسایی لەم مەسەلانەدا هەیە، لە بابەتی گرێبەستی شارستانی، یان بازرگانی، هاوكات نهێنیی زانیارییەكان، چونكە زۆر لەو گرێبەستانە نهێنی و، هەروەها پاراستنی بەرهەمی فیكرییان تێدایە.

لەبەر ئەوەی تەكنەلۆجیای زانیاری سنوور تێدەپەڕێنێت، بۆیە دەبینین كە كێشەی ململانێی یاساكان و دەسەڵاتی دادگاكان لە سەیركردنی ئەم تاوانەو چۆنێتیی ڕووبەڕووبوونەوە دێتە كایەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا و لەبەر ڕۆشنایی سیستمی زانیاری و پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا لە زۆربەی دەوڵەتاندا تاوانی تازە سەری هەڵداوە لەژێر ناوی تاوانی ئەنتەرنێت، یان سیستمی زانیاریی تەكنەلۆجیا. لە هەمان كاتدا ئەمە بووە هۆی ئەوەی كە زۆر لە دەوڵەتانی جیهان كەمتوانا بن لە بواری یاساییەوە تا بەرەو ڕووی ئەو كێشانە ببنەوە. دیارە هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەكارهێنەرانی ئەم سیستمە تەكنەلۆجییە دەتوانن بچنە نێو نهێنییەكانی ئەو دەوڵەتانەوە.

مەترسیی ئەمە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لە دزینی داتا و زانیاری و دیكیۆمێنت دەردەكەوێت، هەروەها پێویستە پارێزگاری لە دزەكردنی ئەو داتا و زانیارییانە بكرێت، لەبەر ئەوەی پاراستنی نهێنی دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، هاوكات لە كاریگەرییەكانی سیستمی تازەی زانیاریی تەكنەلۆجی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە سێ تەوەری گرندا دەبینێتەوە:

تەوەری هەرێم، تەوەری شكۆمەندی، یان حكوومی، تەوەری گەل، ئەگەر باسی تەوەری هەرێم بكەین، دەبینین كە ئەم هەرێمە تا ڕاددەیەك پارێزراو نییە بەرامبەر بە شۆڕشی زانیاریی تەكنەلۆجی، كە دەخوازێت بەرەنگاری ئەم مەسەلانە ببێتەوە. سەبارەت بە تەوەری گەل زۆر جار ئەم سیستمە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێگەی نیشتمانی و ئیتنی نەتەوەیی و مەزهەبیی ئەم دەوڵەتانە بەكار دەهێنرێت، كە دواجار گیروگرفت دێتە ئاراوە، تەنانەت زۆر جار ئەم سیستمە لە كارەكانی پەیوەست بە ڕێڕەوی سیاسیی ئەم گەلانەدا بەكار دەهێنرێت.

تەوەری سێیەم كە پەیوەستە بە حكومەت و شكۆمەندیی دەوڵەتەوە، زانیارییەكانی حكومەت و شكۆمەندیی دەوڵەت لە بەرامبەر مەترسییەكی گەورەدان، بە تایبەتی دامەزراوەی ئاسایش و بەرگریی ئەو دەوڵەتانە و چۆنێتیی گەیشتن بە نهێنی و زانیارییەكان و ڕووبەڕووبوونەوەیان.

هەر چۆنێك بێت ئەم شۆڕشی زانیاری و تەكنەلۆجییە هەندێك لایەنی سوودبەخشیشی بۆ دەوڵەتەكان و سیاسەتەكانی ئاسایشیی نەتەوەیی، لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ناوخۆ و دەرەوەدا هەیە، لە بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیری و زانیاری، مامەڵەكردن لە زۆر بوارەكان و بە بازاڕكردن و پڕۆپاگەندە، كەمكردنەوەی گرانی و نرخی هاتوچۆ، ئامرازەكانی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری، مۆبایل و پۆستە، چاودێریكردنی ڕووداوەكانی جیهان، پڕۆپاگەندە بۆ بەرهەمەكان، ئاسانیی بڵاوكردنەوەیان، وا دەكات كە زانیاریی توێژینەوەی زۆر بێتە كایەوە و ئاسانكاری بكات بۆ گەیشتن بەم زانیارییانە، هاوكات دەبێتە فاكتەرێك بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان ئەوانەی لەم تەكنەلۆجیایانەدا كاردەكەن، كە ئاڵوگۆڕی ڕاوێژ بكەن و ئەمەش دەبێتە هاندەر بۆ چارەسەری زۆر گرفت، لەوانەش گرفتی ئەمنی.

لە ڕووی خوێندنەوە، دەردەكەوێت كە پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە لە ئاڵوگۆڕی زانیاری، ئەمەش وای كردووە كە ئامێرە كلاسیكییەكان تێپەڕێندرێت و بێنە سەر ئامێری تازە، بۆ نموونە هەواڵەكانی جیهان، بازرگانیی ئەلیكترۆنی، گۆڤارە ئەلیكترۆنییەكان، هەر چۆنێك بێت بە خوێندنەوەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی سیستمی ئەلیكترۆنی و تەكنەلۆجی، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە دەوڵەتانی جیهان بەتایبەتی دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا و ژاپۆن گەیشتنە ڕێككەوتننامەیەك، كە پێی دەگوترێت (ڕێككەوتننامەی تاوانەكانی ئەنتەرنێت)ی ساڵی 2001 كە بە گرنگترین دیكیۆمێنتی یاسایی دادەنرێت، زۆر لە دەوڵەتانیش بوونەتە ئەندام لەم ڕێككەوتننامەیەدا، تا ڕووبەڕووی ئەم كێشانە ببنەوە، بەتایبەتیش تیرۆر لەسەر تۆڕەكانی ئەنتەرنێت و سۆسیال میدیا و كاری ساختەكاری لە بوارەكانی بازرگانیدا، ئەمەش وا دەكات كە دەوڵەتان بە وردی كاربكەن بۆ چارەسەركردنی ئەم مەسەلەیە لە ڕووی یاساییەوە، دەبێ لەگەڵ یەكدی هاوكار بن و پێویستی بە سیاسەتێكی ئەمنیی نیشتمانی و هەرێمی و جیهانی هەیە، چونكە ئەم بابەتە زۆر گرنگە بۆ سیاسەتەكانی ئێستا و ئایندەی ئاسایشی نەتەوەیی.

 

Top