سوپای یەمەن: ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئیماراتمان لە باشووری یەمەن بە مووشەکی بالستی كردە ئامانج
سوپای یەمەن ڕایگەیاندووە: کە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ئیماراتیان لە پارێزگای شەبوای باشووری یەمەن بە مووشەکی بالستی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئیماراتی کوژران و برینداربوون.
لەم ڕۆژانەدا ناکۆکی نێوان یەمەن و ئیمارات گەرم بووە، هەر وەک لە چەند هەفتەی ڕابردوودا یەمەن سێ موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ سەر پێگەکانی ئیمارات هاویشتووە.
ئەمرۆ سێشەممە1ی شوبات، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایانگەیاند: کە ئێوارەی دوێنێ سوپای یەمەن هێرشێکی موشەکی بالستیکی بۆ ئامانجگرتنی ژووری عەمەلیاتی ئیمارات لە پارێزگای شەبوای یەمەن دەستپێکرد.
بەوتەی وتەبێژی سوپای یەمەن، ئیمارات لەم ژوورەدا، پلانی سەربازیی شەڕەکانی پارێزگای شەبوای بەڕێوەبردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لەو هێرشەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئیماراتی کوژراون و برینداربوون.
هێرشەکانی سوپای یەمەن بۆ سەر پێگەکانی ئیمارات و تەنانەت بۆ سەر خاکی ئیمارات زیادیکرد دوای ئەوەی محەمەد ئەلبەخیتی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی ئەنساروڵای یەمەن بە ئاژانسی هەواڵی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند: کە ڕێکەوتنێک لەنێوان سعودیە و ئیماراتدا هەیە، لەو کاتەوە تا ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات زیاتر تێك چووە و لەم دواییەدا یەمەن هێرشی زۆری کردووەتە سەر پێگەکانی ئیمارات.
گوڵان: سەردار خەلیل